ده‌نگۆ؛ خه‌ڵكی نه‌ینه‌وا له‌ ڤاكسین ده‌ترسێنێت

نه‌ینه‌وا/ 29ی نیسانی 2021/ هاوڵاتییه‌كی شاری موسڵ له‌كاتی وه‌رگرتنی ڤاكسینی كۆرۆنا فۆتۆ: ته‌ندروستی نه‌ینه‌وا

وه‌لا حه‌مدانی – نه‌ینه‌وا

هاوڵاتیانی نه‌ینه‌وا و به‌ تایبه‌تی شاری موسڵ، به‌ده‌م وه‌رگرتنی ڤاكسینی كۆرۆناوه‌ ناڕۆن، هه‌رچه‌نده‌ پرۆسه‌ی كوتان له‌ ئاداری ئه‌مساڵه‌وه‌ ده‌ستیپێكردووه‌.

له‌ ته‌واوی پارێزگای نه‌ینه‌وادا تائێستا زیاتر له‌ 20 هه‌زار هاوڵاتی خۆیان كوتاوه‌، به‌پێی ئاماره‌كانی ته‌ندروستی پارێزگاكه‌، ئه‌وه‌ش ژماره‌یه‌كی زۆر كه‌مه‌ به‌راورد به‌ ژماره‌ی دانیشتوانی ناوچه‌كه‌ كه‌ ده‌گاته‌ زیاتر له‌ چوار ملیۆن و نیو هاوڵاتی. 

پڕوپاگه‌نده‌ و ده‌نگۆی جیاواز

نه‌غه‌م محه‌مه‌د، چالاكی نێو تۆڕه‌ كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان ئه‌زمونی خۆی له‌كاتی وه‌رگرتنی ڤاكسینه‌كه‌دا به‌ "سه‌رنجڕاكێش" ناوده‌بات و ده‌ڵێت "ئه‌وكاته‌ی خۆم بۆ كوتانه‌كه‌ ئاماده‌ده‌كرد، گوێم له‌ كارمه‌ندێكی ته‌ندروستی بوو ده‌یویت له‌ كاریگه‌ری و سه‌ركه‌وتنی ڤاكسینه‌كه‌ دڵنیانییه‌، بۆیه‌ له‌ ترسی مردن ره‌تیكردۆته‌وه‌ وه‌ریبگرێت".

له‌كاتێكدا هاوڵاتیان پێویستیان به‌ پێدانی "دڵنیایی" هه‌یه‌ له‌لایه‌ن كارمه‌ندانی ته‌ندروستییه‌وه‌ ده‌رباره‌ی ڤاكسینی كۆرۆنا به‌ڵام رۆڵی "نه‌رێنی" ئه‌و په‌رستیاره‌ ده‌بێته‌ په‌یامێك بۆ هاندانی دژایه‌تی زیاتری ئه‌وانه‌ی گومانیان له‌ سودی ڤاكسین هه‌یه‌.

سه‌ره‌تا زۆر دودڵ بوم به‌ڵام دواتر بڕیارمدا و ڤاكسینه‌كه‌م وه‌رگرت

"زۆر دودڵ بوم له‌و هه‌نگاوه‌ به‌ڵام له‌ كۆتاییدا بڕیارمدا و ڤاكسینه‌كه‌م وه‌رگرت" نه‌غه‌م محه‌مه‌د بۆ (كه‌ركوك ناو) وای وت، دڵته‌نگه‌ به‌و قسانه‌ی له‌ بنكه‌ ته‌ندروستییه‌كه‌دا بیستی و پێیوایه‌ "راده‌ی ئه‌و نه‌زانینه‌ی ئاشكراكرد كه‌ به‌سه‌ر خه‌ڵكدا جێبه‌جێده‌كرێت"، به‌ڵام له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا گوێی به‌ په‌یامه‌ نه‌رێنییه‌كان نه‌دا و خۆی كوتا.

وه‌زاره‌تی ته‌ندروستی عیراق، وێبسایتێكی تایبه‌تی كردۆته‌وه‌ بۆ تۆماركردنی ئه‌و هاوڵاتییانه‌ی خوازیاری وه‌رگرتنی ڤاكسینی كۆرۆنان، ئه‌وه‌ش له‌رێی وه‌رگرتنی زانیاری كه‌سی و دانانی نۆره‌ی كوتان له‌و بنكه‌یه‌ی هاوڵاتیان خۆیان دیاریده‌كه‌ن.

MOSAL-3
نه‌ینه‌وا/ 10ی ئایاری 2021/ كوتانی هاوڵاتییه‌ك به‌ ڤاكسینی كۆرۆنا فۆتۆ: ته‌ندروستی نه‌ینه‌وا

هیچ كاریگه‌رییه‌كی مه‌ترسیدار تۆمارنه‌كراوه‌

ئیبراهیم فه‌رقه‌د، پزیشكی نه‌خۆشخانه‌ی گشتی سه‌لام له‌ شاری موسڵ ئه‌و ده‌نگۆیانه‌ی ره‌تكرده‌وه‌ له‌نێو خه‌ڵكدا بڵاوبونه‌ته‌وه‌ ده‌رباره‌ی "كاریگه‌رییه‌ لاوه‌كییه‌ مه‌ترسیداره‌كانی" ڤاكسین كه‌ له‌ داهاتوودا ده‌رده‌كه‌ون و ده‌ڵێت خۆی‌ له‌ پێشه‌نگی وه‌رگرانی ڤاكسینه‌كه‌دا بووه‌.

هه‌روه‌ها دڵنیایی به‌ هاوڵاتیانی نه‌ینه‌وا ده‌دات كه‌ "هیچ كاریگه‌رییه‌كی لاوه‌كی مه‌ترسیدار" تائێستا له‌ نه‌خۆشخانه‌كانی پارێزگاكه‌ تۆمارنه‌كراون، سه‌رباری تێپه‌ڕینی دوو مانگ به‌سه‌ر ده‌ستپێكردنی پرۆسه‌ی كوتان و جه‌ختیشیكرده‌وه‌، ئه‌و پێیباش بووه‌ ڤاكسینه‌كه‌ وه‌ربگرێت به‌وپێیه‌ی له‌گه‌ڵ توشبوانی كۆرۆنا ژیاوه‌ و كاریگه‌رییه‌ مه‌ترسیداره‌كانی ڤایرۆسه‌كه‌ی بینیووه‌ كه‌ هۆكاری مردنی به‌شێكیان بوو.

هیچ كاریگه‌رییه‌كی لاوه‌كی مه‌ترسیداری ڤاكسین له‌ نه‌خۆشخانه‌كانی نه‌ینه‌وا تۆمارنه‌كراون 

"كاریگه‌رییه‌ لاوه‌كییه‌كانی ڤاكسین له‌ كه‌سێكه‌وه‌ بۆ كه‌سێكی تر ده‌گۆڕێت" دكتۆر فه‌رقه‌د واده‌ڵێت، ئه‌وه‌شی رونكرده‌وه‌ ئه‌و كاریگه‌رییانه‌ سوك و مامناوه‌ندن و به‌ ده‌گمه‌ن كاریگه‌ری "توند" ده‌رده‌كه‌وێت.

ئه‌و كاریگه‌رییانه‌ش سه‌رئێشه‌، تا و ئازاری له‌شه‌ و به‌پێی ئاستی به‌رگری هه‌ر هاوڵاتییه‌ك ده‌گۆڕێت.

له‌ سه‌ره‌تای سه‌رهه‌ڵدانی ڤایرۆسی كۆرۆناوه‌ له‌ نه‌ینه‌وا، له‌ شوباتی 2020ـه‌وه‌، به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی گشتی ته‌ندروستی پارێزگاكه‌ هه‌زار حاڵه‌تی مردن و ده‌یان هه‌زار توشبوی كۆرۆنای تۆماركردووه‌.

به‌پێی ئاماره‌كانی وه‌زاره‌تی ته‌ندروستیش ژماره‌ی توشبوانی كۆرۆنا له‌ عیراق گه‌یشتۆته‌ زیاتر له‌ ملیۆنێك و 112 هه‌زار توشبوو، له‌گه‌ڵ تۆماركردنی زیاتر له‌ 15 هه‌زار و 800 مردن.

ڤیدیۆ: پرۆسه‌ی كوتانی ڤاكسینی كۆرۆنا له‌ قه‌زای ته‌له‌عفه‌ر / ته‌ندروستی نه‌ینه‌وا 

نه‌ینه‌وا چاوه‌ڕێی زیادبونی وه‌رگرانی ڤاكسینه‌

لێپرسراوانی پارێزگای نه‌ینه‌وا، به‌ هیوان ژماره‌ی ئه‌و هاوڵاتییانه‌ی ڤاكسینی كۆرۆنا وه‌رده‌گرن زیاد بكه‌ن، كه‌ له‌ ئێستادا ژماره‌یه‌كی كه‌من.

دكتۆر عوده‌ی عه‌بادی، وته‌بێژی شانه‌ی قه‌یرانه‌كان له‌ پارێزگای نه‌ینه‌وا وتی له‌ نه‌خۆشخانه‌ و ناوه‌ند ته‌ندروستییه‌كاندا ڤاكسینی ئه‌سترازێنیكای به‌ریتانی، فایزه‌ری ئه‌مریكی و سنۆفارمی چینی هه‌ن.

عه‌بادی بۆ (كه‌ركوك ناو) رونیكرده‌وه‌ "مه‌ترسییه‌كان كه‌مبونه‌ته‌وه‌ و پێویست ناكات هاوڵاتیان له‌ وه‌رگرتنی ڤاكسینه‌كه‌ بترسن، چونكه‌ تائێستا هیچ كاریگه‌رییه‌كی لاوه‌كی مه‌ترسیداری نه‌بووه‌، ئه‌گه‌ر له‌ داهاتوشدا هه‌یبێت ئه‌وا له‌روی پزیشكییه‌وه‌ نه‌سه‌لێمنراوه‌".

دودڵی هاوڵاتیان له‌ وه‌رگرتنی ڤاكسین به‌هۆی ده‌نگۆكانی ناو تۆڕه‌ كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كانه‌وه‌یه‌

ئه‌و دكتۆره‌ هۆكاری دودڵی هاوڵاتیان له‌ وه‌رگرتنی ڤاكسین ده‌گه‌ڕێنێته‌وه‌ بۆ ده‌نگۆ ناڕاسته‌كانی نێو تۆڕه‌كانی كۆمه‌ڵایه‌تی و بڵاوبونه‌وه‌ی هه‌واڵی هه‌ڵه‌ له‌ناو هاوڵاتیاندا ده‌رباره‌ی كاریگه‌رییه‌ لاوه‌كییه‌كانی ڤاكسین.

هه‌روه‌ها پێشیوایه‌ له‌ رۆژانی ئاینده‌دا ژماره‌ی وه‌رگرتنی ڤاكسینی كۆرۆنا زیاتر ده‌بن، دوای ئه‌وه‌ی كه‌سانی دیار و ناسراو له‌رێی میدیاوه‌ ده‌ركه‌وتن و خۆیان كوتا، له‌ نێویاندا نه‌جم جبوری، پارێزگاری نه‌ینه‌وا و كه‌سایه‌تییه‌ سه‌ربازییه‌كان كه‌ ئه‌وش په‌یامێكی دڵنیایی به‌ هاوڵاتیان ده‌دات و هانیان ده‌دات خۆیان بكوتن.

به‌پێی قسه‌كانی وته‌بێژی شانه‌ی قه‌یرانه‌كان، ته‌ندروستی له‌ به‌رنامه‌یدا نییه وه‌رگرتنی ڤاكسین بكات به‌ زۆر و ناچاری به‌ڵام هاوڵاتیان له‌ داهاتودا خۆیان ناچارده‌بن ڤاكسین وه‌ربگرن چونكه‌ ئه‌وانه‌ی خۆیان ناكوتن روبه‌ڕوی زۆر به‌ربه‌ست ده‌بنه‌وه‌ وه‌ك رێگری له‌ گه‌شتكردن.

نه‌غه‌م محه‌مه‌د، كچه‌ چالاكه‌كه‌ی تۆڕه‌ كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان ده‌ڵێت دوای ئه‌وه‌ی خۆی كوتاوه‌ هانی هاوڕێیه‌كانی داوه‌ په‌له‌بكه‌ن له‌ وه‌رگرتنی ڤاكسین، تا خۆیان و كۆمه‌ڵگه‌ش له‌ مه‌ترسی ته‌شه‌نه‌سه‌ندنی زیاتری كۆرۆنا و زیانه‌ گیانییه‌كانی بپارێزن.

  • FB
  • Instagram
  • Twitter
  • YT