نرخ بۆ زیاتر لە دوو هێندە بەرزبۆوە
عیراق سەوزە و میوەی توركیی و ئێرانی قەدەغەكرد

كەركوك/ تەموزی 2017/ بە قاڵێكی لە گەڕەكێكی میللی سەوزە و میوە دەفرۆشێت. فۆتۆ: بنار سەردار

کەرکوک ناو

نرخی 23 جۆر لە سەوزە و میوە لە بازاڕەكانی كەركوك و ناوچەكانی تری جێناكۆك بۆ زیاتر لە دوو هێندە بەزربۆتەوە، ئەوەش پاش قەدەغەكردنی هاوردەكردنیان بۆ عیراق بە بڕیاری وەزارەتی كشتوكاڵ و لەپێناو گرنگیدان بە بەرهەمی ناوخۆ.

ئەو بڕیارە كە نزیكەی 10 رۆژە چۆتە بواری جێبەجێكردنەوە و ئامانج لێی ساغكردنەوەی بەرهەمی ناوخۆیە بۆ یارمەتیدانی جوتیاران، هاوكاتە لەگەڵ پێگەیشتنی بەرهەمی ناوخۆ لە چەند پارێزگایەكی عیراق، هەر بۆیە لە بازگەكاندا ئەو سەوزە و میوانە لەناودەبرێن كە لە توركیا و ئێرانەوە هاوردە دەكرێن.

دیار محەمەد، هاوڵاتییەکی گەڕەکی شۆریجەیە لە كەركوك، وتی "یەك كیلۆ تەماتە چۆتە هەزار و سەروتر، جاران هەزارنتر بوو، لە دەرەوەی دەسەڵاتی ئیدارەی كەركوك بۆ نمونە لە ناحیەی قەرەهەنجیر بە 250 دینارە، ئەو بڕیارە بارگرانی بۆ ئێمە هێناوە".

ڤیدیۆ: بازاڕی عەلوەی كەركوك

ناڕەزایی خەڵكی كەركوك و كۆگاكانی هەڵگرتنی سەوزە و میوە زیاتر لەوەوە سەرچاوەی گرتووە، كە بڕیارەكە لەكاتێكدا دەركراوە هێشتا بەرهەمی ناوخۆ چەند هەفتەیەك یان نزیكەی مانگێكی ماوە، بەتایبەت بەرهەمی كێڵگە كشتوكاڵییەكانی كەركوك و ناوچەكانی تری جێناكۆك.

دلێر محەمەد، خاوەن کۆگای سەوزە و میوە لە بازاڕی خان خورما لە كەركوك، وتی "تەماتەی ناوخۆ تەنیا لە پارێزگای بەسرە پێگەیشتووە، ئەوەش بەشی هەموو عیراق پڕناكاتەوە و بۆتەهۆی بەرزبونەوەی نرخی تەماتە لە بازاڕدا"، ئەمە بۆ سەوزە و میوەكانی تریش هەروایە، وەك دلێر جەختیلێكردەوە.

"بەهۆی بڕیارەكەی حكومەتی عیراقەوە، ئەو 23 جۆر لە سەوزە و میوەیە بەگرانتر دەگاتە دەستی ئێمە، ئێمەش بە گرانتر دەیدەینە خاوەن دوكان و بەقاڵەكان، ئەوانیش لەسەر هاوڵاتیان گرانتری دەكەن و خەڵك زەرەرمەندی یەكەم دەبن، نرخی بۆتە دوو هێندە یان زیاتر"، دلێر وای وت.

bazar-6
كەركوك/ 8ی نیسانی 2021/ بازاڕی عەلوەی كەركوك. فۆتۆ: گۆران بابان

لە بازگەكانی كەركوك بە ئاراستەی هەرێمی كوردستان لە چەند رۆژی رابردودا دەیان تەن سەوزە و میوەی ئێرانی توركی لەناوبران، دلێر محەمەد وتی "سێ بارهەڵگر سەوزە و میوەم لەو بازگانە لەناوبراوە و بە بڕی هەشت ملیۆن دینار زیانم بەركەوتووە".

بەڵام بەپێی زانیارییەكانی (كەركوك ناو)، لەچەند ناوچەیەكی هەرێمی كوردستانەوە بەشێوەی قاچاغ سەوزە و میوەی ئێرانی و توركی دەبرێتە ناو كەركوك، وەك خاوەن كۆگاكانیش جەختیانلێكردەوە.

بەڵام بڕیارەكە بۆ جوتیارانی ناوخۆ جێی دەستخۆشییە، هەوراز ئەمین (36ساڵ)، كە نزیكەی 28 دۆنم زەوی بە سەوزە چاندووە لە دەشتی حەسار لە كەركوك، وتی "ئەگەر بۆ كاتی پێگەیشتنی بەرهەمی ناوخۆش جێبەجێبكرێت ئێمە زۆر لێی سودمەند دەبین، بەڵام ساڵانەش بڕیارەكە هەبوو، دواتر رێگریی لە بەرهەمی هاوردە نەدەكرا، ئێمەش زیانمان دەكرد".

تەماتە، باینجان، خەیار، كولەكە، شوتی لەو جۆرانەن كە لەبازگەكاتدا لەناودەبرێن.

ڤیدیۆ: بازگەی كەركوك، لەناوبردنی سەوزە و میوەی توركی و ئێرانی. ڤیدیۆ: تایبەت بەكەركوك ناو

زوهێر عەلی، بەڕێوەبەری کشتوکاڵی کەرکوک، بە (کەرکوک ناو)ی وت "بڕیارەكەی وەزارەتی كشتوكاڵی حكومەتی عیراق بۆ خزمەتكردنی جوتیاران و لەپێناو ساغكردنەوەی بەرهەمی ناوخۆیە، بڕیارەکە لە  قازانجی هەمواندایە و عیراق دەیەوێت لە ڕوی کشتوکاڵییەوە پشت بە خۆی ببەستێت".

"حکومەتی هەرێمی کوردستان بێ پرس و بێ گوێدنە بڕیارەكەی وەزارەتی کشتوکاڵی عیراق بەرهەمی ئێرانیی و تورکی دەهێنتە هەرێم و دواتر هاوردەی كەركوكی دەكات، ئەوەش یەكێكە لە كێشەكانمان".

  • FB
  • Instagram
  • Twitter
  • YT