بەڕێوەبەرایەتی گشتی پۆلیسی كەركوك دۆسییەی 49 ئەفسەری كورد بە مەبەستی دادگاییكردن رەوانەی دادگای سەربازیی موسڵ كرد و تۆمەتباریان دەكەن بە بەشداریكردنیان لە ریفراندۆمی هەرێمی كوردستان و ناوچەكانی جێناكۆك ئەیلولی 2017، ئەوەش لەسەر داوای وەزارەتی ناوخۆی عیراق.
مێژوی كردنەوەی ئەو دۆسییەیە لەسەر ئەفسەرانی كورد لە كەركوك بۆ 26ی تشرینی یەكەمی 2017 (مانگێك دوای ریفراندۆم) دەگەڕێتەوە، بەڵام دۆسییەكە بە بڕیاری سیاسیی و بەشێوەی كاتی راگیرا، تا لە 17ی ئاداری ئەمساڵ جارێكی تر بە رەزامەندی وەزیری ناوخۆی عیراق دۆسییەكە جوڵێنرایەوە.
بەپێی ئەو بەڵگە نوسراوانەی كە دەست (كەركوك ناو) كەوتون، ئەو 49 ئەفسەرە لە عەمید، عەقید، مقەدەم، رائید، نەقیب، ملازم و ملازی یەكەم پێكدێن و ناوەكانیان لای (كەركوك ناو) پارێزراوە، لە ئێستادا لە هۆبە و یەكە جیاوازەكانی سەر بە بەڕێوەبەرایەتی گشتی پۆلیسی كەركوك لەئەركدان.
یەکێک لەو 49 ئەفسەرە، لە لێدوانێكی تایبەتدا بۆ (كەركوك ناو)، وتی "ئاگادارین جارێكی تر دۆسییەكانمان جوڵێنراوەتەوە و لە 4ی نیسانی 2021 دوای نوسراوی وەزارەتی ناوخۆی عیراق، رەوانەی دادگای سەربازیی موسڵ كراوین بۆ لێكۆڵینەوە و دادگاییكردنمان".
ئەو ئەفسەرە سەرسوڕمانی خۆی نیشاندا لە جوڵانەوەی جارێكی تری دۆسییەكان و وتی "پێشتر بەكاتی ئەو بابەتە داخرا، ئێمە گومانمان هەیە لە جارێكی تر جوڵاندنەوەیان، کەسانێک هەن لە نێو نەتەوەکانی دیکەی كەركوك ئەم پرسەیان جوڵاندۆتەوە و ئامانجیان ئەوەیە ئەو پۆستانەی لەئێستادا بەدەست ئەفسەرانی كوردەوەیە لێمان وەربگیرێتەوە و كەسانی نزیك لە خۆیان دابنێن".
وەزارەتی ناوخۆی عیراق لە 17ی ئادار لە نوسراوێكیدا بۆ بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی كەركوك، كە تیایدا ئاماژە بە رەزامەندی وەزیر كراوە، داوای كردووە ئەو ئەفسەرانە بە یاسای سزادانی عیراقی ژمارە (111) دادگایی بكرێن، بەهۆی تۆمەتباركردنیان لە بەشداریكردنیان لە ریفراندۆمی هەرێمی كوردستان و تیایدا بە جوداخواز (انفصالیین) ناویان دەبات.
ئەو ئەفسەرەی كە ناوی لەنێو ئەو 49 ئەفسەرەدایە بۆ دادگاییكردن، وتی "دەسەڵات تەنیا توانای بەگژداچونەوەی هەژارانی هەیە، ئەگەر وانییە دەبێت بەرهەم ساڵح، سەرۆك كۆماری عیراق و فوئاد حسێن، وەزیری دەرەوەش دادگایی بكرێن، خۆ ئەوانیش بەشداری ریفراندۆمیان كردووە".
"چۆن یەكێتیی نیشتیمانیی كوردستان و پارتی دیموكراتی كوردستانیش ئەم كارەیان بە ئێمە كرد، دەبێت ئاواش پاڵپشتیمان بكەن، نەك بێدەنگی لێبكەن"، ئەو ئەفسەرە وای وت.
چۆن یەكێتیی نیشتیمانیی كوردستان و پارتی دیموكراتی كوردستانیش ئەم كارەیان بە ئێمە كرد، دەبێت ئاواش پاڵپشتیمان بكەن، نەك بێدەنگی لێبكەن
ئەفسەرێکی تری كورد لە كەركوك، لەبەرئەوەی لێدوانەكەی كاریگەری نەبێت لەسەر دۆسییەكەیان نەیویست ناوی بڵاوبكرێتەوە، وتی "ئەم دۆسییەیە جارێكی تر لە ساڵی 2020 جوڵێنرایەوە، ئێستاش جارێكی تر وەزارەتی ناوخۆ لە 17ی ئادار داوادەكات لێكۆڵینەوەمان لەگەڵدا بكرێت".
ئەو وتی "لە 4ی نیسان بەڕێوەبەرایەتی گشتی پۆلیسی کەرکوک وەڵامی نوسراوی وەزارەتی ناوخۆی داوەتەوە و دۆسییەکەی رەوانەی دادگای سەربازیی کردووە لە موسڵ".
(كەركوك ناو)، زانیویەتی لەئێستادا یەكێتیی نیشتیمانیی كوردستان بەبێدەنگی لە هەوڵدایە لەڕێی وەزیری دادی عیراق – كوردە و لەسەر پشكی یەكێتی پۆستەكەی وەرگرتووە- جوڵاندنەوەی دۆسییەی ئەو 49 ئەفسەرە رابگرێت، بەڵام تائێستا هەوڵەكانی سەركەوتوو نەبووە.
لەنێو ئەو 49 ئەفسەرەدا بەپێی نوسراوەكە، سیانیان لە دوای ریفراندۆمەوە لەئەركدا نەماون، یەكێك لەوان عەمید سەرحەد قادر، بەڕێوەبەری پێشوی پۆلیسی قەزاو ناحییەكانە و وەزارەتی ناوخۆ داوا دەكات ئەوانە بە غیابی دادگاییبكرێن.
ریفراندۆمی ههرێمی كوردستان و ناوچهكانی جێناكۆك لە 25ی ئەیلولی 2017، لهسهدای 92ی دهنگی بهڵێی بهدهستهێنا؛ بەڵام دوای 21 رۆژ و له 16ی ئۆكتۆبهری هەمان ساڵ، هێزه عیراقییهكان بۆ كەركوك و تهواوی ناوچهكانی جێناكۆك گهڕانهوه و هێزەكانی سەر بە حكومەتی هەرێمی كوردستان دوای سێ ساڵ لەو ناوچانە كشانەوە، ئەنجامی ریفراندۆم-یش لهژێر فشاری بهغدادا سڕكرا.