نەورۆز "كێشەی هەڵكردن"ی ئاڵای هەرێمی كوردستانی بۆ ناوچەكانی جێناكۆك گەڕاندەوە

كەركوك/ 20ی ئاداری 2021/ بارەگای حزبی شیوعی كوردستان لەكاتی كردنەوەی ئاگری نەورۆز و هەڵكردنی ئاڵای هەرێمی كرودستان. فۆتۆ: كەركوك ناو

كەركوك ناو

هەڵكردنی ئاڵای هەرێمی كوردستان لە ناوچەكانی جێناكۆك جارێكی تر دەبێتە كێشەی نێوان بەشێك لە هاوڵاتیانی كورد و هێزە ئەمنییەكانی عیراق، ئەوەش هاوكات بوو لەگەڵ بەڕێوەچونی ئاهەنگەكانی جەژنی نەورۆز.

لە 20ی ئادار، سوپای عیراق لە ناحیەی زوممار لە پارێزگای نەینەوا، چوار گەنجی كوردیان بۆ ماوەی سێ كاتژمێر دەستگیركرد، دوای ئەوەی پێداگرییان دەكرد لە هەڵكردنی ئاڵای هەرێمی كوردستان لە ئێوارەی جەژنی نەورۆزدا، ئەو كێشەیە لە پارێزگای كەركوك و قەزای خانەقینیش دروستبوو، دواتر چارەسەر كرا.

ئەو چوار گەنجە، لە گوندەکانی گرگامێش، حەگنە و کانی شیرین دەستگیركران لە زوممار، دوای ئەوەی ئامادەنەبون گوێ بە رێگرییەكانی سوپای عیراق بدەن بۆ هەڵكردنی ئاڵای هەرێمی كوردستان.

فیراس هەوار، چالاکوانێکی ناحیەی زوممارە بە (کەرکوک ناو)ی وت "دانیشتوانی ئەو سێ گوندە ئاڵاكەیان بەرزكردەوە، سوپای عیراقیش وتیان بە بڕیاری حكومەتی عیراق تەنیا هەڵكردنی ئاڵای عیراق رێگەپێدراوە... سەربازانی عیراق رێگرییان لە خەڵکەکە كرد، خەڵكەكەش پێداگرییان دەكرد، ئەوەبوو گرژیی و دەمەقاڵێ دروستبوو، سەربازەكان بۆ بڵاوەپێكردنی خەڵكەكە تەقەیان بە ئاسماندا دەكرد و ئەو چوار گەنجەیان بۆ ماوەی سێ كاتژمێر دەستگیركرد".

دانیشتوانی ئەو سێ گوندە ئاڵاكەیان بەرزكردەوە، سوپای عیراقیش وتیان بە بڕیاری حكومەتی عیراق تەنیا هەڵكردنی ئاڵای عیراق رێگەپێدراوە

لە پارێزگای كەركوكیش، پۆلیسی رەحیماوا چونە سەر بارەگای حزبی شیوعی كوردستان و ئاڵای هەرێمی كوردستانیان پێداگرتن.

سەرچاوەیەكی ئەمنی بۆ (كەركوك ناو)، وتی "پۆلیس لەسەر داوای فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەكانی كەركوك ئاڵاكەیان داگرتووە، ئەوەش بە پشتبەستن بە بڕیاری ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق و سەرۆكایەتی حكومەتی فیدراڵ".

nawroz-2

كەركوك، 20-3-2018، بەشداری هەزاران كەس به‌ئاڵای هه‌رێمی كوردستانه‌وه‌ له‌ ئاهه‌نگی نه‌ورۆز لەسەر قەڵا فۆتۆ: كەركوك ناو

لە قەزای خانەقین لە پارێزگای دیالە، یەكێتیی نیشتیمانیی كوردستان 500 ئاڵای بەسەر خەڵكدا دابەشكرد و لە رۆژی كردنەوەی ئاگری نەورۆزدا بەرزیانكردەوە، بەڵام رۆژی دواتر زۆرینەی ئاڵاكان لەلایەن لیژنەی خانەقین بۆ ئاشتیی و ئارامی – لە چالاكوانانی هەموو نەتەوەكانی شارەكە پێكدێن- داگیران، ئەوەش لەسەر داوای هێزە عیراقییەكان و بۆ ئەوەی پشێوی دروستنەبێت.

پرسی هەڵكردنی ئاڵای هەرێمی كوردستان لە ناوچەكانی جێناكۆك، یەكێكە لەو كێشانەی ساڵانە دروستدەبێتەوە و هەردوو حكومەتی هەرێم و فیدراڵ بۆچونیان لەسەر ئەو پرسە جیاوازە.

ئەنجومەنی پارێزگای كەركوك، بۆ یەكەمجار و لە 28ی ئاداری 2017، پرسی هەڵكردنی ئاڵای هەرێمی كوردستانی لە فەرمانگەكانی كەركوك خستەدەنگدانەوە و لە كۆبونەوەیەكدا كە ئەندامانی عەرەب و توركمان بایكۆتیان كرد، بە زۆرینەی دەنگ هەڵكردنی پەسەندكرا.

لە كاردانەوەی ئەو هەنگاوەدا، پەرلەمانی عیراق لە یەكی نیسانی 2017 لە دانیشتنێكدا بە زۆرینەی دەنگ بڕیاردرا تەنیا ئاڵای عیراق لە ناوچەكانی جێناكۆك هەڵبكرێت، بەڵام لەو كۆبونەوەیەشدا فراكسیۆنە كوردییەكان بایكۆتیان كرد.

لە كانونی دووەمی 2019دا، دوای ئەوەی یەكێتیی نیشتیمانیی كوردستان ئاڵای هەرێمی كوردستانی لەسەر بارەگاكەی لە كەركوك هەڵكرد، عادل عه‌بدولمه‌هدی، سه‌رۆك وه‌زیرانی ئەوكاتی عیراق، داوایكرد ئاڵاكە بهێنرێتە خوارەوە و به‌ "پێچه‌وانه‌ی ده‌ستور‌" ناوی برد و له‌ راگه‌یه‌نراوێكیدا داوای لە سه‌رۆک کۆماری عیراق كرد وەكو پارێزه‌ری ده‌ستوری عیراق كاربكات بۆ زامنکردنی پابه‌ندبون به‌ده‌ستوره‌وه‌.

سه‌رۆك وه‌زیرانی ئەوكاتی عیراق پێیوایه‌ باشترین رێگا ئه‌وه‌یه‌ که‌ پرس به ‌دادگای باڵای فیدراڵی عیراقی بکرێت له‌باره‌ی ده‌ستوریبونی ئه‌و هه‌نگاوه‌ به‌ر له‌ جێبه‌جێکردنی.

ئەوەش لەكاتێكدایە پێشتر و لە شوباتی 2018، ئەیاس سامۆك، وتەبێژی دادگای فیدراڵی بۆ (كەركوك ناو) رونیكردەوە كە دۆسییەی هەڵكردنی ئالای هەرێمی كوردستان لە ناوچەكانی جێناكۆك لە تایبەتمەندێتی ئەواندا نییە.

پێشتر‌و لە 16ی ئابی 2017 دادگای كارگێڕی لە بەغدا، بڕیارەكەی ئەنجومەنی پارێزگای كەركوكی هەڵوەشاندەوە بۆ هەڵكردنی ئاڵای هەرێم لەسەر فەرمانگەكانی پارێزگاكە ‌و جەختیكردەوە‌ لەوەی "سەرپێچی یاسایی كراوە".

رێبوار تاڵەبانی، سەرۆكی ئەوكاتی ئەنجومەنی پارێزگای كەركوك بەوەكالەت، چەند جارێك جەختیكردۆتەوە لەوەی "ئەو هەنگاوەی ئێمە ناومانە بۆ هەڵكردنی ئاڵای هەرێمی كوردستان لە كەركوك یاسایی و دەستوورییە".

لێپرسراوێكی حزبی شیوعی كوردستان لە كەركوك، دوای ئەوەی نەورۆزی ئەمساڵ لەلایەن هێزە ئەمنییەكانەوە ئاڵاكەیان لەسەر بارەگاكەیان پێداگیرا، بە (كەركوك ناو)ی وت "ئەو مامەڵەیەی بەغدا بەرامبەر بە ئاڵای كوردستان دەیكات، پێشێلی دەستور و یاسایە و دەچێتە چوارچێوەی داگیرکارییەوە".

  • FB
  • Instagram
  • Twitter
  • YT