بڕیاری دەستگیركردن بۆ نۆ ئەندام و پاسەوانی بەرەی توركمانی دەرچوو

كه‌ركوك، ئایاری 2018، ناڕه‌زایی لایه‌نگر و ئه‌ندامانی حزبه‌ توركمانیه‌كان دژی كۆمسیۆن به‌هۆی گومانیان له‌ ئه‌نجامی هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانی عیراق فۆتۆ: كه‌ركوك ناو

كەركوك ناو

وەزارەتی ناوخۆی عیراق لەسەر داوای مستەفا كازمی، سەرۆك وەزیران بڕیاردەدات بۆ دەستگیركردنی ژمارەیەك پاسەوان و چەكداری بەرەی توركمانی عیراق، لەنێویاندا كوڕی یەكێك لە لێپرسراوەكانی بەرەی توركمانی، ئەوەش دوای وەرگرتنی بڕیاری دادوەر و بەهۆی هێرشكردنە سەر پۆلیسی فریاكەوتنی كەركوك.

شەوی 5ی ئایار، ژمارەیەك ئەندام و پاسەوانانی بەرەی توركمانی عیراق، هێرشیانكردە سەر مەفرەزەیەكی پۆلیسی فریاكەوتن و سوكایەتییان پێكردن، ئەو روداوەش ناڕەزایی لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكاندا بەدوادا هات و لەسەر هەمان پرس وەزیری ناوخۆی عێراق دەستوەردانی كرد، ئەوەش بەپێی سەرچاوەیەك لە پۆلیسی كەركوك لەسەر داوای سەرۆك وەزیرانی عیراق بووە.

سەرچاوەكە كە ئاگاداری روداوەكەیە و لەبەرئەوەی مافی لێدوانی نییە ئامادەنەبوو ناوی بڵاوبكرێتەوە، بە (كەركوك ناو)ی وت "كاتژمێر 11ی شەو مەفرەزەیەكی پۆلیس لەكاتێكدا سەرقاڵی جێبەجێكردنی بڕیاری قەدەغەی هاتوچۆ بون لە گەڕەكی تسعین، ویستیان رێگریی بكەن لە ژمارەیەك ئەندام و پاسەوانی بەرەی توركمانی عیراق كە بەشێكیان جلوبەرگی سەربازییان لەبەردابووە، بەو هۆیەوە دەمەقاڵی دروستبووە و دواتر سەریكێشاوە بۆ سوكایەتیی و هێرشكردنە سەر پۆلیسەكان".

سەرچاوەكە وتی "ئەو ئەندام و پاسەوانانەی بەرەی توركمانی بە ئۆتۆمبێل و لەكاتی قەدەغەی هاتوچۆدا رۆنساید رۆیشتون و ئامادەنەبون پابەندی بڕیاری قەدەغەی هاتوچۆ بن، لە نێویاندا كوڕی لێپرسراوێكی بەرەی توركمانی هەبوو".

ئەو ئەندام و پاسەوانانەی بەرەی توركمانی بە ئۆتۆمبێل و لەكاتی قەدەغەی هاتوچۆدا رۆنساید رۆیشتون و ئامادەنەبون پابەندی بڕیاری قەدەغەی هاتوچۆ بن

بەپێی گرتەیەكی ڤیدیۆی روداوەكەش، كە لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان بڵاوبۆوە و (كەركوك ناو) پشتڕاستیكردۆتەوە كە بەشێكی روداوەكەیە، تیایدا دەردەكەوێت پاسەوانەكان كە بەشێكیان چەك لەوانەش دەمانچەیان پێیە، پەلاماری پۆلیسەكان دەدەن و لەو روداوەدا تەقەش بە ئاسماندا كراوە، بەڵام رون نییە كام لایەنیان تەقە دەكەن.

سەرچاوەكەی پۆلیس، جەختیكردەوە "لەو روداوەدا یەك دوو پۆلیس بە سوكی بەهۆی شەق و بۆكسەوە برینداربون و رەوانەی نەخۆشخانە كران بۆ وەرگرتنی چارەسەر".

بەپێی وتەی ئەو سەرچاوەیە، گرتە ڤیدیۆكە كاریگەری هەبووە لەسەر هاتنەسەر خەتی وەزارەتی ناوخۆی عیراق "لەسەر داوای مستەفا كازمی، سەرۆك وەزیران".

وەزیری ناوخۆ هەمان شەو لەگەڵ فەرماندەی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەكانی كەركوك و بەڕێوەبەری پۆلیسی كەركوك قسەی كردووە، ئەوەش بەپێی سەرچاوەكە، جەختیشیكردەوە "دوای وەرگرتنی رەزامەندی دادوەریش بڕیاری دەستگیركردن بۆ نۆ كەسیان دەرچووە و لە ئێستادا دوانیان دەستگیركراون".

دادوەر بەپێی ماددەی 230 لە یاسای سزادانی عیراقی كە تایبەتە بە سوكایەتیكردن بە فەرمانبەرانی دەوڵەت لەکاتی ئەرکدا بڕیاری دەستگیركردنی دەركردون.

بۆ ئەو مەبەستەش درەنگانێكی شەوی رابردوو پۆلیس چۆتە سەر بارەگای بەرەی توركمانی و هەر لەوێ دوو لە تۆمەتبارەكانیان دەستگیركردووە و ئێستاش حەوت كەسی تر بڕیاری دەستگیركرنیان هەیە.

(كەركوك ناو)، ئەمڕۆ چەندجارێك پەیوەندی تەلەفونی لەگەڵ چەند لێپرسراوێكی بەرەی توركمانی ئەنجامدا، لە نێویاندا هەردوو جێگری سەرۆكی بەرەی توركمانی، بەڵام وەڵامی پەیوەندییەكانیان نەدایەوە.

بەڵام نوسینگەی راگەیاندنی حەسەن تۆران، سەرۆكی بەرەی توركمانی ئێوارەی ئەمڕۆ پێنجشەممە لە راگەیەنراوێكدا سوپاسی هەڵوێستی مستەفا كازمی، سەرۆك وەزیران و فەرماندەی باڵای هێزە چەکدارەکانی عیراق كرد، بۆ بەرگرتن لە پەرەسەندنی ئەو كێشەیەی لە نێوان بەشێك لە پاسەوانەكانی بەرەی توركمانی و پۆلیس رویدا بەپێی رێکارە یاساییەکان.

turkman.hasan
وێنەی حەسەن تۆران، سەرۆكی بەرەی توركمانی، لەگەڵ دەقی راگەیەنراوی بەرەی توركمانی لەبارەی كێشەی نێوان ژمارەیەك لە پاسەوانەكانیان و مەفرەزەیەكی پۆلیسی كەركوك.

تۆران كە راگەیەنراوەكەی لە پەیجی تایبەتی خۆی لە تۆڕی كۆمەڵایەتی فەیسبوك بڵاوكردۆتەوە، تیایدا هاتووە كە بەرەی تورکمانی پشتیوانی سەروەری دەوڵەت دەکات و هەوڵەکانی دەزگا ئەمنییەکان بەرز دەنرخێنێت لە سەپاندنی یاسا و بەقەرارکردنی ئاسایش، داوای ئارامی و دانبەخۆداگرتنیش لە هەمووان دەکات بۆ رێگرتن لەوانەی دەیانەوێت لەئاوی لێڵدا راو بکەن.

"کەرکوک تایبەتمەندی خۆی هەیە، پەنابردن بۆ ژیری و دانایی رۆڵی گەورەی هەیە لە کۆنترۆڵکردنی قەیران لەبری ئەو هەڵوێستانەی دەبنەهۆی قوڵکردنەوەی کێشەکان کە سەرکەوتوو نەبووە و نابێت لە پارێزگای کەرکوکدا".

کەرکوک تایبەتمەندی خۆی هەیە، پەنابردن بۆ ژیری و دانایی رۆڵی گەورەی هەیە لە کۆنترۆڵکردنی قەیران

هەروەها تیایدا هاتووە "بۆ دوپاتکردنەوەی رێبازی نەگۆڕمان سەبارەت بەگرنگی رێزگرتن لەیاسا و جێهێشتنی کەیسەکە بۆ دادگای عیراقی کە متمانەمان بە دادپەروەرییەکەی هەیە، پاسەوانەکان خۆیان رادەستی دادگا کرد بۆ تەواوکردنی رێکارەکانی لێکۆڵینەوە. داواش لەهەموو لایەنەکان دەکەین لە پارێزگاکە هەوڵی خۆیان چڕبکەنەوە بۆ روبەڕوبونەوەی ئەو تێرۆریستانەی کە دەیانەوێت زیان بەپارێزگاکە بگەیەنن، هاوکات رۆڵی فەرماندەی پۆلیسی پارێزگای کەرکوک و هەموو ئەو کەسانە بەرز دەنرخێنین کە رۆڵیان هەبوە لەبەرگرتن لەپەرەسەندنی قەیرانەکە".  

  • FB
  • Instagram
  • Twitter
  • YT