دواى حه‌وت ساڵ ده‌ربه‌ده‌ریی
ئێزیدییه‌كان به‌سه‌ر په‌نابه‌ری، ئاواره‌یی و گه‌ڕانه‌وه‌دا دابه‌شبون

نه‌ینه‌وا/ 27ی ته‌مموزی 2020/ منداڵانی ئاواره‌ی ئێزیدی له‌ كه‌مپی شێخان فۆتۆ: وه‌زاره‌تی كۆچ و كۆچبه‌رانی عیراق

وه‌لا حه‌مدانی – نه‌ینه‌وا

زۆرێك له‌ ئێزیدییه‌كان هێشتا نایانه‌وێت بگه‌ڕێنه‌وه‌ سه‌ر ماڵ و حاڵی خۆیان له‌ قه‌زای شنگال (خۆرئاوای پارێزگای نه‌ینه‌وا)، ئه‌وه‌ش دوای نزیكه‌ی حه‌وت ساڵ له‌ ئاواره‌یی زۆره‌ملێ له‌سه‌ر ده‌ستی داعش.

به‌شێكیان ده‌یانه‌وێت له‌ كه‌مپه‌كانی ئاواره‌یی هه‌رێمی كوردستان بمێننه‌وه‌، هه‌ندێكیان بژارده‌ی گه‌ڕانه‌وه‌ بۆ شوێنی گه‌وره‌بونیان هه‌ڵده‌بژێرن سه‌رباری كه‌می خزمه‌تگوزاری و وێرانكارییه‌كانی شه‌ڕ، ئه‌وانی دیكه‌ش به‌ یه‌كجاری زێدی خۆیان به‌جێده‌هێڵن و به‌ره‌و ده‌ره‌وه‌ی عیراق كۆچ ده‌كه‌ن.

نه‌بونی ژێرخان

سه‌رباری كۆنتڕۆڵكردنه‌وه‌ی قه‌زای شنگال، گه‌وره‌ترین شاری زۆرینه‌ ئێزیدی عیراق له‌ تشرینی یه‌كه‌می 2015دا، به‌ڵام به‌شێكی زۆر له‌ دانیشتوانه‌كه‌ی له‌ كه‌مپه‌كانی هه‌رێمی كوردستان له‌وانه‌ بێرسیڤ، كه‌به‌رتوو، ئیسیان و كه‌مپه‌كانی دیكه‌ی دهۆك، هه‌ولێر و سلێمانی نیشته‌جێن.

"27 هه‌زار و 164 خێزانی ئێزیدی هێشتا له‌ كه‌مپه‌كانی ئاواره‌یی شاره‌كانی هه‌رێمی كوردستاندا ماونه‌ته‌وه‌" به‌وته‌ی جه‌عفه‌ر سه‌مۆ، به‌ڕێوه‌به‌ری ئه‌وقافی ئێزیدییان له‌ پارێزگای دهۆك.

نه‌مانی متمانه‌ی ئێزیدییه‌كان به‌حكومه‌ت وایكردووه‌ له‌ گه‌ڕانه‌وه‌ دودڵ بن

نه‌سر حه‌جی، چالاكوانی ئێزیدی هۆكاری نه‌گه‌ڕانه‌وه‌ی ئێزیدییه‌كان ده‌گه‌ڕێنێته‌وه‌ بۆ ئه‌و وێرانكارییه‌ زۆره‌ی به‌ر ژێرخانی شنگال كه‌وتووه‌، له‌گه‌ڵ گرنگی پێنه‌دانی هه‌ردوو حكومه‌تی فیدراڵی و هه‌رێمی كوردستان به‌ شاره‌كه‌ و خه‌ڵكه‌كه‌ی.

"له‌ده‌ستدانی متمانه‌ی ئێزیدییه‌كان به‌و حكومه‌ته‌ یه‌ك له‌دوا یه‌كانه‌ی ده‌سه‌ڵاتیان به‌سه‌ر شنگالدا هه‌بووه‌ وایكردووه‌ خه‌ڵك له‌گه‌ڕانه‌وه‌ دودڵ بن" حه‌جی بۆ (كه‌ركوك ناو) وتیشی "ئێزیدییه‌كان ساڵانێكه‌ هیچ چاره‌سه‌رێكی واقیعییان هه‌ستپێنه‌كردووه‌ له‌و به‌دبه‌ختییه‌ ده‌ریانبهێنێت".

camp-18
دهۆك/ 2019/ كه‌مپی كه‌به‌رتوو كه‌ زۆرینه‌ی دانیشتوانه‌كه‌ی ئێزیدین فۆتۆ: عه‌مار عه‌زیز

ئه‌و چالاكوانه‌ پێیوایه‌ حكومه‌تی فیدراڵی ئاوڕی له‌ ئێزیدییه‌كان نه‌داوه‌ته‌وه‌ به‌ڵكو به‌ په‌رته‌وازیی له‌ نێو كه‌مپه‌كانی ئاواره‌یی هه‌رێمی كوردستان و وڵاتاندا به‌جێیانهێشتون.

ئێزیدییه‌كان به‌ ناچاری ماڵ و حاڵی خۆیان به‌جێهیشت، كاتێك داعش له‌ 3ی ئابی 2014دا ده‌ستیگرت به‌سه‌ر شنگال و ناوچه‌كانی دیكه‌یاندا له‌ پارێزگای نه‌ینه‌وا، به‌وهۆیه‌وه‌ روبه‌ڕوی هه‌ڵمه‌تی گه‌وره‌ی كوشتن و رفاندن و تاڵانی بونه‌وه‌.

فره‌ هێزی ئه‌منی و جێبه‌جێنه‌كردنی رێككه‌وتنی شنگال

دوور له‌ خزمه‌تگوزاریی، ئاواره‌ ئێزیدییه‌كان له‌ فره‌ هێزی چه‌كدار ده‌ترسن كه‌ ده‌ستیان به‌سه‌ر قه‌زاكه‌دا گرتووه‌.

"هیچ هێزێكی ئه‌منیی نییه‌ به‌ ته‌نیا باڵاده‌ست بێت و بتوانێت قسه‌ی كۆتایی له‌باره‌ی شنگاله‌وه‌ بكات" به‌وته‌ی داود جوندی، لێپرسراوی یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان له‌ شنگال.

پێشیوایه‌ ئه‌و بارودۆخه‌ "سه‌ر له‌ هاوڵاتیانی شنگالی ده‌شێوێنێت" هه‌رچه‌نده‌ بارودۆخی ئه‌منی "نیمچه‌ سه‌قامگیره‌".

له‌ شنگال چه‌ندین هێزی چه‌كدار هه‌ن له‌وانه‌ سوپا، پۆلیسی فیدراڵی، گروپه‌كانی سه‌ر به‌ حه‌شدی شه‌عبی و هێزه‌كانی دیكه‌ی نزیك له‌ پارتی كرێكارانی كوردستان (په‌كه‌كه‌).

حكومه‌تی فیدراڵی له‌ تشرینی یه‌كه‌می 2020دا رێككه‌وتنێكی له‌گه‌ڵ حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان واژۆكرد بۆ رێكخستنه‌وه‌ی كاروباری ئیداریی و ئه‌منی له‌ قه‌زاكه‌دا، به‌ڵام ئه‌و رێككه‌وتنه‌ روبه‌ڕوی دژایه‌تی زۆر بۆوه‌.

به‌وته‌ی لێپرسراوه‌كه‌ی یه‌كێتی ئه‌و رێككه‌وتنه‌ "زه‌مینه‌ بۆ دوباره‌ ئاوه‌دانكردنه‌وه‌ی شاره‌كه‌ خۆشده‌كات"، به‌ڵام "تائێستا كاری پێنه‌كراوه‌ و هێشتا هه‌ر مه‌ره‌كه‌بی سه‌ر كاغه‌زه‌".

bazga-2
شنگال/ ئازاری 2021/‌ بازگه‌ی جیدالێی سنوری ناحیه‌ی گرعوێز، دوای بارگرژیی له‌ نێوان هێزه‌كانی سوپا و لایه‌نگرانی ئه‌نجومه‌نی خۆبه‌ڕێوه‌به‌ری فۆتۆ: كه‌ركوك ناو

"خاكی باووباپیرانمان به‌جێناهێڵین"

دوای كۆنتڕۆڵكردنه‌وه‌ی قه‌زاكه‌ له‌ده‌ستی داعش، ژماره‌یه‌كی كه‌م له‌ شنگالییه‌كان گه‌ڕانه‌وه‌، به‌ڵام بڵاوبونه‌وه‌ی ڤایرۆسی كۆرۆنادا له‌ ساڵی رابردودا گه‌ڕانه‌وه‌ی ئاواره‌كانی زیاتر كرد.

تائێستا نزیكه‌ی "سێیه‌كی ئاواره‌كان بۆ قه‌زاكه‌ گه‌ڕاونه‌ته‌وه‌"، به‌پێی زانیارییه‌كانی لێپرسراوی یه‌كێتیی له‌ شنگال.

سێیه‌كی ئاواره‌كان بۆ قه‌زاكه‌ گه‌ڕاونه‌ته‌وه‌

"ئێمه‌ ژیانكردنمان له‌ شنگال هه‌ڵبژارد، خاكی باووباپیرانمان به‌جێناهێڵین، ژیانیش له‌شاره‌كه‌دا به‌بێ گه‌ڕانه‌وه‌ی خه‌ڵكه‌كه‌ی ئاسایی نابێته‌وه‌"  جه‌لال خدر، یه‌كێك له‌و هاوڵاتیانه‌ی بۆ كۆمه‌ڵگه‌ی تل به‌ناتی باشوری شنگال گه‌ڕاوه‌ته‌وه‌ بۆ (كه‌ركوك ناو) وای وت.

ئه‌و ژیانی نێو كه‌مپ وا باس ده‌كات هاوشێوه‌ی "زیندانه‌ و به‌رده‌وام ده‌ترسی ئاگربكه‌وێته‌وه‌ به‌هۆی ئه‌و خێوه‌ته‌ قوماشه‌ی تیایدا نیشته‌جێی".

ده‌رباره‌ی هۆكاره‌كانی گه‌ڕانه‌وه‌ی بۆ شنگال وتی "له‌پێناو ده‌ستپێكردنه‌وه‌ی ژیانێكی نوێ و ده‌رفه‌تی كار بۆ خۆم و منداڵه‌كانم گه‌ڕامه‌وه‌، مرۆڤ له‌ ماڵه‌كه‌ی خۆیدا نه‌بێت پشوو نادات".

گه‌ڕانه‌وه‌ی جه‌لال به‌ده‌ر نه‌بوو له‌ "زه‌حمه‌تی"، ئه‌و ژیانكردن له‌ شنگال به‌ "هه‌ندێك زه‌حمه‌ت" وه‌سفده‌كات، چونكه‌ ژێرخانی قه‌زاكه‌ "وێرانه‌یه‌" و خزمه‌تگوزارییه‌ سه‌ره‌كییه‌كان به‌ شێوه‌یه‌كی "باش" به‌ هاوڵاتیان ناگه‌ن.

sanjar-1
نه‌ینه‌وا/ وێرانكارییه‌كانی شه‌ڕ له‌ ناوه‌ندی قه‌زای شنگال فۆتۆ: تایبه‌ت به‌ كه‌ركوك ناو

"ئه‌گه‌ر شنگال ئاوه‌دان بكرایه‌وه‌ و پێداویستییه‌كانی ژیان زیاتر بكرانایه‌ ئه‌وا ژماره‌كی زۆر زیاتر ئاواره‌ ده‌گه‌ڕانه‌وه‌" به‌وته‌ی قاسم خه‌ڵه‌ف، یه‌كێك له‌وانه‌ی گه‌ڕاوه‌ته‌وه‌ بۆ كۆمه‌ڵگه‌ی دوهێلا له‌ ناحیه‌ی شیمالی قه‌زای شنگال.

هه‌روه‌ها پێشیوایه‌ فره‌ حزبی له‌ قه‌زاكه‌ "بۆته‌ سه‌رچاوه‌ی ترسی زۆر بۆ خه‌ڵكی كه‌مپ".

"خه‌ڵكانێكیش هه‌ن به‌سه‌ر ئه‌و بارودۆخه‌دا زاڵ بون و گه‌ڕاونه‌ته‌وه‌" خه‌ڵه‌ف واده‌ڵێت، رووی ده‌می له‌ ئاواره‌كانی كه‌مپ كرد و وتی "ژیان ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ بۆ شنگال و به‌ گه‌ڕانه‌وه‌ی ئێوه‌ جوانتر ده‌بێت، ئه‌مه‌ خاكی ئێمه‌ و شوێنی سه‌ره‌كییمانه‌ و ئه‌ركی سه‌رشانمانه‌ بیپارێزین".

مه‌حما خه‌لیل، قایمقامی قه‌زای شنگال ده‌ڵێت به‌ربه‌سته‌ سیاسی و ئه‌منیی و خزمه‌تگوزارییه‌كان رێگرن له‌ گه‌ڕانه‌وه‌ی ئاواره‌كان.

به‌پێی ئامارێكی نوسینگه‌ی رزگاركردنی رفێنراوانی ئێزیدی سه‌ر به‌ حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان كه‌ 15ی شوباتی 2021 بڵاویكرده‌وه‌، "360 هه‌زار ئێزیدی دوای هێرشه‌كانی داعش بۆ شنگال ئاواره‌بون و ته‌نیا 150 هه‌زاریان بۆ قه‌زاكه‌ گه‌ڕاونه‌ته‌وه‌". 

"له‌گه‌ڵ ئه‌ڵمانیادا به‌راورد ناكرێت"

"قه‌ت بیر له‌ گه‌ڕانه‌وه‌ ناكه‌مه‌وه‌، سه‌رباری ئه‌وه‌ی كه‌سوكارم له‌ عیراق ماونه‌ته‌وه‌" نزار به‌هجه‌ت (29 ساڵ) وای وت، دوای هه‌ڵبژاردنی ژیانی په‌نابه‌ری وه‌ك ئێزیدییه‌ك له‌ ئه‌ڵمانیا.

به‌هجه‌ت دوای روداوه‌كانی هاوینی 2014 ماڵه‌كه‌یی و عیراقی به‌ره‌و ئه‌ڵمانیا به‌جێهێشت.

به‌هۆی كۆچه‌وه‌ ئه‌و گه‌نجه‌ نه‌یتوانی خوێندنه‌كه‌ی له‌ زانكۆی موسڵ ته‌واو بكات، پێیوایه‌ جارێكیتر زه‌حمه‌ته‌ بۆ شاره‌كه‌ی بگه‌ڕێته‌وه‌، به‌هۆی ئه‌و "بارودۆخه‌ بوركانییه‌"ی عیراقی پێدا تێده‌په‌ڕێت و له‌ هه‌ر ساتێكدا بێت ده‌ته‌قێته‌وه‌.

هه‌روه‌ها وتی "نه‌بونی سه‌قامگیری ئه‌منی و ئابوری له‌ ناوچه‌كانی ئێزیدیی به‌راورد به‌ ئه‌ڵمانیا كه‌ تیایدا نیشته‌جێم، ویكردووه‌ په‌نابه‌ران بیر له‌ گه‌ڕانه‌وه‌ نه‌كه‌نه‌وه‌".

به‌پێی ئاماره‌كانی نوسینگه‌ی رزگاركردنی رفێنراوانی ئێزیدی ئه‌وانه‌ی له‌ روداوه‌كانی 2014ـه‌وه‌ كۆچیان كردووه‌ بۆ ده‌ره‌وه‌ی عیراق زیاتر له‌ 110 هه‌زار ئێزیدیین.

ئێزیدییه‌كان راو بۆچونیان جیاوازه‌ له‌سه‌ر بڕیاری گه‌ڕانه‌وه‌ بۆ شنگال؛ به‌ڵام كۆكن له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی قه‌زاكه‌ ئه‌و ئاوه‌دانی و ژێرخانه‌ی نییه‌ هانی خه‌ڵكه‌كه‌ی بدات بگه‌ڕێنه‌وه‌ و له‌وێ ژیانی ئاسایی ده‌ستپێبكه‌نه‌وه‌.

  • FB
  • Instagram
  • Twitter
  • YT