خه‌ڵكی گرعوزێر بێ كاره‌با و بێ ئاون

نه‌ینه‌وا، حوزه‌یرانی 2020، گه‌ڕانه‌وه‌ی خێزانێكی ئاواره‌ بۆ گرعوزێر له‌ شنگال فۆتۆ: ئیبراهیم ئێزیدی

عه‌مار عه‌زیز – شنگال

هێشتا وزه‌ی كاره‌با و ئاوی خواردنه‌وه‌ به‌ ناحیه‌ی گرعوزێر (قه‌حتانییه‌) نه‌گه‌یشتون له‌ باشوری قه‌زای شنگال، ئه‌وه‌ش بۆته‌ "كێشه‌یه‌كی سه‌ره‌كی بۆ ئه‌و خێزانانه‌ی گه‌ڕاونه‌ته‌وه‌".

جگه‌ له‌ كاره‌با و ئاو، زۆربه‌ی كه‌رته‌كانی تری خزمه‌تگوزاری له‌ گرعوزێر وێران بون، هه‌ر ئه‌وه‌ش وایكرد تا ته‌مموزی 2019 هیچ خێزانێكی ئاواره‌ بۆ ناحیه‌كه‌ نه‌گه‌ڕێته‌وه‌.

"له‌ نۆ مانگی رابردودا زیاترله‌ 480 خێزانی ئاواره‌ گه‌ڕاونه‌ته‌وه‌ بۆ ناوه‌ندی ناحیه‌ی گرعوزێر، به‌ڵام هیچ خزمه‌تگوزارییه‌كیان پێنه‌گه‌یشتووه‌، سه‌رباری پێویستی زۆری خه‌ڵك به‌و خزمه‌تگوزارییانه‌" خودێدا جه‌میل حه‌مۆ، كه‌ ماوه‌یه‌كه‌ گه‌ڕاوه‌ته‌وه‌ زێدی خۆی بۆ (كه‌ركوك ناو) وای وت.

له‌ نۆ مانگی رابردودا زیاترله‌ 480 خێزانی ئاواره‌ گه‌ڕاونه‌ته‌وه‌ به‌ڵام هیچ خزمه‌تگوزارییه‌كیان پێنه‌گه‌یشتووه‌

سه‌عد ئیبراهیم، دوای چه‌ند ساڵێك له‌ ژیانی ئاواره‌یی كه‌مپه‌كانی هه‌رێمی كوردستان به‌مدواییانه‌ گه‌ڕاوه‌ته‌وه‌ بۆ كۆمه‌ڵگه‌ی سیبا شێخ خدر له‌ گرعوزێر و به‌ (كه‌ركوك ناو)ی وت "خزمه‌تگوزاری نییه‌ و ئه‌و پرۆژانه‌ی هه‌یه‌ زۆر كه‌من به‌راورد به‌ ژماره‌ی ئه‌و كه‌سانه‌ی گه‌ڕاونه‌ته‌وه‌".

ده‌وروبه‌ری پێنج هه‌زار كه‌س گه‌ڕاونه‌ته‌وه‌ بۆ ناحیه‌ی گرعوزێر و كۆمه‌ڵگه‌كانی سیبا شێخ خدر، گرزه‌رك و ره‌مبوسیێ كه‌ هه‌مویان بێ كاره‌با و بێ ئاوی خواردنه‌وه‌ن، به‌وته‌ی ئیبراهیم.

 

كاره‌بای نیشتمانی نییه و ئاوی خواردنه‌وه‌ كه‌مه‌

خه‌ڵكی ناوچه‌كه‌ داوا له‌ لایه‌نی به‌رپرس و رێكخراوه‌ ناوخۆیی و نێوده‌وڵه‌تییه‌كان ده‌كه‌ن خزمه‌تگوزارییه‌كانی وه‌ك كاره‌با و ئاوی خواردنه‌وه‌یان بۆ دابینبكه‌ن.

grozer
شنگال، ته‌مموزی 2019، گه‌ڕانه‌وه‌ی خێزانێك بۆ گرعوزێر دوای پێنج ساڵ له‌ ئاواره‌یی فۆتۆ: ئیبراهیم ئێزیدی

مازن خه‌لیل عیدۆ، یه‌كێك له‌و كه‌سانه‌ی بۆ گرعوزێر گه‌ڕاوه‌ته‌وه‌ بۆ (كه‌ركوك ناو) وتی ناحیه‌كه هیچ كاره‌بایه‌كی نیشتمانی پێنه‌گه‌یشتووه‌، سه‌رباری ئه‌وه‌ی دانیشتوانه‌كه‌ی زیاتر له‌ ساڵێكه‌ گه‌ڕاونه‌ته‌وه‌.

هێرشه‌كانی داعش و شه‌ڕی هێزه‌ عیراقییه‌كان دژ به‌و رێكخراوه‌، ته‌واوی هێڵه‌كانی كاره‌بای له‌ ناحیه‌ی گرعوزێر شنگال وێران كردووه‌، بۆیه‌ پشت به‌ مۆلیده‌ ده‌به‌سترێت، ئه‌وه‌ش بۆ چه‌ند كاتژمێرێك و ته‌نیا بۆ كارپێكردنی ئامێره‌ كاره‌باییه‌ زۆر پێویسته‌كانی ناوماڵ.

ئاوی شیاو بۆ خواردنه‌وه‌ش له‌ ناحیه‌كه‌دا نییه‌ و ته‌نیا تانكه‌رێك رۆژانه‌ ئاو به‌سه‌ر دانیشتوانه‌كه‌یدا دابه‌شده‌كه‌ن، به‌وته‌ی عیدۆ.

ئاوی خواردنه‌وه‌ نییه‌ و ته‌نیا تانكه‌رێك رۆژانه‌ ئاو به‌ خه‌ڵك ده‌گه‌یه‌نێت

گرعوزێر (خۆرئاوای پارێزگای نه‌ینه‌وا) وه‌ك ناوچه‌كانی دیكه‌ی ئێزیدی له‌ ئابی 2014دا روبه‌ڕوی هێرشی به‌رفراوانی داعش بونه‌وه‌ و له‌ ئه‌نجامدا وێرانكاریی زۆر و ئاواره‌یی به‌دواداهات.

نزیكه‌ی ساڵێكه‌ ئازاد حسێن له‌ ئاواره‌ییه‌وه‌ گه‌ڕاوه‌ته‌وه‌ بۆ زێدی خۆی، كه‌ گوندی عه‌زیزی كۆنه‌ له‌ گرعوزێر، له‌وكاته‌وه‌ خزمه‌تگوزارییه‌ سه‌ره‌تاییه‌كانی وه‌ك ئاو و كاره‌بای پێنه‌گه‌یشتووه‌.

ئه‌و ده‌ڵێت ناوچه‌كه‌ خزمه‌تگوزاریی دیكه‌شی تێدا نییه‌، وه‌ك باخچه‌، باخچه‌ی منداڵان ته‌نانه‌ت چاندنی دار و دره‌ختیش نه‌ماوه‌.

داوای هاوكاری له‌ رێكخراوه‌ خێرخوازییه‌كان كرد و وتی "خۆشحاڵین به‌ هاتنی هه‌ر كه‌س و رێكخراو و لایه‌نێك بۆ جێبه‌جێكردنی پرۆژه‌" له‌وه‌شدا وه‌ك ئازاد ده‌ڵێت خه‌ڵك هاوكارییان ده‌كه‌ن.

 

به‌ڵێنه‌كانی حكومه‌ت

"زیاتر له‌ مانگێكه‌ كاركردن له‌ پرۆژه‌ی به‌ستنه‌وه‌ی گرعوزێر به‌ تۆڕی كاره‌بای نیشتمانییه‌وه‌ به‌رده‌وامه‌ و سه‌دا 90ی كاره‌كان ته‌واو بون" به‌وته‌ی خودێدا حه‌سه‌ن، به‌ڕێوه‌به‌ری ناحیه‌ی گرعوزێر.

ده‌رباره‌ی تۆڕه‌كانی دابه‌شكردنی كاره‌با و گه‌یشتنی وزه‌ به‌ ماڵان، خودێدا حه‌سه‌ن به‌ (كه‌ركوك ناو)ی وت "هه‌فته‌ی داهاتوو كاره‌بای نیشتمانی به‌ هاوڵاتیانی نیشته‌جێی ناوه‌ندی ناحیه‌كه‌ ده‌گات، به‌ڵام ده‌وروبه‌ری ناحیه‌كه‌ و گوند و كۆمه‌ڵگه‌كان دره‌نگتر ده‌كه‌ون".

به‌ر له‌ هێرشی بۆ شنگال و ده‌وروبه‌ری،‌ زیاتر له‌ 10 فه‌رمانگه‌ی حكومی له‌ ناحیه‌ی گرعوزێر هه‌بون، به‌ڵام تائێستا چه‌ند فه‌رمانگه‌یه‌كیان كراونه‌ته‌وه‌.

هه‌فته‌ی داهاتوو كاره‌بای نیشتمانی به‌ هاوڵاتیانی ناوه‌ندی ناحیه‌كه‌ ده‌گات

"كێشه‌ی زۆری دیكه‌مان هه‌یه‌ وه‌ك به‌ داخراوی مانه‌وه‌ی فه‌رمانگه‌ حكومییه‌كان، ئێستا ته‌نیا به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی ناحیه‌ و فه‌رمانگه‌ی ئاو و ناوه‌نده‌ ته‌ندروستییه‌كان كراونه‌ته‌وه‌، ئه‌وانیتر داخراون چونكه‌ فه‌رمانبه‌ره‌كانیان ده‌ستبه‌كارنه‌بونه‌ته‌وه‌ و هێشتا له‌ هه‌رێمی كوردستان ئاواره‌ن" به‌ڕێوه‌به‌ری ناحیه‌ وای وت.

ئازاد حسێن، ئه‌و ئاواره‌یه‌ی گه‌ڕاوه‌ته‌وه‌ بۆ گرعوزێر به‌ ئومێد و متمانه‌وه‌ ده‌ڵێت ئه‌گه‌ر خزمه‌تگوزارییه‌ سه‌ره‌كییه‌كان دابینبكرێن، ئه‌وا خه‌ڵكی شاره‌كه‌ ده‌گه‌ڕێنه‌وه‌ و دوباره‌ ژیانی ئاسایی ده‌ستپێده‌كاته‌وه‌.

  • FB
  • Instagram
  • Twitter
  • YT