حکومەت دۆسییەکەی ونکردووە؛
بەلێشاو زەویی كریستیانەكانی کوردستان قوتدەدرێت

دهۆك/ 2020/ گەڕەكی كۆنی كریستیانەكان، حكومەت رێگریی دەكان نۆژەنی بكەنەوە. فۆتۆ: عەمار عەزیز

عەمار عەزیز – دهۆك

كریستیانەكانی هەرێمی كوردستان دادوبێدادیانە بەدەست ئەو دەستدرێژییانەی دەكرێنە سەر موڵك و زەوییەكانیان لەلایەن سەرۆك عەشیرەت و كەسایەتییە دەستڕۆیشتووەكانەوە، ئەوە لەكاتێكدایە لە ئەنجومەنی وەزیران دۆسییەكە ونبووە و لیژنەیەكی نوێ بەڕێوەیە، بەڵام "ئیرادەی چارەسەركردن" ونە.

زیادەڕۆیی و دەستدرێژی بۆ سەر موڵكی كریستیانەكان لە هەرێمی كوردستان، كە چەند دەیەیەكە بەردەوامە، لە چەند هەفتەی رابردودا دەنگدانەوەیەكی زیاتری لە میدیا و تۆڕە كۆمەڵایەتییەكاندا بەدواداهات، دوای ئەوەی وەفدێكیشیان سەردانی پەرلەمانی كوردستانی كرد.

ئەو وەفدە كە بۆ گەیاندنی دەنگی پێكهاتەی كریستیان لە پەرلەمان بون، مەترسی خۆیان نیشاندا لەوەی لە حاڵەتی چارەسەرنەكردنی كێشەكانیاندا، رەنگە روداوی نەخوازراو روبدات، كە ئەوان خوازیاری نین.

ئیشو ئنیویا یاقۆ، كریستیانییە و دانیشتوی گوندی خێلانە لە ناحیەی دینارتە سەر بە قەزای ئاکرێ، بە (كەركوك ناو)ی وت "سێ دۆنم زەوییم داگیركراوە، باپیرم لە ساڵی 1922 هاتۆتە ئەم گوندە و ئەو زەوییانە ئێستا تاپۆكەی بەناوی خۆمەوەیە، بەڵام هەندێك كەس كە عەشیرەتیان لەپشتە داگیریانكردووە".

باپیرم لە ساڵی 1922 هاتۆتە ئەم گوندە و ئەو زەوییانە ئێستا تاپۆكەی بەناوی خۆمەوەیە، بەڵام هەندێك كەس كە عەشیرەتیان لەپشتە داگیریانكردووە

ساڵێك لەمەوبەر، دادگای ئاكرێ بڕیاریدا ئەو سێ دۆنم زەوییە بۆ ئیشو ئنیویا بگەڕێتەوە، "بەڵام گوێیان بە بڕیارەكەی دادگا نەدا و زەوییەكەم نادەنەوە... یان دەڵێن با سوڵحی عەشایەری بكەین و زەوییەكە بەشێوەی یەكسان دابەشبكەین"، ئیشو ئنیویا وتی "بەهیچ شێوەیەك بە سوڵحی عەشایەری قایل نیم و موڵكی خۆمان دەوێتەوە".

"هەندێکجار گرژیی و ئاڵۆزی لە نێوان ئێمە و ئەو خەڵکەدا دروستبووە کە زەوییەکانیان داگیركردووە، بەڵام نەگەیشتۆتە یەکترکوشتن... ئێمە دەستبەرداری ناوچەکەی خۆمان نابین بۆ هیچ کەسێکیشی چوڵی ناکەین"، ئیشو داوا لە حكومەتی هەرێمی كوردستان دەكات پەلەبكات لە چارەسەركردنی ئەو كێشەیە، هەرچەندە دەڵێت بێهیوا بووە.

cristian-3
دهۆك/ كەنیسەی شەهید مارایس ئیلاها. فۆتۆ: عەمار عەزیز

تەنیا لە گوندەكانی ناحیەی دینارتە زیادەڕۆیی كراوەتەسەر زەوی 150 خێزانی كریستیان، ئەوەش بەپێی وتەی ئەندریوس میخائیل، قەشەی کریستیانەکانی ئاکرێ، كە جەختیكردەوە لەوەی "بەشێكیان جگە لە بەكارهێنانی زەوییەكان بۆ باخ و كشتوكاڵ، خانویان لەسەر دروستكراوە".

بەپێی ئەو ئامارانەی كریستیانەكان كە لەچوارچێوەی راپۆرتێكدا لە ساڵی 2018دا رادەستی حكومەتی هەرێمی كوردستانیان كردووە، لە تەواوی پارێزگای دهۆك زیادەڕۆیی كراوەتەسەر 54 گوندییان و نزیكەی نیوەی كێشەی ئەو گوندانەش هێشتا چارەسەرنەكراون.

لە ناحیەی عینكاوەش لە پارێزگای هەولێر، 223 خێزان سكاڵایان بردۆتە ئەنجومەنی وەزیران و پەرلەمان لە دژی دەستبەسەراگرتن و بەكارهێنانی زەوییەكانیان، بەڵام تەنیا 40 خێزانیان قەرەبوكراونەتەوە.

لە ساڵی 2018دا، ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێم بڕیاریدا لەڕێی لیژنەیەكەوە كێشەی دەستدرێژی بۆ سەر زەویی و موڵكی كریستیانەكان چارەسەر بكات، بەڵام بێئەنجام بوو.

لە 25ی كانونی یەكەمی 2020، حكومەت لیژنەیەكی نوێی بۆ چارەسەركردنی گرفتەكە پێكهێنا، كە شەش وەزارەتی حكومەت تیایدا نوێنەریان هەیە.

لینوس عودیشۆ، ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگای دهۆك و ئەندامی لیژنەكەی ساڵی 2018ە، بە (كەركوك ناو)ی وت "هەموو ئەو ناوچانەی سنوری دەسەڵاتی هەرێمی كوردستان گەڕاین كە كریستیانەكان زەوییەكانیان لێداگیركراوە، هەموومان بە بەڵگە و داتا رادەستی ئەنجومەنی وەزیران كردووە كە بەرهەمی یەك ساڵ كاركردنی لیژنەكە بوو".

لە بارەی ئەنجامی كارەكانی لیژنەكەوە، وتی "نەك بابەتەكە چارەسەرنەكرا، بەڵكو هەموو نوسراو و راپۆرتی لیژنەكە لە ئەنجومەنی وەزیران ونكرا... دوو تا سێجار پرسیارم کرد وتیان راپۆرتەكە نەگەیشتووە، لەكاتێكدا خۆمان رادەستمان كردن".

نەك بابەتەكە چارەسەرنەكرا، بەڵكو هەموو نوسراو و راپۆرتی لیژنەكە لە ئەنجومەنی وەزیران ونكرا

لینوس عودیشۆ پێیوایە كێشەكە لەوە گەورەترە كریستیانەكان بیری لێدەكەنەوە، "هەندێك لە ئەوانەی زەوییەكانیان داگیركردووە تەنانەت بڕیاری دادگاشیان بۆ چووە، بەڵام ئامادەنین جێبەجێی بكەن و لە زیادەڕۆیی بۆ سەر موڵكی كریستیانەكان بەردەوامن".

بۆیە ئەو وتی "چارەسەركردنی كێشەكە پێویستی بە ئیرادەیەك هەیە، بەداخەوە ئەو ئیرادەیە لای حكومەت نابینین".

عەبدولستار مەجید، سەرۆکی لیژنەی کشتۆکاڵ لە پەرلەمانی کوردستان كە چەند جارێك لەسەر ئەو زیادەڕۆییانە بە نوسین ناڕەزایی دەربڕیوە، وتی "سكاڵای بەشێك لە كریستیانەكانی عەینكاوەم وەرگرتووە، تەنیا یەك كۆمپانیا 450 دۆنم زەوی داگیركردووە و هیچ كەسێكیش رێگریی لێناكات".

له‌ دوو ملیۆن كریستیانی ساڵانی نه‌وه‌ده‌كانی رابردودا، لەمكاتەدا كه‌متر له‌ 400 هه‌زار كه‌سیان له‌ عیراق و هه‌رێم ماونه‌ته‌وه‌، ئەوەش بەپێی وتەی خالید جه‌مال، به‌ڕێوه‌به‌ری گشتی كاروباری كریستیانه‌كان له‌ وه‌زاره‌تی ئه‌وقاف و كاروباری ئایینی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان، ئەو بۆ‌ (كه‌ركوك ناو)، جەختیكردەوە ته‌نیا له‌ سه‌رده‌می شه‌ڕی داعشدا زیاتر له‌ 250 هه‌زار كه‌س كۆچیانكردووه‌.

خالید جەمال، دەڵێت حکومەتی هەرێمی كوردستان لایەنێکی سەرەکی كێشەی زیادەڕۆییە بۆ سەر زەوی كریستیانەكان، "چونكە کۆمەڵێک کەسایەتیی و سەرۆک عەشیرەت پێی هەستاون و حكومەت دەتوانێت یەخەیان بگرێت ئەگەر لە هەر پلە و پۆستێكدابن، دواتر قەرەبوی كریستیانەكان بكاتەوە".

ئەو جەختیكردەوە لەوەی دوای بێئومێدبونیان لە حكومەتی هەرێم، سكاڵاكانیان بردۆتە  لای وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا، دادگای لاهای نێودەوڵەتیی و رێکخراوە نێودەوڵەتییەكان.

"بابەتەکە بێ تام بووە، ئەمە عەیب و شەرمێکی گەورەیە بۆ ناوبانگی هەرێم و حکومەتی هەرێم بەرپرسی یەكەمە لەم بابەتەدا"، خالید جەمال وایوت.

ئایینی مه‌سیحی، دووه‌م گه‌وره‌ترین ئایینه‌ له‌ عیراق دوای ئیسلام، به‌پێی ده‌ستوری عیراق دانیپێدانراوه‌ و زمانیشیان پارێزراوه‌، كه‌ سریانییه‌؛  وه‌ك له‌ ده‌ستوریشدا هاتووه‌، پێویسته‌ له‌و ناوچانه‌ی تێیدا زۆرینه‌ن مافی بەکارهێنانی زمان، ئایین و  پارێزگارییکردن لە کەلتوری خۆیان پێبدرێت و مافەكانیان پارێزراوبن.

ئەندریوس میخائیل، قەشەی کریستیانەکانی ئاکرێ، وتی "دەمانەوێت لانیكەم بڕیاری دادگا جێبەجێبكرێت، زەوییەكانی ئاكرێ بەپێی بڕیاری دادگا و تاپۆ، موڵكی ئێمەن، بەڵام ئامادەنین دەستبەرداری ببن و بە كریستاینەكانی بدەنەوە".

تەنیا لە پارێزگای دهۆك 55 دۆسییەی داگیركردنی زەوی كریستیان رادەستی لیژنە نوێیەكەی حكومەتی هەرێم كراوە، وەك کلارە عودیشۆ یەعقوب، ئەندامی پەرلەمانی کوردستان لە فراکسیونی کلدانی سریانی ئاشوری بۆ (کەرکوک ناو) جەختیلێكردەوە.

كلارا وتی "بڕیاری دادگا، لەگەڵ بونی بڕێك پارە بۆ قەرەبوكردنەوە چارەسەری كێشەكە دەكات... ئێمە باوەڕمان بە کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی كوردستان هەیە بابەتەکە چارەسەر بكات".

ئێمە باوەڕمان بە کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی كوردستان هەیە بابەتەکە چارەسەر بكات

لێپرسراوێكی باڵای كریستیان لە ناحیەی عنكاوە لە هەولێر، وتی "بەمدواییانە 750 دۆنم زەوی موڵكی كریستیان لەلایەن دەستەی وەبەرهێنانەوە دراوەتە كەسێك بۆ پڕۆژە، ئێمەش ناڕەزایی خۆمان لەسەر ئەو 750 دۆنم زەوییەش داوەتە ئەنجومەنی وەزیران و دەمانەوێت خۆمان بەكاریبهێنن".

(كەركوك ناو)، هەفتەیەك چاوەڕێی جوتیار عادل، وتەبێژی حكومەتی هەرێمی كوردستانی كرد، تا لەسەر ئەو دۆسییەیە قسەبكات، دواجار چەند پرسیارێكی لەسەر لەڕێی سكرتێرەكەیەوە ئاڕاستەكرا، بەڵام وەڵامیان نەدایەوە، هەرچەندە بەڵێنی وەڵامدانەوەیان پێداین.

سەفین ئاغا، پەرلەمانتاری فراکسیۆنی پارتی دیموكراتی كوردستان، جەختیكردەوە لەوەی نوێترین شت لەسەر كەیسی زەوی كریستیانەكان، ئەو زەوییانەی ناحیەی عنكاوەیە كە دراوەتە كەسێك بۆ پڕۆژە "وەفدێكی كریستیانەكان هاتنە پەرلەمان، گوێمان لێگرتن و دەركەوت زەوییەكان موڵكی خۆیانە، بۆیە نوسراومان بۆ ئەنجومەنی وەزیران كرد و داوامانلێكردن زەوییەكانیان پێبدەنەوە".

ئەو وتیشی "وەكو بۆچونی خۆم، نەك وەكو فراكسیۆنەكەم، پێموایە کێشەی زەوی کریستیانەکانی عەینکاوە بە زەحمەت چارەسەر دەکرێت، چونکە کەسێکی دەستڕۆیشتوو بەنیازە پڕۆژەیەكی گەورە لەسەر زەوییەكە بكات".

پێموایە کێشەی زەوی کریستیانەکانی عەینکاوە بە زەحمەت چارەسەر دەکرێت، چونکە کەسێکی دەستڕۆیشتوو بەنیازە پڕۆژەیەكی گەورە لەسەر زەوییەكە بكات

ئایدن مەعروف، وەزیری هەرێم بۆ کاروباری پێکهاتەکان و ئەندامی لیژنە نوێیەكەی حكومەتی هەرێمی كوردستان، بە (كەركوك ناو)ی وت "کۆمەڵێک بڕیار دەرچووە، لەوانە پێکهێنانی چەند لیژنەیەک لەسەر ئاستی پارێزگا و قەزا بۆ بەدواداچون و چارەسەرکردنی کێشەکە... ئێستا بەشێوەی پراکتیک کار لەسەر چارەسەرکردنی کێشەکە دەکرێت، ئەمەش خۆی لە خۆیدا گەرەنتییەکە بۆ چارەسەرکردنی کێشەکە".

ئایدن وتی "ئێستا لە قۆناغی وەرگرتنی سکاڵاین، دواتر بە وردی بەدواداچون بۆ سکاڵاكان دەكەین، ئینجا لە چوارچێوەی یاسادا چارەسەریان دەكەین... هیچ کاتێک دیارینەکراوە بۆ کۆتاییهێنان بە چارەسەرکردنی کێشەی زەوی کریستیانەکان، بەڵام دڵنیایی دەدەینە برا کریستییانەکان کە ئەم کێشەیە چارەسەردەکرێت".

بەڵام سەفین ئاغا، پەرلەمانتاری پارتی وتی "ئەو لیژنەی پێکهێنراوە تەنیا شتێکی رۆتینە و هیچ دەسەڵاتێكیان نییە، چارەسەركردنی ئەو كێشەیە پێویستی به ئیرادەیەکی زۆر بەهێز هەیە".

  • FB
  • Instagram
  • Twitter
  • YT