خانەقین تینوێتی بە ئەڵوەند ناشكێت

دیالە/ كۆتایی 2020/ دیمەنێك لە روباری ئەڵوەند لە خانەقین فۆتۆ: ئەمیر خانەقینی

ئەمیر خانەقینی – خانەقین

دانیشتووانی خانەقین لە كاتژمێرێكدا پێویستیان بە 2000 مەتر سێجا ئاو هەیە، لەكاتێكدا پڕۆژەی ئاوی قه‌زاكه‌ له‌ توانایدایه‌ ته‌نیا 800 مەتر سێجا دابینبكات، ئەوەش بە گەورەترین كێشه‌ی ئه‌مساڵی به‌رده‌م هاوڵاتیان داده‌نرێت و شانەی قەیران بۆ چارەسەركردنی پێكهێنراوە.

ئەو گرفتە كە سەرچاوەكەی بۆ كەمی رێژەی باران، كەمبونەوەی ئاوی بەنداوی ئەڵوەند و كێشەی گەیشتنی ئاوی روباری سیروان بۆ پڕۆژەكە دەگەڕێتەوە، ترسی لە دڵی دانیشتووانی خانەقین دروستكردووە و ئیدارەی قەزاكەش دەیەوێت بەزوترین كات چارەسەرێك بدۆزنەوە.

سەرمەد محەمەد، دانیشتوی گەڕەکی رزگاری لە خانەقین، - سەرچاوەی سەرەكی ئاوی ئەو گەڕەكە، لە پڕۆژەی ئاوی قەزاكەوەیە -، دەڵێت بەردەوام كێشەی ئاومان هەبووە و ئێستا كێشەكە زۆرتر بووە، "شەش رۆژە یەك دڵۆپ ئاو بەرنەدراوەتەوە، ناچار بە تانكەر ئاو دەكڕین، یان ئاو لەو دراوسێیانەم وەردەگرم كە بیریان هەیە" سەرمەد وایوت.

شەش رۆژە یەك دڵۆپ ئاو بەرنەدراوەتەوە، ناچار بە تانكەر ئاو دەكڕین

بۆ هەر تانكەرێك ئاو، كە نزیكەی 20 بەرمیل دەگرێت، سەرمەد و خەڵكی خانەقین بڕی 15 هەزار دینار دەدەن.

ئەو وتی "داوا لە حكومەت دەكەین، رێگەبدات بە لێدانی بیری ئیرتیوازی لە گەڕەكەكەمان".

لێدانی بیر بۆ هەر گەڕەكێك پێویستی بە رەزامەندی قایمقام هەیە و دەبێت خەڵكی گەڕەك ئیمزای 10 سەرۆك خێزان كۆبكەنەوە.

هەردوو روباری ئەڵوەند و روباری سیروان، دوو سەرچاوەی سەرەكی دابینكردنی ئاوی پڕۆژەی خانەقینن، بەڵام لەئێستادا هەردوو سەرچاوەكە كێشەیان بۆ دروستبووە.

alwand
دیالە/ كۆتایی 2020/ دیمەنێك لە روباری ئەڵوەند لە خانەقین فۆتۆ: ئەمیر خانەقینی

بەنداوی ئەڵوەند لەمكاتەدا تەنیا نزیكەی 15 بۆ 18 ملیۆن مەتر سێجا ئاوی تێدا ماوە، لەكاتێكدا دوو ساڵ لەمەوبەر 39 ملیۆن مەتر سێجا ئاوی تیابوو و سەرڕێژ بوو بوو، ئەوەش بەپێی وتەی ئەحمەد دەلۆ، بەڕێوەبەری بەنداوەكە.

ئەحمەد دەلۆ وتی "لە چركەیەكدا بەنداوەكە تەنیا دوو تا سێ مەتر سێجا ئاوی تێدەچێت، لەكاتێكدا ساڵی رابردوو لە هەمان مانگدا لە چركەیەكدا 23 مەتر سێجا ئاوی تێدەچوو"، ئەوەشی بۆ گلدانەوەی ئاو لەلایەن حكومەتی ئێران و دروستكردنی بەنداو لە سەرچاوەی ئاوەكە لەناو خاكی ئەو وڵاتە گەڕاندەوە.

وتیشی كە هۆكارێكی تر، پەیوەندی بە كەمبونەوەی رێژەی بارانبارینەوە هەیە لە ئەمساڵدا.

ئەحمەد دەلۆ، وتی "پێمانوایە لە مانگەكانی داهاتودا، هیچ ئاوێك ناچێتە بەنداوی ئەڵوەندەوە و بەنداوەكە بە تەواوی خاڵی دەبێت لە ئاو، لەوكاتەشدا پڕۆژەی ئاوی خانەقین سەرچاوەی سەرەكی ئاوەكەی لەدەستدەدات".

پێمانوایە لە مانگەكانی داهاتودا، هیچ ئاوێك ناچێتە بەنداوی ئەڵوەندەوە و بەنداوەكە بە خاڵی دەبێت لە ئاو

سەرچاوەیەكی تری پڕۆژەی ئاوی خانەقین، بونی جۆگەیەكی ئاوە كە لە روباری سیروانەوە راكێشراوە.

موئەیەد شاكر، بەڕێوەبەری سەرچاوە ئاوییەکانی خانەقین، وتی "بەڵام گوندنشینان و جوتیاران زیادەڕۆیی زۆریان كردۆتەسەر جۆگەكە و لە ساڵی 2015ەوە گرفتی بۆ دروستبووە... ئاوی جۆگەكە بەشێوەیەکی بەردەوام نایەت بۆ خانەقین و پچڕپچڕە".

بەپێی بە دواداچونێكی فەرمانگەی سەرچاوە ئاوییەكان، لە 47 شوێندا زیادەڕۆیی كراوەتەسەر جۆگەكە.

پڕۆژەی ئاوی خانەقین، لە ساڵی 1968دا دروستكراوە كاتێك ژمارەی دانیشتووانی قەزاكە بەپێی ئیدارەی خانەقین شەش هەزار كەس بووە، بەڵام لە ئێستادا 90 هەزار كەس لە قەزاكە دەژین.

حەسەن ئاغاجان، بەڕێوەبەری فەرمانگەی ئاوی خانەقین، وتی "پڕۆژەی ئاوی خانەقین، هەمان پڕۆژەی پێشووە، بەڵام سەرچاوەی ئاوەكەی زیاترە، جگە لەوەی 27 بیری ئیرتیوازیمان هەیە بۆ هاوكاریكردنی هاوڵاتیان، چونكە پڕۆژەی ئاوی خانەقین بە تەنیا ناتوانێت پێداویستی دانیشتووان دابینبكات".

پڕۆژەكە لە كاتژمێرێكدا 800 مەتر سێجا ئاو بەرهەمدەهێنێت، لەكاتێكدا دانیشتووانی خانەقین  پێویستیان بە 2000 مەتر سێجا ئاو هەیە لە هەمان ماوەدا، ئاغاجان زیاتر وتی "پڕۆژەكە و ئەو 27 بیرەی هەیە، هێشتا ناتوانن پێداویستی خەڵكی خانەقین پڕبكەنەوە، بۆیە داوامان لە وەزارەتی سەرچاوە ئاوییەكان كردووە، 75 بیری تری ئیرتیوازی لە خانەقین لێبدات...".

ئەو هەوڵە دوای ئەوە هات ئیدارەی خانەقین شانەیەكی قەیرانی بۆ روبەڕوبونەوەی مەترسی كەمئاوی لە چەند فەرمانگەیەكی قەزاكە پێكهێنا.

"بەشێوەیەکی خێرا و لە ماوەیەکی زۆر کورتدا دەستدەکرێت بە هەڵکەندنی 10 بیری ئاو"، حەسەن ئاغا جان زیاتر وتی "ئەمساڵ كێشەی كەمئاویی لە خانەقین دروستدەبێت، ئێستا لە سەرەتای كێشەكەداین".

بەشێوەیەکی خێرا و لە ماوەیەکی زۆر کورتدا دەستدەکرێت بە هەڵکەندنی 10 بیری ئاو

یوسف ئیبراهیم، لێپرسراوی راگەیاندنی قایمقامیەتی خانەقین، بە (كەركوك ناو)ی وت كە ئامانجیان لە پێكهێنانی شانەی قەیران ئەوەیە نەهێڵن بێ بارانیی و كەمبونەوەی ئاوی بەنداوی ئەڵوەند كاریگەری ئەوتۆ لەسەر دانیشتووان دروستبكات.

ئەو وتی "كۆمەڵێك رێوشوێنی خێرامان گرتۆتەبەر و لە هەنگاوی یەكەمدا چەند بیرێكی ئاو لێدەدرێت، ئاوی بەنداوی ئەڵوەندیش پاكدەكرێتەوە بۆ ئەوەی سودی زیاتری لێببینین".

شانەی قەیران، كە قایمقامی سەرۆكایەتی دەكات، پێشنیاریان كردووە پەلەبكرێت لە راكێشانی بۆرییەك لە روباری سیروانەوە بە درێژایی 25كم و بە تێچوی پێنج ملیار دینار، بەڵام حكومەت هێشتا رەزامەندی لەسەر نەداوە.

  • FB
  • Instagram
  • Twitter
  • YT