بەڕێوەبەرایەتی بەرهەمە نەوتییەكانی كەركوك داوای ئازادكردنی تیمێكی پێنج كەسییان دەكات كە تۆمەتباركراون بە بەقاچاغبردنی 180 هەزار لیتر لە بەرهەمە نەوتییەكان لەڕێی بارهەڵگر و هەوڵدان بۆ رەوانەكردنیان بۆ دەرەوەی پارێزگای كەركوك.
ئەو تیمە پێنج كەسییە، هەفتەی رابردوو لە یەكێك لە بازگەكانی باشوری كەركوك و لەلایەن پۆلیسی وزەوە دەستگیركراون، لەگەڵ دەستگرتن بەسەر بارهەڵگر و تەواوی ئەو بەرهەمە نەوتییانەی كە باریان كردبون.
سەرچاوەیەك لە بەشی بازگەکان لە بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی نەوت، بۆ (كەركوك ناو)، جەختیكردەوە "ئەو پێنج كەسە لەڕێی پێنج بارهەڵگرەوە 180 هەزار لیتر بەرهەمی نەوتییان باركردبوو بە ئامانجی ئەوەی بەشێوەی قاچاغ بیبەنە دەرەوەی پارێزگای كەركوك".
"تیمەکانیان لە پرۆسەیەکی ناوازەدا توانیان هەر پێنج تۆمەتبارەكە دەستگیربکەن و دەست بەسەر پێنج بارهەڵگر و تانکەردا بگرن کە بڕی 180 هەزار لیتر بەرهەمی نەوتییان پێبووە". سەرچاوەكە زیاتر وتی "شۆفێرەكان هەوڵیانداوە ئەو بەرهەمانە ببەنە دەرەوەی پارێزگای کەرکوک، لە ئێستادا لێكۆڵینەوەی وردیان لەگەڵدا دەكەین و دەمانەوێت بزانین چ لایەنێك لە پشت ئەم هەوڵەوەیە".
تیمەکانیان لە پرۆسەیەکی ناوازەدا توانیان هەر پێنج تۆمەتبارەكە دەستگیربکەن و دەست بەسەر پێنج بارهەڵگر و تانکەردا بگرن کە بڕی 180 هەزار لیتر بەرهەمی نەوتییان پێبووە
ئەوەش لەكاتێكدایە بەڕێوەبەرایەتی بەرهەمە نەوتییەکانی کەرکوک، رەتیدەكاتەوە ئەو شۆفێرانە ویستبێتیان بە قاچاغ بەرهەمە نەوتییەكان ببەنە دەرەوە و جەختدەكەنەوە لەوەی بە "نوسراوی فەرمیی و بە ئاگاداری لایەنە پەیوەندیدارەکان راسپێردراون ئەو بڕە نەوتە بگەیەننە بەغدا". ئەوەش بەپێی وتەی غەسان وادی، لێپرسراوی راگەیاندنی بەرهەمە نەوتییەکانی کەرکوک.
ئەو وتی "ئەو تانکەرانە و شۆفێرەكانیش سەر بە فەرمانگەكەمانن و حکومین و رێپیدانیان بۆ كراوە بۆ بردنەدەرەوەی بەرهەمە نەوتییەكان، بۆیە پێویستە بە پەلە ئازادبكرێن". غەسان وادی زیاتر وتی "ئەو بەرهەە نەوتییانە بەئاگاداری حكومەتی عیراق رەوانەی وێستگەی کارەبای سەدر دەكرێت لە بەغدا".
نوسینگەی سەرۆك وەزیرانی عیراق لە 14ی نیسانی ئەمساڵ لە نوسراوێكدا كە ئاراستەی فەرماندە سەربازییەکانی بەغدا، بەسرە، سەڵاحەدین و فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەكانی كەركوكی كردووە، تیایدا ئاگاداریان دەكاتەوە كە تاوەكو 15ی ئایار 55 تانکەری حکومی لە وێستگەکانی کەرکوکەوە جوڵە دەکەن و سوتەمەنی لە جۆری نەوتی سپی، زەیتی غاز و بەنزینی کوالێتی بەرز رەوانەی بەغدا دەكەن.
بەڵام ئەو پێنج شۆفێرەی كەركوك لە 20ی ئایار و لە دەرەوەی ئەو ماوەیە دەستگركراون كە نوسینگەی سەرۆك وەزیران دیاریكردووە.
سەرچاوەیەك لە پۆلیسی كەركوك جەختی لە دەستگیركردنی ئەو پێنج كەسە كردەوە و وتی "تۆمەتبارن بە بەقاچاغبردنی بەرهەمە نەوتییەكان، بۆیە لێكۆڵینەوەیان لەگەڵدا دەكرێت و ئازادنەكراون".