شوێنەواری كەركوك: تەنیا ئەو خانوانە تۆماردەكەین كە تەمەنیان گەیشتۆتە 150 ساڵ

كۆشكی "ساڵح ماڵی" لە گەڕەكی ئیمام قاسمی كەركوك. مێژوەكەی بۆ 111 ساڵ لەمەوبەر دەگەڕێتەوە. فۆتۆ: كەركوك ناو

كەركوك ناو

بەڕێوەبەری فەرمانگەی شوێنەواری کەرکوک، رایدەگەیەنێت كە هیچ پلانێك نییە بۆ نۆژەنكردنەوەی خانووە كۆنەكانی كەركوك، هەرچەندە بەشێكیان خەریكە بە تەواوی دەڕوخێن و لەناودەچن.

رائید عوگلە محەمەد، بەڕێوەبەری فەرمانگەی شوێنەواری کەرکوک، لە لێدوانێكیدا بۆ (كەركوك ناو)، جەختیكردەوە "لە گەڕەکە کۆنەکانی شاری کەرکوک چەندین خانوی كۆن هەن، تائێستا هیچ پلانێك نییە بۆ نۆژەنکردنەوەی ئەو خانوانە بەو پێیەی لە فەرمانگەکەی ئێمەدا تۆمارنەکراون... بەشێكی کەمتەرخەمییەكەش دەگەڕێتەوە بۆ خاوەنی ئەو خانوانە، چونكە نەهاتون تۆماریان بكەن".

بەپێی رێنماییەکانی فەرمانگەی شوێنەواری كەركوك، هەر خانوو، یان دوكان و مزگەوت و خانێك تەمەنی بگاتە 150 ساڵ راستەوخۆ لەلایەن ئەوانەوە تۆماردەكرێت. بەڵام ئەوانەی لە سەروی 100 ساڵەوەن خاوەنەكانیان دەتوانن تۆماریان بكەن.

ئەوانەی لە سەروی 100 ساڵەوەن خاوەنەكانیان دەتوانن تۆماریان بكەن

ئەو لێدوانەی شوێنەواری كەركوك، دوای ئەوە هات (كەركوك ناو) ستۆرییەكی لەسەر یەكێك لە خانووە كۆنەكانی گەڕەكی ئیمام قاسم كرد لە كەركوك، كە تەمەنی 111 ساڵە و تیایدا زۆرینەی خەڵك لەڕێی كۆمێنتەوە داوایان لە فەرمانگەی شوێنەوار كرد، نۆەژنیبكاتەوە و لە چوارچێوەی فەرمانگەی شوێنەواردا تۆماربكرێت، بەر لەوەی بڕوخێت.

koshk
كۆشكی "ساڵح ماڵی" لە گەڕەكی ئیمام قاسمی كەركوك. مێژوەكەی بۆ 111 ساڵ لەمەوبەر دەگەڕێتەوە. فۆتۆ: كەركوك ناو

رائید عوگلە محەمەد زیاتر وتی "دوو هۆکاری سەرەکی هەن بۆ لەناوچونی زۆربەی ئەو شوێنەوارانە، یەکەمیان تۆمارنەکردنی ئەو خانوانەیە لە فەرمانگەکەمان لەلایەن خاوەنەکانیانەوە، دوەمیان ئەو بارودۆخە ئابوریەی کە وڵات پێیدا تێدەپەڕێت و بودجە بۆ ئەو مەبەستە بەردەست نییە".

بەڵام وتی "بۆ ئەمساڵ پلانمان هەیە هەڵمەتیکی گشتگیر دەستپێبکەین و تەواوی ئەو شوێنەوارانە تۆماربکەین، بۆ ئەوەی لەحاڵەتی دەستكەوتنی بودجەدا لە روخان و لەناوچون بیانپارێزین".

شوێنەواری كەركوك ئاماری وردی لا نییە سەبارەت بەو خانوانەی كە مێژوەكانیان بۆ 150 ساڵ دەگەڕێتەوە.

لەبارەی ئەوەی جۆری ئەو شوێنەوارانە چین، كە لەلایەن فەرمانگەی شوێنەوارەوە تۆماردەكرێن، رائید عوگلە وتی "خانەکان لەوانەش شوێنی حەوانەی کاروانچیی و رێبوارەکان،  خانووە کۆنەکان، بازاڕی قەیسەریی  و كۆمەڵێک مزگەوتی کۆنی شارەکە، ئێمە تەنیا کاری نوژەنکردنەوەیان بۆ دەکەین و بە هیچ شێوەیەک نایانڕوخێنین و دەستكاریی دیزاینەكەی ناكەین".

بەڕێوەبەری شوێنەواری كەركوك، لەبارەی قەڵای كەركوك و خانوەكانی ناو قەڵا، وتی "هەندێک لە خانوەکان دوچاری داڕوخان بون، بۆ ئەمساڵ بودجەمان بۆ تەرخانكردووە بۆ نۆژەنكردنەوە".

  • FB
  • Instagram
  • Twitter
  • YT