له گردبونه‌وه و خۆپیشاندانه‌كانی كه‌ركوك، كه‌مترین خه‌ڵك به‌شداری ده‌كه‌ن به‌راورد به‌و ناڕه‌زاییه‌ی له تۆڕه كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كاندا ده‌بینرێت، به تایبه‌ت دژی نه‌بونی خزمه‌تگوزاری.
له دوایین خۆپیشاندانی گشتی خه‌ڵك بۆ داواكردنی خزمه‌تگوزاری، ئێواره‌ی 19ی ئایاری 2021 له سه‌ره‌تای بازاڕی ره‌حیماوای شاری كه‌ركوك، سه‌رباری قه‌ره‌باڵغی ئه‌و بازاڕه، كه‌متر له 50 كه‌س به‌شدارییان كرد.
له كاتێكدا ئه‌و خۆپیشاندانه زیاتر له هه‌فته‌یه‌ك بانگه‌وازی بۆ كرا و بانگهوازهكانیش له په‌یج و ئه‌كاونتی تۆڕه كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كاندا به تایبه‌ت له فه‌یسبوك سه‌دان كۆمنێتی ده‌ستخۆشی و هاندانی خه‌ڵكی بۆ نوسراوه.
ته‌نیا ڤیدیۆیه‌كی كورتی راسته‌وخۆی خۆپیشاندانه‌كه له فه‌یسبوكی (كه‌ركوك ناو) نزیكه‌ی هه‌شت هه‌زار بینه‌ری هه‌بووه.
ڤیدیۆ: خۆپیشاندانی ناڕه‌زایی له گه‌ڕه‌كی ره‌حیماوا كه هه‌فته‌یه‌ك بانگه‌وازی بۆ كرا / 19ی ئایاری 2021
"به‌داخه‌وه‌م، چونكه ده‌بوایه هه‌زاران كه‌س له گردبونه‌وه‌ی ناڕه‌زاییدا به‌شداری بكه‌ن، له هه‌موو توێژه‌كان، فه‌رمانبه‌ران، گه‌نجان و ژنان، له پێناو خۆشگوزه‌رانیدا نه‌ك هیچی تر" یاسین فه‌خره‌دین وای وت.
یاسین به‌شداربوی چالاكی زۆربه‌ی گردبونه‌وه و ناڕه‌زاییه‌كانی كه‌ركوكه، نیگه‌رانه له كه‌می به‌شداری خه‌ڵك له چالاكییه‌كاندا بۆ داواكردنی مافه‌كانیان، له‌كاتێكدا خزمه‌تگوزاری ته‌نیا بۆ نه‌ته‌وه و توێژێكی دیاریكراو نییه، بۆ هه‌موانه بێ جیاوازی.
ئه‌و بۆ (كه‌ركوك ناو) نمونه‌ی كه‌ڵه‌كه‌بونی خۆڵ و خاشاك ده‌هێنێته‌وه له شه‌قامه‌كاندا و له هۆكاری بێده‌نگی خه‌ڵك توڕه‌یه.
چه‌ند ساڵێكه له زۆربه‌ی گه‌ڕه‌ك و شه‌قامه‌كانی شاری كه‌ركوك خۆڵ و خاشاكی زۆر كه‌ڵه‌كه بون، شاره‌وانیش زیاد له جارێك جه‌ختیكرده‌وه به‌هۆی كه‌مكردنه‌وه‌ی بودجهكهیهوه توانای پاككردنه‌وه‌ی شاری نییه، به‌ڵام كه‌مترین خۆپیشاندان و به ئاماده‌بونی كه‌مترین خه‌ڵكیش ده‌رباره‌ی ئه‌و دۆسیه‌یه به‌ڕێوه‌چون.
عه‌لی عه‌بدوڵا، چالاكوانی مه‌ده‌نی له كه‌ركوك، كه رێكخه‌ر و ئه‌ندامی لیژنه‌ی ئاماده‌كاری چه‌ندین گردبونه‌وه و خۆپیشاندانی ناڕازی بووه به (كه‌ركوك ناو)ی وت "ئه‌و هه‌موو حزب و ده‌سه‌ڵاته بۆچی پێشڕه‌وی خه‌ڵك و شه‌قامی كه‌ركوكی ناكه‌ن؟" ئه‌و هه‌ر ده‌رباره‌ی كه‌می به‌شداری خه‌ڵك له ناڕه‌زاییه‌كاندا ده‌ڵێت "ئاكامی بێده‌نگیش دیاره، بۆ نمونه ئه‌وه‌تا خۆڵ و خاشاك كه‌ڵه‌كه ده‌بێت".
ئێمە هاوار و ناڵەمان تەنیا لەفهیسبوكه، له‌وێ فس‌فس پاڵەوانین، بەڵام شێری مەیدانی خستنەڕوی داخوازییەكان كەمن
هه‌رچه‌نده عه‌لی پێیوایه خه‌ڵكیش توشی جۆرێك له بێ هیوایی بووه چونكه ته‌نیا به‌ڵێن له لێپرسراوانه‌وه ده‌بیستن بێ ئه‌وه‌ی هیچ چاره‌سه‌رێك بۆ كێشه‌كان هه‌بن.
ته‌نیا له مانگی ئایاردا چه‌ند خۆپیشاندانێك بۆ مه‌به‌ستی جیاواز هه‌بون، له هیچ یه‌كێكیاندا ژماره‌ی به‌شداربوان 100 كه‌سی تێنه‌په‌ڕاندووه، له‌نێویاندا ناڕه‌زایی دژی خراپی كاره‌با، گرانی نرخی كاره‌بای مۆلیده‌ی ئه‌هلی، قه‌ده‌غه‌ی هاتوچۆ و بێكاری و پیسبونی شار.
عه‌لی عه‌بدوڵا ده‌ڵێت به‌شێك له هۆكاره‌كان په‌یوه‌ندی هه‌یه به‌و ترسه‌ی له سایه‌ی "حوكمڕانی پێشتری یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان و پارتی دیموكراتی كوردستان" له‌دڵی هاوڵاتیاندا دروستبووه و رێگری له خۆپیشاندان هه‌بووه، له‌دوای نه‌مانی ده‌سه‌ڵاتی ئه‌وانیشه‌وه ململانێی ئه‌و دوو پارته ده‌رباره‌ی كه‌ركوك وایكردووه لانیكه‌م هاوڵاتیانی كورد نه‌توانن بچنه شه‌قام و به‌شداری ناڕه‌زاییه‌كان بكه‌ن.
"له‌و نێوه‌نده‌دا خه‌ڵك قوربانییه، ترسێنراون و ناتوانن داوای مافی سه‌ره‌تایی خۆیان بكه‌ن" به‌وته‌ی چالاكوانه‌كه‌ی كه‌ركوك.
به‌پێی ده‌ستور، ئازادی گردبونه‌وه و خۆپیشاندانی هێمنانه پارێزراوه به مه‌رجێك نه‌بێته هۆی تێكدانی یاسا و ئادابی گشتی، هه‌رچه‌نده یاسای تایبه‌ت به رێكخستنی خۆپیشاندان چه‌ند ساڵێكه له په‌رله‌مانه و په‌سه‌ند نه‌كراوه، به‌ڵام به‌پێی فه‌رمانێكی ده‌سه‌ڵاتی كاتی هاوپه‌یمانان له عیراق مافی خۆپیشاندان رێكخراوه كه هێشتا كاری پێده‌كرێت.
یاسین فەخرەدین وتی "ناڕەزایەتی دەبڕین مافێكی ئازادانەی تاك و هاوڵاتیانه لەسەرانسەری دنیا"، ده‌شڵێت "ئێمە هاوار و ناڵەمان تەنیا لەفهیسبوك و تۆڕە كۆمەڵایەتییەكانی تردایه، له‌وێ فس‌فس پاڵەوانین، بەڵام شێری مەیدانی خستنەڕوی داخوازییەكان كەمن و بە پەنجەی دەست ده‌ژمێردرێن".
چه‌ندین گروپی جیاواز له كه‌ركوك دروستبون و ناوبه‌ناو بانگه‌واز بۆ خۆپیشاندان ده‌كه‌ن به‌ناوی "داكۆكی له مافی خه‌ڵك" كه له‌رێی تۆڕه كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان و به‌كارهێنانی په‌یوه‌ندییه‌كانی خۆشیان له‌گه‌ڵ هاوڵاتیاندا هانی به‌شداری زۆرترین كه‌س ده‌ده‌ن.
عه‌لی عه‌بدوڵا كه ماوه‌ی زیاتر له هه‌فته‌یه‌ك له ئه‌كاونته‌كه‌ی خۆیه‌وه بانگه‌وازی بۆ خۆپیشاندانه‌كه‌ی گه‌ڕه‌كی ره‌حیماوا كرد، به نیگه‌رانییه‌وه وتی "نەبونی كارەبا و ئاو كێشە نییە؟ پەیوەندی بەهەموومانەوە نییە؟" ئه‌و داوایه‌كی له هاوڵاتیانی شاره‌كه‌ی هه‌یه و ده‌ڵێت "كه‌ركوك كورد وعەرەب و توركمان و كریستیانیشی تێدا دەژین، ئەی بۆ نەیەین پێكەوە ئەم شارە بونیادبنێینەوە؟ خەمێك له پاكوخاوێنی و كارەبا و ئاوی بخۆین، به یه‌كده‌ست و یه‌كڕه‌نگ له ئاست مافهكانماندا ده‌نگ هه‌ڵبڕین".