هاوڵاتییه‌ك له ناحیه‌ی له‌یلان كوژرا و سێ كه‌س دیكه برینداربون، به‌هۆی دروستبونی بارگرژییه‌وه له‌سه‌ر دابه‌شكردنی زه‌وی و زار، كه به‌هۆیه‌وه تائێستا 11 كه‌سیش ده‌ستگیركراون.
روداوه‌كه دوێنێ سێشه‌ممه 20ی نیسانی 2021 بووه، له نێوان دوو بنه‌ماڵه‌ی دانیشتوی گوندی یارمجه‌ی سه‌ر به ناحیه‌ی له‌یلان له باشوری خۆرهه‌ڵاتی كه‌ركوك.
محه‌مه‌د وه‌یس، به‌ڕێوه‌به‌ری ناحیه‌ی له‌یلان به (كه‌ركوك ناو)ی وت "له نێوان ئه‌و دوو بنه‌ماڵه‌یه‌دا شه‌ڕه ته‌قه رویداوه، به‌هۆیه‌وه یه‌ك كه‌س كوژراوه و سێ كه‌سی تر برینداربون".
بارگرژییه‌كه به‌هۆی ناكۆكییهوهیه له‌سه‌ر خاوه‌ندارێتی زه‌وی و زار، به‌وته‌ی وه‌یس، "یه‌كێك له بنه‌ماڵه‌كان ئه‌ندازیاریان هێناوه بۆ جیاكردنه‌وه‌ی زه‌وی و زار به‌ڵام بنه‌ماڵه‌كه‌ی تر وتویانه دۆسیه‌كه له دادگایه و دادوه‌ر بڕیار له‌سه‌ر چۆنیه‌تی دابه‌شكردنی زه‌وییه‌كان ده‌دات، بۆیه بۆته مشت‌ومڕ و پێكدادانی لێكه‌وتۆته‌وه".
له‌و شه‌ڕه‌دا دوو ده‌مانچه و سێ كڵاشینكۆف بۆ ته‌قه‌كردن له‌لایه‌ن هه‌ردوو بنه‌ماڵه‌وه به‌كارهێنراون.
سه‌رچاوه‌یه‌كی ئه‌منی له له‌یلان به (كه‌ركوك ناو)ی وت "ئه‌و دوو بنه‌ماڵه كه‌سوكاری یه‌كترین و له هۆزی دلێمین، به‌هۆی شه‌ڕی نێوانیانه‌وه له‌سه‌ر زه‌وی و زار كه‌سێك كوژراوه و چه‌ند بریندارێكیش هه‌ن، بۆیه دادوه‌ر له پێناو رێگری له گه‌وره‌تربونی كێشه‌كه به‌پێی مادده‌ی 406ی یاسای سزادان 11 كه‌سی ده‌ستگیركردووه".
ئه‌و مادده‌یه‌ی یاسای سزادانی عیراقیی تایبه‌ته به كوشتنی به‌ئه‌نقه‌ست و سزاكه‌ی زیندانی هه‌تاهه‌تایی تا له‌سێداره‌دانه.
(كه‌ركوك ناو) هه‌وڵیدا له‌گه‌ڵ هه‌ردوو بنه‌ماڵه‌كه‌دا قسه بكات به‌ڵام هه‌وڵه‌كانی بێ ئاكام بون.
هاوڵاتییه‌كی دانیشتوی گوندی یارمجه كه له‌به‌ر پاراستنی گیانی خۆیی و تێكه‌ڵنه‌بونی به‌و دۆسیه‌یه داوایكرد ناوی بلاونهكرێتهوه به (كه‌ركوك ناو)ی وت "هه‌ردوو بنه‌ماڵه‌كه خزمی یه‌كترین و به‌هۆی بارگرژییهكهوه قوربانی له هه‌ردولا كه‌وته‌وه، ئێستاش یه‌كێك له ماڵه‌كان گونده‌كه‌ی به‌جێهێشتووه و رۆیشتون".
به‌شێك له خه‌ڵكی ناوچه‌كه داوایان له ئیداره‌ی له‌یلان كردووه هه‌ردوو بنه‌ماڵه له گونده‌كه ده‌ربكرێن.
به‌ڕێوه‌به‌ری ناحیه‌كه وتی "دانیشتوانه‌كه‌ی گونده‌كه ده‌ڵێن با ئه‌وان بڕۆن تا روداوی گه‌وره‌تری لێنه‌كه‌وتۆته‌وه".