مسته‌فا نمونەی چەندین منداڵی تری کەرکوکە کە نهچونەتە بەر خوێندن و رۆژانە سەرقاڵی سواڵکردنن. کەسانی لەو شێوەیە ته‌نیا گرنگیی به‌وه ده‌دەن رۆژانه له‌رێی چیرۆكێكی جیاوازتر و كاریگه‌رتره‌وه وا له خه‌ڵك بكەن زیاتر له‌گه‌ڵیاندا هاوسۆزبن و پاره‌یه‌كی باشتریان پێبدەن.
تا ئەوپەڕی خەیاڵی بەکاردەهێنێت؛ رۆژ تا ئێواره مستەفا چیرۆكی جیاواز به گوێی خه‌ڵكیدا ده‌دات؛ جارێك بێ سه‌رپه‌رشته، جارێكی دیكه بێ ده‌ره‌تان و هه‌ندێكجاریش به‌ده‌ست نه‌خۆشییه‌وه ده‌ناڵێنێت، بێ ئه‌وه‌ی هیچ یه‌كێك له‌و قسانه راستی ژیانی ئەو بن.
ئه‌وه‌ی مسته‌فا ده‌یكات له پێناو به‌ده‌ستهێنانی بڕێك پاره‌دایه، سواڵ ده‌كات و ساڵانێكه وه‌ك پیشه‌یه‌كی بێ ماندوبون ئه‌م شار و ئه‌و شاری بۆ ده‌گه‌ڕێت.
"ماوەی چەند ساڵێكه ئەو كارە دەكەین، نەك تەنیا خۆم، بەڵكو بە خێزانەوە ئەو كارە دەكەین" مسته‌فا بۆ (كه‌ركوك ناو) وای وت.
مسته‌فا؛ ناوی خوازراوی مێردمنداڵێكی جه‌سته لاوازی ته‌مه‌ن 15 ساڵی ئه‌سمه‌ری كورته‌باڵایه، له پارێزگایه‌كی دیكه‌وه ده‌یان كیلۆمه‌تری بڕیووه و له شه‌قامه‌كانی كه‌ركوك سواڵ ده‌كات.
ئه‌و بۆ شاردنه‌وه‌ی سواڵهكهی و له‌به‌ر لێپرسینه‌وه‌ی هێزه ئه‌منییه‌كان فڵچه‌یه‌كی بچوك و بتڵێک پاككه‌ره‌وه‌ی به‌ده‌سته‌وه گرتووه، له‌گه‌ڵ جامی ئۆتۆمبێل سڕیینەوەدا داوای پاره بكات.
ترسی مسته‌فا و ئه‌و كه‌سانه‌ی له شه‌قامه‌كاندا سواڵ ده‌كه‌ن هه‌ڵمه‌تی دهستگیركردنە کە له‌لایه‌ن هێزه ئه‌منییه‌كانه‌وه ناوبه‌ناو بەڕێوەدەچێت.
دوایین هه‌ڵمه‌ت هه‌فته‌ی رابردوو 28ی ئاداری 2021 بوو، كاتێك پۆلیسی كه‌ركوك 17 كه‌سیان به تۆمه‌تی سواڵكردن ده‌ستگیرکرد.
سه‌رچاوه‌یه‌كی ئه‌منی له كه‌ركوك به (كه‌ركوك ناو)ی وت "ئه‌و 17 كه‌سه له شه‌قامه‌كانی ئه‌تڵه‌س، پردێ سێ و نزیك دادگا ده‌ستگیركران، دوانیان ئافره‌تی خوار 18 ساڵ و خه‌ڵكی سوریا بون".
هاوکات، سه‌رچاوه‌كه كه ئاماده‌نه‌بوو ناوی بڵاوبكرێته‌وه به‌هۆی نه‌بونی مۆڵه‌تی لێدوانه‌وه، وتی ئه‌و هه‌ڵمه‌تانه جاروبار دوباره ده‌بنه‌وه و له ته‌مموزی ساڵی رابردوشدا، به هه‌مانشێوه 92 كه‌س ده‌ستگیركران به‌ڵام به كه‌فاله‌ت ئازادكران.
ئه‌و كه‌سانه‌ی به‌هۆی سواڵكردنهوه دستگیردهكرێن، دوای وه‌رگرتنی ئیفاده به هۆبه‌ی نه‌هێشتنی بازرگانی به مرۆڤه‌وه، ره‌وانه‌ی دادگا ده‌كرێن، به‌پێی یاسای سزادانی عیراقیی مامه‌ڵه‌یان له‌گه‌ڵدا ده‌كرێت و زۆرینه‌یان دوای 24 كاتژمێر لهدهستبهسهركردن به كه‌فاله‌ت ئازاد ده‌كرێن.
مادده‌كانی 390 – 392 له یاسای سزادان تایبه‌تن به سواڵكردن، تیایدا سزای دارایی و زیندانی له یه‌ك مانگ تا شه‌ش مانگ دانراوه، به‌پێی جۆری دۆسیه‌كه.
مسته‌فا ئاگاداری سزای دادگا و هه‌ڵمه‌تی هێزه ئهمنییهكانیشه، بۆیه بۆ ماوه‌یه‌كى زۆر له یه‌ك شوێن و شاردا نامێنێته‌وه، "جاری وایە مانگێك ده‌مێنمه‌وه و ناگه‌ڕێمه‌وه پارێزگاكه‌ی خۆم، ئه‌و ماوه‌یه ته‌نیا بۆ نوستن ده‌چینه ئوتێل".
ئه‌وانه‌ی سواڵ ده‌كه‌ن؛ به ئه‌سته‌م زانیاری له‌سه‌ر ئه‌و بڕه پاره‌یه ده‌دركێنن كه رۆژانه ده‌ستیانده‌كه‌وێت، به‌وته‌ی مسته‌فا، هه‌ندێك رۆژ هه‌یه تا نزیكه‌ی 100 هه‌زار دیناری ده‌ستده‌كه‌وێت.
له بارودۆخێكی خراپ‌دا ده‌ژین بۆیه سواڵ ده‌كه‌م
به‌پێی به‌دواداچونی مه‌یدانی (كه‌ركوك ناو)، زۆربه‌ی ئه‌وانه‌ی سواڵ ده‌كه‌ن منداڵی شیره‌خۆره، ئافره‌ت و كه‌سانی خاوه‌نپێداویستی تایبه‌ت بۆ راكێشانی سۆزی خه‌ڵك به‌كارده‌هێنن.
ته‌مه‌نی زۆربه‌ی ئه‌و كه‌سانه‌ی له شه‌قامه‌كانی كه‌ركوكدا سواڵ ده‌كه‌ن له نێوان 10 بۆ 40 ساڵیدایه، جگه له منداڵی ساوا، به‌شێك له ژنه‌كان هاوسه‌رگیری پێشوه‌خته‌یان كردووه و به ته‌مه‌نێكی كه‌مه‌وه سێ بۆ چوار منداڵیان هه‌یه.
"هیچ كارێكم نییه، دوو منداڵمان هه‌یه و یه‌كێكیان نه‌خۆشی شێرپه‌نجه‌یه، به‌رده‌وام پێویستمان به ده‌رمانه و له بارودۆخێكی خراپ‌دا ده‌ژین بۆیه سواڵ ده‌كه‌م" عه‌لی وای وت.
عه‌لی ناوی خوازراوی هاوڵاتیه‌كی په‌نابه‌ره له كه‌ركوك و له ژێر خێوه‌تدا ده‌ژی، ئه‌و ده‌ڵێت "من به ناچاری و له هه‌ژاریدا سواڵ ده‌كه‌م به‌ڵام كه‌سانێك له پارێزگاكانی تری عیراقه‌وه دێن و ئه‌و كاره بۆ خۆده‌وڵه‌مه‌ندكردن ده‌كه‌ن".
رێژه‌ی هه‌ژاری له عیراق بۆ زیاتر له سه‌دا 31 به‌رزبۆته‌وه كه زیاتر له 11 ملیۆن هاوڵاتی ده‌كات، ئه‌وه‌ش به‌راورد به ساڵی 2018 كه رێژه‌ی هه‌ژاری سه‌دا 20 بووه، به‌پێی ئه‌و ئامارانه‌ی وه‌زاره‌تی پلاندانانی عیراق له سه‌ره‌تای 2021دا بڵاویكرده‌وه.
(كه‌ركوك ناو) چه‌ند رۆژێك له‌هه‌وڵدا بوو تا لێدوان لە لێپرسراوانی كۆمسیۆنی سه‌ربه‌خۆی مافه‌كانی مرۆڤی عیراق له كه‌ركوك وه‌ربگرێت كه لایه‌نێكی په‌یوه‌ندیدارن به دۆسیه‌ی ئه‌و كه‌سانه‌ی سواڵ ده‌كه‌ن، به‌ڵام هه‌وڵه‌كان بێ ئاكام بون.
فاتن حه‌مید، پارێزه‌ر له دادگای كه‌ركوك ده‌ڵێت هه‌فتانه چه‌ندین دۆسیه‌ی په‌یوه‌ست به سواڵکردن ره‌وانه‌ی دادگا ده‌كرێن، كه هه‌ندێكیان دزی و تاوانی دیكه‌ی به‌دواداهاتووه و نمونه‌ی یه‌كێكیان ده‌هێنێته‌وه كه ئاگاداری لێكۆڵینهوهكانیهتی.
"دۆسیه‌یه‌كی دزیكردن بوو، دوو منداڵی ته‌مه‌ن 9 و 10 ساڵ تۆمه‌تباربون، كه سواڵیشیان ده‌كرد، كاتێك دادوه‌ر بانگهێشتی باوكی كردن وتیان بێ باوكن، دوای هه‌ندێك قسه‌كردن به گریانه‌وه وتیان باوكیان له پارێزگایه‌كی دیكه‌یه".
فاتن ژماره‌ی باوكی منداڵه‌كانی ده‌ستكه‌وتووه و په‌یوه‌ندی پێوه‌كردووه، "سه‌ره‌تا نكۆڵیكرد منداڵی ئه‌وبن و دواتر دانپێدانا و به ئۆتۆمبێلێكی جۆری پرادۆی مۆدێل 2016 هات به شوێنیان‌دا و به كه‌فاله‌ت منداڵه‌كانی ئازادكران".
به‌پێی به‌دواداچونه‌كانی (كه‌ركوك ناو) زۆرینه‌ی ئه‌و كه‌سانه‌ی له كه‌ركوك سواڵ ده‌كه‌ن، گروپ یان باند نین، به‌ڵكو هه‌ر كه‌سه و بۆ خۆی ئه‌و كاره ده‌كات، زۆرینه‌یش بۆ شاردنه‌وه‌ی سواڵكردن جامی ئۆتۆمبێل ده‌سڕنه‌وه یان كلێنێكس و بنێشت ده‌فرۆشن. ژمارەیەکی کەمیان ده‌چنه ناو كۆڵانه‌كان تا له ماڵان خۆراك و شمه‌كی دیكه كۆبكه‌نه‌وه.
"كه‌سێك نییه سه‌رپه‌رشتیمان بكات، ته‌نانه‌ت له ناو خێزانه‌كه‌ی خۆشمدا هه‌ر كه‌سێكمان كیسه‌ی خۆی جیایه.. له نێو ئێمه‌دا خه‌ڵكی چه‌ندین شوێن هه‌ن، به ئاواره و پهنابهریشهوه" مسته‌فا وای وت.