وەرزی دروێنەی گەنم لە كەركوك دەستیپێكرد و 20 رۆژ لە وادەی خۆیدا پێشخرا، ئەوەش بەهۆی ترسی جوتیاران لە سوتاندنی بەرهەمەكانیان هاوشێوەی ساڵی رابردوو.
ئەم هەفتەیە جوتیارانی قەزای داقوق لە پارێزگای كەركوك دەستیانكرد بە دروێنەی گەنمەكانیان، لەكاتێكدا ساڵانە لە مانگی حوزەیراندا گەنم دروێنە دەكرا.
محەمەد عەبدولسەلام، یەكێكە لەو جوتیارانەی داقوق دروێنەی گەنمەكەی دەستپێكرد، بە (كەركوك ناو)ی وت "وادەی دروێنە زیاتر لە 20 رۆژ بۆ نزیكەی مانگێكی ماوە، چونكە هێشتا گەنمەكە بە تەواوی وشكنەبۆتەوە، بەڵام ناچارین و دەترسین وەكو ساڵی رابردوو بەرهەمەكانمان پێش دروێنەكردن بسوتێنن".
بەپێی ئامارێكی فەرمانگەی كشتوكاڵی داقوق، ساڵی رابردوو 700 دۆنم زەوی چێنراو بە دانەوێڵەی گەنم و جۆ لە قەزای داقوق سوتێنران، ئەوەش بەر لەوەی دروێنەكردن. جوتیاران و ئیدارەی قەزای داقوق چەكدارانی داعشیان بە هۆكاری سوتاندنی بەرهەمەكان دەزانی.
محەمەد عەبدولسەلام جەختیكردەوە "ئەم دروێنەكردنە پێش وادەی خۆی زیانی بۆ دانەوێڵەكە هەیە و دڵنیاین بەرهەمەكەی باش نابێت، بەڵام ئەو زیانە هێشتا باشترە لەوەی هەموی بسوتێت و لەناوبچێت... چونكە پار قەرەبویان نەكردینەوە".
ئەم دروێنەكردنە پێش وادەی خۆی زیانی بۆ دانەوێڵەكە هەیە و دڵنیاین بەرهەمەكەی باش نابێت
وتیشی "ئەمساڵیش تەنیا دەتوانین بە رۆژ دروێنە بكەین، شەوان لەبەر هێرشی داعش ترسمان هەیە".
ئەیاد حسێن، لێپرسراوی هۆبەی زەوییە كشتوكاڵییەكان لە فەرمانگەی كشتوكاڵی داقوق، وتی "ئێستا كاتی دروێنەی جۆیە نەك گەنم، چونكە گەنم هێشتا شێی ماوە، بەڵام مادام هەر دروێنەیان دەستپێكردووە، پێویستە گەنمەكە كۆنەكەنەوە تا وشكدەبێتەوە، چونكە تێكدەچێت".
پێشخستنی وەرزی دروێنە هاوكاتە لەگەڵ كەمبارانیی و نیگەرانی جوتیاران لە ساغنەكردنەوەی بەرهەمەكانیان لە وادەی خۆیدا. هەروەها نەبونی سایلۆ بۆ وەرگرتنی دانەوێڵەكانیان.
ئەبوبەكر محەمەد، یەكێكی ترە لەو جوتیارانەی دروێنەی گەنمەكەی دەستپێكردووە، وتی "یان دەبێت بەرهەمەكانمان بۆ دوزخورماتوو ببەین، یان بۆ كەركوك، ئەوەش تێچوی زۆرترە".
دەبێت بەرهەمەكانمان بۆ دوزخورماتوو ببەین، یان بۆ كەركوك، ئەوەش تێچوی زۆرترە
وتیشی "حكومەت بە تەنگ كێشەی جوتیارانەوە نایات و سایلۆی دروستنەكردووە، پارەی بەرهەمی جوتیارانیش زۆر دوادەكەوێت، هێشتا پارەی ساڵی رابردومان وەرنەگرتووە"، زیاتر وتی "بۆیە ناچارین بە پارەیەكی كەمتر بە بازرگانەكانی بفرۆشین بۆ ئەوەی زوو پارەیەك بێتە دستمان".
ساڵی رابردوو حكومەتی عیراق یەك تەن گەنمی جوتیارانی بە 560 هەزار دینار وەردەگرت، بەڵام ئەمساڵ بڕیاریداوە بە 610 هەزار دینار وەریبگرێت.
لێپرسراوی هۆبەی زەوییە كشتوكاڵییەكان لە فەرمانگەی كشتوكاڵی داقوق وتی "ئەو بڕەش هێشتا جێگیر نییە، چونكە هێشتا بەرهەمی ئەمساڵی دانەوێڵەی عیراق بە تەواوی دیار نییە، بۆیە لەوانەیە گۆڕانكاریی لەو نرخە روبدات".
لە ساڵی رابردودا و لە داقوق 48 هەزار تەن گەنم رادەستی وەزارەتی بازرگانی عیراق كرا، لەگەڵ 128 تەن جۆ، بەڵام شارەزایانی فەرمانگەی كشتوكاڵی داقوق پێشبینی دەكەن ئەو بەرهەمە بۆ نیوە یان زیاتر كەمبێتەوە. ئەوەش بەهۆی بێبارانییەوە.