494 پێشمەرگەی كریستیان رەوانەی دەشتی نەینەوا دەكرێن

شێخان/ 29ی نیسانی 2021/ خولی مەشق و راهێنان بە سەدان پێشمەرگەی كریستیان. فۆتۆ: راگەیاندنی هێزەكانی زێرەڤانی

كەركوك ناو

وەزارەتی پێشمەرگەی حكومەتی هەرێمی كوردستان، 494 پێشمەرگەی كریستیانی رەوانەی دەشتی نەینەوا دەكات، ئەوەش بۆ "پاراستنی كەنیسە و ناوچە كریستیاننشینەكان"، لەگەڵ پاراستنی ئەوانەی تازە گەڕاونەتەوە.

ئەو پێشمەرگانە لە 29ی نیسان دوای 50 رۆژ لە مەشق و راهێنان لە فێرگەی مەشقی خنس لە شێخان كۆتاییان بە خولەكەیان هێنا و بڕیارە لە ئایندەیەكی نزیكدا لە دەشتی نەینەوا دەستبەكاربن بۆ پاراستنی كریستیانەكان.

لیوا عەزیز وەیسی، فەرماندەی فەرماندەیی پێشمەرگەی زێرەڤانی، لە وتارێكیدا لە كۆتا رۆژی خولەكە، وتی "ئەم پێشمەرگانە هەمویان كریستیانین و سەر بە وەزارەتی پێشمەرگەن و لەژێر ئاڵای هەرێمی كوردستاندا پارێزگاری لە خاك و خەڵك دەكەن".

سەرچاوەیەک كە لێپرسراوێتی هەیە لە فێرگەی مەشق و راهێنانی خنس بە (کەرکوک ناو)ی وت "پێشمەرگەكان 50 رۆژ بە چڕی مەشق و راهێنانیان پێكراوە، خولێكی سەربازی تەواویان بینی، وانەی رۆشنبیری گشتی بواری سەربازیی و جۆرەكانی چەك و شەڕیان پێ وترایەوە، لەگەڵ راهێنانی جەستەیی".

پێشمەرگەكان 50 رۆژ بە چڕی مەشق و راهێنانیان پێكراوە، خولێكی سەربازی تەواویان بینی

وتیشی "هەمویان لە سنوری دەشتی نەینەوا و بەتایبەت لە ناوچە كریستیانەكان لەئەركدا دەبن، بەشێکیان بۆ پاراستنی کەنیسەكان و بەشەکەی تر بۆ پاراستنی ناوچەکەیان و خەڵكەكەی".

peshmargak
شێخان/ 29ی نیسانی 2021/ بەشێك لە مەشق و راهێنانی پێشمەرگەی كریستیان. فۆتۆ: راگەیاندنی هێزەكانی زێرەڤانی

ئەو پێشمەرگانە لە چوارچێوەی هێزەكانی زێرەڤانیدا بڕیارە لە سنوری تلسقۆف و ئەلقوش دەستبەكاربن، لەگەڵ ئەو ناوچانەی دەشتی نەینەوا كە لەژێر دەسەڵاتی هێزەكانی سەر بە حكومەتی هەرێمی كوردستاندایە و دانیشتوانەكەی كریستیانین.

ئەو ناوچە كریستیاننشینانە لە سەردەمی دەسەڵاتدارێتی داعش لە عیراق (2014 - 2017) روبەڕوی وێرانكاریی بونەوە و خەڵكەكەی ئاوارە بون.

لە ئاداری ئەمساڵ، كاتێك پاپا فرانسیس، پاپای ڤاتیكان سەردانی عیراق و لە نێویاندا موسڵ و دەشتی نەینەوای كرد، داوای له‌ كریستیانه‌كان كرد جارێكیتر بۆ زێدی خۆیان بگه‌ڕێنه‌وه‌ و له‌ بنیاتنانه‌وه‌ی ناوچه‌كه‌یاندا به‌شداربن، "چونكه‌ هه‌موو كاتێك ئاشتی له‌ شه‌ڕ به‌هێزتره"، وه‌ك ئه‌و ده‌ڵێت.

پاپا ده‌ركردنی هاوڵاتیانی كریستیانی له‌ ماڵه‌كانیان و ئه‌و زیانانه‌ی به‌هۆی هێرشی گروپه‌ چه‌كدارییه‌كانه‌وه‌ به‌ریانكه‌وت به‌ "تراژیدی" ناوبرد و باسی له‌وه‌كرد، هه‌زاران كه‌س له‌ كریستیان و موسڵمان و ئێزیدیی و ئه‌وانیتر روبه‌ڕوی كوشتن و ئاواره‌یی و وێرانكاری بونه‌ته‌وه‌.

"پێویستە كریستیانه‌كان بگه‌ڕێنه‌وه‌ بۆ موسڵ و رۆڵی خۆیان له‌ دوباره‌ ژیانه‌وه‌ی ناوچه‌كه‌دا ببینن"، پاپا وایوت.

  • FB
  • Instagram
  • Twitter
  • YT