له‌ هه‌شت كه‌س حه‌وت كه‌سیان پایته‌ختیان به‌جێهێشتووه‌

كريستيانه‌كانی به‌غداد په‌رته‌وازه‌ ده‌بن

به‌غداد/ 4ی نیسانی 2021/ رێوڕه‌سمی نوێژ له‌ كڵێسای سوڵتانه‌ وه‌ردییه‌ له‌ ناوچه‌ی كه‌راده‌ فۆتۆ: په‌یجی كڵێساكه‌ له‌ فه‌یسبوك

زه‌ینه‌ب مه‌شات – به‌غداد

ژماره‌ی كریستیانه‌كانی به‌غداد له‌ كه‌مبونه‌وه‌دان؛ سه‌رباری نه‌بونی ئامارێكی ره‌سمی به‌ڵام مه‌زه‌نده‌ ده‌كرێت له‌ هه‌شت هاوڵاتی ئه‌و پێكهاته‌یه‌ حه‌وت كه‌س پایته‌ختیان به‌جێهێشتبێت، به‌هۆی هه‌ڕه‌شه‌ و په‌راوێزخستن و كه‌می هه‌لیكار و خزمه‌تگوزارییه‌كانه‌وه‌.

ئه‌سیر سلێوا (40 ساڵ)، پارێزه‌ر و دانیشتوی ناوچه‌ی به‌له‌دیاتی به‌غداد، له‌ تشرینی دوه‌می 2019دا ناچاربووه‌ ماڵه‌كه‌ی چۆڵبكات و له‌ شاره‌كه‌ش بڕوات، دوای ئه‌وه‌ی له‌لایه‌ن هه‌ندێك گروپی چه‌كدارییه‌وه‌ روبه‌ڕوی هه‌ڕه‌شه‌ بۆوه‌.

ئه‌و هاوڵاتییه‌ كریستیانه‌ ئێستا له‌ نزیكی كه‌سوكاری له‌ پارێزگای دهۆك نیشته‌جێیه‌، به‌ هیوای ئه‌وه‌ی رۆژێك بێت و بچێته‌ ده‌ره‌وه‌ی وڵات، ئه‌وه‌ش وه‌ك هه‌زاران كریستیانی دیكه‌ كه‌ له‌ دوای ساڵی 2003ـه‌وه‌ ده‌ربه‌ده‌ر بون و تائێستا كۆچ ده‌كه‌ن.

هۆكاری كۆچ و ئاواره‌یی كریستیانه‌كانی به‌غداد جیاوازن؛ ته‌نیا هه‌ڕه‌شه‌ و كوشتن نین، به‌ڵكو سكاڵا له‌ په‌راوێزخستن و كه‌می هه‌لیكار و خزمه‌تگوزاریش ده‌كه‌ن.

"من له‌ به‌غداد گه‌وره‌بوم، له‌ ناوچه‌ی زه‌یونه‌ نیشته‌جێم، روبه‌ڕوی هیچ هه‌ڕه‌شه‌ و ترساندنێك نه‌بومه‌ته‌وه‌‌، به‌ڵام ئه‌وه‌ی هه‌یه‌ ئێمه‌ په‌راوێزخراوین، من شۆفێری تاكسی ده‌كه‌م، له‌ كاتێكدا بڕوانامه‌ی كارگێڕی و ئابوریم هه‌یه‌ به‌ڵام دانه‌مه‌زرێنراوم" ره‌عد تۆما (45 ساڵ) وای وت.

تۆما پلانی داناوه‌ به‌غداد به‌جێبهێڵێت و كۆچ بۆ ده‌ره‌وه‌ی عیراق بكات دوای ئه‌وه‌ی نه‌یتوانی هه‌لیكاری هه‌میشه‌یی به‌ده‌ستبهێنێت.

baghdad-4
به‌غداد/ تشرینی دوه‌می 2019/ گردبونه‌وه‌ و رێزلێنان له‌ "شه‌هیدانی عیراق" فۆتۆ: كڵێسای مه‌شره‌ق ئاشورییه‌

زۆرێك له‌ كریستیانه‌كانی به‌غداد هاوشێوه‌ ره‌عد تۆما حه‌ز به‌ كۆچ ده‌كه‌ن؛ له‌ ناوچه‌ی دۆره‌ كه‌ گه‌ڕه‌كێكی تایبه‌ت به‌ كریستیانی ئاشوری هه‌یه‌ و به‌ "ئاشورییه‌كان" ناوده‌برێت، پێشتر 150 هه‌زار كریستیانی تێدا نیشته‌جێ بوو به‌ڵام ئێستا ته‌نیا هه‌زار كه‌سیان ماونه‌ته‌وه‌، ئه‌وه‌ش به‌پێی ئامارێكی كۆمسیۆنی مافه‌كانی مرۆڤ له‌ عیراق بۆ (كه‌ركوك ناو).

له‌و ناوچه‌یه‌ زۆربه‌ی كڵێسا، دوكان و قاوه‌خانه‌ی كریستیانه‌كان داخراون.

 

كڵێسا چۆڵبوه‌كان

سه‌رباری نه‌بونی ئامارێكی ره‌سمی له‌سه‌ر ژماره‌ی ئه‌و كریستیانانه‌ی به‌غدادیان به‌جێهێشتووه،‌ به‌ڵام به‌پێی ژماره‌ی ئه‌و كه‌سانه‌ی له‌ كڵێساكاندا به‌شداری نوێژ و رێوره‌سمه‌كان ده‌كه‌ن ده‌رده‌كه‌وێت ژماره‌یه‌ك كه‌مبۆته‌وه‌.

ئێستا ژماره‌ی نوێژخوێنانی كڵێسا ناگاته‌ 50 كه‌س

جگه‌ له‌وه‌ش چه‌ند كڵێسایه‌ك داخراون، له‌وانه‌ كڵێسای سالوس ئه‌قده‌س له‌ ناوچه‌ی به‌له‌دیات له‌ خۆرهه‌ڵاتی به‌غداد بۆ ماوه‌ی پێنج ساڵی یه‌ك له‌دوای یه‌ك، كڵێسای قه‌لب یه‌سوع ئه‌قده‌س له‌ ناوچه‌ی كه‌راده‌ی ناوه‌ڕاستی به‌غداد كه‌ له‌ 2007ـه‌وه‌ داخراوه و تایبه‌ته‌ به‌ ئه‌رمه‌ن و كاسۆلیك.

ئه‌ب مارتن به‌نی، قشه‌ی كڵێسای مه‌ریه‌م عوزرا له‌ شه‌قامی فه‌له‌ستین به‌ (كه‌ركوك ناو)ی وت "پێشتر ژماره‌ی نوێژخوێنان سه‌دان كه‌سی تێده‌په‌ڕاند به‌ڵام ئێستا ناگاته‌ 50 كه‌س".

"چه‌ندین كڵێسا له‌ به‌غداد داخران، كاتێكیش هه‌ندێكیان كرانه‌وه‌ زیاتر له‌ هه‌شت كڵێسا له‌گه‌ڵ یه‌كتریدا تێكه‌ڵكران، به‌هۆی ته‌رخاننه‌كردنی بودجه‌ و نه‌بونی پاڵپشتی و سه‌رپه‌رشتی پێویستی كڵێساكانه‌وه‌" به‌وته‌ی به‌نی.

baghdad-5
به‌غداد/ 20ی شوباتی 2021/ رێوڕه‌سمێكی ئایینی كریستیان فۆتۆ: كڵێسای سوڵتانه‌ وه‌ردییه‌

له‌ هه‌شت كریستیان حه‌وتیان به‌غدادیان به‌جێهێشتووه

له‌ نه‌بونی ئاماری حكومیدا، رێكخراوه‌كان هه‌ندێك ئاماری ناره‌سمی بڵاوده‌كه‌نه‌وه‌ و وه‌ك نور موئه‌یه‌د، چالاكوانی كاروباری كه‌مینه‌كان به‌ (كه‌ركوك ناو)ی وت "ژماره‌ی كریستیانه‌كانی به‌غداد له ساڵی 2003دا زیاتر له‌ 800 هه‌زار كه‌س بون به‌ڵام ئه‌مڕۆ ژماره‌یان له‌ 100 هه‌زار كه‌س تێناپه‌ڕێت".

كریستیانه‌كانی به‌غداد زیاتر له‌ 800 هه‌زار كه‌س بون به‌ڵام ئێستا ژماره‌یان له‌ 100 هه‌زار كه‌س تێناپه‌ڕێت

"زۆربه‌ی كریستیانه‌كان به‌بێ خواستی خۆیان به‌غدادیان به‌جێهێشتووه‌، هه‌رچه‌نده‌ ئه‌وه‌ خاك و مێژوی خۆیانه‌، به‌ڵام ئه‌وان به‌هیوای دواڕۆژێكی باشتر بۆ منداڵه‌كانیان ده‌ڕۆن" ئه‌ب مارتن به‌نی واده‌ڵێت.

ره‌عد تۆما هه‌مان رای هه‌یه‌ و ده‌ڵێت "ده‌ڕۆین تا به‌دوای دواڕۆژێكی باشتر بۆ منداڵه‌كانمان بگه‌ڕێین، ته‌نیا كوشتن هۆكاری كۆچی ئێمه‌ نییه‌، به‌ڵكو به‌دوای ژیانی شایسته‌تردا ده‌گه‌ڕێین".

ده‌ربه‌ده‌ری و كۆچی كریستیانه‌كان له‌ به‌غداد و عیراق؛ له‌ ساڵی 2003ـه‌وه‌ تائێستا به‌رده‌وامه‌، له‌ ساڵانی 2006 و 2007دا گه‌یشته‌ لوتكه‌، به‌هۆی روداوه‌كانی رفاندن، تیرۆركردن، هه‌ڕه‌شه‌، په‌راوێزخستن، كه‌می خزمه‌تگوزاری و بڵاوبونه‌وه‌ی گه‌نده‌ڵی له‌ ته‌واوی جومگه‌گانی ده‌وڵه‌تدا.

زۆربه‌ی كریستیانه‌كان له‌ به‌غداده‌وه‌ به‌ره‌و شاره‌كانی هه‌رێمی كوردستان ئاواره‌ ده‌بن یان به‌ یه‌كجاری له‌ عیراق كۆچ ده‌كه‌ن.

به‌پێی ئامارێكی كۆمسیۆنی مافه‌كانی مرۆڤ له‌ عیراق، ژماره‌ی كریستیانه‌كانی وڵات ملیۆنێك و 500 هه‌زار كه‌س بون، به‌ڵام ئێستا ته‌نیا 250 هه‌زار كه‌سیان ماونه‌ته‌وه‌، دوای كوشتنی زیاتر له‌ هه‌زار و 315 كریستیان له‌ نێوان ساڵانی 2003 - 2015دا.

WhatsApp Image 2021-04-20 at 12.52.55 PM
به‌غداد/ نیسانی 2021/ سه‌ڵاح یوسف له‌ دوكانه‌كه‌یدا دانیشتووه‌ فۆتۆ: زه‌ینه‌ب مه‌شات

ئه‌وانه‌ی كۆڵناده‌ن

سه‌رباری به‌رده‌وامی رۆیشتنی كریستیانه‌كان له‌ به‌غداد، به‌ڵام هێشتا كه‌سانێك هه‌ن ماونه‌ته‌وه‌ و ده‌یانه‌وێت له‌وێ بژین، وه‌ك سه‌ڵاح یوسف (52 ساڵ) له‌ ناوه‌ندی ناوچه‌ی كه‌راده‌.

یوسف 25 ساڵه‌ كاری پینه‌چێتی ده‌كات و له‌ شه‌ڕی دژ به‌ ئێرانی هه‌شتاكانی سه‌ده‌ی رابردوودا قاچی راستی له‌ده‌ستداوه‌.

"ئه‌وكاته‌ی قاچم له‌ده‌ستدا و له‌ سه‌ربازی نه‌مام، كۆڵم نه‌دا و هه‌وڵمدا رێگایه‌كی دیكه‌ بۆ به‌رده‌وامیدان به‌ ژیان بدۆزمه‌وه‌" یوسف وای وت.

بیرم له‌ جێهێشتنی به‌غداد نه‌كردۆته‌وه‌، نه‌ك له‌به‌رئه‌وه‌ی باشترینه‌، به‌ڵكو ئه‌و كه‌سانه‌ی تیادایه‌ كه‌  خۆشمده‌وێن و خۆشیانده‌وێم

ته‌نیا له‌وه‌دا قوربانی نییه‌ و هه‌ر ئه‌و زیانه‌ی به‌رنه‌كه‌وتووه‌، یوسف ده‌ڵێت "خانه‌وه‌داكه‌م و نزیكه‌كانم كۆچیان كرد، ته‌نیا خێزانه‌ بچوكه‌كه‌ی من ماونه‌ته‌وه‌ كه‌ هاوسه‌ره‌كه‌م و مریه‌می كچم و من و ئه‌م كاره‌ی منه‌".

"بیرم له‌وه‌نه‌كردۆته‌وه‌ له به‌غداد بڕۆم یان له‌ عیراق كۆچبكه‌م، نه‌ك له‌به‌رئه‌وه‌ی باشترین وڵاته‌، به‌ڵكو ئه‌و كه‌سانه‌ی تیادایه‌ كه‌ ده‌یانناسم، خۆشمده‌وێن و خۆشیانده‌وێم، بۆیه‌ زه‌حمه‌ته‌ بۆ من كۆچبكه‌م".

یوسف یه‌كێكه‌ له‌و 100 هه‌زار كریستیانه‌ی به‌رگه‌ی كوشتن، ترساندن، كۆچكردنیان گرتووه‌ و له‌ خۆشه‌ویستییاندا بۆ به‌غداد سه‌رباری كه‌می هه‌لیكار و خزمه‌تگوزاری هێشتا ماونه‌ته‌وه‌.

  • FB
  • Instagram
  • Twitter
  • YT