لە پارێزگای دیالە حزبە كوردییەكان تەنیا بە كاندیدی ژن بەشداریی لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی عیراق دەكەن كە بڕیارە لە تشرینی یەكەمی ئەمساڵ بەڕێوەبچیت، ئەوەش لەپێناو بەدەستهێنانی كورسییەكی كۆتای ژنان كە پێنج كاندید پێشبڕكێی لەسەر دەكەن.
ئەو پێنج ژنە چواریان لە بازنەی چوار خۆیان كاندید كردووە، كە ناوەندی خانەقین و ناحییەكانی جەلەولا، قەرەتەپە، سەعدیە و جەبارە دەگرێتەوە و سێ كورسی پەرلەمانی بۆ دیاریكراوە، یەكێكیان كۆتای ژنانە.
یەكێتی نیشتیمانیی كوردستان، بە یەك كاندید بەشداریی هەڵبژاردنەكە دەكات، ئەویش لە بازنەی چوار، هەرچی پارتی دیموكراتی كوردستانە دوو كاندیدی هەیە و یەكێكیان لە بازنەی چوارە، دوای ئەوەش حزبی سۆسیالیست دیموكراتی كوردستان دێت، كە بە دوو كاندیدی ژن لە بازنەی چوار بەشدارە.
ئیبراهیم عەزیز، لێپرسراوی بەشی هەڵبژاردنەکانی پارتی دیموكرات لە سنوری پارێزگای دیالە، بە (كەركوك ناو)ی وت "ئێمە لەپێناو بە دەستهێنانی كورسی كۆتا دوو كاندیدی ژنمان دیاریكردووە... ئومێدەوارین بتوانین كورسی كۆتا بەدەستبهێنین".
ئەو پێیوایە ئاوارەبونی بەشێك لە خێزانە كوردەكان، بەتایبەت لایەنگرانی حزبەكەی لە دوای روداوەكانی 16ی ئۆكتۆبەری 2017، كاریگەری لەسەر دەنگەكانیان دەبێت، بەڵام هیوای خواست كۆمسیۆنی هەڵبژاردنەكان تا ئەوكاتە چارەسەرێك بۆ دەنگی ئاوارەكان بدۆزێتەوە.
لە روداوەكانی 16ی ئۆكتۆبەری 2017 كە خۆی لە گەڕانەوەی هێزە عیراقییەكان بۆ تەواوی ناوچەكانی جێناكۆك و پاشەكشێی پێشمەرگە لەو ناوچانە دەبینێتەوە، بە هەزاران خێزان ئاوارەی هەرێمی كوردستان بون و بەشێكیشیان تائێستا نەگەڕاونەتەوە، بەڵام هیچ ئامارێكی ورد نییە چەند خێزان قەزای خانەقینی بەجێهێشتووە.
حسێن جەلیل، لێپرسراوی مەڵبەندی سۆسیالیست دیموکراتی کوردستان لە خانەقین، دەڵێت دانانی كاندیدی ژن لەلایەن حزبە كوردییەكانەوە دەرخەری ئەوەیە مەترسی لەسەر دەنگی كورد هەیە، بۆیە حزبە كوردییەكان چاویان لە كورسی كۆتای ژنانە و هەرچۆنێك بێت دەیانەوێت دەنگەكانیان نەفەوتێت.
لە هەڵبژاردنی 2018دا كە سیستمی یەك بازنە بۆ هەر پارێزگایەك پەیڕەو دەكرا، كورد لەكۆی 14 كورسی پارێزگای دیالە یەك كورسی بەدەستهێنا، ئەوەش بۆ یەكێتی نیشتیمانی كوردستان بوو.
حزبە كوردییەكان لەو هەڵبژاردنەدا 44 هەزار و 953 دەنگیان لە تەواوی پارێزگاكە بەدەستهێنا، بەڵام 28 هەزار و 613 دەنگ لە بازنەی چوار بەدەستهاتبون.
لە كۆی بازنەی چوار، یەكێتیی نیشتیمانیی كوردستان، 18 هەزار و 984 دەنگی بەدەستهێنا، دوای ئەوەیش پارتی دیموكراتی كوردستان بە شەش هەزار و 183 دەنگ هیچ كورسییەكی نەبرد، دەنگەكانی تری بەسەر چوار حزب و لیستی تری كوردیدا دابەشبون.
حسێن جەلیل، لێپرسراوی مەڵبەندی سۆسیالیست دیموكراتی كوردستان لە خانەقین، وتی "بەهۆی نەبونی یەكلیستیی و بونی فرە كاندیدییەوە دەنگی كورد پەرتدەبێت... زۆر هەوڵماندا لەم ناوچانە کوردایەتی بکەین، نەک حزبایەتی، بەڵام بەداخەوە سەركەوتوو نەبوین، ئێستا چاومان لەوەیە بە كۆتای ژنان كورسی بهێنین".
بەهۆی نەبونی یەكلیستیی و بونی فرە كاندیدییەوە دەنگی كورد پەرتدەبێت
لە بازنەی چوار كە بە بازنەی خانەقینیش ناودەبرێت، 39 كاندید پێشبڕكێ لەسەر بە دەستهێنانی سێ كورسی بازنەكە دەكەن و دابەشبون بەسەر 24 کاندیدی پیاو و 15 ژن.
مهاباد سلێمان، چالاکوانی بواری مافەکانی ژنان لە خانەقین، داوادەكات حزبە كوردییەكان لە بەرامبەر ئەو بەرپرسیارێتییەی داویانە بە ژنان بۆ كۆكردنەوەی دەنگی كورد لەو ناوچانە، رێز لە توانایان بگیرێت لەناو كایەی سیاسەتدا و گرنگی بە رۆڵیان بدرێت.
ئەو وتی "ئێستا ئەرکی نەتەوایەتیی و نیشتیمان کەوتۆتە سەر شانی ژنان لە ناوچە جێناكۆكەكانی پارێزگای دیالە، ئەو ئەركەش لە پێناو بەدەستهێنانی مافی میللەتەکەمانە".
وتیشی "پێموایە كاندیدكردنی ژنان بەشێكی پەیوەندی بەوەوە هەیە كە ئەو حزبانە دەیانەوێت دەرفەتی زیاتر بدەن بە ژنان تاوەكو بەشداریی بکەن لە پێشبڕکێی هەڵبژاردن و گرنگی بدەن بە راگرتنی باڵانسی جێندەری لەناو سیاسەتدا".
مهاباد زیاتر وتی "ئەگەریش حزبەكان مەبەست لە كاندیدكردنی ژنان بۆ بەدەستهێنانی كورسی كۆتا بێت، ئەوە دەرفەتێکە بۆ ژنان کە سەنگ و قورسایی خۆیان دەربخەن لەم هەڵبژاردنەدا".
"هیوادارم ئەو ژنانەی کە دەچنە پەرلەمان داکۆکی بکەن لە مافی ژنان و ئەو بەڵێنانەی بە دەنگدەرانی دەدەن"، مهاباد وایوت.