یەكێتی ئاهەنگەكەی بردە تەقتەق
ئیدارەی كەركوك: رێگە بەهیچ ئاهەنگێكی جەماوەری نادەین

ناحیەی تەقتەق/ 26ی ئاداری 2021/ بەڕێوەچونی ئاهەنگی جەماوەری مەڵبەندی كەركوك، بە بۆنەی جەژنی نەورۆزەوە. فۆتۆ: كەركوك ناو

كەركوك ناو

مەڵبەندی كەركوكی یەكێتیی نیشتیمانیی كوردستان، ئاشكرای دەكات کە ئەگەر بیانەوێت کەرنەڤاڵ و ئاهەنگ لە ناو شاری کەرکوکدا بكەن، ئەوا "هێز نییە بتوانێت رێگرییان لێبکات"، ئەوەش لەكاتێكدایە یاریدەدەری پارێزگار جەختدەكاتەوە لەوەی رێگە بە هیچ  ئاهەنگێكی بەرفراوان نادەن.

ئەو وتەیەی عەلی حەمادی، یاریدەدەری پارێزگاری كەركوك، لە لێدوانێكیدا هات بۆ (كەركوك ناو)، لە 20ی ئادار لەبارەی ئاهەنگەكانی نەورۆز و تیایدا وتی "بەهۆی مەترسیمان لە بڵاوبونەوەی کۆرۆناوە نەمانتوانیوە رێگا خۆشبکەین بۆ ئاهەنگی جەماوەری بەرفراوان"، جەختیشكردەوە "هیچ ئاهەنگێکی مەرکەزی بەرفراوان بەڕێوەناچێت، چونکە وەزارەتی تەندروستیی و حكومەتی ناوەند رێگە بە قەرەباڵغیی و ئاهەنگە جەماوەرییەكان نادەن و ئەمساڵیش هیچ ئاهەنگێک بەو بۆنەیەوە لە کەرکوک بەڕێوەناچێت".

هیچ ئاهەنگێکی مەرکەزی بەرفراوان بەڕێوەناچێت، چونکە وەزارەتی تەندروستیی و حكومەتی ناوەند رێگە بە قەرەباڵغیی و ئاهەنگە جەماوەرییەكان نادەن

بۆ ئەو مەبەستە ئەمڕۆ هەینی مەڵبەندی كەركوكی یەكێتیی نیشتیمانیی كوردستان ئاهەنگی نەورۆزی بردە سنوری ناحیەی تەقتەق سەر بە پارێزگای هەولێر و لە دەرەوەی سنوری هێزە عیراقییەكان ئاهەنگە جەماوەرییەكەی سازكرد، ئەوەش لە سۆشیال میدیا ئەو حزبەی روبەڕوی رەخنە كردەوە.

بەڵام دوای كۆتاییهاتنی ئەو ئاهەنگە لە رونكردنەوەیەكیدا راگەیاندنی مەڵبەندی كەركوك جەختیكردەوە "لەبەر  هەستیاری بارودۆخی تەندروستیی و پاراستنی ژیانی هاوڵاتیان لە ڤایرۆسی کۆرۆنا، داوایی رەزامەندیمان لە هیچ کەس و لایەنێک نەکردووە بۆ ئاهەنگ و کەرنەڤاڵ و یادەکانی نەورۆز و راپەڕین و سەری ساڵی کوردی، لەهەر حاڵەتێکدا کە یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان ویستی کەرنەڤاڵ و ئاهەنگ و کۆڕ و کۆبونەوەی هەبێت لە ناو شاری کەرکوک هێز نییە بتوانێت رێگریی لێبکات".

puk-5
ناحیەی تەقتەق/ 26ی ئاداری 2021/ بەڕێوەچونی ئاهەنگی جەماوەری مەڵبەندی كەركوك، بە بۆنەی جەژنی نەورۆزەوە. فۆتۆ: كەركوك ناو

ئەوەش لەكاتێكدایە محەمەد عوسمان، لێپرسراوی مەڵبەندی كەركوكی ئەو حزبە، بەیانی ئەمڕۆ هەینی، لە شوێنی ئاهەنگە جەماوەرییەكەی حزبەكەی لە سنوری ناحیەی تەقتەق و لەڕێی كەناڵی كوردسات-ەوە داوای لە هێزە ئەمنییەكانی عیراق كرد رێگەبدەن لایەنگرانی حزبەكەیی و خەڵكی كەركوك بە بازگەكاندا تێپەڕبن بۆ بەشداریكردن لەو ئاهەنگە. ئەو وتی "بەتایبەت بازگەی نێوان كەركوك و ناحیەی تەقتەق". 

لەكاتێكدا هەموو هەینیی و پێنجشەممەك بە بڕیاری شانەی قەیران بۆ روبەڕوبونەوەی كۆرۆنا لە كەركوك، بازگەكان دادەخرێن، بەڵام ئەمڕۆ هەینی بازگەی شوان كە كەركوك  بە ناحیەی تەقتەق دەبەستێتەوە كراوە بوو.

بەپێی رێنماییە تەندروستییەكانی شانەی قەیران لە كەركوك، گردبونەوە و ئاهەنگی فراوانی جەماوەری رێپێدراو نییە، ئەوەش لەپێناو خۆپاراستن لە ڤایرۆسی كۆرۆنا.

هاوكات دوو رۆژە نوسراوێك بەناوی لێپرسراوی مەڵبەندی كەركوكەوە، بڵاوكراوەتەوە كە گوایا بۆ هاوسەرۆكانی یەكێتی نێردراوە و تیایدا باس لە رێگری ئیدارە و هێزە ئەمنییەكانی كەركوك دەكات بۆ ئاهەنگی نەورۆز، بەڵام راگەیاندنی مەڵبەندی یەكێتی دەڵێت "چەند کەسێکی نەفس نزم، سەر لێشێواو و ساختەچی، هەڵساون بە دروستکردنی ئەو نوسراوە ساختەیە".

  • FB
  • Instagram
  • Twitter
  • YT