قایمقام: دەزانم زەرەرمەند بون، دەنگتان دەگەیەنم
ناڕەزایی دژی قەدەغەی هاتوچۆی سێ رۆژە لە كەركوك فراوان دەبێت

كەركوك/ 13ی ئازاری 2021/ پۆلیس ناوخۆیی كۆتایی بە گردبونەوەیەكی ناڕەزایی دوكانداران هێنا و دوكانەكانی پێ داخستن. فۆتۆ: كاروان ساڵحی

كەركوك ناو

دەیان دوكاندار لە بازاڕی حەسیرەكەی كەركوك بۆ جاری سێیەم گردبونەوە و دوكانەكانیان بەڕوی كڕیاراندا كردەوە، داوا دەكەن حكومەت لەبری قەدەغەی هاتوچۆ رێكارە خۆپارێزییەكان توندتر بكات، بەڵام پۆلیس رێگریی لێكردن و دوكانەكانی پێداخستن.

ئەو هەڵوێستەی دوكاندارەكان لە گردبونەوەیەكی ناڕەزاییدا هات كە پێشنیوەڕۆی ئەمڕۆ شەممە 13ی ئازار لە بازاڕی حەسیرەكەی كەركوك بەڕێوەچوو، بە هاوبەشی لەگەڵ گروپی شەقام بۆ داكۆكیكرن لە مافی خەڵك.

ئەركان ئەحمەد، نوێنەری دوكاندارانی بازاڕی حەسیرەكە لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا كە پەیامنێری (كەركوك ناو)، ئامادەی بوو، وتی "بژێوی ژیانمان لەسەر ئەم بازاڕەیە، كرێی دوكانمان لەسەرە، ئێستا وەرزی فرۆشتنی جۆرە جلوبەرگێكە و دوو هەفتەی تر وەرزێكی ترە و ئەم جلوبەرگەی هێناومانە دەبێت لەم وەرزەدا بیفرۆشین، ئەگەر وابێت زۆر زەرەر دەكەین، داوا لە پارێزگاری كەركوك و حكومەتی عیراق دەكەین بە بڕیارەكانیدا بچێتەوە..."، زیاتر وتی "ساڵێكە بەهۆی قەدەغەی هاتوچۆوە قازانجمان نەكردووە".

بەپێی بڕیارەكانی شانەی قەیران بۆ روبەڕوبونەوەی كۆرۆنا، هەموو رۆژانی هەینییەك تاوەكو بەیانی دووشەممە قەدەغەی هاتوچۆی تەواوەتییە، ئەوەش لە پێناو رێگریكردن لە بڵاوبونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا.

ڤیدیۆ: قایمقامی كەركوك قسە بۆ كاسبكاران دەكات. ڤیدیۆكە لە دوای خولەكی دوو و 30 چركەوە دەنگی هەیە

ئەوە بۆ سێیەمجارە لەو بازاڕەدا گردبونەوەی ناڕەزایی بەڕێوەدەچێت، دواینجار پێنجشەممەی رابردوو 11ی ئازار داوایان لە شانەی قەیران كرد بە بڕیارەكەیاندا بچێتەوە.

گروپی شەقام – كاردەكات بۆ داكۆكیكردن لە مافی خەڵك -، هاوهەڵوێستە لەگەڵ بۆچونی دوكاندارەكان و لە كۆنگرە رۆژنامەوانییەكەی ئەمڕۆ شەممەدا داوایانكرد لەبری قەدەغەی هاتوچۆی تەواوەتی و داخستنی بازاڕەكان، حكومەت رێنماییە خۆپارێزییەكان زیاد بكات. بۆیە داوایان لە خەڵك كرد "بچن بازاڕی خۆیان بكەن و دوكانەكانیش بكرێنەوە".

بەڵام پۆلیسی كەركوك، راستەوخۆ بازاڕەكەی بە دوكاندارەكان داخست و جەختیكردەوە تا دەرچونی رێنمایی نوێ بازاڕەكان ناكرێنەوە.

فەلاح یاچیلی، قایمقامی كەركوك بەوەكالەت، سەردانی دوكاندارەكانی كرد و پێی راگەیاندن كە ئەوان هەست دەكەن دوكاندارەكان زەرەرمەندبون، بەڵام جەختیكردەوە لەوەی بڕیارەكە لە دەسەڵاتی ئەواندا نییە و وتی "دەنگتان دەگەیەنینە شانەی قەیران و پارێزگاری كەركوك".

دەنگتان دەگەیەنینە شانەی قەیران و پارێزگاری كەركوك

ئەو بڕیارانەی شانەی قەیران لە كەركوك، لە چوارچێوەی كۆمەڵێك بڕیاردا دێت كە حكومەتی عیراق دەریكردووە. ئەوەش دوای زیادبونی حاڵەتەكانی توشبون بە ڤایرۆسی كۆرۆنا و حاڵەتی كۆرۆنای گۆڕاو لە عیراق، لەوانەش كەركوك.

shar-2
كەركوك/ 13ی ئازاری 2021/ گردبونەوەیەكی ناڕەزایی دوكاندارانی بازاڕی حەسیرەكە. فۆتۆ: كاروان ساڵحی

ناڕەزایی هاوشێوە لە رۆژی هەینی لە پارێزگای بەسرا بەڕێوەچو و بارگرژیی لە نێوان پۆلیس و كاسبكاران رویدا.

رێبوار تەها، نوێنەری كەركوك لە پەرلەمانی عیراق، كە ئەركیشیان چاودێریكردنی كارەكانی ئیدارەی پارێزگایە دوای هەڵوەشاندنەوەی ئەنجومەنی پارێزگاكان، رۆژی هەینی 12ی ئازار لە راگەیەنراوێكیدا بڵاویكردەوە "پشتگيریى داواى رەواى كاسبكارانى كەركوك و بەسرا دەكەم، داوا لە ليژنى باڵاى روبەڕوبونەوەى كۆرۆنا له بەغدا دەكەم بە بڕيارى قەدەغەى ھاتوچۆدا بچنەوە".

وتیشی "دەكرێت لەبرى سەپاندنى قەدەغەى ھاتوچۆ، بير لە توندكردنى رێكارەكانى خۆپارێزى بكەنەوە و رەچاوى دۆخى ژيانى ھاوڵاتيان بكەن".

  • FB
  • Instagram
  • Twitter
  • YT