فه‌رمانده‌یه‌كی پێشمه‌رگه ئاشكرایده‌كات هێزه‌كانیان تاوتوێی گه‌ڕانه‌وه بۆ ناوچه‌كانی موسڵ ده‌كه‌ن، دوای پێكهێنانی ناوه‌ندی هه‌ماهه‌نگی هاوبه‌ش له‌گه‌ڵ سوپادا، به‌ڵام به‌غدا ره‌تیده‌كاته‌وه هیچ جموجۆڵێكی پێشمه‌رگه له سنوری حكومه‌تی فیدراڵیدا هه‌بێت.
هه‌ردوو حكومه‌تی عیراق و هه‌رێمی كوردستان، دوای چه‌ندین مانگ له گفتوگۆ و دانوستان له‌سه‌ر كردنه‌وه‌ی ژماره‌یه‌ك ناوه‌ندی هه‌ماهه‌نگی سه‌ربازی هاوبه‌ش رێككه‌وتون بۆ ناوچه‌كانی پارێزگای كه‌ركوك، موسڵ و دیاله.
لیوا تاریق سلێمان هەرنی، فەرماندەی پێشمەرگە و لێپرسراوی میحوەری تلسقوف لە دەشتی نەینەوا بە (كەركوك ناو)ی وت "چه‌ند لیژنه‌یه‌ك له نێوان پێشمه‌رگه و فه‌رمانده‌یی ئۆپه‌راسیۆنه‌كانی نه‌ینه‌وا پێكهێنراون و له كۆبونه‌وه‌كاندا تاوتوێی گه‌ڕانه‌وه‌ی پێشمه‌رگه كراوه بۆ موسڵ، ئه‌وه‌ش دوای دیاریكردنی شوێنه‌كانی جێگیربونی پێشمه‌رگه له رێككه‌وتنی هه‌ردولا".
ئه‌و گه‌ڕانه‌وه‌یه ده‌كه‌وێته دوای پێكهێنانی ناوه‌ندی هاوبه‌ش، كه ئێستا له كه‌ركوك و دیاله و مه‌خمور پێكهێنراون، به‌وته‌ی فه‌رمانده‌كه‌ی پێشمه‌رگه.
"بێگومان پێشمه‌رگه ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ موسڵ، به‌پێی زانیاری من ده‌گه‌ڕێینه‌وه بۆ ئه‌و ناوچانه‌ی پێش 16ی ئۆكتۆبه‌ر تیایدا جێگیربوین، ئه‌وه‌ش له به‌رژه‌وه‌ندی هه‌مو لایه‌كدایه" لیوا تاریق وای وت.
ده‌گه‌ڕێینه‌وه بۆ ئه‌و ناوچانه‌ی پێش 16ی ئۆكتۆبه‌ر تیایدا جێگیربوین
هێزه‌كانی پێشمه‌رگه، له دوای روداوه‌كانی 16ی ئۆكتۆبه‌ری 2017، له زۆربه‌ی ناوچه‌كانی جێناكۆك پاشه‌كشێیان كرد و هێزه‌كانی حكومه‌تی فیدراڵی جێگه‌یان گرتنه‌وه، له ئه‌نجامی ناكۆكییه‌كانی به‌غدا و هه‌ولێر به‌هۆی ریفراندۆمه‌وه.
لیوا یه‌حیا ره‌سول، وته‌بێژی فه‌رمانده‌ی گشتی هێزه چه‌كداره‌كانی عیراق له به‌یاننامه‌یه‌كدا دوشه‌ممه 24ی ئایاری 2021 بڵاویكرده‌وه، ده‌ڵێت ناوه‌نده‌كانی هه‌ماهه‌نگی هاوبه‌ش گرنگن و بۆ ئاڵوگۆڕی زانیاریین دژی داعش نه‌ك جموجۆڵی پێشمه‌رگه، "هیچ جموجۆڵێكی كه‌رته‌كانی پێشمه‌رگه له‌ناو خاكی حكومه‌تی فیدراڵیدا نییه".
بەپێی دەستوری عیراق، هێزی ئەمنی هەردوو حکومەتی فیدراڵ و هەرێمی کوردستان دەتوانن بە هاوبەشی ناوچەکانی جێناکۆک بەڕێوەببەن.
فه‌رمانده‌ی میحوه‌ری تلسقۆف-ی هێزه‌كانی پێشمه‌رگه وتی "گه‌ڕانه‌وه‌ی پێشمه‌رگه سه‌دا 100 گره‌نتی ئه‌منی به خه‌ڵكی ناوچه‌كه ده‌دات و هانی ئاواره‌كانیش ده‌دات بگه‌ڕێنه‌وه.. چونكه له چه‌ندین ناوچه بۆشایی ئه‌منی هه‌یه".
لیوا تاریق سلێمان ده‌ڵێت هیچ واده‌یه‌ك بۆ ته‌واوبونی كاری لیژنه‌كان و گه‌ڕانه‌وه‌ی پێشمه‌رگه دیارنییه.
بڕیاره له‌م هه‌فته‌یه‌دا ناوه‌ندی هه‌ماهه‌نگی هاوبه‌ش له ناوچه‌ی سحێلای نه‌ینه‌واش بكرێته‌وه.
لیوا عەبدولخاڵق تەڵعەت، نوێنه‌ری وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه له فه‌رمانده‌یی ئۆپه‌راسیۆنه هاوبه‌شه‌كانی عیراق به میدیای پارتی راگه‌یاندووه دوای كردنه‌وه‌ی هه‌موو ناوه‌نده‌كانی هه‌ماهه‌نگی هاوبه‌ش، "بڕیاره لە قۆناغی داھاتوو دوو لیوای ھاوبەشی پێشمەرگە و سوپای عیراقی بۆ ئەو ناوچانە پێکبهێنرێن".