حوسام عەبدوڵا هیلال جبوری، بەڵێنی گرتنی رۆما و ئازادکردنی قودسی بە خەڵك دەدا، بەڵام 24ی ئادار خۆی رادەستی هێزە ئەمنییەكانی عیراق كرد و دانیبەوەداناوە كە یەكێك بوو لەو كەسانەی لە سەرەتای هاتنی داعش بۆ عیراق بەیعەتی بە دەوڵەتی ئیسلامی لە عیراق و شام (داعش)داوە.
حوسام، كە خەڵكی ناحیەی زابی سەر بە قەزای حەویجەیە لە باشوری خۆرئاوای كەركوك، یەكێك بووە لەو چەكدارانەی داعش كە بەشداریی گرتنی بێجی، مەخمور و ئەو هێرشە فراوانەشی كردووە كە لە كانونی دووەمی 2015 كرایە سەر كەركوك.
دەستگیركردنی حوسام و ژمارەیەك چەكداری تری ئەو رێكخراوە، لە ئۆپەراسیۆنێكی سەربازیی فراوان هات لە زنجیرە چیا سەختەکانی قەزای مەخمور لە باشوری خۆرهەڵاتی موسڵ، کە ئامانج لێی راوەدونانی پاشماوەکانی ئەو رێكخراوە بوو.
ئۆپەراسیۆنەکە کوژرانی ژمارەیەک لە سەرکردەکانی داعشی لێکەوتەوە، بەپێی وتەی حوسام جبوری ئەندامی دەستگیركراوی ئەو رێكخراوە بۆ دەزگای دژەتیرۆری عیراق.
بەپێی دانپێدانانەکانی ئەو کەسە، كە زیاتر لە سەرچاوەیەك لە دەزگای دژە تیرۆری عیراقەوە بە (كەركوك ناو) دراوە، دەستپێكی ئۆپەراسیۆنەكە هاوكات بووە لەگەڵ بەڕێوەچونی ئاهەنگی دەرچونی خولێکی سەربازیی بۆ ئەندامانی رێکخراوی داعش، ئەوەش وایكردووە لە بۆردومانەكاندا ئەمیری کەرتی چیای مەخمور بە ناوی ڕمیر تاهر، ناسراو بە (ئەبو جەرناس) بكوژرێت.
ئۆپەراسیۆنەکەی كە دەزگای دژە تیرۆر پێی هەستا، بووە کوژرانی چەند ئەندامێکی باڵای داعش، لەوانە ئەبو سابت، بەرپرسی بەشی ئەمنی رێکخراوەکە، خالید قوڕەیشی، بەرپرسی کەتیبەی فەتح، ئەبو غەیس، ئەمیری مەفرەزەی نیشان شكێنەكان و یاریدەدرەکانی و ژمارەیەکی تر لە چەکدارانی رێکخراوەکە، ئەوەش بەپێی دانپێدانانی حوسام جبوری بۆ دەزگای دژەتیرۆر و زانیارییەكانی ئەو دەزگایە.
حوسام كێیە؟
سەرچاوەیەکی ئەمنی لە قەزای حەویجە بە (کەرکوک ناو)ی وت کە یەکێک لەو ئەندامانەی داعش کە خۆی رَادەستی هێزە ئەمنییەکان کردووە ناوی (حوسام عەبدوڵا محەمەد هیلال جبوری)یە و دانیشتوی ناحیەی زابی سەر بە قەزای حەویجەیە.
"ئەو چەندین جار بەڵێنی داگیرکردنی رۆما، ئازادکردنی قودس و بەرپاکردنی خەلافەتی داعشی لە ئەوروبا بەخەڵک دەدا، بەر لە رزگارکردنی ناحیەکە هەڕەشەی ئەوەی دەکرد تا مردن بجەنگێت، بەڵام کە هێزە ئەمنییەکان نزیکبونەوە بۆ کۆنترۆڵکردنەوەی زاب، لەگەڵ زۆربەی چەکدارەکانی تری داعش لەساڵی 2017 بەرەو چیاکانی مەخمور هەڵهات، لە کۆتاییشدا لەوێ خۆی رادەستی هێزە ئەمنییەکان کرد"، بەوتەی سەرچاوەكە لە حەویجە.
ئاماژەی بەوەدا کە حوسام و براکانی لە نەوەدەکانی سەدەی رابردودا تا هێرشی داعش بۆ ناوچەکانی باشور و باشوری خۆرئاوای پارێزگای کەرکوک لە ناوەراستی 2014، لە غەسلێکی ئۆتۆمبێلدا کاریان دەکرد، زۆربەی ئەندامانی خێزانەکەی لە دوای 2004ەوە پەیوەندیان بە "گروپە تیرۆریستییەکان"ەوە کردبوو.
ڤیدیۆ: بەشێك لە دانپێدانانی حوسام جبوری. سەرچاوە: دژە تیرۆری عیراق
بەپێی ئەو زانیارییانەی کە سەرچاوەکە خستیەڕوو، حوسام و هاوڕێکانی بەئاشکرا بەیعەیان بە رێکخراوەکە داوە لە ویلایەتی دیجلە، پێش ئەو رێكخراوەش بە نهێنی سەرپەرشتی پرۆسەی تیرۆرکردن و چاندنی بۆمبیان دەکرد.
دوای گەیشتنی داعش بۆ حەویجە لە باشوری كەركوك، بەشدارییان لە چەندین شەڕ و روبەڕوبونەوەدا کردووە، لەوانە هێرشی سەر کەرکوک، پاڵاوگەی بێجی و دەستبەسەرداگرتنی مەخمور، هەروەها دەستگیرکردنی خەڵک و زەوتکردنی موڵک و بڕینی ماڵان.
سەرچاوەکە وتی "ئەندامە دەستگیرکراوەکەی داعش ماوەی سێ ساڵ بوو لە چیاکانی مەخمور خۆی شاردبووەوە".
دەزگای دژە تیرۆری عیراق رونیکردەوە کە ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکە لە 9ی ئاداری 2021ەوە دەستیپێکرد و تیایدا لانیکەم 27 ئەندامی داعش کوژران.
ڕاشیگەیاند هێزەکانی هاوپەیمانان و هێزی ئاسمانی عیراقی 312 گورزیان وەشاندوە، لەئەنجامدا 120 ئەشکەوت و حەشارگەی رێکخراوی داعش خاپورکراوە.
بەپێی بەیاننامەیەکی دەزگای دژە تیرۆر، لە ئۆپەراسیۆنەکەدا "هەماهەنگییەکی باش" هەبووە لە نێوان دەزگای دژە تیرۆر و هێزە ئەمنییەکانی تر و هێزەکانی پێشمەرگە.
هێزە ئەمنییەکان ناو بەناو ئۆپەراسیۆنی سەربازی دژی پاشماوەکانی رێکخراوی داعش ئەنجام دەدەن کە لە ناوەراستی 2014ەوە تا کۆتایی 2017 دەستی بەسەر ناوچەیەکی فراوانی خاکی عیراق گرتبوو.