زیاتر لە مانگێكە مۆلیدەكانی بنكەی تەندروستی رەحیماوا لەكاركەوتون و بەهۆیەوە زۆرێك لە خزمەتگوزارییەكانی راگیراون، ئەوەش لەكاتێكدا مانگانە 750 كەس لە 25 بنكەی ناو شارەوە بۆ وەرگرتنی چارەسەر رەوانەی ئەو بنكەیە دەكرێن.
ئەو بنكەیە كە بە گەورەترین بنكەی تەندروستی كەركوك هەژماردەكرێت، دوو مۆلیدەی هەیە و هەردوكیان مانگێك زیاترە كارناكەن، لەبەرئەوەی كاتژمێرەكانی كارەبای نیشتیمانیش كەمە و زۆرینەی كات لەكاتی دەوام نییە، بۆیە كێشە بۆ خەڵكی كەركوك دروستبووە.
پشتیوان عەلى، دووشەممە 19ی نیسان بۆ پڕكردنەوەی ددانی سەردانی ئەو بنكەیەی كردبوو، وتی "ئەمە سێجارە دێمە ئەم بنكەیە، جاری یەكەم كە سەرەم بەركەوت وتیان مۆلیدەكە شكاوە، جاری دووەم وتیان كارەبای نیشتیمانی نییە، جاری سێیەم كارەبای نیشتیمانی هەبوو، بەڵام لەوكاتەی ددانم پڕدەكردەوە كارەبا بڕا... هەركەسێك دێتە ئێرە ئیشوكاری هەیە، ناكرێت هەموو رۆژێك بێین و بەبێ چارەسەر بگەڕێینەوە".
هەركەسێك دێتە ئێرە ئیشوكاری هەیە، ناكرێت هەموو رۆژێك بێین و بەبێ چارەسەر بگەڕێینەوە
بەپێێ ئاماری بنكەی تەندروستی رەحیماوا، مانگانە 750 كەس چارەسەر لەو بنكەیە وەردەگرن و لە 25 بنكەی ناو شارەوە نەخۆشەكانیان بۆ ئەو بنكەیە دەنێردرێن، ئەوەش بەهۆی بونی ئامێری پێشكەوتوو و پزیشكی پێویست كە لە بنكەكانی تردا نییە.
لەو بنكەیە زیاتر كێشە بۆ ئەو نەخۆشانە دروستبووە، كە دەیانەوێت ددانیان پڕبكەنەوە، یان دەریبهێنن و دەماری ددانیان ببڕن.
نەسرین تاریق، 19ی نیسان، دوو كاتژمێر چاوەڕێی كرد تاوەكو سەرەی هات، بەڵام پێشئەوەی ددانی پڕبكاتەوە، كارەبای نیشتیمانی بڕا.
"دەیان كەس هاتن و بێ وەرگرتنی چارەسەر گەڕانەوە، من لە گەڕەكێكی ترەوە هاتوم و تەكسیم گرتووە، دەبێت حكومەت چارەسەرێك بۆ ئەمە بكات"، نەسرین وای وت.
زیاتر وتی "ئەگەر كەسێك باری دارایی باش بێت، نایاتە ئەم بنكەیە، ئەوانەی لێرە چاوەڕوانی هاتنەوەی كارەبا دەكەن ئەوانەن كە هەژارن و پارەی نەخۆشخانە و نۆرینگەی ئەهلییان نییە".
ئەوانەی لێرە چاوەڕوانی هاتنەوەی كارەبا دەكەن ئەوانەن كە هەژارن و پارەی نەخۆشخانە و نۆرینگەی ئەهلییان نییە
وەرگرتنی چارەسەر لەو بنكە میرییە بێ بەرامبەرە، بەڵام نەسرین وتی "ئەوەندە سەرەم نوسیوە و بە تەكسی هاتوچۆم كردووە بچومایەتە نۆرینگەیەكی ئەهلی هەر ئەوەندە پارەم خەرجدەكرد".
نەبیل حەمدی، بەڕێوەبەرى فەرمانگەى تەندروستى کەرکوک، بە (كەركوك ناو)ی وت "ئاگادارم هەردوو مۆلیدەكەی ئەو بنكەیە لەكاركەوتون، چاككردنەوەیان پارەی زۆری تێدەچێت، لە چاوەڕوانی بودجەداین بۆ ئەوەی دوو مۆلیدەی نوێیان بۆ بكڕین".
وتیشی "وەكو چارەسەرێكی خێرا لەگەڵ بەڕێوەبەرایەتی دابەشكردنی كارەبا قسەمان كردووە تا كارەبای نیشتیمانی (هێڵی فریاكەوتنمان) بۆ دابین بكەن، بڕیارە لەم یەك دوو رۆژەدا چارەسەری كاتیمان بۆ بكەن".