منداڵانی کورد بۆ خوێندنی عەرەبی کۆچدەکەن

عيراق، پۆلێكی قه‌ره‌باڵغی خوێندنگه‌یه‌كی بنه‌ڕه‌تی فۆتۆ: یونیسێف

لەیلا ئەحمەد

تادێت ژمارەی ئەو خێزانە كوردانە زیاتر دەبێت كە منداڵەكانیان لە خوێندنی كوردی لە كەركوك دەردەهێنن و بە هیوای "ئایندەیەکی باشتر" بۆ خوێندنی عەرەبی دەیانگوازنەوە، ئەوەش دوای 18 ساڵ دێت لە رێگەدان بە خوێندن بە زمانی كوردی كە لەسەردەمی دەسەڵاتدارێتی حزبی بەعسدا بەر لە 2003 رێگەپێدراو نەبوو.

دەرهێنانی منداڵ بەشێوەی ئارەزومەندانە لە خوێندنی كوردی چەند ساڵێكە دەستیپێكردووە، تیایدا دایكان و باوكیان "كواڵیتی خوێندنی عەرەبی" و پێویستی فێربونی ئەو زمانە بە گرنگ دەزانن بۆ ئەوەی لە داهاتودا دەرفەتی كار و هەلی دامەزراندنیان زیاتربێت.

شەهلا بەکر (42 ساڵ)، یەكێكە لەو دایكانەی بڕیاریدا دوو لە منداڵەكانی لە قۆناغی سەرەتایی بۆ خوێندنی عەرەبی بگوازێتەوە، منداڵی سێیەمیش هەر لەیەكەم ساڵەوە لە خوێندنی عەرەبی تۆماركردووە.

"لە ئایندەی منداڵەكانمان ترساین؛ ئەوە باشترین هەنگاوە و پەشیمان نین؛ ئێستا بە عەرەبی دەخوێنن و دەنوسن"، شەهلا زیاتر وتی "خوێندنی كوردی گرفتی زۆری هەبوو، لاواز بوو، منداڵەكانی فێر نەدەكرد بۆیە ئەو بڕیارەماندا".

هیوا عەبدوڵا (46 ساڵ)، باوكی سێ كوڕە، وتی "هەستمكرد لە دوای 16ی ئۆكتۆبەرەوە كورد لەم شارە فەرامۆش دەكرێت، ململانێی نەتەوەیی هەبوو بۆ دامەزراندن لە كەرتی حكومیی، لە نێوان خوێندنی كوردی و عەرەبی، بۆیە وتمان با لەئێستاوە خەمی منداڵەكانمان بخۆین".

لە 16ی ئۆكتۆبەری 2017دا، حكومەتی عیراق لە چوارچێوەی سەپاندنی یاسا، هێزە فیدراڵییەکانی عیراقی بۆ تەواوی ناوچەكانی جێناكۆك گەڕاندەوە و هێزەكانی سەر بە حكومەتی هەرێم پاشەكشێیانكرد. لەو روداوەدا، كورد پۆستی پارێزگاری كەركوكی لەدەستدا، لەگەڵ دەیان پۆستی تر حكومیی و ئەمنی؛ ئەوەش بووە ترس بۆ هەندێك لە خێزانەكان و وەك خۆیان دەڵێن كاریگەری هەبووە لەسەریان تا منداڵەكاینان ببەنە خوێندنی عەرەبی.

عەبدوڵا وتی "ململانێی سیاسیی  و نەتەوەیی زۆر بووە، دەترسم خوێندنی كوردی بۆ ئایندەی منداڵەكانم هیچ سودی نەبێت"، هەر بۆیە كوڕە گەورەكەی لە خوێندنی كوردی دەرهێنا و گواستییەوە بۆ خوێندنی عەرەبی، دوانەكەی تریشی هەر لەیەكەم رۆژەوە لە خوێندنی عەرەبی تۆماركردووە.

ململانێی سیاسیی  و نەتەوەیی زۆر بووە، دەترسم خوێندنی كوردی بۆ ئایندەی منداڵەكانم هیچ سودی نەبێت

"حكومەتی هەرێم هیچ دەرفەتێكی بۆ دامەزراندنی دەرچووانی خوێندنی كوردی لە كەركوك نییە، دەستپێشخەری نییە و ئاوەڕ لە كێشەكانیان ناداتەوە"، عەبدوڵا وایوت.

maktab
كەركوك/ پۆلێكی خوێندنی كوردی فۆتۆ: كەركوك ناو

لە ساڵی 2014ەوە، پرۆسەی خوێندنی كوردی لە كەركوك هاوشێوەی هەرێمی كوردستان بە دۆخێكی ناجێگیردا تێپەڕدەبێت، چونكە بەهۆی قەیرانی دارایی و پێنەدان یان پاشەكەوتكردنی موچەی مامۆستایان، زۆرینەی كات بەشێك لە مامۆستا و خوێندنگەكان بایكۆتی دەوامیان کردووە.

لانیكەم هەشت هەزار مامۆستای خوێندنی كوردی لە ناوچەكانی جێناكۆك راژەكانیان سەر بە حكومەتی هەرێمی كوردستانە و زۆرینەیان لە پارێزگای كەركوكن، بەڵام خوێندنەكەیان سەر بە وەزارەتی پەروەردەی حكومەتی عیراقە.

گرفتێكی گەورە كە روبەڕوی دەرچووانی خوێندنی كوردی دەبێتەوە، ئەوەیە فێری زمانی عەرەبی نابن، ئەوەش دەبێتە كێشەی گەورەی بەردەمیان كاتێك لە زانكۆ و پەیمانگەكان وەردەگیرێن.

محەمەد عەبدولمەناف، یەكێكە لەو كەسانەی ساڵی 2019ەوە خوێندنی كوردی لە كەركوك تەواوكردووە و دواتر لە پەیمانگەی پزیشكی موسڵ وەرگیراوە، وتی "مامۆستاكان بە عەرەبی وانەدەڵێنەوە، منیش هیچ تێناگەم، كێشەی گەورەم بۆ دروستبووە و عەرەبی نازانم، نە قسەكردن، نە نوسین"، ئەو لە هەوڵدایە خوێندنەکەی بۆ پەیمانگەیەكی كەركوك یان هەرێم بگوازێتەوە، بەڵام بۆیاننەكردووە.

مامۆستاكان بە عەرەبی وانەدەڵێنەوە، منیش هیچ تێناگەم، كێشەی گەورەم بۆ دروستبووە

ئەوەش لەكاتێكدایە، خوێندن لە زانكۆ و پەیمانگەكانی عیراق بە هەردوو زمان رێگەپێدراوە، بەڵام گرفتەكە لەوەدایە تەنیا مامۆستا كوردەكان کوردی دەزانن و بە زمانی كوردی وانەدەڵێنەوە.

ئەو بەلایەوە گرنگ بوو، خەڵك بە زمانی دایك بخوێنن، بەڵام داوایكرد حكومەتی هەرێم بەرنامەیەكی نوێ بدۆزێتەوە و چارەسەرێك دیاریبكات.

هیچ ئامارێكی دیاریكراو نییە دەربارەی ژمارەی ئەوانەی چونەتە خوێندنی عەرەبی؛ بەڵام زۆرینەی ئەو مامۆستایانەی (كەركوك ناو)، قسەی لەگەڵكردون، دەڵێن ژمارەكە زۆرە و لەهەر خوێندنگەیەك دەیان حاڵەتی لەو شێوەیە لەم چەند ساڵەی دواییدا هەبووە.

لە كۆتایی 2019دا، ژمارەیەك مامۆستا و پسپۆڕی پەروەردەیی دوای هەستكردن بە كەمبونەوەی ژمارەی خوێندكار لە خوێندنی كوردی، كەمپینێكیان بەناوی "خوێندن بە زمانی دایك" راگەیاند، ئامانج لێی هاندانی دایكان و باوكان بوو بۆ تا منداڵەكانیان لە خوێندنی كوردی دەرنەهێنن.

سەلام عەزیز، یەكێكە لەو مامۆستایانەی دژایەتی خۆی بۆ دەركردنی منداڵ لە خوێندنی كوردی دەردەبڕێت، وتی "ژمارەکە زۆرە و لە هەموو خوێندنگەیەك دەیان خوێندكار چونەتە بەر خوێندنی عەرەبی، خوێندنگەی تایبەت هەیە بە زمانی عەرەبی لەكۆی 1500 خوێندكار 700 تا 800 خوێندكاریان كوردن و ئامادەنین بچنە خوێندنگەی كوردی".

بەپێی ئامارێكی خوێندنی کوردی لە پەروەردەی كەركوك، تەنیا لە وەرزی خوێندنی 2019 – 2020دا، نزیکەی سێ هەزار خوێندكاری نوێی پۆلی یەكەمی سەرەتایی كەمتر تۆماركراوە بە بەراورد بە وەرزی 2018 – 2019، ئەوەش ئاماژەیەکە بۆ ئەوەی کە خێزانی کورد لە پارێزگاکە زیاتر روویان کردۆتە تۆمارکردنی ناوی منداڵەکانیان لە خوێندنی عەرەبی.

 سەلام عەزیز، دوای چوار ساڵ لەكاركردن، پڕۆژەیەكی بۆ باشتركردنی پڕۆگرامی خوێندنی كوردی ئامادەكردووە و بڕیارە رادەستی وەزارەتی پەروەردەی حكومەتی هەرێمی كوردستانی بكات، وتی "پێویستە كارێكی وا بكرێت خوێندكارانی خوێندنی كوردی هەست بە دڵنیایی بكەن  دەربارەی ئایندەیان، بەتایبەت لە دۆزینەوەی دەرفەتی كاردا، هەروەها مامۆستایان و خوێندكاران هەمان ئیمتیازی خوێندنی عەرەبییان هەبێت و پشتگوێنەخرێن، پڕۆگرامی خوێندنیش بگونجێنرێت لەگەڵ ژینگەی كەركوكدا."

زیاتر وتی "بڕیاربوو نمونەیەکی وا باش پێشکەش بکەین کە خوێندكارانی خوێندنی عەرەبی بۆ خوێندنی كوردی بگوازینەوە نەك بە پێچەوانەوە".

بڕیاربوو نمونەیەکی وا باش پێشکەش بکەین کە خوێندكارانی خوێندنی عەرەبی بۆ خوێندنی كوردی بگوازینەوە نەك بە پێچەوانەوە

وتیشی "پێویستە لە ئاستی باڵاشدا كار بۆ ئەوە بكرێت بەپێی یاسا مامۆستایانی زانكۆ و پەیمانگەكان بە هەردوو زمان وانەبڵێنەوە... من كچەكەی خۆم ئێستا لە زانكۆ كێشەی زمانی عەرەبی هەیە، چونکە بە کوردى خوێندویانە، هیچ یاسایەکیش نییە پاڵپشتى کچەکەم بکات بە زمانى کوردى وەڵامى پرسیارى تاقیكردنەوەكان بداتەوە، لەكاتێكدا ئێمە زمانى دوەمین لە عیراق و خوێندنى کوردىش بەشێکە لەناو وەزارەتى حکومەتى عیراق و دانپێدانراوە"، ئەو مامۆستایە پێیوایە كێشەكە بە بڕیاردان لەسەر ئاستی باڵادا دەبێت، نەوەك كەمپین.

لە دوای 16ی ئۆكتۆبەرەوە، دەیان مامۆستا راژەكانیان بۆ شارەكانی هەرێم گواستۆتەوە و نەگەڕاونەتەوە بۆ كەركوك؛ ئەوەش بۆتەهۆی ئەوەی كێشەی میلاك دروستببێت و كاریگەری لەسەر دیاردەی دەرهێنانی خوێندكار لە خوێندنی كوردی هەبێت، وەك شێرزاد رەشید، بەڕێوەبەری خوێندنی كوردی وایوت.

شێرزاد وتی "بڕیارێكی نوێمان هەیە رێدەگرێت لەوەی دایكان و باوكان منداڵەكانیان ببەنە خوێندنی عەرەبی بەرلەوەی بگەنە پۆلی شەشەمی سەرەتایی یان دەبێت هەر لەسەرەتاوە بیانبەنە خوێندنی عەرەبی، بەڵام ئێستاش رۆژانە چەندین خێزان داوای گواستنەوەی منداڵەكانیان دەكەن".

ئەو بەڕێوەبەرە پێیوایە ئەو بڕیارەیان چارەسەرێكی كاتییە بۆ كێشەکە و وتی "دایك و باوك هەیە مناڵەکانیان لە پۆلى چوارەم و پێنجەمى سەرەتایین و زۆریش زیرەكن، بەڵام هەر سورن لەسەر ئەوەی بیانەبنە خوێندنی عەرەبی، ئەوە بۆ ئێمەش مایەی پرسیارە".

  • FB
  • Instagram
  • Twitter
  • YT