مۆڵەتی یەك هەفتە بە بەغدا دەدرێت
بێ كارەبایی نەتەوەكانی كەركوك یەكدەخات و هەڕەشەی خۆپیشاندان دەكەن

كەركوك/18ی ئابی 2020/ خۆپیشاندانێكی دەرچووانی زانكۆی كەركوك لە بەردەم بینای پارێزگا، داوای دامەزراندن و دەرفەتی كار لە حكومەت دەكەن فۆتۆ: كاروان ساڵحی

كاروان ساڵحی – كەركوك

لەیەككاتدا عەرەب، كورد و توركمان لە حكومەتی خۆجێی كەركوك و لە پەرلەمانی عیراق یەكدەنگ دژی حكومەتی فیدراڵ دەوەستنەوە و مۆڵەتی یەك هەفتەی پێدەدەن تا كاتژمێرەكانی كارەبای نیشتیمانی زیادبكات، ئەوەش هاوكاتە لەگەڵ ناڕەزایی هاوڵاتیان كە ئەگەری هەیە بۆ خۆپیشاندان سەربكێشێت لە رۆژانی داهاتودا.

لە ئێستادا حكومەتی فیدراڵ تەنیا شەش كاتژمێر كارەبای نیشتیمانیی بە هاوڵاتیانی پارێزگای كەركوك دەدات، كە بەپێی ئیدارەی كەركوك و بەدواداچونی نوێنەرانی هەرسێ نەتەوەكە لە پەرلەمانی عیراق، لەسەدا كەمتر لە سێی كۆی گشتی كارەبای عیراق دەكات. ئەوەش "كەمترین بڕە لە ئاست هەر 18 پارێزگاكەی عیراق".

بونی شەش كاتژمێر كارەبای نیشتیمانی لەكاتێكدایە مۆلیدە ئەهلییەكانیش ئامادەنین بەرپرسیارێتی پێدانی 18 كاتژمێرەكەی تر لە كارەبا بگرنەئەستۆ، بەهۆی كەمی گازی پێویست و بەرزبونەوەی نرخەكەی لەگەڵ هاتنی وەرزی هاویندا. لەو بێنەوبەردەیەشدا هاوڵاتیان باجەكەی دەدەن.

xopishan-dan-molida-9
كه‌ركوك، تشرینی یه‌كه‌می 2020، گردبونه‌وه‌ی ناڕه‌زایی دژی گرانی نرخی كاره‌بای مۆلیده‌ی ئه‌هلی فۆتۆ: كه‌ركوك ناو

فەرهاد عەباس، خاوەن مارکێت لە گەڕەکى ئیمام قاسم-ی كەركوك، دەڵێت "حكومەت لە ماسییەكی بۆگەن دەچێت، لەسەرەوە تا خوارەوە بۆنی دێت، كارەبای پێ دابینناكرێت، پاشماوەی ماڵانی پێ كۆناكرێتەوە و هەندێك گەڕەكیش ئاوی خواردنەوەیان پێناگات... لەم هاوینەدا ژیان بە بێ كارەبا نابێت".

ئەو گلەیی و ناڕەزاییانە دوای ئەوە دروستبووە، كە لە دووەم رۆژی جەژن (14ی ئایار)، قایمقامی كەركوك خشتەیەكی نوێی كارپێكردنی مۆلیدە ئەهلییەكانی بڵاوكردەوە، بەپێی خشتەكە مۆلیدە ئەهلییەكان تەنیا لە كاتژمێر 12ی نیوەڕۆ بۆ 12ی شەو كارەبا دەدەن، ئەوەش بووە جێی رەخنە لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكاندا و خەڵك داوای خۆپیشاندانی كرد، بەڵام دوای چەند كاتژمێرێكی كەم بڕیارەكە لەلایەن راكان سەعید، پارێزگاری كەركوك بەوەكالەت راگیرا.

راكان سەعید، لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا، ئەمڕۆ شەممە 15ی ئایار وتی "هۆكاری سەرەكی كێشەی كارەبای كەركوك، بەغدایە و حكومەتی فیدراڵ پشكی پێویستی كارەبای كەركوك وەكو پێویست نادات، ئەگەر کێشەکە تەکنیکی بێت یان بە ئەنقەست بێت، ئەوە ئێمە دەچینە لای وەزیری کارەبا و داوای بەشە کارەبای شارەکە دەکەین".

ئەو وتەیەی پارێزگاری كەركوك بەوەكالەت، دوای كۆبونەوەیەكی هات لەگەڵ نوێنەرانی كەركوك لە بەغدا، تیایدا هەردولا لە كۆنگرە رۆژنامەوانییەكەدا جەختیانكردەوە پشكی كەركوك لە كارەبای حكومەتی فیدراڵ لەسەدا 4.8ە، بەڵام لە ئیستادا كەمتر لەسەدا 3 بە كەركوك دەدرێت.

ڤیدیۆ: كۆنگرەی رۆژنامەوانی هاوبەشی پارێزگاری كەركوك بەوەكالەت لەگەڵ ژمارەیەك لە نوێنەرانی كەركوك لە بەغدا. كەركوك ناو

"كەركوك شارێکی نەوتی گرنگە و پارێزگایەكی ستراتیژی گرنگە بۆ عیراق، ئێمە تەنیا داوای پشكی خۆمان دەكەین، پشكی هیچ پارێزگایەكمان ناوێت"، راكان سەعید وایوت.

خالید مەفرەجی، پەرلەمانتاری نەتەوەی عەرەب لە كۆنگرە رۆژنامەوانییەكەدا وتی "بەغدا وەك پارێزگایەكی پلە دوو مامەڵە لەگەڵ كەركوكدا دەكات، ئەمەش مامەڵەیەكی نادەستورییە".

هەر ئەمڕۆ كۆبونەوەیەكی تری ژمارەیەك لە نوێنەرانی كەركوك و قایمقامی شارەكە بەڕێوەچوو و تیایدا بڕیاردرا تا هەفتەی داهاتوو كار بە خشتەی پێشوتر بكرێت لە كارپێكردنی مۆلیدە ئەهلییەكان.

بەپێی خشتەی پێشوتر، رۆژانە لە كاتژمێر 11ی بەیانی تاوەكو 8ی بەیانی رۆژی دواتر مۆلیدە ئەهلییەكان كاردەكەن، ئەوەش لەهەر حاڵەتێكدا ئەگەر كارەبای نیشتیمانی نەبێت، واتە رۆژانە تەنیا كاتژمێر 8ی بەیانی بۆ 11ی بەیانی كارناكەن.

ئەو بڕیارە لەكاتێكدایە حكومەتی عیراق هێشتا بەشە گازی ئەم مانگەی مۆلیدە ئەهلییەكانی نەناردووە، ناچار خاوەن مۆلیدەكان هەر بەرمیلێك گاز لە بازاڕی رەش بە 115 هەزار دینار دەكڕن، لەكاتێكدا لە سەرەتای ئەم مانگە بە 98 هەزار دینار بوو.

فەلاح عەلى، خاوەن مۆلیدەی ئەهلییە، بە (كەركوك ناو)ی وت "ئەم مانگە حكومەتی فیدراڵ یەك لیتر گازی بۆ مۆلیدە ئەهلییەكان نەناردووە، لەكاتێكدا رۆژانە 15 كاتژمێر كارەبا دەدەین، ناكرێت ئێمە لەبری حكومەت كارەبای هاوڵاتیان دابینبكەین".

ئەم مانگە حكومەتی فیدراڵ یەك لیتر گازی بۆ مۆلیدە ئەهلییەكان نەناردووە، لەكاتێكدا رۆژانە 15 كاتژمێر كارەبا دەدەین

ئەوەش لەكاتێكدایە مانگەكانی پێشوو وەزارەتی نەوتی عیراق، بۆ هەر كەیڤێك كارەبای مۆلیدە ئەهلییەكان بڕی 20 لیتر گازی بە خاوەنی مۆلیدە ئەهلییەكان دەدا.

فەلاح یایچی، قایمقامى کەرکوک بەوەكالەت، وتی "هاوڵاتیان مافی خۆیانە رەخنەبگرن و ناڕەزایی نیشانبدەن، چونکە پارێزگاكانی دیالە و سەڵاحەدین رۆژانە 18 بۆ 20 كاتژمێر كارەبای نیشتیمانییان پێدەدرێت، ئەی ئێمە بۆچی شەش كاتژمێرمان پێدەدرێت؟".

لە 15 رۆژی سەرەتای ئەم مانگەدا مۆلیدە ئەهلییەكان 250 كاتژمێر كارەبایان داوە، بۆ ئەوەش هەر ئەمپیڕێكی كارەبا لەو 15 رۆژەدا 10 هەزار دینار لەسەر هاوڵاتیان دەكەوێت، ئەوەش لایەنێكی تری ناڕەزایی هاوڵاتیان بوو لە دوو رۆژی رابردودا لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان.

ئەرشەد ساڵحى، نوێنەرێكی بەرەی توركمانی لە پەرلەمانی عیراق، لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا لە بینای قایمقامیەت، وتی "ناتوانین هیچ بەڵێنێك بە هاوڵاتیان بدەین لەوەی كارەبا باش دەبێت یان نا، هیچ متمانەیەكمان بە بەغدا نەماوە".

هەروەها وتی "كەمێك بەر لەم كۆنگرە رۆژنامەوانییەدا، لەگەڵ وەزیری كارەبا قسەم كرد، پوختەی قسەكەی ئەوەبوو: ببورن كارەبامان نییە تا پێتانی بدەین".

ساڵحی وتی "چارەسەر ئەم كێشەیە تەنیا لە ئەنجومەنی وەزیرانە و لە دەسەڵاتی وەزیریش نییە"، بۆیە داوای كۆبونەوەیەكی بە پەلەی كرد لەگەڵ سەرۆك وەزیران بۆ ئەو مەبەستە.

هەروەها رێبوار تەها، نوێنەرێكی تری كەركوك، وتی "خراپی ئیدارە و گەندەڵى بۆتەهۆى زۆربونى کێشەکانى کەرکوک، رەنگە بەرەو خراپتریش بچێت".

ڤیدیۆ: كۆنگرەی رۆژنامەوانی هاوبەشی قایمقامی كەركوك و ژمارەیەك لە نوێنەرانی كەركوك لە بەغدا. كەركوك ناو

پشتیوانی خۆیشی بۆ دانیشتووانی كەركوك نیشاندا، لە ئەگەری سازكردنی خۆپیشاندان بۆ داواكردنی مافەكانیان.

پەرلەمانتارانی عیراق، كە بەپێی بڕیاری پەرلەمان چاودێر دەبن بەسەر حكومەتی خۆجێی پارێزگاكان - لە دوای هەڵوەشاندنەوەی ئەنجومەنی پارێزگاكان لە كۆتایی 2019-، بەگشتی داوای خۆپیشاندانی هاوڵاتیانی كەركوك دەكەن دژی حكومەتی عیراق.

دیلان غەفور، نوێنەرێكی تری كەركوك لە پەرلەمانی عیراق، لە كۆنگرە رۆژنامەوانییەكەیدا لەگەڵ راكان سەعید، وتی "رێككەوتوین ئەگەر بەغدا لە ماوەی یەك هەفتەدا وەڵامی داواكارییەكانمان نەداوەتەوە، هەموو نەتەوەكانی كەركوك خۆپیشاندانی سەرتاسەری بكەین دژی حكومەتی عیراق و ئێمەش لە ریزى پێشەوەیاندا دەبین".

فەرهاد عەباس خاوەنی ماركێت لە گەڕەكی ئیمام قاسم، وتی "هەمووان رەخنە دەگرن، ئەی سامانی ئەم پارێزگایە بۆ كوێ رۆیشت، هەرچی دزیی و گەندەڵى هەیە کردیان، ئێستا كە پارە نەما دەبێت هاوڵاتى باجەكەی بدات"، زیاتر زیاتر وتی "هەر رۆژەو دەبێت خۆپیشاندان بۆ شتێك بكەین، دەمێك كۆبونەوەی خۆڵ و خاشاك، دەمێك بێ ئاویی و ئێستاش بێ كارەبایی".

یەعقوب محێدین (49ساڵ) فەرمانبەری حكومەت و دانیشتوی گەڕەكی فەیلەق، وتی "وایدەبینم حكومەتی فیدراڵ بەشە كارەبای ئێمەی بەو پارێزگایانە داوە كە خۆپیشان دەكەن، بۆ ئەوەی خۆپیشاندان دابمركێتەوە، ئێمەش مافی خۆمانە بچینە سەر شەقام و دژی ئەم حكومەتە بوەستینەوە... پێموایە ئێستا ئەمە تاكە چارەسەرە و ئێستا كاتیەتی".

  • FB
  • Instagram
  • Twitter
  • YT