ئیسك و پروسكی دوو هاوژین و منداڵەكەیان لە كۆمەڵگەی سیبا شێخ خدر لە شنگال دۆزرانەوە، كە مێژوی كوشتن‌یان بۆ سەردەمی هێرشی چەكدارانی دەوڵەتی ئیسلامی لە عیراق و شام (داعش) دەگەڕێتەوە و لەوكاتەوە بێسەروشوێنن.
ئێسك و پروسكی ئەو خێزانە، ئەمڕۆ 9ی نیسان، لە كۆمەڵگەی سیبا شێخ خدر و لەژێر قادرمەی ماڵێكدا دۆزرانەوە. كە لە پێكهاتەی ئایینی ئێزیدین.
حامد مچۆ، دانیشتوی ئەو كۆمەڵگەیە، بە (كەركوك ناو)ی وت "بەپێی زانیارییەكانی ئێمە، ئەو گۆڕە دوو هاوژین و منداڵەكەیانی تێدایە، ئەوان لە سەردەمی هێرشی داعش بۆ شنگال لە ئابی 2014ەوە بێسەروشوێن بون".
وتیشی "بەپێی ئێسك و پروسكیان بێت، دوای كوشتن‌یان سوتێنراون و ئەم گۆڕە بۆ سەردەمی دەسەڵاتی داعش لەم ناوچەیە دەگەڕێتەوە"، داواشیكرد تیمی شارەزا رەوانەی ناوچەكە بكرێت بۆ ئەوەی پشكنینی زیاتر لەو كۆمەڵگەیە بكرێت و وتی "دڵنیام گۆڕی زیاتر لەم كۆمەڵگەیەدا هەیە".
بەپێی ئێسك و پروسكیان بێت، دوای كوشتن‌یان سوتێنراون
کۆمەڵگەی سیبا شێخ خدر، بەدوری 30کم دەکەوێتە ناوەندی شنگال و لە ئابی 2014دا خەڵكەكەی بەدەستی رێكخراوی دەوڵەتی ئیسلامی لە عیراق و شام (داعش) روبەڕوی كوشتنی بە كۆمەڵ و رفاندن بونەوە، ئەوانەشی رزگاریان بوو ئاوارەبون و تائێستا لە كۆی 7000 خێزان تەنیا 100 خێزان گەڕاونەتەوە.
به‌پێی ئاماری به‌ڕێوه‌بەرایه‌تی کاروباری ئێزیدییان سەر بە وه‌زاره‌تی ئه‌وقافی حکومه‌تی هه‌رێمی کوردستان، له هێرشه‌كانی داعش بۆ شنگال، دوو هه‌زار و 293 ئێزیدی به ده‌ستی چه‌كدارانی ئه‌و رێكخراوه کوژراون.
هه‌ر به‌پێی ئه‌و ئامارانه له شنگال، 80 گۆڕی بەکۆمەڵ دۆزراونەتەوە، جگە لە دەیان گۆڕی یەک کەسی، که مێژوه‌کانیان بۆ سه‌رده‌می ده‌سه‌ڵاتدارێتی داعش ده‌گه‌ڕێتەوە.