بڕیاری لە سێدارەدانی چوار خوێندكار
لە نێوان سوربونی دادگا و ناڕەزایەتیدا

شنگال/ 23ی نیسانی 2021/ ناڕەزایی خەڵك دژی بڕیاری لە سێدارەدانی چوار گەنج لەلایەن دادگای تاوانەكانی نەینەواوە. فۆتۆ: كەركوك ناو

عەمار عەزیز

دادگای تاوانی نەینەوا سزای لە سێدارەدانی بۆ چوار خوێندكاری ئێزیدی دەرکرد، بە تاوانی كوشتنی دوو گەنج، بڕیارەکە ناڕەزایی ئەو پێکهاتە ئایینییەی بەدواداهاتووە و پێیانوایە "لەژێر فشاردا" وتەیان لێوەرگیراوە، هەر بۆیە داوای پێداچونەوە بە حوكمەكەیاندا دەكەن.

دادگای تاوانەكانی نەینەوا لە 21ی نیسانی ئەمساڵدا، بڕیاری لە سێدارەدانی بۆ چوار گەنجی ئێزیدی دەركرد و تاوانباركران بە كوشتنی دوو گەنج لە هۆزی شەمەر لە رێگای نێوان ناحیەی گرعوزێر و شنگال لە خۆرئاوای پارێزگای نەینەوا، ئەوەش لە 23ی ئەیلولی 2020دا.

ئەو چوار گەنجە (ئەحمەد فارس ساڵح 19ساڵ، فاروق فەیسەڵ حما و شەعلان ئەلیاس قاسم 22ساڵ و سەعید خدر سەعدۆ 20ساڵ)، هەر چواریان خوێندكاری زانكۆ و ئامادەیین و خەڵكی شنگالن، لە هەمان رۆژی كوشتنی دوو گەنجەكەدا دەستگیركران.

ئەلیاس قاسم، باوکی شەعلان - یەکێک لەو کەسانەی  بڕیاری لە سێدارەدانی بۆ دەرچووە-، بە (كەركوك ناو)ی وت "كوڕەكەم دەستی لەو كوشتنەدا نییە؛ ئەو رۆژەی ئەو دوو گەنجە كوژران كوڕەكەم وتی لەگەڵ هاوڕێیەكانم دەچمە سەیران، پێشئەوەی بڕوات داوای پارەی كرد و پێنج هەزارم پێدا، تەنانەت بە تراكسوتەوە رۆیشت".

"تا ئێوارەیەکی درەنگ چاوەڕێم كرد بگەڕێتەوە، بەڵام دەنگی نەبوو و ژمارەكەی داخرابوو، كاتێك دونیا تاریك بوو پرسیارم لە كەسوكاری هاوڕێكانی كوڕەكەم كرد، وتیان دەزگا ئەمنییەكان دەستگیریان كردون".

ئەو چوار خوێندكارە، دوای دەستگیركردنیان رەوانەی قەزای بەعاج كران لە خۆرئاوای نەینەوا.

ئەلیاس وتی "لەوێ لەژێر هەڕەشە و ئەشکەنجەدانێکی زۆر نوسراوێكیان پێ ئیمزاکردون و وەك دانپێدانان رەوانەی دادگایان كردون"، زیاتر وتی "لەو كارەدا، دەستتێوەردان لە كاروباری دادگادا كراوە".

دوو گەنجەكە لە نێوان ناحیەی گرعوێز و شنگال بە گولـلە كوژران، هۆزی شەمەرن، كە یەكێكە لە هۆزە گەورەكانی خۆرئاوای نەینەوا.

shangalakan
شنگال/ 25ی نیسانی 2021/ كۆبونەوەی كەسایەتییە سیاسیی و سەرۆك عەشیرەت و پیاوانی ئایینی ئێزیدی لە دژی بڕیارەكەی دادگا. فۆتۆ: كەركوك ناو

ئەلیاس دەڵێت "لە ماڵی ئێمەدا هیچ جۆرە چەكێك نییە، ئەو شوێنەشی ئەو دوو گەنجەی لێ كوژراوە، نزیكە لە چەند خاڵ و بازگەیەكی سەربازی، چۆن ئەو دوو گەنجە ئاوا بە ئاسانی كوژران". زیاتر وتی "چۆن دەزانم ناوی باوكم قاسمە، ئاواش دەزانم كوڕەكەی من بێتاوانە".

چۆن دەزانم ناوی باوكم قاسمە، ئاواش دەزانم كوڕەكەی من بێتاوانە

ئەو وتەیەی ئەلیاس لەكاتێكدایە لەوەتەی كوڕەكەی دەستگیركراوە رێگەنەدراوە بیبینێت.

"ئێمە پێمانوایە چەكدارانی داعش ئەو كارەیان كردووە، بۆ ئەوەی دوبەرەكی بخەنە نێو ئێزیدییەكان و هۆزی شەمەر كە لەوناوچەیەدا جێگیرن".

لە دوای بڕیارەكەوە خۆپیشاندان و گردبونەوەی ناڕەزایی بەشێوەی بەردەوام لە شنگال و ناوچە ئێزیدینشینەكان بەڕێوەدەچێت.

یەكشەممە 25ی نیسان، كۆمەڵێك كەسایەتی سیاسیی و سەربازیی، سەرۆك عەشیرەت و پیاوانی ئایینی ئێزیدی لە مەزارگەی شەرەفەدین لە شنگال كۆبونەوە و یاداشتێكی ناڕەزاییان ئاراستەی وەزارەتی دادی عیراق و دادگای باڵای نەینەوا كرد لەسەر پرسی بڕیاری لەسێدارەدانی ئەو چوار گەنجە.

حەیدەر شەشۆ، فەرماندەی سەربازی و ئەندامی جڤاتی ئێزیدییان لە شنگال دوای كۆبونەوەكە، بە (كەركوك ناو)ی وت "ئەوەی کراوە نادادییە بەرامبەر بە ئێزیدییەكان"، زیاتر وتی "ئێمە لەگەڵ جێبەجێكردنی یاساداین، بەڵام دەمانەوێت دادوەری هەبێت لە بڕیارەکەدا، قبوڵیش ناکەین هیچ لایەنێکی دەرەکی دەستێوەردان لەم کەیسەیەدا بكات". بەبێ ئەوەی ناوی هیچ كەسێك بهێنێت.

"دەمانەوێت پێداچونەوە بە بڕیارەكەدا بكرێت و سزاكە هەڵبوەشێتەوە... حوکمەکە وەک خۆی جێبەجێبکرێت کێشەیەکی زۆر گەورە رودەدات".

جێگیری میری ئێزیدییان بەر لە بڕیاری دادگا دوجار سەردانی دادگای تاوانەكانی نەینەوای كردووە بۆ ئەو پرسە و جەختدەكاتەوە لەوەی ئەگەری دروستبونی كێشە هەیە لە نێوان ئێزیدییەكان و هۆزی شەمەر.

دەمانەوێت پێداچونەوە بە بڕیارەكەدا بكرێت و سزاكە هەڵبوەشێتەوە...

جەوهەر عەلی، جێگری میری ئێزیدییان بە (کەرکوک ناو)ی وت "چوار مانگە بەدوای ئەم كێشەیەوەم، گفتۆگۆ و دانیشتنمان لەگەڵ دادوەرەکانی نەینەوا كردووە، پێموتون با کێشە لە نێوان ئێزیدییەکان وهۆزی شەمەرگەورە نەبێت... بەشێک لە دادوەران بەڵێنیان پێدام، کە حوکمی ئەو گەنجانە سوک دەبێت، بەڵام بەداخەوە هەندێك لایەن کە دوژمنی ئێزیدییەکانن فشاری زۆریان لەسەر دادگا کرد تا حوکمی لە سێدارەدان بۆ ئەو چوار گەنجە دەربکرێت".

ناڕەزایی ئێزیدییەكان و سوربونیان لەسەر "بێتاوان"ی ئەو گەنجانە لەكاتێكدایە دادگای تاوانەكانی نەینەوا، جەختدەكاتەوە لەوەی هەر چوار گەنجەكە دانیان بەو تاوانەداناوە.

محەمەد عەزیز، سەرۆکی بەشی کارگێڕی لە دادگای تاوانی نەینەوا، بە (كەركوك ناو)ی وت "هەر چوار تۆمەتبارەكە لای دادوەر دانیان بە تاوانەکەیانداناوە، بڕیارەکەی دادگای تاوانی نەینەوا هیچ کێشەیەكی تێدا نییە".

لەبارەی دانپێدانی ئەو چوار گەنجە، محەمەد عەزیز وتی "لە دانپێدانەکانیاندا دەڵێن ئێمە مەفرەزیەکمان دانابوو لە گوندی ئوم زیبان کە دەکەوێتە نێوان سنوری ناحیەی گرعوزێر و شنگال، لەوێ دوو هاوڵاتی عەرەبمان كوشت... دادوەر پرسیاری لێکردون بۆچی ئەو کارەتان ئەنجامدا، لە وەڵامدا وتیان ئێمە دەمانەوێت توڵەی خۆمان لە عەرەب بکەینەوە، بەتایبەت ئەوانەی ژن و کچی ئێمەیان رفاندووە و کۆشتویانن، هەر بۆیە ئێمەش ئەو کارەمان کرد".

وتیشی "پێشتریش ئەو چوار گەنجە ئامادەكارییان بۆ ئەو كارە كردووە، بۆ ئەوەش گروپێكیان دروستكردووە، دادوەریش لەسەر بنەمای ئەو دانپێدانانە بڕیاری لەسێدارەدانی داون".

پێشتریش ئەو چوار گەنجە ئامادەكارییان بۆ ئەو كارە كردووە، بۆ ئەوەش گروپێكیان دروستكردووە، دادوەریش لەسەر بنەمای ئەو دانپێدانانە بڕیاری لەسێدارەدانی داون

لەسەر ئەو دانپێدانانە، (كەركوك ناو) چەندین جار پەیوەندی بە پارێزەرانی ئەو چوار گەنجەوە كرد، بەڵام ئامادەنەبون هیچ لێدوانێك بدەن، تەنیا جەختیانكردەوە كە ئەوان تانە لە بڕیارەكە دەدەن.

خدر ساڵح، نوێنەری کەسوکاری ئەو چوار گەنجەیە و یەكێكە لەو كەسانەی بەردەوام لەگەڵ پارێزەرەكان لە پەیوەندیدایە، وتی "سێ پارێزەرمان هەیە بەدواداچون بۆ کەیسەکە دەکەن، لە سەرەتای وەرگرتنی دۆسییەکە هەندێک لایەن هەڕەشەیان لە یەکێک لە پارێزەرەکان كرد، ئێمەش بۆ پاراستنی ئەوان داوام لێكردون قسە نەكەن".

ئەو لەبارەی دانپێدانانەكانەوە، بە (كەركوك ناو)ی وت "پارێزەرێكمان پێیوتین، لەكاتی دادگاییكردندا دادوەر بە گەنجەكانی وتووە بۆچی ئەو كارەتان كرد، ئەوانیش تۆمەتەكانیان رەتكردەوە... دادوەر وتی ئەوەتا لە دادكای بەعاجەوە دانپێدانانتان هاتووە، بەڵام هەر چوار گەنجەكە وتیان لەژێر فشار و هەڕەشەدا ئەو قسانەمان کردووە و واۆژمان كردووە".

نوێنەری کەسوکاری ئەو چوار گەنجە جەختیكردەوە كە پارێزەرەكان بەزوترین كات تانە لە بڕیارەكە دەدەن.

  • FB
  • Instagram
  • Twitter
  • YT