وا بێبارانی دانەوێڵە قڕدەكات و ئاگر لە نرخەكەی بەردەدات

كەركوك/7ی ئایاری 2020/ دوو جوتیار لەگوندێكی سەر بە ناحیەی شوان بەسەرسوڕمانییەوە دەڕواننە بەرهەمە كشتوكاڵییەكانیان كە تەرزە و بارانی بەخوڕ لەناوی بردووە فۆتۆ/ سۆران محەمەد

كەركوك ناو

فەرمانگەی كشتوكاڵی كەركوك پێشبینی دەكات بەرهەمی دانەوێڵەی گەنم و جۆ لە ئەمساڵدا بۆ زیاتر لە نیوە كەمبێتەوە، بەهۆی كاریگەرییەكانی بێبارانییەوە، ئەوەش هاوكاتە لەگەڵ زیادبونی خواست لەسەر دانەوێڵە و بەرزبونەوەی نرخەكەی بەڕێژەی لەسەدا 26 بە بەراورد بە ساڵی رابردوو.

ئەو پێشبینیەی فەرمانگەی كشتوكاڵی كەركوك، لەسەر بنەمای بڕی ئەو بارانەیە كە لە ئەمساڵدا باریوە و لەئێستاوە زیانەكانی دەركەوتون، كە تەنیا 104ملم باریوە، ئەوەش كەمترین بڕی باران بارینە لە دوو دەیەی رابردودا. ساڵی رابردوو 283ملم و ساڵی 2019ش 535ملم باران باریبوو.

نازم حەسەن، جوتیارێکی ناوچەی هەفتەغارە لە باشوری داقوق، بە (كەركوك ناو)ی وت "لە چاندندا پشتمان بە ئاوی باران بەست، چونكە زۆرینەی زەوییەكانمان دێمن، بەڵام ئەمساڵ باران زۆر كەم بوو، بەتایبەت لەوكاتەی دانەوێڵە پێویستی بە ئاو بوو".

"بەرهەمی ئەمساڵمان بەشی تێچوەكەی ناكات، بەگشتی ئەم بێبارانییە زیانی بۆ هەموو بەرهەمە كشتوكاڵییەكان و باخداری هەبوو"، نازم حەسەن وای وت.

بەرهەمی ئەمساڵمان بەشی تێچوەكەی ناكات

فەرمانگەی كشتوكاڵی كەركوك، ئەمساڵ پلانی چاندنی یەك ملیۆن دۆنم زەوی بە دانەوێڵەی گەنم و جۆ لە پارێزگاكە دانا، بەگشتی 700 هەزار دۆنم زەوی كێڵدران و چێنران، ئەوەش بە وتەی زوهێر عەلی، بەڕێوەبەری فەرمانگەی کشتوکاڵی کەرکوك.

ئەو وتی "پێشبینی دەكەین زیاتر لە 350 هەزار تەن دانەوێڵە بەرهەم بێت، لەكاتێكدا ساڵی رابردوو 600 هەزار تەن بەرهەممان هەبوو".

ganm.darasa
كەركوك/ دروێنەی گەنم لە یەكێك لە كێڵگە كشتوكاڵییەكانی پارێزگاكە فۆتۆ: كاروان ساڵحی/ ئەرشیفی كەركوك ناو

بۆ نمونە فەرمانگەی كشتوكاڵی داقوق ئەمساڵ پلانی چاندنی 127 هەزار دۆنم زەوی بۆ دانەوێڵەی گەنم و جۆ دانا، بەڵام ئەیاد ئەحمەد، لێپرسراوی پلاندانان و چاودێری ئەو فەرمانگەیە بە (كەركوك ناو)ی وت "50 هەزار دۆنمیان هیچ بەرهەمێكی نابێت، چونكە تەنیا پشتی بە ئاوی باران دەبەست، بەڵام 77 هەزار دۆنمەكەی تر لەپاڵ ئاوی باراندا، پشت بە ئاوی ژێر زەویش دەبەستێت، بەرهەمەكەی پێشبینی دەكەین باشتر بێت، هەرچەندە جوتیاران لەوەشدا زەرەر دەكەن، چونكە ئەمساڵ كارەبا باش نەبوو نەیاندەتوانی بە باشی ئامێرە كشتوكاڵییەكانیان بەكاربهێنن بۆ ئاودانی دانەوێڵەكانیان".

لە ساڵی رابردودا و لە داقوق 48 هەزار تەن گەنم رادەستی وەزارەتی بازرگانی عیراق كرا، لەگەڵ 128 تەن جۆ، بەڵام شارەزایانی فەرمانگەی كشتوكاڵی داقوق پێشبینی دەكەن ئەو بەرهەمە بۆ نیوە یان زیاتر كەمبێتەوە.

ئەوەش وەك ئەوان دەڵێن، هۆكار بووە بۆ بەرزبونەوەی نرخی دانەوێڵە بەڕێژەی لەسەدا 26 بەراورد بە ساڵی رابردوو.

بۆ ئەمساڵ حكومەتی عیراق بۆ وەرگرتنی هەر تەنێك گەنم بڕی 610 هەزار دیناری داناوە، بۆ جۆش 400 هەزار، بەڵام بەشێك لە جوتیاران لە بازاڕدا بە نرخێكی كەمتر دەیفرۆشنەوە و رادەستی وەزارەتی بازرگانی ناكەن.

یشار لەتیف، بازرگانی بەروبومە كشتوكاڵییەكان، بە (كەركوك ناو)ی وت "حكومەتی عیراق پارەی جوتیاران زۆر دوادەخات، بۆیە چەند ساڵێكە زۆرێك لە جوتیاران بەرهەمەكانیان بە بازرگانەكان دەفرۆشنەوە بۆ ئەوەی زوتر پارەكەیان بەدەست بگات".

جوتیاران بەرهەمەكانیان بە بازرگانەكان دەفرۆشنەوە بۆ ئەوەی زوتر پارەكەیان بەدەست بگات

بەڵام ئەو وتی "بەهۆی بێبارانیی و كەمی بەرهەمەوە، تەنیا لە دوو رۆژی رابردودا نرخی تەنێك گەنم لە 380 هەزار دینارەوە بۆ 480 هەزار بەرزبۆتەوە، جۆش لە 280 هەزارەوە بۆ 380 هەزار".

زوهێر عەلی، بەڕێوەبەری فەرمانگەی كشتوكاڵی كەركوك لەبارەی بەزربونەوەی نرخی دانەوێڵە، وتی "کەمی بارانبارین و پێویستی بە خێوکەرانی ئاژەڵ بە گەنم و جۆ، هەروەها پێشبینییەکان بۆ کەمی بەرهەم لەئەمساڵدا وایكردووە لە ئێستاوە خواستی زیاتری لەسەر بێت، ئەوەش نرخەكەی گران كردووە".

فەرمانگەی كشتوكاڵی داقوق، لە ئەمساڵدا جۆرێكی نوێی چاندنی جۆیان ئەزمونكرد، بەناوی جۆی هێڵی گوڵ، تۆوەكەی عیراقییە و لە تایبەتمەندییەكانی ئەوەیە ئاوی كەمی پێویستە و بەرگەی بێ ئاوی دەگرێت و گەشە دەكات، هەروەها كەمتر روبەڕوی نەخۆشی وەكو كەڕوو دەبێتەوە، وەك ئیحسان رەشاد، ئەندازیار لە كێڵگەی رێنماییە كشتوكاڵییەكانی داقوق جەختیلێكردەوە.

ئەو بە (كەركوك ناو)ی وت "لە تایبەتمەندییەكانی تری ئەوەیە زیاتر لە دوجار دەتوانرێت دروێنە بكرێت، توانایەكی باشی هەیە بۆ باڵاكردن هەرچەندە بڕی بارانیش كەم بێت".

بۆیە داوای لە جوتیاران كرد بۆ ساڵی داهاتوو ئەم جۆرە بچێنن، "ئەزمونمان لەسەر چۆنیەتی چاندنی پەیداكردووە و دەتوانین رێنماییان پێبدەین و دڵنییان لەوەی بەرهەمی باشی دەبێت".

  • FB
  • Instagram
  • Twitter
  • YT