ئه‌و هاوڵاتییانه‌ی به‌كرێی رۆژانه كارده‌كه‌ن، له‌گه‌ڵ به‌رده‌وامی بڵاوبونه‌وه‌ی كۆرۆنادا هێنده‌ی دیكه غه‌مه‌كانیان زیاد ده‌كات، چونكه له هه‌فته‌یه‌دا، سێ رۆژی قه‌ده‌غه‌ی هاتوچۆیه و به‌وهۆیه‌وه كه‌مترین كات كارده‌كه‌ن، به‌وه داهاتی مانگانه‌یان بۆ نزیكه‌ی نیوه كه‌مده‌بێته‌وه.
"به‌و پاره‌یه‌ی پێشتر له كاره‌كه‌م ده‌ستمده‌كه‌وت ده‌متوانی پێداویستییه‌كانی خێزانه‌كه‌م پڕبكه‌مه‌وه به‌ڵام ئێستا به‌شی كڕینی خۆراكی رۆژێكیشمان ناكات" ئه‌حمه‌د شه‌تی واده‌ڵێت، ئه‌و كه له سییه‌كانی ته‌مه‌نیدایه، له قه‌راغی شه‌قامێكدا چاوه‌ڕێ بوو به‌ڵكو به‌كرێی رۆژانه كارێكی ده‌ستبكه‌وێت، دوای ئه‌وه‌ی سێ رۆژ به‌هۆی قه‌ده‌غه‌ی هاتوچۆوه له ماڵه‌وه بووه.
شه‌تی رۆژانه له‌سه‌ر شۆسته‌ی نزیك پردی گه‌ڕه‌كی عه‌سكه‌ری شاری كه‌ركوك داده‌نیشتێت بۆ به‌ده‌ستهێنانی كارێكی رۆژانه له‌به‌رانبه‌ر 10 تا 25 هه‌زار دیناری عیراقی‌دا.
"له‌بڕیاری سه‌پاندنی قه‌ده‌غه‌ی هاتوچۆدا كه‌س له كاربه‌ده‌ستانی نه‌پرسی ئایا ئه‌و بڕیارانه‌ی شانه‌ی قه‌یرانه‌كان بۆ ئێمه‌ی كرێكاریی رۆژانه گونجاوه یان نا".
شه‌تی مانگانه كرێی 175 هه‌زار دیناری خانوی له سه‌ره، له‌گه‌ڵ بژێوی خێزانێكی شه‌ش كه‌سی، له‌كاتێكدا نرخی شمه‌كیش له بازاڕه‌كاندا زیادیانكردووه به‌هۆی دابه‌زاندنی به‌های دینار به‌رانبه‌ر دۆلار.
ئه‌و گه‌نجه پێشتر و به‌ر له كۆرۆنا، مانگانه له‌رێی كرێكارییه‌وه 550 هه‌زار دیناری ده‌ستده‌كه‌وت، به‌ڵام ئێستا ئه‌و پاره‌یه‌ی ده‌ستیده‌كه‌وت له مانگێكدا ناگاته 300 هه‌زار دینار.
"زۆرینه‌ی خاوه‌ن كاره‌كان پێداویستییه‌كانی سه‌لامه‌تی و خۆپارێزی له كۆرۆنامان بۆ دابینناكه‌ن" شه‌تی وای وت، نیگه‌رانیشه له‌وه‌ی "كرێكاران هیچ قه‌ره‌بویه‌ك ناكرێنه‌وه و مۆڵه‌تیان به كرێی رۆژانه‌شه‌وه پێ‌نادرێت ئه‌گه‌ر له‌كاتی كاره‌كه‌یاندا توشی ڤایرۆسی كۆرۆنابن".
بارگرانییه‌كه بۆ ژنان دوو هێنده‌یه
ژنانی كرێكار دوو هێنده بارگرییان له ئه‌ستۆدایه، به‌هۆی كۆرۆنا و رێكاره‌كانی خۆپارێزی له‌و په‌تایه، ئه‌وه‌ش به‌وته‌ی هه‌یفا سه‌ڵاحه‌دین، ئه‌ندام له رابیته‌ی ژنانی كه‌ركوك بۆ (كه‌ركوك ناو).
ئه‌و ده‌ڵێت له یه‌ككاتدا ژنان چاودێری و ئه‌ركی ماڵ، گرنگیدان به خێزان و منداڵ و پاراستنیان له كۆرۆنای له‌سه‌ره، جگه له مه‌ترسی كاركردن له ده‌ره‌وه، له‌كاتێكدا زۆربه‌ی ژنانی كرێكار پاره‌ی پێویستیان نییه بۆ دابینكردنی چاره‌سه‌ری پێویست ئه‌گه‌ر توشی كۆرۆنا بون.
13ی ئاداری 2021 له كه‌ركوك چه‌ند گردبونه‌وه‌یه‌ك هه‌بوو به به‌شداری كرێكاران و دوكانداران له بازاڕی حه‌سیره‌كه دژی قه‌ده‌غه‌ی هاتوچۆ و داوایانكرد رێكاره‌كانی خۆپارێزی دیكه بگیرێنه‌به‌ر نه‌ك قه‌ده‌غه.
ئه‌و ناڕه‌زاییانه له چه‌ند پارێزگایه‌كی دیكه‌ش هه‌بوو بۆیه ئه‌نجومه‌نی وه‌زیرانی عیراق 16ی ئاداری 2021 بڕیاریدا له 23ی مانگه‌وه كاته‌كانی قه‌ده‌غه‌ی هاتوچۆ كه‌مبكاته‌وه و به‌پێی بڕیاره‌كه قه‌ده‌غه‌ی شه‌وانه له‌كاتژمێر تا 5ی به‌یانیانه و قه‌ده‌غه‌ی ته‌واوه‌تیش ته‌نیا رۆژانی هه‌ینی و شه‌ممان ده‌مێنێت.
جاسم محه‌مه‌د، سه‌رۆكی سه‌ندیكای كرێكاران له كه‌ركوك به (كه‌ركوك ناو)ی وت قه‌ده‌غه‌ی هاتوچۆ به نه‌رێنی بۆ كرێكاران كه‌وتۆته‌وه و نمونه‌ی ئه‌وه‌ی هێنایه‌وه؛ كرێكارانی كه‌رتی گواستنه‌وه و بیناسازی و چێشتخانه‌كان زۆرینه‌یان نه‌یانتوانی به‌وهۆیه‌وه كاربكه‌ن.
ڤیدیۆ: كه‌ركوك/ 13ی ئاداری 2021/ خۆپیشاندانی كرێكار و خاوه‌ن دوكانه‌كانی بازاڕی حه‌سیره‌كه دژی قه‌ده‌غه‌ی هاتوچۆ
كرێكاریی بێ ماف
"ئه‌وانه‌ی كاری ئازاد و ناجێگیر ده‌كه‌ن وه‌ك كرێكاری كرێی رۆژانه و شۆفێرانی تاكسی مافی به‌ده‌ستهێنانی بيمه‌ی كۆمه‌ڵایه‌تییان نییه" به‌وته‌ی عه‌باس فازل، یاریده‌ده‌ری به‌شی كار و راهێنانی پیشه‌یی له كه‌ركوك كه سه‌ر به‌وه‌زاره‌تی كار و كاروباری كۆمه‌ڵایه‌تی عیراقه.
هه‌روه‌ها رونیكرده‌وه ئه‌وانه‌ی له‌و توێژه‌ن و به‌ڵام له‌ژێر هێڵی هه‌ژارییه‌وه‌ن، له به‌رنامه‌ی چاودێری كۆمه‌ڵایه‌تی حكومه‌ت سودمه‌ندده‌بن نه‌ك بیمه‌ی كۆمه‌ڵایه‌تی.
"ئه‌و كه‌سانه‌یشی به‌كرێی رۆژانه كاری جێگیرده‌كه‌ن له پرۆژه‌یه‌كی دیاریكراودا، ته‌نانه‌ت ئه‌گه‌ر رۆژانه بۆ نیو كاتژمێر كاربكات، مافی بیمه‌ی كۆمه‌ڵایه‌تی هه‌یه" عه‌باس فازل واده‌ڵێت.
له چوارچێوه‌ی یاسا و رێنماییه كارپێكراوه‌كاندا خاوه‌ن كار پابه‌نده به پێدانی بڕه پاره‌یه‌كی دیاریكراو و تۆماركردنی كرێكاران له بیمه‌ی كۆمه‌ڵایه‌تیدا.
به‌پێی ئاماره‌كانی وه‌زاره‌تی كار و كاروباری كۆمه‌ڵایه‌تی ژماره‌ی ئه‌و كرێكارانه‌ی بیمه‌ی كۆمه‌ڵایه‌تی ده‌یانگرێته‌وه له چاره‌كی كۆتایی ساڵی 2020دا زیادیكردووه و گه‌یشتۆته 9 هه‌زار و 621 كرێكار.
كرێكاره‌كانی سودمه‌ند له بیمه‌ی كۆمه‌ڵایه‌تی له پرۆژه‌كانی كه‌رتی تایبه‌تی وه‌ك كۆمپانیاكانی په‌یوه‌ندی، به‌ڵێنده‌رایه‌تی، چێشتخانه، نانه‌واخانه، دوكان و شوێنه‌كانی دیكه‌دا كارده‌كه‌ن.
بیمه‌ی كۆمه‌ڵایه‌تی ئه‌و كرێكارانه ناگرێته‌وه بۆ كاری رۆژانه له شه‌قام و گۆڕه‌پانه‌كاندا راده‌وه‌ستن؛ وه‌ك ئه‌حمه‌د شه‌تی، ئه‌و ده‌ڵێت هیچ زانیارییه‌كیان له‌سه‌ر بیمه و چاودێری كۆمه‌ڵایه‌تی نییه، نازانن چۆن له سه‌رده‌می كۆرۆنادا مافه‌كانیان به‌ده‌ستبهێنن و هیچ لایه‌نێكیش ده‌رباره‌ی ئه‌و مافانه هۆشیاری نه‌كردونه‌ته‌وه.