نرخی كۆبۆنی بەنزین لە كەركوك دەبێتە دوو هێندە

كه‌ركوك، 23ی ئازاری 2019، گردبونه‌وه‌ی ناڕه‌زایی شۆفێرانی تاكسی فۆتۆ: كه‌ركوك ناو

گۆران بابان

بریكارەكانی دابەشكردنی خۆراك لە كەركوك نرخی كۆبۆنی بەنزین بەراورد بە ساڵی رابردوو بۆ دوو هێندە بەرزدەكەنەوە. ئەوەش ناڕەزایی شۆفێرانی بەدواداهاتووە.

ساڵی رابردوو نرخی كۆبۆنی بەنزین بۆ ئەو كەسانەی ئۆتۆمبێلی تایبەتیان هەبوو پێنج هەزار دنیار بوو، بەڵام ئەمساڵ بریكارەكان لە نێوان هەشت بۆ 12 هەزار دینار لە شۆفێران وەردەگرن، بۆ تەكسیی و بارهەڵگریش لە 10 هەزار دینارەوە كراوەتە 16 تا 18 هەزار دینار.

دیلان مەجید، ئۆتۆمبێلێكی تایبەتی هەیە لە كەركوك، هەفتەی رابردوو كاتێك چوو بۆ وەرگرتنی كۆبۆنی بەنزین لای بریكاری خۆراكەكەی، بڕی 12 هەزار دیناریان لێوەرگرتووە.

ئەو وتی "پار تەنیا پێنج هەزاریان لێوەرگرتم، بەڵام ئەمساڵ 12 هەزار، ئەمە گەندەڵییە و دادپەروەر نییە و نابێت قبوڵی بكەین". لەگەڵ جەختكردنەوە لەوەی "پێویستە كۆمپانیای دابەشكردنی بەرهەمە نەوتییەكانی كەركوك و ئیدارەی كەركوك بێدەنگ نەبن، ئەمەی رودەدات پاشاگەردانییە".

پار تەنیا پێنج هەزاریان لێوەرگرتم، بەڵام ئەمساڵ 12 هەزار، ئەمە گەندەڵییە و نابێت قبوڵی بكەین

کازم سلێمان شۆفێری تاکسیە، وتی "١٨ هەزار دیناریان لێ وەرگرتوم، ساڵی پار تەنیا 10 هەزار دینارم پێدان... بریکار هەیە لە سایەی گرانكردنی نرخی كۆبۆن دەوڵەمەند بووە".

لە بازاڕی رەشدا نرخی دەفتەری كۆبۆنی بەنزین بۆ ئۆتۆمبێلی تایبەت بە 70 هەزار دینار دەفرۆشرێت و بارهەڵگر و تەكسیش لە نێوان 90 بۆ 120 هەزار دینار مامەڵەی پێوەدەكرێت، ئەوەش بەپێی بەدواداچونی پەیامنێری (كەركوك ناو).

كەركوك تاكە پارێزگای عیراقە كە تیایدا بەنزین لە بەنزینخانە حكومییەكان بەشێوەی كۆبۆن دەدرێت بە شۆفێرانی ئەو پارێزگایە، ئەوەش وەك كۆمپانیای دابەشكردنی بەرهەمە نەوتییەكان دەڵێت بۆ رێگریكردنە لە بەرزبونەوەی نرخ و بە قاچاغبردنی بۆ پارێزگاكانی هەرێمی كوردستان و چەند پارێزگایەكی تری دەوروبەر.

shar-1
كه‌ركوك/ته‌مموزی 2017/ بازاڕێكی میللی شاره‌كه‌ له‌ نزیك قه‌ڵا فۆتۆ: كه‌ركوك ناو

ئەو كۆبۆنانە لەڕێی بریكارەكانی دابەشكردنی خۆراكەوە دەدرێت بەو كەسانەی ئۆتۆمبێلیان هەیە.

بەپێی كۆبۆنەكە، هەر ئۆتۆمبێلێكی تایبەت لە هەفتەیەكدا 40 لیتر بەنزینی پێدەدرێت، تەكسیی و بارهەڵگریش لە هەفتەیەكدا 80 لیتر، ئەوەش بە نرخێكی هەرزانتر لە بەنزینخانە ئەهلییەكان.

جەبار تەحسین، یەكێك لە بریكارەكانی دابەشكردنی كۆبۆنی بەنزین، وتی "هەندێك لە بریكارەكان بێویژدانن و زیاتر لە پێنج هەزار دینار بۆ هەر كۆبۆنێكی ئۆتۆمبێلی تایبەت وەردەگرن".

ئەو وتی "كێشەكە پەیوەندی بەوەوە هەیە ئەمساڵ سێ بۆ چوار جار خۆراكی مانگانە دابەشكراوە، بەشێكی زۆر لە بریكارەكانیش كرێچین و تۆڵەی ئەو كرێیە لە كۆبۆنی بەنزیندا لە شۆفێران دەكەنەوە، كۆمپانیای بەرهەمە نەوتییەكانیش كێشەكەی پێ چارەسەرناكرێت".

ئیدارەی كەركوك سەرقاڵی بەدواداچون و دۆزینەوەی چارەسەرێكە بۆ ئەو كێشەیە و ناڕەزایی شۆفێرانیان پێگەیشتووە، بەپێی سەرچاوەیەك لە ئیدارەی كەركوك بۆ (كەركوك ناو)، لەگەڵ بەرهەمە نەوتییەكان لە گفتوگۆدان.

ئەو سەرچاوەیە وتی "ناتوانرێت سیستمی دابەشكردنی بەنزین بە كۆبۆن هەڵبوەشێنرێتەوە، وەك ئەوەی هەندێك لە شۆفێرن داوای دەكەن، چونکە لە رابردودا بەهۆی نزیکیی و هاوسنوری کەرکوک لەگەڵ پارێزگاکانی هەرێم و موسڵ و ناوچە نزیکەکانی تر، بەنزین بەقاچاغ دەبراو دەفرۆشرایەوە، ئەوەش دەبووە هۆی دروستبونی قەیرانی بەنزین لە كەركوك".

ناتوانرێت سیستمی دابەشكردنی بەنزین بە كۆبۆن هەڵبوەشێنرێتەوە

غەسان محەمەد، لێپرسراوی راگەیاندنی بەرهەمە نەوتییەکانی کەرکوک، بە (کەرکوک ناو)ی وت "ئێمە بۆ ئۆتۆمبێلی تایبەت بڕی دوو هەزار دینار و بۆ تەكسیی و بارهەڵگریش شەش هەزار دینارمان بۆ هەر كۆبۆنێك لە بریكارەكان وەرگرتووە، زیادكردنی نرخی كۆبۆن پەیوەندی بە بریكارەكانەوە هەیە نەك ئێمە".

بەڵام وتی "پشت لە شۆفێران ناكەین و دەتوانن سەردانی بریكارەكان بكەنەوە و ئەو پارە زیادەی داویانە وەریبگرنەوە...".

وتیشی "بەگشتی خەریكی دۆزینەوەی میكانیزمێكی باشترین بۆ دابەشكردنی بەنزین".

  • FB
  • Instagram
  • Twitter
  • YT