ژماره‌یه‌ك ئاسایشی سه‌ر به یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان له بازگه‌یه‌كی خانه‌قین چه‌ك ده‌كرێن، دوای نوسینی چه‌ندین دروشمی دژایه‌تی له‌سه‌ر دیواری باره‌گاكانیان له ناوه‌ندی قه‌زاكه‌دا، ئه‌وه‌ش به‌وته‌ی لێپرسراوانی ئه‌و حزبه، گروپ و لایه‌نگرانی حه‌شدی شه‌عبی له پشته‌وه‌یه.
ئێواره‌ی دوشه‌ممه 17ی ئایاری 2021، چه‌كدارانی حه‌شدی شه‌عبی له بازگه‌یه‌كی هاوبه‌شی ئه‌منیدا، هێرشده‌كه‌نه سه‌ر هێزێكی ئاسایشی یه‌كێتیی.
سه‌رچاوه‌یه‌ك له ئاسایش به (كه‌ركوك ناو)ی وت "له بازگه‌ی باوه‌مه‌حمود حه‌شدی شه‌عبی ژماره‌یه‌ك له كارمه‌ندانی ئاسایشیان چه‌ك كردووه، مۆبایله‌كانیان لێوه‌رگرتون و دوای سوكایه‌تیپێكردن ناردویانن بۆ ماڵه‌وه".
ئه‌و بازگه‌یه به‌هاوبه‌شی له‌لایه‌ن حه‌شدی شه‌عبی، ئاسایشی یه‌كێتی، پۆلیس و سوپای عیراقییه‌وه به‌ڕێوه‌ده‌برێت و ده‌كه‌وێته سه‌ر رێگای سه‌ره‌كی خانه‌قین – كه‌لار.
به‌پێی به‌دواداچونی (كه‌ركوك ناو) ئێستا هیچ كارمه‌ندێكی ئاسایشی یه‌كێتیی له شه‌قام و گۆڕه‌پانه سه‌ره‌كییه‌كانی شاری خانه‌قین نابینرێن كه پێشتر ئه‌ركیان له‌و شوێنانه‌دا هه‌بوو.
ئه‌وه‌ش له كاتێكدابوو كاتژمێر 4:30 خوله‌كی دوانیوه‌ڕۆی هه‌مان رۆژ له ناوه‌ندی قه‌زای خانه‌قین، ژماره‌یه‌ك هاوڵاتی به جلی مه‌ده‌نییه‌وه بۆ ده‌ربڕینی ناڕه‌زایی له‌به‌رده‌م باره‌گای یاریده‌ده‌رێتی ئاسایشی یه‌كێتیی گردبونه‌وه.
ناڕازییه‌كان داوای ئازادكردنی هاوڵاتییه‌كیان ده‌كرد كه دوو ساڵ پێش ئێستا به‌وته‌ی ئه‌وان له‌لایه‌ن ئاسایشه‌وه ده‌ستگیركراوه.
ده‌ستگیركراوه‌كه پێشتر لێپرسراوی به‌شی ئه‌ندازیاری لیوای 110ی حه‌شدی شه‌عبی بووه.
سه‌رچاوه‌كه‌ی ئاسایشی یه‌كێتی وتی "ئه‌و هاوڵاتییانه‌ی هه‌ڵیانكوتایه‌سه‌ر باره‌گای ئاسایش، به‌شێكیان سڤیل بون و به‌شێكیان چه‌كداری گروپی ره‌بعه‌ڵڵای حه‌شدی شه‌عبی بون به جلی مه‌ده‌نییه‌وه، دروشمیان له‌سه‌ر دیواری باره‌گاكه نوسی".
هه‌روه‌ها ده‌ڵێت هه‌مان گروپه دوای باره‌گای ئاسایش به‌ره‌و باره‌گای مه‌ڵبه‌ندی یه‌كێتیی رۆیشتون، كه 500 مه‌تر له یه‌كترییه‌وه دورن، "له‌وێش دروشمیان نوسی".
ناڕه‌زاییه‌كه دوای نوسینی دروشمه‌كان كۆتایی هاتووه بێ ئه‌وه‌ی هیچ بارگرژی و ئاڵۆزییه‌ك دروستبێت.
به‌پێی به‌دواداچونی (كه‌ركوك ناو) له‌سه‌ر دیواره‌كانی باره‌گاكانی ئاسایش و مه‌ڵبه‌ندی یه‌كێتی دروشمه‌كانی داوای رۆیشتن و ستایش بۆ گروپی ره‌بعه‌ڵڵای حه‌شدی شه‌عبی، دژایه‌تی "تیرۆر و ئیسرائیل" و داوای ئازادكردنی ده‌ستگیركراوێك نوسراوه.
(كه‌ركوك ناو) په‌یوه‌ندی كرد به لێپرسراوێكی باڵای حه‌شدی شه‌عبییه‌وه له میحوه‌ری دیاله به‌ڵام ره‌تیكرده‌وه هیچ گروپ و لایه‌نێكی حه‌شدی شه‌عبی له پشت ئه‌و ناڕه‌زاییه و نوسینی دروشمه‌كانی سه‌ر باره‌گاكانه‌وه‌بن، ته‌نیا وتی "ئه‌وه جه‌ماوه‌ر و كەسوكاری دەستگیركراوان ناڕەزایەتییان ئەنجامداوە".
ئه‌و روداوانه دوای ئه‌وه‌هات، چه‌ند رۆژێك له‌مه‌وبه‌ر، هێزه ئه‌منییه‌كانی شاری سلێمانی "بازرگانێكی نزیك له حه‌شدی شه‌عبی"یان ده‌ستگیركرد، كه دواتر هه‌مان رۆژ ئازادیانكرد و گه‌ڕایه‌وه بۆ خانه‌قین.
میدیا عیراقییه‌كان له زاری ئیبراهیم حه‌سه‌ن، وته‌بێژی راگه‌یاندنی رێكخستنه‌كانی خانه‌قینی یه‌كێتییه‌وه بڵاویانكرده‌وه هیچ ئاڵۆزییه‌ك له نێوان حه‌شدی شه‌عبی و یه‌كێتییدا روینه‌داوه، روداوه دوای ده‌ستگیركردنی چه‌كدارێكی حه‌شدی شه‌عبی خه‌ڵكی خانه‌قین بووه له سلێمانی، به‌هۆی "هه‌بونی گومان و لێكچونی ناوه‌كه‌ی" به‌ڵام دوای وردبینی بێ كێشه ئازادكراوه.
ئه‌و ده‌ڵێت گروپێكی سه‌ر به ده‌ستگیركراوه‌كه چونه به‌رده‌م باره‌گای یه‌كێتی و "بارودۆخه‌كه‌یان قۆستۆته‌وه بۆ دژایه‌تیكردن و سوكایه‌تی به پێشمه‌رگه و ئاسایش".
قه‌زای خانه‌قین له باكوری پارێزگای دیاله، یه‌كێكه له ناوچه‌كانی جێناكۆك و زۆرینه‌ی دانیشتوانه‌كه‌ی كوردن، له‌گه‌ڵ به‌شێك له عه‌ره‌ب و توركمان، له دوای 2003ـه‌وه دۆسییه‌ی ئه‌منی قه‌زاكه به‌ده‌ست هێزه ئه‌منییه‌كانی هه‌رێمی كوردستانه‌وه بوو، تا گه‌ڕانه‌وه‌ی سوپا و هێزه‌كانی تری سه‌ر به حكومه‌تی فیدراڵی عیراق له 16ی ئۆكتۆبه‌ری 2017دا.