ئێزیدییه‌كان دۆسیه‌ی بێسه‌روشوێنانیان به‌ یاسایی ده‌كه‌ن

نه‌ینه‌وا/ نیسانی 2021/ رێوڕه‌سمه‌كانی چوارشه‌ممه‌ی سوری ئێزیدی له‌ په‌رستگای شه‌ره‌فه‌دین له‌ شنگال فۆتۆ: ئیبراهیم ئێزیدی

كاروان باعه‌دری – هه‌ولێر

چالاكوانان و هاوڵاتیانی ئێزیدی، هه‌وڵه‌كانیان چڕكردۆته‌وه‌ بۆ هه‌مواركردنه‌وه‌ی یاسایه‌كی په‌رله‌مانی كوردستان ده‌رباره‌ی ونبوان، به‌ ئامانجی جێكردنه‌وه‌ی دۆسیه‌ی بێسه‌روشوێن و رفێنراوانی ئێزیدی له‌لایه‌ن داعشه‌وه‌.

هه‌وڵی ئێزیدییه‌كان بۆ گۆڕانكارییه‌ له‌ یاسای ژماره‌ 3ی ساڵی 1999ی په‌رله‌مانی كوردستان، كه‌ تایبه‌ته‌ به‌ هاوڵاتیانی ونبوو (بزربوو)ی كورد له‌ ساڵانی 1980 تا كۆتایی 1991 به‌هۆی سیاسه‌ت و هه‌ڵمه‌ته‌كانی رژێمی به‌عسی عیراقییه‌وه‌.

"ده‌مانه‌وێت هه‌رێمی كوردستان له‌ یاسای بزربواندا دۆسیه‌ی ئێزیدییه‌كان و رفێنراوانی ئێزیدیش جێبكاته‌وه‌ تا مافی بزربوانی ئێمه‌ش به‌ فیڕۆ نه‌ڕوات" كچی كۆچۆ وای وت.

كچی، خه‌ڵكی گوندی كۆجۆی قه‌زای شنگاله‌ و زیاتر له‌ 30 ئه‌ندامی خانه‌واده‌كه‌ی له‌لایه‌ن داعشه‌وه‌ رفێنراون.

ئه‌و به‌ (كه‌ركوك ناو)ی وت تائێستا هیچ زانیارییه‌كی له‌سه‌ر چاره‌نوسی كه‌سوكاری نییه‌ و ده‌یانه‌وێت لانیكه‌م له‌رێی یاساوه‌ مافه‌كانیان به‌ده‌ستبهێنن.

داعش له‌ ئابی 2014دا ده‌ستیگرت به‌سه‌ر قه‌زای شنگالدا، شه‌ش هه‌زار و 417 ئێزیدی رفاند، له‌و ژماره‌یه‌ هێشتا زیاتر له‌ دوو هه‌زار و 700 كه‌سیان چاره‌نوسیان نادیاره‌، ئه‌وه‌ش به‌پێی ئاماره‌كانی نوسینگه‌ی رزگاركردنی رفێنراوانی ئێزیدی سه‌ر به‌ حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان.

ezdidi-1
منداڵێكی ئێزیدی له‌ مه‌راسیمی یادكردنه‌وه‌ی "كۆمه‌ڵكوژی" ئێزیدییه‌كاندا به‌هۆی هێرشه‌كانی داعشه‌وه‌ له‌ چه‌ند ناوچه‌یه‌كی نه‌ینه‌وا فۆتۆ: رێكخراوی یه‌زدا

به‌پێی یاسای بزربوان له‌ هه‌رێمی كوردستان، دوای تێپه‌ڕینی چوار ساڵ به‌سه‌ر كه‌سی ونبودا، له‌سه‌ر داوای كه‌سوكاری ده‌توانرێت بڕوانامه‌ی مردن (شه‌هاده‌ وه‌فات)یان بۆ ده‌ربكرێت.

خه‌یری عه‌لی ئیبراهیم، لێپرسراوی رێكخراوی ئێزیدییان بۆ دیكیۆمێنتکردن لە شنگال به‌ (كه‌ركوك ناو)ی وت چه‌ندین كۆبونه‌وه‌ و وۆرشكشۆپیان له‌گه‌ڵ لێپرسراوانی حكومی، كه‌سانی یاسایی و كه‌سوكاری بێسه‌روشوێن و ونبوندا كردووه‌ ده‌رباره‌ی هه‌مواری یاساكه‌، تا ناوهێنانی ونبوانی ئێزیدی له‌و یاسایه‌دا ببێته‌ پاڵپشت بۆ كه‌سوكاریان له‌ هه‌موو كۆنگره‌ نێوده‌وڵه‌تییه‌كاندا.

"له‌ نزیكترین كاتدا ره‌شنوسی كۆتایی پرۆژه‌كه‌ ئاماده‌ده‌بێت و هیوادارین بڕگه‌ی بزربوانی ئێزیدی له‌و یاسادا زیادبكرێت و هه‌موو په‌رله‌مانتاران ده‌نگی پێبده‌ن" خه‌یری واده‌ڵێت.

به‌پێی یاسای چاودێری ناكامڵ (قاصرین)ی ژماره‌ 78ی ساڵی 1980ی عیراق، دادگا ده‌توانێت بڕیار له‌ مردنی كه‌سێكی ونبوو بدات، ئه‌گه‌ر به‌ڵگه‌ ده‌رباره‌ی مردنی ده‌ستكه‌وت یان چوار ساڵ به‌سه‌ر ونبونیدا تێپه‌ڕبوو.

هه‌دیه‌ موراد، په‌رله‌مانتاری ئێزیدی له‌ په‌رله‌مانی كوردستان به‌ (كه‌ركوك ناو)ی وت "ئه‌و یاسایه‌ له‌ پێنج مادده‌ پێكدێت و هه‌مووی تایبه‌ته‌ به‌ بێسه‌روشوێنانی كورد، بۆیه‌ ده‌مانه‌وێت خاڵێكی تر له‌و یاسایه‌دا زیادبكه‌ین بۆ ئه‌و ئێزیدییانه‌ی له‌ 3ی ئابی 2014دا بێسه‌رشوێن كران".

ئه‌و ده‌ڵێت له‌گه‌ڵ كه‌سوكاری بێسه‌روشوێنانی ئێزیدی تاوتوێی ئه‌و پرۆژه‌یان كردووه‌ و هه‌وڵده‌ده‌ن له‌ نزیكترین كاتدا هه‌مواره‌كه‌ بخه‌نه‌ به‌رنامه‌ی كاری دانیشتنه‌كانی په‌رله‌مانه‌وه‌.

په‌رله‌مانی عیراقیش له‌ ئاداری ئه‌مساڵدا یاسای ژنانی رزگاربوی ئێزیدی په‌سه‌ندكرد، كه‌ بڕگه‌یه‌كی تایبه‌ته‌ به‌ پرۆسه‌ی گه‌ڕان به‌ دوای رفێنراوانی ئێزیدی و كه‌مینه‌كانی تر له‌ ده‌ره‌وه‌ و ناوه‌وه‌ی وڵات، له‌گه‌ڵ چاره‌سه‌ری یاسایی بۆ ئه‌وانه‌ی چاره‌نوسیان نادیاره‌، جگه‌ له‌ پێدانی شایسته‌ و قه‌ره‌بووكردنه‌وه‌ به‌پێی یاسا به‌كاره‌كان.

  • FB
  • Instagram
  • Twitter
  • YT