له‌ ئۆپه‌راسیۆنه‌ حه‌وت هه‌فته‌ییه‌كه‌ی خانه‌قین
پـێـنج هـه‌زار دۆنم بـاخ و زه‌وی كشتوكاڵی وشكـكراون

ئه‌میر خانه‌قینی – دیاله‌

هێزه‌ ئه‌منییه‌كانی عیراق، نزیكه‌ی پێنج هه‌زار دۆنم باخ و زه‌وی كشتوكاڵی و پڕ له‌ دار وشكده‌كه‌ن، به‌ پاساوی رێگری له‌ جوڵه‌ی چه‌كدارانی داعش و دزه‌كردنیان بۆ گونده‌كانی خانه‌قین.

ئه‌و هه‌ڵمه‌ته‌ی سوپا و هێزه‌ چه‌كداره‌كانی تر، له‌ ئۆپه‌راسیۆنێكی حه‌وت هه‌فته‌ییدا هات بۆ راوه‌دونانی "داعش و نه‌هێشتنی مه‌ترسی" له‌سه‌ر گوندنشینانی قه‌زای خانه‌قین.

ئۆپه‌راسیۆنه‌كه‌ به‌ چاودێری مسته‌فا كازمی، سه‌رۆكوه‌زیران و فه‌رمانده‌ی باڵای هێزه‌ چه‌كداره‌كانی عیراق له‌ 28ی شوبات ده‌ستپێكرد و تا 17ی نیسانی 2021 درێژه‌ی كێشا.

"ئۆپه‌راسیۆنەكە بەسەركەوتوویی ئەنجامدرا و ئامانجەكانی پێكا، چونكە ناوچەی شێخ باوە بەتایبەت چەمی گوندی ئیسڵاح  و گوندی ئوم حونتە بەتەواوەتی پاككرانه‌وه‌ لە مۆڵگەی داعش، كه‌ ئه‌و ناوچانه‌ هۆكاری سەرەكی جموجۆڵی داعش بوون لە خانەقین و جەلەولا" به‌وته‌ی سه‌ید سادق، وته‌بێژی میحوه‌ری دیاله‌ی حه‌شدی شه‌عبی بۆ (كه‌ركوك ناو).

جگه‌ له‌ حه‌شد؛ سوپا و پۆلیسی فیدراڵی و به‌رپه‌رچدانه‌وه‌ی خێرا له‌ ئۆپه‌راسیۆنه‌كه‌دا به‌شداربون.

سادق ده‌ڵێت ئۆپه‌راسیۆنه‌كه‌ زیاتر له‌ 40 رۆژی خایاندووه‌ و ناوچه‌كانی باكوری خانه‌قین و ده‌وروبه‌ری ده‌ریاچه‌ی حه‌مرین و تا ناوچه‌ی نه‌فتخانه‌شی گرتۆته‌وه‌.

ئۆپه‌راسیۆنه‌كه‌ زیاتر له‌و گوند و ناوچانه‌دا بون كه‌ ده‌كه‌ونه‌ سه‌ر ئه‌و چه‌مانه‌ی ده‌رژێنه‌ هه‌ردوو روباری سیروان و ئه‌ڵوه‌نه‌وه‌.

به‌وته‌ی لێپرسراوانی ئه‌منی چڕی دارستان و سه‌وزایی و باخی سه‌ر چه‌مه‌كان به‌ تایبه‌ت له‌ ناوچه‌ی شێخ باوه‌و گوندی ئیسڵاح بون به‌ "مۆڵگه‌ی داعش" و شوێنی خۆحه‌شاردانی چه‌كداران.

ڤیدیۆ: شكاندن و بڕینه‌وه‌ی دار و وشككردنی چه‌ند باخێكی خانه‌قین له‌چوارچێوه‌ی ئۆپه‌راسیۆنه‌ سه‌ربازییه‌كه‌دا

به‌پێی به‌دواداچونی (كه‌ركوك ناو) و پاڵپشت به‌و زانیارییانه‌ی له‌ ژماره‌یه‌ك گوندنشین و كه‌سانی ئاگادار له‌و ناوچانه‌وه‌ ده‌ستی كه‌وتوون، له‌ ئۆپه‌راسیۆنه‌ حه‌وت هه‌فته‌ییه‌كه‌دا، نزیكه‌ی پێنج هه‌زار دۆنم زه‌وی كشتوكاڵی و باخ و سه‌وزایی وشككراون، زۆربه‌ی داره‌كانیش بڕدراونه‌ته‌وه‌.

"چه‌ند رۆژێكه‌ جوتیاران ده‌ستیانكردووه‌ به‌ كۆكردنه‌وه‌ی‌ پاشماوه‌ی داره‌ بڕدراوه‌كان و باخه‌كانیان پاكده‌كه‌نه‌وه‌، تا بتوانن جارێكیتر ده‌ست به‌ كاری كشتوكاڵی بكه‌نه‌وه‌" سه‌یف ستار، ئه‌نجومه‌نی گوندی ئیسڵاح (13كم باكوری جه‌له‌ولا) وای وت.

به‌وته‌ی سه‌یف سه‌رباری ئه‌و زیانانه‌ی به‌ر خه‌ڵك كه‌وتووه‌ به‌ڵام هیچ كه‌سێك قه‌ره‌بونه‌كراوه‌ته‌وه‌، بۆیه‌ له‌ هه‌وڵدان قه‌ره‌بوو وه‌ربگرن و جوتیاران بتوانن باخ و كێڵگه‌كانیان ببوژێننه‌وه‌.

به‌پێی به‌دواداچونه‌كانی (كه‌ركوك ناو) بژێوی و كاری نزیكه‌ی 400 جوتیار له‌سه‌ر ئه‌و باخ و زه‌وییه‌ كشتوكاڵییانه‌ بووه‌ كه‌ وشككراون و زیانیان به‌ركه‌وتووه‌.

له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا به‌وته‌ی ئه‌نجومه‌نی گوندی ئیسڵاح ئۆپه‌راسیۆنه‌كان "ئارامی بۆ ناوچه‌كه‌مان گه‌ڕاندۆته‌وه‌، ئێستا جارێكیتر جوتیاران ده‌توانن بچنه‌وه‌ سه‌ر زه‌وی و باخه‌كانیان كه‌ به‌هۆی هه‌بونی داعش و خۆحه‌شاردانیان له‌ چه‌مه‌كاندا خه‌ڵك نه‌یانده‌وێرا بچنه‌ سه‌ر زه‌وییه‌كانیان" سه‌یف ستار واده‌ڵێت.

 

له‌ سه‌ره‌تای ئه‌مساڵه‌وه‌ ده‌یان كرده‌وه‌ی توندوتیژی له‌ خانه‌قین و ناوچه‌كانی ده‌وروبه‌ری تۆماركراون؛ كه‌ به‌هۆیه‌وه‌ زیاتر له‌ 15 چه‌كداری سوپا و حه‌شدی شه‌عبی كوژراون و چه‌ندین كه‌سی تر برینداربون، جگه‌ له‌و زیانانه‌ی به‌ر ماڵ و سامانی هاوڵاتیانی گوندنشین كه‌وتووه‌.

دوایین روداو، چه‌ند رۆژێك دوای كۆتاییهاتنی ئۆپه‌راسیۆنه‌كه‌ و شه‌وی 20ی نیسانی 2021 بوو له‌ گوندی عه‌لی سه‌باهی باكوری خۆرئاوای خانه‌قین، كاتێك ژماره‌یه‌ك چه‌كداری "داعش" هێرشیانكرد و خه‌ڵك روبه‌ڕویان بونه‌وه‌، به‌هۆیه‌وه‌ دوو برا برینداربون، سێ ئۆتۆمبێل و دوو خانوو سوتێنران، فیشه‌كیش به‌ر ژماره‌یه‌ك گامێش كه‌وت و مرداربونه‌وه‌.

هه‌مان شه‌و بۆمبێكی چێنراو به‌ ئۆتۆمبێلی سوپادا ته‌قییه‌وه‌ له‌كاتی به‌هاناوه‌چونی خه‌ڵكی گونده‌كه‌، جگه‌له‌وه‌ی به‌ چه‌كی قه‌ناسیش روبه‌ڕوی ته‌قه‌كردن بونه‌وه‌، له‌ ئه‌نجامدا چوار ئه‌فسه‌ر و سه‌رباز برینداربون.

عه‌بدوڵا عه‌تیبی، لێپرسراوی راگه‌یاندنی لیوای 28 حه‌شدی شه‌عبی كه‌ ئێستا له‌ باكور و باكوری خۆرئاوای خانه‌قین جێگیربون به‌ (كه‌ركوك ناو)ی وت "ئۆپه‌راسیۆنه‌ بۆته‌ هۆی گه‌ڕاندنه‌وه‌ی ئارامی و سه‌قامگیری بۆ باكوری جه‌له‌ولا و ناوچه‌كانی باكور و باكوری خۆرئاوای خانه‌قین" ئه‌و ده‌ڵێت له‌ ئۆپه‌راسیۆنه‌كه‌ گرنگتر "پاراستنی ده‌ستكه‌وته‌كانیه‌تی له‌رێی پارێزگاریی و چاودێری زیاتره‌وه‌".

فه‌رمانده‌ و لێپرسراوه‌ ئه‌منییه‌كان ئاماده‌نین دان به‌ وشككردنی باخ و بڕینه‌وه‌ی داره‌كانی ناوچه‌كه‌دا بنێن ته‌نیا ده‌ڵێن له‌ پێناو نه‌هێشتنی مۆڵگه‌ و شوێنی خۆحه‌شاردانی داعش هه‌رچییه‌ك پێویست بێت و هه‌ر رێگه‌یه‌ك گونجاو بێت ده‌یگرنه‌به‌ر.

عه‌تیبی وتی "ئێستا خه‌ڵك به‌ زانیاری هاوكاری ئێمه‌ ده‌كه‌ن و ئێمه‌ش هاوكاریانین، ... له‌چوارچێوه‌ی ئه‌و ئۆپه‌راسیۆنه‌شدا له‌ نزیك گونده‌كانی ئیسڵاح و قایه‌ پردێكمان له‌ نێوان جه‌له‌ولا و خانه‌قین له‌سه‌ر روباری سیروان دانا تا بۆ هاتوچۆی خه‌ڵك و هه‌روه‌ها بۆ ئاسانكاری جوڵه‌ی هێزه‌ ئه‌منییه‌كان سودی لێببینرێت".

 

هێزه‌ ئه‌منییه‌كان سێ هێڵی چاودێری و به‌دواداچونیان دوای ئۆپه‌راسیۆنه‌كه‌ دروستكردووه‌.

"یه‌كه‌م هێڵ بۆ گه‌ڕانی مه‌یدانییه‌ به‌دوای تیرۆریستیاندا، دوه‌میان بۆ توندكردنی خاڵه‌ سه‌ربازییه‌كان و سێیه‌میان چاودێری جوڵه‌ی داعشه‌ له‌رێی كامێرای حه‌راری و چاودێری فڕۆكه‌ی درۆنه‌وه‌" به‌وته‌ی سه‌ید سادق.

وته‌بێژی میحوه‌ری دیاله‌ی حه‌شدی شه‌عبی وتیشی "له خانه‌قین و له‌ نێو چه‌مه‌كاندا ژماره‌یه‌كی زۆر مۆڵگه‌ی داعش خاپوركران، كه‌ره‌سته‌ و ته‌قه‌مه‌نی و بۆمبیشمان دۆزییه‌وه‌".

هه‌مان ئۆپه‌راسیۆن له‌ چه‌ند ناوچه‌یه‌كی پارێزگاكانی كه‌ركوك و سه‌ڵاحه‌دینیش به‌ڕێوه‌چون.

سه‌رباری تۆماركردنی روداوی دیكه‌ی ئه‌منی دوای ئۆپه‌راسیۆنه‌كه‌، به‌ڵام سه‌ید سادق دڵنیایی به‌ هاوڵاتیان ده‌دات و ده‌ڵێت "ئیتر ئه‌سته‌مه‌ داعش بتوانێت وه‌ك پێشتر كرده‌وه‌ی توندوتیژی ئه‌نجامبدات، چونكه‌ حه‌شارگه‌ و كه‌ره‌سته‌ سه‌ربازییه‌كانیشیان له‌ده‌ستدا".

له‌ دوای 2003وه‌ دۆسیه‌ی ئه‌منی قه‌زای خانه‌قینی پارێزگای دیاله‌ به‌ده‌ست پۆلیس و هێزه‌ سه‌ربازییه‌كانی هه‌رێمی كوردستانه‌وه بوو تا گه‌ڕانه‌وه‌ی سوپا و هێزه‌كانی تری سه‌ر به‌ حكومه‌تی ناوه‌ندی عیراق له‌ 16ی ئۆكتۆبه‌ری 2017دا.

  • FB
  • Instagram
  • Twitter
  • YT