بنیاتنانی به‌نداوی مه‌كحول به‌بێ قه‌ره‌بوی زیانلێكه‌وتوانی ده‌ستپێده‌كات

22ی حوه‌زیرانی 2020/ لیژنه‌ی پشكنین له‌ شوێنی بنیاتنانی به‌نداوی مه‌كحول له‌سنوری هه‌ردوو پارێزگای كه‌ركوك و سه‌ڵاحه‌دین فۆتۆ: وه‌زاره‌تی سه‌رچاوه‌كانی ئاو

ئیناس حه‌سه‌ن – كه‌ركوك

كاره‌كانی بنیاتنانی به‌نداوی مه‌كحول له‌سه‌ر روباری دیجله‌ ده‌ستپێده‌كات، به‌بێ قه‌ره‌بوكردنه‌وه‌ی ئه‌و هاوڵاتییانه‌ی به‌هۆی پرۆژه‌كه‌وه‌ زیانیان به‌رده‌كه‌وێت و ناچارن له‌ ناوچه‌كه‌ بڕۆن.

ئه‌و پرۆژه‌یه‌ به‌ گه‌وره‌ترین پرۆژه‌ی ستراتیژی له‌ دوای ساڵی 2003ـه‌وه‌ هه‌ژمار ده‌كرێت و ده‌كه‌وێته‌ سنوری هه‌ردوو پارێزگای كه‌ركوك و سه‌ڵاحه‌دین.

"14 گوندی ناحیه‌ی عه‌باسی له‌ژێر هه‌ڕه‌شه‌ی ئاواره‌ییدان به‌هۆی بنیاتنانی به‌نداوی مه‌كحوله‌وه‌" ئه‌وه‌ش به‌وته‌ی حسین عه‌لاوی، به‌ڕێوه‌به‌ری ناحیه‌ی عه‌باسی سه‌ر به‌ قه‌زای حه‌ویجه‌ی كه‌ركوك.

هه‌روه‌ها بۆ (كه‌ركوك ناو) رونیكرده‌وه‌ ژماره‌یه‌كی زۆر هاوڵاتی له‌و گوندانه‌دا نیشته‌جێن و زیانیان به‌رده‌كه‌وێت جگه‌ له‌وه‌ی خوێندنگه‌، پرۆژه‌كانی كاره‌با و ئاو و ناوه‌ندی ته‌ندروستیشیان تێدایه.

"ئاسان نییه‌ هه‌موو گونده‌كان خاپوربكرێن به‌رله‌وه‌ی شوێنێكی گونجاوی جێگره‌وه‌یان بۆ دابینبكرێت، كه‌ تائێستا به‌ كرداری ئه‌وه‌مان نه‌بینیووه‌" به‌ڕێوه‌به‌ری ناحیه‌ی عه‌باسی وای وت.

به‌نداوه‌كه‌ ده‌ریاچه‌یه‌كی بچوك له‌ هه‌ردوو پارێزگاكه‌دا دروستده‌كات، له‌ سنوری ناحیه‌كانی عه‌باسی و زابی خواروو سه‌ر به‌ قه‌زای حه‌ویجه‌ی پارێزگای كه‌ركوك، له‌گه‌ڵ ناحیه‌ی زاویه‌ له‌ باكوری قه‌زای بێجی و به‌شی چه‌پی قه‌زای شه‌رگات له‌ پارێزگای سه‌ڵاحه‌دین.

MAKHOL
12ی نیسانی 2021/ سنوری بنیاتنانی به‌نداوی مه‌كحول فۆتۆ: راگه‌یاندنی پارێزگای سه‌ڵاحه‌دین

هاوڵاتیان به‌ مه‌رج ده‌ڕۆن

دایكی سه‌جاد (26 ساڵ)، دانیشتوی گوندی حه‌وائیج له‌ ناحیه‌ی عه‌باسی له‌و كه‌سانه‌یه‌ پێویسته‌ به‌هۆی به‌نداوه‌كه‌وه‌ ماڵه‌كه‌ی بگوازێته‌وه‌، ئه‌و قایله‌ به‌ رۆیشتن، به‌ مه‌رجی ئه‌وه‌ی شوێنێكی گونجاوی نیشته‌جێبونی به‌ خزمه‌تگوزارییه‌كانه‌وه‌ بۆ دابینبكرێت له‌گه‌ڵ قه‌ره‌بوكردنه‌وه‌ی زیانه‌كانیدا.

ئه‌و ژنه‌ وه‌ك دانیشتوانی دیكه‌ی گونده‌كه‌ له‌سه‌ر به‌خێوكردنی ئاژه‌ڵ ده‌ژی و به‌ فرۆشتنی به‌رهه‌مه‌كانیان پێداویستییه‌كانی رۆژانه‌ و سێ منداڵه‌كه‌ی دابینده‌كات.

ژماره‌یه‌ك له‌ دانیشتوانی ئه‌و گوندانه‌ی بڕیاری راگواستن ده‌یانگرێته‌وه‌ بۆ (كه‌ركوك ناو) جه‌ختیانكرده‌وه‌ ئه‌وان داوای قه‌ره‌بوكردنه‌وه‌ی زیانه‌كانیان كردووه‌، پێش ئه‌وه‌ی له‌ ناوچه‌كه‌ بڕۆن.

به‌ڕێوه‌به‌ری ناحیه‌ی عه‌باسی ده‌رباره‌ی قه‌ره‌بوی زیانه‌كان وتی "قه‌ره‌بوكردنه‌وه‌كان هاوسه‌نگ نییه‌ له‌گه‌ڵ قه‌باره‌ی زیانه‌كاندا، چونكه‌ ته‌نیا قه‌ره‌بوی خانووه‌كان ده‌گرێته‌وه‌ نه‌ك ئه‌و زیانانه‌ی به‌ر موڵك و ماڵی كشتوكاڵی و ئاژه‌ڵداری ده‌كه‌وێت".

"تائێستا هیچ یه‌كه‌یه‌كی نیشته‌جێبونی جێگره‌وه‌ دروستنه‌كراوه‌ بۆ ئه‌و خێزانانه‌ی له‌ شوێنه‌كانی خۆیان راده‌گوازرێن" حسێن عه‌لاوی واده‌ڵێت.

هه‌روه‌ها ئاماژه‌ی به‌وه‌دا پێش ساڵی 2003 رژێمی پێشووی به‌عس ژماره‌یه‌ك كه‌م له‌و خێزانانه‌ی قه‌ره‌بوكرده‌وه‌ كه‌ راگواستن ده‌یگرتنه‌وه‌، به‌ جۆرێك بڕی نه‌ده‌گه‌یشته‌ سه‌دا 5 تا سه‌دا 10ی زیانلێكه‌وتوان.

به‌ڕێوه‌به‌ری ناحیه‌ی عه‌باسی "هیوای كه‌مه‌" به‌ پرۆسه‌ی قه‌ره‌بوكردنه‌وه‌، به‌هۆی نه‌بونی پلانێكی نوێ پێش ده‌ستپێكردنی كاره‌كانی پرۆژه‌كه‌ و داواكاره‌ پێشتر بیر له‌ دروستكردنی یه‌كه‌ی نیشته‌جێبون بكرێته‌وه‌ به‌ خزمه‌تگوزارییه‌كانه‌وه‌ بۆ هاوڵاتیان.

راكان جبوری ده‌رباره‌ی به‌نداوی مه‌كحول قسه‌ ده‌كات

راكان جبوری، پارێزگاری كه‌ركوك به‌وه‌كاله‌ت له‌ به‌یاننامه‌یه‌كدا داوایكردووه‌ په‌له‌بكرێت له‌ پێكهێنانی لیژنه‌یه‌ك بۆ قه‌ره‌بوكردنه‌وه‌ی زیانلێكه‌وتوان به‌شێوه‌یه‌ك هاوڵاتیان قایلبكات، به‌ گرنگیشی زانی ئه‌و دۆسیه‌یه‌ له‌ كۆبونه‌وه‌یه‌كی ئه‌نجومه‌نی وه‌زیراندا تاوتوێی بكرێت.

داواكاریشه‌ له‌ ره‌خساندنی ده‌رفه‌تی كاردا، هاوڵاتیانی له‌ پێشه‌نگدابن، به‌وپێیه‌ی روبه‌رێكی فراوانی پارێزگاكه‌ به‌ر به‌نداوه‌كه‌ ده‌كه‌وێت و گه‌وره‌ترین زیانلێكه‌وتوانی به‌نداوه‌كه‌ش هه‌ر له‌ كه‌ركوكن.

له‌ 12ی نیسانی 2021دا مه‌هدی ره‌شید حه‌مدانی، وه‌زیری سه‌رچاوه‌كانی ئاو و راكان جبوری، پارێزگاری كه‌ركوك به‌وه‌كاله‌ت و عه‌مار جه‌بر، پارێزگاری سه‌ڵاحه‌دین به‌ردی بناغه‌ی جێبه‌جێكردنی به‌نداوی مه‌كحول-یان دانا، كه‌ به "گه‌وره‌ترین پرۆژه‌ی ستراتیژی عیراق له‌ دوای 2003ـه‌وه‌" ناویانبرد.

 

20 هه‌زار هه‌لیكار

وه‌زیری سه‌رچاوه‌كانی ئاو له‌ مه‌راسیمی دانانی به‌ردی بناغه‌ی به‌نداوه‌كه‌دا وتی یه‌كێكه‌ له‌ پرۆژه‌ ستراتیژییه‌كانی گلدانه‌وه‌ی ئاو و ئابوری عیراق ده‌بوژێنێته‌وه‌، گه‌وره‌ترین پرۆژه‌شه‌ له‌دوای 2003ـه‌وه‌، كه‌ زیاتر له‌ 20 هه‌لیكار ده‌ڕه‌خسێنێت.

بڕیاره‌ ئه‌و به‌نداوه‌ به‌توانای گلدانه‌وه‌ی سێ ملیار مه‌تر موكه‌عه‌ب‌ ئاو بنیاتبنرێت.

حه‌مدانی ده‌ڵێت پرۆژه‌كه‌ له‌لایه‌ن كۆمپانیاكانی وه‌زاره‌ته‌كه‌یه‌وه‌ جێبه‌جێده‌كرێن به‌ڵام پشت به‌ ئه‌زمون و راوێژی كۆمپانیا بیانییه‌كانیش ده‌به‌ستن.

MAKHOL-1
12ی نیسانی 2021/ پارێزگاری كه‌ركوك و وه‌زیری سه‌رچاوه‌كانی ئاو و پارێزگاری سه‌ڵاحه‌دین به‌ردی بناغه‌ی به‌نداوی مه‌كحول داده‌نێن

سه‌باره‌ت به‌ قه‌ره‌بوی هاوڵاتیانی زیانلێكه‌وتوی پرۆژه‌كه‌ وه‌زیری سه‌رچاوه‌كانی ئاو وتی لیژنه‌ی هونه‌ری تایبه‌تمه‌ند پێكده‌هێنن و هیچ كه‌سێك به‌بێ دابینكردنی شوێنی گونجاوی مانه‌وه‌ و چاره‌سه‌رێك پێی قایلبن، له‌و ناوچه‌كه‌ ناڕوات.

پارێزگای سه‌ڵاحه‌دین ده‌ڵێت پاڵپشتی بنیاتنانی به‌نداوی مه‌كحول ده‌كه‌ن به‌هۆی گرنگییه‌ ئابورییه‌كه‌ی كه‌ كه‌رتی كشتوكاڵی و ئابوری نیشتمانی ده‌بوژێنێته‌وه‌.

عه‌مار جه‌بر له‌ به‌یاننامه‌یه‌كدا ئاماژه‌ی به‌وه‌داوه‌ پرۆژه‌كه‌ رێژه‌یه‌كی زۆر ئاو بۆ پارێزگاكه‌ی گلده‌داته‌وه‌ و له‌ توانایدایه‌ سێ ملیار مه‌تر موكه‌عه‌ب زیاتر بگرێت و 20 هه‌زار هه‌لیكاریش بۆ هه‌ردوو پارێزگاكه‌ بڕه‌خسێنێت.

هاوشێوه‌ی وه‌زیر و پارێزگای كه‌ركوك، پارێزگاری سه‌ڵاحه‌دین له‌باره‌ی هاوڵاتیانی زیانلێكه‌وتوی پرۆژه‌كه‌وه‌ جه‌ختیكرده‌وه‌ شوێنی گونجاو و قه‌ره‌بویان پێده‌درێت، تا بتوانن له‌ بارودۆخێكی باشتردا بژین.

  • FB
  • Instagram
  • Twitter
  • YT