رۆژی كرێكارانی جیهان (یەكی ئایار)، ئەو رۆژەیە كە بزوتنەوە كرێكارییەكان و رەوتە چەپەكان لە سەرتاسەری جیهاندا خەباتی كرێكاران و تێكۆشانی ئەو چینە بەرز رادەگرن.
هاوكات (یەكی ئایار) بۆنەیەكیشە بۆ داواكردنی زیاتری مافی كرێكاران و بەدیهێنانی خەونەكانیان.
ڕۆژی (یەكی ئایار) لەنزیكەی (80) وڵاتی جیهاندا پشووی فەرمییە و لەچەندین وڵاتی تریشدا بە نافەرمیی بەرز ڕادەگیرێت.
چەند ڕاستییەك دەربارەی (یەكی ئایار):
لەم رۆژەدا كرێكاران بەشێوازی جیاجیا لەوانە ڕێپێوان، خۆپیشاندان و گردبونەوە یادەكە بەرز ڕادەگرن، جەخت لە بەدەستهێنانی مافەكانیان و جێبەجێكردنی ئەو یاسا و رێنماییانە دەكەن كە وڵاتەكانیان پێوەی پابەندن، هەروەها داوای سزادانی ئەو خاوەنكارانەش دەكەن پابەندی ئەو یاساو رێنماییانە نابن و مافەكانی كرێكاران پێشێلدەكەن.
رۆژی كرێكارانی جیهان؛ رۆژی یادكردنەوەی قوربانیانی رووداوە خوێناوییەكەی "هەی ماركێت"ی شاری شیكاگۆی ویلایەتی ئیلینۆی ئەمریكایە. لەم رۆژەدا و لە ساڵی (1886)دا، تیایدا ژمارەیەك كرێكار لەلایەن پۆلیسەوە كوژران. دوای ئەوەی لە خۆپیشاندانێكی فراواندا كرێكاران كۆبوونەوە بۆ داواكردنی كەمكردنەوەی كاتی كاركردن لەڕۆژێكدا بۆ هەشت كاتژمێر.
هەرچەندە (یەكی ئایار) بۆتە رۆژێكی سەرتاسەریی كرێكاران، بەڵام بۆ یەكەمجار لە 5-9ی 1882دا لە شاری نیویۆرك جەژنی كرێكاران بەرز ڕاگیراوە. پێشتریش، لە ساڵی (1870)دا لە كەنەدا كرێكاران داوای كەمكردنەوەی كاتی كاركردنیان كرد بۆ (9) كاتژمێر و ئەو بۆنەیەش دەبێتە سەرەتای سەرهەڵدانی بیرۆكەی دیاریكردنی رۆژێكی تایبەت بە كرێكاران.
(یەكی ئایار) لەسەرتاسەری عیراق و هەرێمی كوردستان پشووی فەرمییە، كرێكاران و سەندیكاكانی بەرگریكردن لە مافی كرێكاران به خۆپیشاندان و گردبوونەوە داوای مافەكانیان دەكەن، بهڵام ئێستا بههۆی مهترسی ڤایرۆسی كۆرۆنا و قهدهغهی قهرهباڵغی، هیچ چالاكییهكی گشتی سازناكرێت.