بەڕێوەبەری فەرمانگەی دادنوسی كەركوك دەگۆڕدرێت

پەیڕەو یاسین، بەڕێوەبەری پێشوی فەرمانگەی دادنوسی كەركوك. فۆتۆ: كاروان ساڵحی

كەركوك ناو

پەیڕەو یاسین، "دەستلەكاركێشانەوە"ی لە پۆستی بەڕێوەبەری فەرمانگەی دادنوسی كەركوك پێشكەش بە وەزارەتی دادی عیراق كردووە، بەهۆی پینەدانی "دەسەڵات"، وەزارەتیش راستەوخۆ دەستلەكاركێشانەوەكەی قبوڵكردووە و لەجێی ئەو چیا ئەیوب دەستبەكاردەبێت.

ئەو دەستلەكاركێشانەوەیە بەپێی سەرچاوەیەك لە دادنوسی كەركوك، لە كۆتایی هەفتەی رابردوو بووە، تا یەكشەممە 4ی نیسان چیا ئەیوب، بەڕێوەبەری نوێ لەو فەرمانگەكە دەستبەكاربووە.

سەرچاوەكە كە لێپرسراوێتی هەیە لە دادنوسی كەركوك، وتی "پەیڕەو یاسین، ماوەیەكە داوای كردووە دەسەڵاتی تەواوی پێبدرێت بۆ راییكردنی كاری باشتر، چەند مانگێكە چاوەڕێیە، بەڵام وەزارەتی داد وەڵامی نەداوەتەوە"، بەبێ ئەوەی ئەو سەرچاوەیە بچێتە وردەكاریی ئەو دەسەڵاتانەوە كە پەیڕەو یاسین داوای دەكات.

وتیشی "جگەلەوەش بەربەست هەبووە لەبەردەم كارەكانیدا، بەربەستی حزبیی و لە وەزارەتیشەوە بە هەمان شێوە، بۆ نمونە لە مانگی 12ی ساڵی 2020ەوە نەسرییەی فەرمانگەكە بڕدراوە و یەك دیناریان بۆ نەناردووە، لەكاتێكدا پێشتر هەموو مانگێك بڕی دوو ملیۆن دیناریان بۆ دەنارد بۆ راییكردنی ئیشوكارەكانی ناو فەرمانگەكە".

پەیڕەو یاسین، لە لێدوانێكیدا بۆ (كەركوك ناو)، وتی "بەڵێ راستە من دەستملەكاركێشاوەتەوە و وەزارەت كەسێكی تری لە شوێنەكەم داناوە"، بەڵام ئامادەنەبوو هیچ زانیارییەكی تر باس بكات.

من دەستملەكاركێشاوەتەوە و وەزارەت كەسێكی تری لە شوێنەكەم داناوە

وەزارەتی دادی عیراق بۆ ساڵی 2020، فەرمانگەی دادنوسی كەركوكی وەك باشترین فەرمانگەی سەر بە وەزارەتەكەی لە تەواوی عیراق دەستنیشانكرد.

لە 18ی ئاداری ئەمساڵیش، پەیجی (كەركوك ناو) لە راپرسییەكیدا بۆ هەشت فەرمانگەی خزمەتگوزاریی كەركوك، تیایدا فەرمانگەی دادنوسی كەركوك بە باشترین فەرمانگە لەلایەن خوێنەران و خەڵكی كەركوكەوە هەڵبژێردرا.

پەیڕەو یاسین، لە رۆژی هەینی 3ی ئادار لە نوسینێكیدا لە تۆڕی كۆمەڵایەتی فەیسبوك، نیگەرانی خۆی دەربڕی لە داخستنی بازگەكان بەڕوی هاوڵاتیاندا، بە تایبەت لە بازگەی شوان – كەركوك، بۆ ئەوەش رەخنەی روبەڕوی مەڵبەندی رێكخستنی حزبەكەی كردەوە، بەڵام دواتر ئەو نوسینەی لە ئەكاونەتەكەی لابرد.

سەرچاوەیەك لە مەڵبەندی كەركوكی یەكێتیی نیشتیمانیی كوردستان، پێیوای ئەو رەخنەیەی پەیڕەو یاسین، هۆكاری دورخستنەوەی بووە لەو پۆستە، ئەوەش بەهۆی ئەوەی خۆی لە هەمان حزبە.

هاوكات سالار عەبدولستار، وەزیری دادی عیراقیش یەكێتییە و پێشتر لەلایەن مەڵبەندی كەركوكی ئەو حزبەوە بۆ ئەو پۆستە كاندیدكراوە.

بەڵام سەرچاوەكەی فەرمانگەی دادنوسی كەركوك، وتی "پەیڕەو یاسین بەر لەو نوسینەی خۆی دەستیلەكاركێشاوەتەوە، بەڵام بەربەستی حزبی هەبووە لەبەردەم كارەكانیدا".

جەنگی عیزەدین، یەكێك لە جێگرانی لێپرسراوی مەڵبەندی كەركوكی یەكێتی، بە (كەركوك ناو)ی وت "منیش لە فەسیبوكەوە زانیومە كاك پەیڕەو یاسین لەو پۆستە نەماوە، ئەو كەسێكی چالاكە و فەرمانگەكەشی یەكێك بووە لە باشترین فەرمانگەكانی كەركوك".

لەبارەی ئەوەی ئایا بە بڕیاری مەڵبەندی یەكێتی گۆڕدراوە یاخود نا؟ وتی "ئاگاداری ئەوە نیم، پێموابێت خۆی دەستیلەكاركێشاوەتەوە".

 

  • FB
  • Instagram
  • Twitter
  • YT