كۆمەڵگەیەك بەبێ ئاو، كارەبا و تەندروستی
"ئەگەر پزیشك هەبوایە، منداڵەكەم لەدەستنەدەدا"

وێنەی رێمان (ساڵ و نیو)، لەگەڵ فەرحان ئیلیاس-ی باوكی لەسەر گۆڕەكەی. فۆتۆ: تایبەت بە كەركوك ناو

عەمار عەزیز – شنگال

خێزانێكی ئاوارەی سنوری شنگال دوای نۆ مانگ لە گەڕانەوەیان بۆ زێدی خۆیان منداڵێكیان لەدەستدەدەن، كاتێك دەكەوێتە ژێر ئۆتۆمبێلێكەوە، ئەو خێزانە هۆكاری مردنی منداڵەكەیان بۆ نەبونی هیچ بنكەیەكی تەندروستی دەگەڕێیننەوە لەو كۆمەڵگەیەی تیایدا دەژین.

ئەو روداوە لە 20ی ئاداری ئەمساڵ لە كۆمەڵگەی سیبا شێخ خدر لە شنگال رویدا، كاتێك ئۆتۆمبێلێكی غازفرۆشتن لەبەردەم ماڵێكیدا لە منداڵێكی تەمەن ساڵێك و شەش مانگ دەدات و بەر لە گەیاندنیان بۆ شنگال گیانلەدەستدەدات.

فەرحان ئەلیاس قاسم، باوکی منداڵەکە، بە (كەركوك ناو)ی وت "لەماڵەوە دانیشتبوم، خۆمان ئامادەكردبوو بچین بەشداری كردنەوەی ئاگری نەورۆز بكەین، بەڵام گریانی منداڵەكەم لە دەرەوە رایچەڵەكاندم، كاتێك چوینە دەرەوە بینیمان ئۆتۆمبێل لێداوە، بەڵام نەمردبوو".

لەو كۆمەڵگەیە هیچ بنكەیەكی تەندروستی نییە، بۆیە فەرحان بە ئۆتۆمبێل منداڵەكەی بەرەو شنگال دەبات (بەدوری 30كم)، بەڵام لە رێگادا تایەی ئۆتۆمبێلەكەی دەتەقێت و ناچار داوای ئۆتۆمبێلی تر دەكەن.

"رێگاكە بەڕادەیەك ناخۆشە و ئێمەش پەلە بوین تایەی ئۆتۆمبێلەكە تەقی، روحمان لەناو دەستمان بوو، 10 دەقەی تری پێچوو تا ئۆتۆمبێلی تر فریامان كەوت"، فەرحان زیاتر وتی "هەرچۆنێك بێت دوای یەك كاتژمێر ئینجا گەیشتینە شنگال، بەرلەوەی بگەینە نەخۆشخانە گیانیلەدەستدا".

رێگاكە بەڕادەیەك ناخۆشە و ئێمەش پەلە بوین تایەی ئۆتۆمبێلەكە تەقی، روحمان لەناو دەستمان بوو، 10 دەقەی تری پێچوو تا ئۆتۆمبێلی تر فریامان كەوت

ئەو دەڵێت "قەدەر بەدەستی خودایە، بەڵام ئەگەر بنکەیەکی تەندروستی لە ناوەندی کۆمەڵگەكەمان هەبوایە چارەسەر دەكرا".

كۆمەڵگەی سیبا شێخ خدر، لە خۆرئاوای شنگال، دانیشتوانەكەی ئێزیدین و لەكاتی هێرشی داعش  7000 هەزار كەس لێی نیشتەجێبون، بەڵام لە ئێستادا تەنیا 100 خێزان گەڕاونەتەوە و گرفتی خزمەتگوزارییان هەیە.

فەرحان ئیلیاس، لە حوزەیرانی 2020  گەڕاوەتەوە بۆ كۆمەڵگەكە  و دوو منداڵی تری هەیە، دەڵێت "من تازە منداڵێكم لەدەستدا، بەڵام با لێپرسراوان ئاوەڕ لەم كۆمەڵگەیە بدەنەوە، كارەبا و تەندروستی بۆ ئاوارە گەڕاوەكان دابین بكەن... ئەگەر وا بڕوات دەیان حاڵەتی وەكو رێمان-ی کوڕم دوبارە دەبێتەوە، لێپرسراوانی ناوچەکە لە مردنی کوڕەکەم بەرپرسن، هەرگیز گەردنیان ئازاد ناکەم و حەواڵەی خوابن".

بەشێك لە خەڵكی ئەو كۆمەڵگەیە هاوشانی ناوچە ئێزیدینیشنەكانی تر لەلایەن داعشەوە روبەڕوی رفاندن و كوشتنی بە كۆمەڵ بونەوە، پێنج گۆڕی بە كۆمەڵ لەو كۆمەڵگەیە دۆزراوەتەوە و 200 كەسیان كوژراون یان بێسەروشوێن بون.

grdbwnawa
شنگال/ 8ی نیسانی 2021/ گردبونەوەی خەڵكی گوندی سیبا شێخ خدر دژی نەبونی خزمەتگوزاری. فۆتۆ: كەركوك ناو

جگە لە نەبونی خزمەتگوزاری لە كەرتی تەندروستی، دانیشتوانەكەی گرفتی كارەبای نیشتیمانیی، ئاو و رێگاوبانیان هەیە و گوزەرانیان باش نییە.

مەهدی نایف، پێش ساڵێک گەڕاوەتەوە هەمان كۆمەڵگە، وتی "پێموابوو لەگەڵ گەڕانەوەمان ناوچەكەمان نۆژەندەكرێتەوە و خزمەتگوزاریمان پێدەگات، بەڵام وانەبوو، یەك لێپرسراو لەم ساڵەدا سەردانی نەكردوین".

"ئێمە قوربانیمانداوە، بەڵام ئاوی خواردنەوە كەمە و شەوان بۆ روناكی فانۆس دادەگیرسێنین، چونكە كارەبای نیشتیمانی نییە"، مەهدی وایوت.

ئاوی خواردنەوە كەمە و شەوان بۆ روناكی فانۆس دادەگیرسێنین، چونكە كارەبای نیشتیمانی نییە

عادل خەڵە، لە هەمان كۆمەڵگە، وتی "هەفتەی دوجار ئاو دەكڕین، هیچ دەرمانێكمان پێناگات، بۆ شروبێك، حەبێك دەبێت بچینە شنگال".

بۆ ئەو مەبەستە بەشێك لە خەڵكی ئەو كۆمەڵگەیە، 8ی نیسان گردبونەوە و داوای خزمەتگوزارییان كرد.

ئیدارەی پارێزگای نەینەوا، وەكو چارەسەرێكی كاتی، بنكەیەكی تەندروستی گەڕۆكی بۆ كۆمەڵگەكە ناردووە، بەڵام تەنیا هەفتەی یەكجار، ئەوەش لە پزیشكێك و پەرستیارێك پێكهاتووە.

جەلال خەڵەف، جێگری قایمقامی شنگال بە (کەرکوک ناو)ی وت "ئاگاداری کێشە و گرفتەکانی خەڵکی سیبا شێخ خدرین، خزمەتگوزاریی تەندروستی بەشێوەی كاتی لەڕێی ئەو بنكە گەڕۆكەوە چارەسەركراوە، بۆ ئاو و كارەباش داوامان لە رێكخراوە نێودەوڵەتییەكان و لایەنە حكومییەكان كردووە و تەنیا دەتوانین چاوەڕێی ئەوان بكەین".

"هیچ شتێک لە دەستی ئێمەدا نییە، ئەوەی لەسەر ئێمەیە کردومانە و داواكارییەكانمان گەیاندووە"، جەلال وایوت.

  • FB
  • Instagram
  • Twitter
  • YT