سەرۆكی شارەوانی كەركوك، داوای لێبوردن لە تەواوی خەڵكی شارەكە دەكات بەهۆی راگرتنی كارەكانی پاككردنەوەی شار لە زبڵ و خاشاك بەشیوەی نیمچە تەواوەتی.
ئەو داوای لێبوردنەی شارەوانی كەركوك لەڕێی (كەركوك ناو)ەوە، دوای ئەوە دێت لە 15ی نیسانەوە كارەكانی پاككردنەوەی شاریان راگرتووە، بەهۆی نەبونی بودجەی پێویست وەك فەرەیدون عادل زەنگەنە، سەرۆکی شارەوانی جەختیلێكردەوە.
زەنگەنە وتی "كارەكانمان لە 15ی مانگەوە بە شێوەی نیمچە تەواوەتی راگرتووە، هانامان بردۆتە لای پارێزگاری كەركوك و پێمانوتووە چیتر ئەو بڕە پارە كەمە بەشی پاككردنەوەی تەواوی شار لە زبڵ و خاشاك ناكات".
وتیشی "ساڵێك و چوار مانگە دەناڵێنین بەدەست نەبونی پارەی پێویست بۆ پاکكردنەوەی شار و نەبونی پاڵپشتی وەزارەتی شارەوانی بۆ شارەوانی كەركوك".
تا كۆتایی 2019 وەزارەتی شارەوانی عیراق مانگانە بڕی ملیارێك و 200 ملیۆن دیناری بۆ پاككردنەوەی شار تەرخاندەكرد، بەڵام ساڵێك و چوار مانگە بڕەكەی بۆ 200 ملیۆن دینار كەمكردۆتەوە.
فەرەیدون زەنگەنە وتی "ئەو بڕە كەمە بەشی پاككردنەوەی تەنیا یەك كەرتی كەركوك دەكات لە كۆی شەش كەرت، ئەوەش بۆتەهۆی كەڵەكەبونی زبڵ و خاشاك لەناو شار و كۆڵان و شەقامەكان".
"من وەك خۆم و ستافی شارەوانی داوای لێبوردن لە خەڵکی کەرکوک دەکەین، ئێمە هۆکارنین بۆ ئەو بابەتە بەڵکو ئەوە حكومەتی فیدراڵە بەو شێوەیە مامەڵەمان لەگەڵدا دەكات"، فەرەیدون زیاتر وتی "هەوڵەكانیشمان لە بەغدا بۆ چەندین جار بێئەنجام بووە، هەموو شارەوانییەكانی عیراق پارەی پاككردنەوە لە پارێزگاكەی خۆیانەوە وەردەگرن، تەنیا ئێمە نەبێت كە دەبێت تەنیا پەیوەست بین بە وەزارەتی شارەوانییەوە، ئەوەش بڕێكی زۆر كەمە و بەشی پاككردنەوەی شار ناكات".
لە ئێستادا خۆڵ و خاشاك لەناو شاری كەركوك كەڵەكە بووە و بەشێكی كەمی گەڕەكەكان پاكدەكرێنەوە.
فەرەیدون وتی "ئەو پاککردنەوە کەمەی هەیە تەنیا بە ئامێر و ستافی شارەوانی دەكرێت، توانای ئەم ستافەش بەراورد بەو زبڵ و خۆڵ و خاشاکەی رۆژانە کۆدەبێتەوە لە شارەکە زۆر کەمە و کۆنترۆڵ ناکرێت".
بەپێی ئامارەكانی شارەوانی، بەر لە بڕیاری راگرتنی كارەكانیان، رۆژانە لانیكەم هەزار و 200 تەن زبڵ و خاشاك هەڵدەگیرایەوە و فڕێدەدرا، بەڵام لە ئێستادا توانای شارەوانی بۆ 200 تەن كەمبۆتەوە.
لە شوباتی 2021ـهوه تائێستا؛ دوو ههڵمهتی گهورهی پاككردنهوهی شار له خۆڵ و خاشاك ههبون، یهكێكیان تهواوی فهرمانگهكانی ئیدارهی كهركوك و ئهویتر به هاوكاری یهكێتیی نیشتمانیی كوردستان.
فەرەیدون وتی "ئێمە سوپاسیان دەكەین بۆ ئەو هەڵمەتانە، چ حزبی، چ شەخسی، لانیكەم 70 هەزار تەن زبڵ و خاشاك هەڵگیرایەوە، بەڵام هەموو ئەمانە کاتی بون و درێژخایەن نین، لەئێستادا جارێكی تر كەڵەكەبونی خۆڵ و خاشاك لە شەقامەكاندا دەستیپێكردۆتەوە".
شارەوانی كەركوك لە چەند رۆژی رابردودا، نامەیەكیان ئاراستەی لایەنە سیاسییەكان كرد، تا فشار بكەن و لەسەر ئەو پرسە بێنەدەنگ و دۆخەكەیان بە "زۆر مەترسی" وێنا كرد.