شه‌ش ساڵ چاوه‌ڕوانی
سەرۆک کۆمار پاسەوانە ونبووەکانی لەیاددەکات

داقوق/ ئایاری 2021/ یوسف و هاویار قوسه‌ی ساڵانێكه‌ چاو له‌ ده‌رگا چاوه‌ڕێی گه‌ڕانه‌وه‌ی باوكیان ده‌كه‌ن كه له‌ 2015ـه‌وه‌ بێسه‌روشوێنه‌ فۆتۆ: كه‌ركوك ناو

كه‌ركوك ناو – كه‌ركوك

یوسفی بێ باوك له‌ ماڵێكی پڕ له‌ غه‌م و گریاندا ته‌مه‌نی منداڵی تێده‌په‌ڕێنێت؛ هێشتا هه‌ر بە ئومێدەوەیە‌ ئه‌و رۆژه‌ بێت باوکی دەربکەوێتەوە و پێکەوە رۆژێک دەست لەناو دەست بچنه‌ بازاڕ.

باوكی یوسف شه‌ش ساڵی ره‌به‌قه‌ دیارنه‌ماوه‌، به‌ڵام نه‌ ئه‌و و نه‌ خێزانه‌كه‌ی به مردنی قایل نین، ده‌رگا به‌ده‌رگای لێپرسراو نه‌ماوه‌ بۆ سۆراغێكی ته‌قه‌ی لێنه‌ده‌ن. "گه‌ره‌كمه‌ باوكم بێته‌وه‌ و دڵخۆش بین، بۆیە له‌قاپی خوا گه‌ره‌كمه‌ باوكم بێته‌وه‌" یوسف وای وت.

یوسف ئێستا ته‌مه‌نی 11 ساڵه‌ و نیوه‌ی ته‌مه‌نی له‌ چاوەڕوانی گه‌ڕانه‌وه‌ی باوكیدا به‌سه‌ربردووه‌.

قوسه‌ی عه‌لی، باوكی یوسف و هاویار (9 ساڵ)، له‌ 9ی ئایاری 2015دا له‌گه‌ڵ سێ هاوڕێی دیكه‌یدا له‌رێگای نێوان ئامرلی و سلێمان به‌گ دیارنه‌ماون و له‌وكاته‌وه‌ هیچ هه‌واڵێكیان نییه‌. قوسه‌ی عه‌لی، كه‌نعان نه‌عمان، خالید جه‌مال و فايز جومعه‌ له‌ لیوای 2ی فه‌وجی 3ی سه‌رۆكایه‌تی كۆماری عیراق ده‌وامیان ده‌كرد و له‌گه‌ڕانه‌وه‌دابون بۆ ئه‌ركی سه‌ربازی له‌ به‌غداد.

ئه‌و هێزه‌ له‌ ساڵی 2005ـه‌وه، ئه‌وكاته‌ی جه‌لال تاڵه‌بانی بوو به‌ سه‌رۆك كۆمار تائێستا ئه‌ركی پاسه‌وانێتی سه‌رۆكایه‌تی كۆماریان له‌ ئه‌ستۆدایه‌.

pasawan
قوسه‌ی عه‌لی، كه‌نعان نه‌عمان، خالید جه‌مال و فایز جومعه‌ له‌ لیوای 2ی فه‌وجی 3ی سه‌رۆكایه‌تی كۆمار كه‌ له‌ 9ی ئایاری 2015ـه‌وه‌ دیارنه‌ماون

"قوسه‌ی تا ده‌گه‌یشته‌وه‌ به‌غداد به‌رده‌وام به‌ ته‌له‌فۆن په‌یوه‌ندی پێوه‌ده‌كردم، تا دڵمان لایان نه‌بێت، له‌نێوان ئامرلی و سلێمان به‌گ ئیتر ده‌نگیان نه‌ما و مۆبایله‌كه‌ی كوژابۆوه‌" دڵپاك غازی، هاوسه‌ری قوسه‌ی وای وت.

دڵپاک ده‌ڵێت له‌وكاته‌وه‌ هیچ سۆراغێكیان نییه‌، "شه‌ش ساڵه‌ له‌ ئازار و خه‌فه‌تدا ده‌ژین، شه‌ش ساڵه‌ خۆشیم له‌ ماڵه‌كه‌م نه‌بینیووه‌، شه‌ش ساڵه‌ چاوم له‌ ده‌رگایه‌ به‌ڵكو گوێم له‌ ده‌نگی بێت و بگه‌ڕێته‌وه‌".

ماڵی قوسه‌ی له‌ قه‌زای كه‌لار بوو، ئێستا هاوسه‌ر و منداڵه‌كانی قوسه‌ی له‌ماڵی باوكی دڵپاك له‌ قه‌زای داقوق ده‌ژین.

له‌كاتی دیارنه‌مانی ئه‌و چوار پاسه‌وانه‌دا، فوئاد مه‌عسوم سه‌رۆك كۆمار بوو، له‌ سایتی سه‌رۆكایه‌تی كۆمار جگه‌ له‌ رونكردنه‌وه‌یه‌ك هیچ هه‌واڵێك ده‌رباره‌ی بێسه‌روشوێنه‌كان بڵاونه‌كراوه‌ته‌وه‌.

له‌و رونكردنه‌وه‌یه‌دا، 22ی ئایاری 2015، راوێژكاریه‌تی راگه‌یاندنی سه‌رۆكایه‌تی كۆمار ره‌تیده‌كاته‌وه‌ داوای ناوبژیوانیی كۆماری ئیسلامیی ئێران كرابێت بۆ ئازادكردنی چوار پاسەوانی سەرۆك كۆمار كە "لەلایەن نەناسراوانەوە رفێنراون".

چوار جار سه‌ردانی سه‌رۆك كۆماری پێشومان كرد به‌ڵام ئاماده‌نه‌بوو بمانبینێت

له‌كاتێكدا كه‌سوكاری چوار رفێنراوه‌كه‌ زیاد له‌ جارێك هه‌وڵیانداوه‌ لێپرسراوانی سه‌رۆكایه‌تی كۆمار ببینن و بێ ئاكام بووه‌.

"چوار جار سه‌ردانی سه‌رۆك كۆماری پێشومان كرد به‌ڵام ئاماده‌نه‌بوو بمانبینێت" به‌وته‌ی غازی غه‌فور، مامی قوسه‌ی بۆ (كه‌ركوك ناو)، وتیشی "دەرگای بەرپرس نه‌ماوه‌ لێی نه‌ده‌ین به‌ڵام هیچمان ده‌ستنه‌كه‌وت".

ئه‌و چوار پاسه‌وانه‌ به‌ ئۆتۆمبێلێكی جۆری ئۆپڵ، كه‌ موڵكی خالید بووه‌، گه‌ڕاونه‌ته‌وه‌ و ئۆتۆمبێله‌كه‌شیان دیارنه‌ماوه‌.

 (كه‌ركوك ناو) هه‌وڵیدا له‌گه‌ڵ لیوای پاسه‌وانی سه‌رۆكایه‌تی كۆمار قسه‌ بكات به‌ڵام هه‌وڵه‌كان بێ ئاكام بون.

له‌ ماڵی چوار پاسه‌وانه‌كه‌ شه‌ش ساڵه‌ پرسه‌ی رانه‌گه‌یه‌ندراو هه‌یه‌ و له‌ ماته‌مدا ده‌ژین.

qusay ali (6)
كه‌ركوك/ 2021/ دڵپاك غازی دوای بێسه‌روشوێنبونی قوسه‌ی عه‌لی هاوسه‌ری چۆته‌وه‌ ماڵی باوكی و له‌ قه‌زای داقوق له‌گه‌ڵ منداڵه‌كانیدا ده‌ژی فۆتۆ: كه‌ركوك ناو

"منداڵه‌كانم گه‌وره‌بون و به‌رده‌وام پرسیاری باوكیان ده‌كه‌ن، نازانم چییان پێبڵێم، كوڕه‌‌ گه‌وره‌كه‌م له‌ ده‌فته‌ری یاده‌وه‌رییه‌كانیدا نوسیویه‌تی كه‌ی بێت باوكی بگه‌ڕێته‌وه‌ و ئۆتۆمبێل بكڕێت به‌یه‌كه‌وه‌ بچنه‌ بازاڕ" دڵپاك غازی وای وت.

هاوسه‌ری قوسه‌ی ده‌ڵێت له‌ بارودۆخێكی خراپی داراییدا ده‌ژی، نیوه‌ی موچه‌ی هاوسه‌ره‌كه‌ی وه‌رده‌گرێت چونكه‌ به‌ بێسه‌روشوێن هه‌ژماركراوه‌.

به‌پێی یاسای چاودێری ناكامڵ (قاصرین)ی ژماره‌ 78ی ساڵی 1980ی عیراق، دادگا ده‌توانێت بڕیار له‌ مردنی كه‌سێكی ونبوو بدات، ئه‌گه‌ر به‌ڵگه‌ ده‌رباره‌ی مردنی ده‌ستكه‌وت یان چوار ساڵ به‌سه‌ر ونبونیدا تێپه‌ڕبوو.

مه‌ریوان نه‌عمان، برای كه‌نعان كه‌ یه‌كێك بووه‌ له‌ چوار پاسه‌وانه‌ بێسه‌روشوێنه‌كان به‌ (كه‌ركوك ناو)ی وت "ھەر چوار خێزانەکە قبوڵمان نەکردوە بەشەھید حساب بکرێن، چونکە تائێستا ئومێدەوارین بگەڕێنەوە".

هاوشێوه‌ی ئه‌وانی دیكه‌، كه‌نعان نه‌عمان (45 ساڵ)یش خێزانداره‌ و دانیشتوی قه‌زای كه‌لاره‌.

"شه‌ش ساڵه‌ له‌ خه‌فه‌ت و ئازاردا ده‌ژین، هه‌موو رۆژێك له‌ ماڵی ئێمه‌ ماته‌مه‌، چونكه‌ نازانین ماون یان نا" مه‌ریوان ده‌ڵێت سكاڵایان تۆماركردووه‌ به‌ڵام لێكۆڵینه‌وه‌كان هیچ ئه‌نجامێكیان نه‌بووه‌ و یاسا هیچی بۆ نه‌كردون.

رفێنه‌ره‌كان داوای 100 ده‌فته‌ر دۆلاریان بۆ چوار پاسه‌وانه‌ رفێنراوه‌كه‌ ده‌كرد

چه‌ند رۆژێك دوای دیارنه‌كانی چوار پاسه‌وانه‌كه‌، له‌رێی ژماره‌ مۆبایلی نه‌ناسراوه‌وه‌ به‌جیا په‌یوه‌ندی به‌ خێزانه‌كانیانه‌وه‌ كراوه‌ و له‌به‌رانبه‌ر ئازادكردنیاندا داوای بڕێك پاره‌ كراوه‌.

كه‌سوكاری بێسه‌روشوێنه‌كان ده‌ڵێن له‌ په‌یوه‌ندییه‌كاندا، بە عه‌ره‌بی قسه‌یان له‌گه‌ڵ كراوه‌، به‌ڵام هیچ زانیارییه‌كیان پێنه‌دراوه‌ دەربارەی ئەوەی رفێنه‌ران كێن یان له‌ كام لایه‌ن و گروپه‌وه‌ نزیكن.

مه‌ریوان وتی "دوای هه‌شت رۆژ له‌و په‌یوه‌ندییه‌ ته‌له‌فۆنییه‌دا گوێم له‌ ده‌نگی براكه‌م بوو، به‌ڵام دیاربوو ده‌نگه‌كه‌ی تۆماركرابوو، ته‌نیا ئه‌و قسه‌یەی كرد و وتی داواكارییه‌كه‌یان جێبه‌جێبكه‌ن، ئه‌وان داوای 100 ده‌فته‌ر دۆلاریان كرد بۆ هه‌ر چواریان، ئێمه‌ش له‌ تواناماندا نه‌بوو ئه‌و پاره‌یه‌ دابینبكه‌ین".

"خێزانی ئێمه‌ 40 هه‌زار دۆلارمان دابینكرد و به‌پێی ئه‌و رێككه‌وتنه‌ ره‌وانه‌ی شاری خاڵس-مان كرد به‌ڵام پاره‌كه‌ش رۆیشت و براكه‌م ئازاد نه‌كرا" به‌وته‌ی مه‌ریوان.

خێزانه‌كانی دیكه‌ش بۆ (كه‌ركوك ناو) پشتڕاستیانكرده‌وه‌ زیاد له‌ جارێك به‌ ته‌له‌فۆن په‌یوه‌ندییان پێوه‌كراوه‌ و داوای پاره‌ كراوه‌.

غازی غه‌فور، مامی قوسه‌ی وتی "چه‌ند جارێك پاره‌مان بۆ شوێنی جیاواز ره‌وانه‌ كردووه‌، یان له‌ شوێنان پاره‌مان داناوه‌ و به‌جێمان هێشتووه‌ وه‌ك له‌ ته‌له‌فۆنه‌كاندا پێمانوتراوه‌، دواجار شه‌ش هه‌زار دۆلارمان له‌رێگایه‌كی كفری له‌ژێر بلۆكێكدا دانا به‌ڵام كه‌س نه‌هات و بێسه‌روشوێنه‌كانیش هه‌ر بێ هه‌واڵ مانه‌وه‌".

بۆ هه‌ر په‌یوه‌ندییه‌كی ته‌له‌فۆنی لایه‌نی ئه‌منی و به‌رپرس له‌و دۆسیه‌یه‌ ئاگاداركراونه‌ته‌وه‌ به‌ڵام به‌هیچ سه‌ره‌داوێك نه‌گه‌یشتون.

به‌پێی زانیارییه‌كانی (كه‌ركوك ناو)، لیوای 2ی فه‌وجی 3ی سه‌رۆكایه‌تی كۆمار له‌دوای روداوه‌كه‌وه‌ تیمێكی بۆ لێكۆڵینه‌وه‌ و به‌دواداچون پێكهێناوه‌، بێ ئه‌وه‌ی هیچ زانیارییه‌كیان ده‌رباره‌ی چاره‌نوسی رفێنراوه‌كان ده‌ستبكه‌وێت.

"حكومه‌ت و ده‌سه‌ڵات كه‌مته‌رخه‌من‌ به‌رانبه‌ر ئه‌م كه‌یسه‌، به‌ده‌م داواكارییه‌كه‌مانه‌وه‌ نه‌هاتون" براكه‌ی كه‌نعان وای وت.

خێزان و كه‌سوكاری چوار رفێنراوه‌كه‌ به‌ مان و نه‌مان چاوه‌ڕێی هه‌واڵێكی رفێنراوه‌كان ده‌كه‌ن تا لانیكه‌م منداڵه‌كانیان له‌و دودڵییه‌دا نه‌مێننه‌وه‌.

(كه‌ركوك ناو) په‌یوه‌ندی به‌ راگه‌یاندنی (سه‌رۆكایه‌تی به‌رهه‌م ساڵح) سه‌رۆكایه‌تی كۆماری عیراقه‌وه‌ كرد به‌ڵام به‌ پاساوی ئه‌وه‌ی ئاگاداری ورده‌كاری ئه‌و روداوه‌ و لێكۆڵینه‌وه‌كانی نین ئاماده‌نه‌بون لێدوان بده‌ن.

دڵپاك غازی، هاوسه‌ری قوسه‌ی له‌ ته‌نیشتی دوو منداڵه‌كه‌ی دانیشتووه‌ و به‌ قوڕگی پڕ له‌ گریان و پاڕانه‌وه‌وه‌ داوا له‌ سه‌رۆكایه‌تی كۆمار و حكومه‌ت و لێپرسراوان ده‌كات؛ به‌ هه‌واڵێكی باوكی یوسف و هاویار ئه‌و چوار خێزانه‌ له‌ چاوه‌ڕوانی رزگاربكه‌ن.

  • FB
  • Instagram
  • Twitter
  • YT