لە هەشت ساڵی رفێنرا
لە تەمەنی 15 ساڵیدا بە خێزانەكەی شادبۆوە

ئەردەوان محسن خدر (15ساڵ)، دوای حەوت ساڵ لە رفاندنی، رزگاركراو گەڕێنرایەوە بۆ ناو كەسوكاری

عەمار عەزیز – نەینەوا

مێردمنداڵێكی رفێنراوی ئێزیدی، دوای حەوت ساڵ لە رفاندنی لەلایەن چەكدارانی دەوڵەتی ئیسلامی لە عیراق و شام ناسراو بە (داعش)، لە كەمپی هۆل لە سوریا دۆزرایەوە و گەڕێنرایەوە ناو كەسوكاری لە كەمپی ئاوارەكان لە پارێزگای دهۆك.

ئەردەوان محسن خدر (15ساڵ)، ئەو مێردمنداڵەیە كە ئێوارەی سێشەممە 25ی ئایار بە كەسوكاری شادبۆوە، ئەوەش دوای حەوت ساڵ دێت لە رفاندنی كە ئەوكات تەمەنی تەنیا هەشت ساڵ بوو.

محسن خدر، باوکى ئەردەوان، كە ئێستا لە کەمپى داودى لە سنورى قەزاى  ئامێدى دەژیت لە پارێزگای دهۆك، بە (كەركوك ناو)ی وت "بە بینینەوەی کوڕەکەم زۆر دڵخوشبووم، سوپاسى هەموو ئەو کەسانە دەکەم کە هاوکاربون بۆ ئازادکردنى ئەردەوان"، زیاتر وتی "ئاسایشى کەمپى هۆل کوڕەکەمیان رزگاركرد، ئەوان وتیان ئێمە لە قەزای شنگال رادەستتان دەكەینەوە، ئێمەش بۆ ئەو مەستە چوینە شنگال و ئێوارەی 25ی ئایار دوای حەوت ساڵ لە رفاندنی پێی شادبوینەوە".

بە بینینەوەی کوڕەکەم زۆر دڵخوشبووم، سوپاسى هەموو ئەو کەسانە دەکەم کە هاوکاربون بۆ ئازادکردنى ئەردەوان

داعش لە 3ی ئابی 2014 هێرشیكردە سەر قەزای شنگال و بە هەزاران كەسی لە ژن و پیاو و منداڵ لێ رفاندن، بەشێكیشیان روبەڕوی كۆمەڵكوژی بونەوە. ئەردەوان یەكێك بوو لە رفێنراوەكان و كەسوكاریان هیچ زانیارییەكیان لەبارەیەوە نەدەزانی.

محسن خدر، خاوەنى شەش منداڵە، هاوسەرەكەی لەگەڵ دوو کچ و کوڕێکى هێشتا هیچ چارەنوسێكیان دیار نییە.

arfawann
شنگال/ 25ی ئایاری 2021/ ئەردەوان (دووەم كەس لای دەستە چەپەوە) لەگەڵ تیمێكی رابیتەی ژنانی ئێزیدی. فۆتۆ: راگەیاندنی رابیتەی ژنانی ئێزیدی

ئەو وتی "هەرکەس و لایەنێک رفێنراوەکانمان رزگاربکات ئێمە دەستخۆشىیان لێ دەکەین، داواش لە ئاسایشى رۆژئاوا و کەمپى هۆل دەکەین هەرکاتێک کەسێکیان رزگارکرد بە زوترین کات رادەستى کەسوکارییان بكەنەوە".

ئەو وتەیەی باوكی ئەردەوان دوای ئەوە هات كە چەند كەس و لایەنێك لە نێویاندا جێگری میری ئێزیدییان، هێزەكانی سوریای دیموكراتی لە باكوری سوریا تۆمەتباركرد بەوەی هەركاتێك كەسێكی ئێزیدی رزگاردەكەن چەند رۆژێك لای خۆیان دەیهێڵنەوە.

جەوهەری عەلى بەگ، جێگری میری ئێزیدیان بۆ كاروباری راگەیاندن و پەیوەندییەکان بە (کەرکوک ناو)ى وت "هەندێكجار هەفتەیەك یان 15 رۆژ رزگاركراوانی ئێزیدی لای خۆیان دەھێڵنەوە پاشان رادەستی كەسوكاریان دەكەنەوە... هێزەکانى رۆژئاوا ئامادەنەبون ئەو مێردمنداڵە رادەستى نوسینگەى رفێنراوانى دهۆک بکەن بەپێچەوانە رادەستى یەكینەكانی بەرخودانی شنگال (یەبەشە)یان كرد لە شنگال".

یەبەشە لە دوای كۆنترۆڵكردنەوەی شنگال لە دەستی داعش، لەو قەزایە جێگیربون و بە نزیك لە پارتی كرێكارانی كوردستان (پەكەكە) تۆمەتبار دەكرێن. زۆرینەی هەرە زۆری چەمدارەكانی لە پێكهاتەی ئاینیی ئێزیدین.

جەوهەر عەلی بەگ زیاتر وتی "یەبەشە داوای لە كەسوكاری ئەردەوان كرد لە دهۆكەوە بچنە شنگال تا كوڕەكەیان رادەستبكەن، ئەوەش تەنیا بۆ ئەوەى چالاکییەکە بەناوى خۆیانەوە تۆماربکەن".

یەبەشە داوای لە كەسوكاری ئەردەوان كرد لە دهۆكەوە بچنە شنگال تا كوڕەكەیان رادەستبكەن

بەڵام محسن خدر، باوكی ئەردەوان داوایكرد هیچ لایەنێك دۆسییەی رفێنراوانی ئێزیدی بە سیاسی نەكات. هەروەها جەختیشیكردەوە "لەوانەیە هێزەكانی رۆژئاوا بڵێن ئاساییە چەند رۆژێك لای ئێمە بێت، بەڵام یەك خولەك بۆ ئێمە زۆرە تا بە رۆڵەكانمان شادبینەوە".

مەحمود رەشو، لێپرسراوى لیژنەى گەڕان بەدواى رفێنراوانی ئێزیدی – سەر بە ماڵى ئێزدییان لە باكوری سوریا، بە (كەركوك ناو)ی وت "ئەردەوان رۆژى 18ی ئایار لە رێگاى ئاسایشى رۆژئاوا و لیژنەکانمانەوە لەناو كەمپی هۆل ناسێنرایەوە و دەرمانهێنا... هەر کەسێک رزگاربکەین چەند رۆژێک لە ماڵى ئێزیدییان دەمێنێتەوە بۆ ئەوەی پشوو بدات و تا دواتر زانیاری تەواو لەسەر ئەو كەسە بدەینە لایەنە پەیوەندیدارەكان، ئینجا كەسوكاری ئاگاداردەكەینەوە، ئەوەش كاتێكی كەمی پێدەچیت".

hol
سوریا/ 19ی كانونی دووەمی 2020/ دوو ژن و منداڵەكانیان لە كەمپی هۆل فۆتۆ: ئەمبرین زەمان

وتیشی "زۆرجار لە رێگاى ئەو کەسانەوە کۆمەڵێک کەسى تریش دەدۆزینەوە و رزگاریان دەكەین، ئەوەش كاتی پێدەچێت".

مەحمود رەشو وتی "هیچ کەسێکمان بە ئەنقەست لاى خۆمان رانەگرتووە، بەپێچەوانەوە هەوڵدەدەین بە زوترین کات بیانگەڕێنینەوە بۆ لای كەسوكاریان".

لەبارەی ئەوەی بۆچی رادەستی هێزەكانی یەبەشەیان كردووە لە شنگال و راستەوخۆ نەیانناردووە بۆ دهۆك، ئەو وتی "ئەوە بەپێی دۆخی ئەمنی ئەوكاتە دەگۆڕێت، هەندێك كات راستەوخۆ لەڕێی دەروازەی سێمێڵكاوە دەیانگەڕێنینەوە دهۆك".

كەمپی هۆل، كە ئەردەوانی تیادا دۆزراوەتەوە، یەكێكە لە گەورەترین كەمپەكانی سوریا كە دەكەوێتە خۆرهەڵاتی شاری حەسەكە و 72 هەزار كەسی لێی نیشتەجێیە، كە پێكهاتون لە كەسوكاری داعش، لە ژن و منداڵی بیانییەكان، سوریی و عیراقی.

 

 

  • FB
  • Instagram
  • Twitter
  • YT