خەڵكی قەرەتەپە دڵخۆشن بەو پڕۆژە خزمەتگوزارییانەی لە ناحییەكەیاندا ئەنجامدەدرێن، كە دوو دەیەیە بەو شێوەیە خزمەتی ئەو ناحیەیە نەكراوە، لە چاككردنی رێگاوبانەكان، قیرتاوكردنی كۆڵان و شەقامەكان، لەگەڵ ئاوەڕۆ و تەرخانكردنی روبەرێك بۆ سەوزایی.
لە كۆتایی ساڵی 2019 تا سەرەتای 2021 ئیدارەی ناحیەكە 11 پڕۆژەی خزمەتگوزاریی لەو ناحیەیە تەواوكردووە و كاری تیایدا دەكەن، ئەوەش بەپێی ئامارێكی شارەوانی قەرەتەپە، بڕیاریشە لە ئەمساڵدا ژمارەیەك پڕۆژەی تر بكرێن.
مەحمود حەمادی، دانیشتوی گەڕەكی مەشروع لە قەرەتەپە، سەرەتای ئەم هەفتەیە بۆ یەكەمجار شارەوانی ئاوەڕۆی بۆ گەڕەكەكەیان راكێشاو بەردەم ماڵەكەیانی قیرتاوكرد، ئەوەش بۆ خێزانەكەی ئەوپەڕی دڵخۆشییە لەوەتەی لەو گەڕەكە دەژین.
"بۆنی زێراب لە هاویندا و قوڕ و چڵپاو لە سزتاندا هەراسانی كردبوین، ئێستا منداڵەكانم دەتوانن بچنە دەرەوە و یاری بكەن بەبێ ئەوەی جلەكانیان بە تۆز و خۆڵ پیس بێت، خۆشمان دەتوانین هەوایەكی پاك هەڵمژین".
ئێستا منداڵەكانم دەتوانن بچنە دەرەوە و یاری بكەن
"شۆستەكان چاككراونەتەوە و شوێنی باخچە و چیمەن جیاكراونەتەوە، ئەمە هەستێكی خۆشە بۆ ئێمە و پێشتر ئەم خزمەتگوزارییانە نەبوو".
قەرەتەپە ناحیەیەكی سەر بە قەزای خانەقینە لە پارێزگای دیالە، دانیشتووانەكەی 50 هەزار كەس دەبن و دابەشبون بەسەر 10 گەڕەك و گوندەكانی دەوروبەریدا.
دانیشتووانەكەی لە كورد، عەرەب و توركمان پێكهاتون و ناحییەكەش لە دەیەی رابردودا یەكێك بوو لە پشتگوێخراوترین ناحیەكانی عیراق لەڕوی خزمەتگوزارییەوە.
لە ساڵی 2019ەوە حكومەت و ئیدارەی پارێزگای دیالە بودجەی چەند پڕۆژەیەكی خزمەتگوزاریی بۆ دابینكرد و لەوكاتەوە 11 پڕۆژەی تیادا ئەنجامدراوە، ئەوەش لە رێگاوبان، بنكەی تەندروستی، ئاوەڕۆ و قیرتاوكردنی كۆڵانەكان و لە ئێستاشدا كاردەكەن بۆ زیاكردنی روبەری سەوزایی.
محەمەد کەریم، بەڕێوەبەری شارەوانی قەرەتەپە وتیشی "چەند شوێنێكی كەممان ماوە، ئەگینا خزمەتگوزاریی قیرتاوكردنی كۆڵان و ئاوەڕۆ بۆ زۆربەی گەڕەكەكان رۆیشتووە، بۆ ئەمساڵ كە بڕیارە لە مانگی تەمموز بودجەی ترمان بۆ بێت، زیاتر خەریکى روبەری سەوزایی و جوانكردنی شار دەبین لە باخچە و نافورا و جوانكردنی دەروازەی شار، هەروەها دەستمانكردووە بە دروستكردنی چەند جووت سایدێك لە دەروازەكانی شار".
چەند شوێنێكی كەممان ماوە، ئەگینا خزمەتگوزاریی قیرتاوكردنی كۆڵان و ئاوەڕۆ بۆ زۆربەی گەڕەكەكان رۆیشتووە
پڕۆژەكان بەشێكی لەسەر بودجەی سندوقی ئاوەدانكردنەوە و بودجەی پەرەپێدانی هەرێمەكان بووە، ئەوەی تر لەلایەن ئیدارەی پارێزگای دیالەوە تەرخانكراوە، ئەوەش بەپێی بەڕێوەبەری شارەوانی قەرەتەپە.
ئەو جەختیكردەوە لەوەی بەشێكی تر لە پڕۆژەكانیان لەسەر داهاتی ئاو و كارەبای ناحیەكەیە.
وەسفی مورتەزا، بەڕێوەبەرى ناحیەى قەرەتەپە، بە (كەركوك ناو)ی وت "خزمەتگوزاریی دەبەینە هەموو كوچە و كۆڵانێكی ناحیەكە، لە پارك، باخچە و باشكردنی تۆڕەكانی كارەبا... دەبوو ئەم پڕۆژانە لە ساڵی 2020 تەواو بوایە، بەڵام ڤایرۆسی كۆرۆنا بەشێكی دواخست، ساڵی 2021 هیچ گەڕەكێك بەبێ خزمەتگوزاریی بەجێناھێڵین و ئامانجی سەرەكیمان بۆ ئەمساڵ، گرنگیدانە بە باخچە و زیادكردنی روبەڕی سەوزایی و رێگاكانی دەروازە شار".