هه‌ناری شه‌هره‌بان، له جۆر و ره‌نگ و قه‌باره‌دا به‌ناوبانگترینه له عیراقدا، به‌ڵام ئه‌و شوناسه ساڵانێكه پارێزگاری لێناكرێت و به‌هۆی پشتگوێخستنه‌وه، خه‌ریكه له‌ناو ده‌چێت.
باخه‌كانی هه‌نار له قه‌زای میقدادیه یان وه‌ك له‌ناوخۆدا به "شه‌هره‌بان"ی دیاله ناسراوه، رۆژ له‌دوای رۆژ ناوبانگ و به‌رهه‌مه‌كه‌ی له‌ده‌ستده‌دات، به‌هۆی كه‌مته‌رخه‌می حكومه‌ت و ئه‌و هه‌ڕه‌شه ئه‌منییانه‌ی روبه‌ڕوی جوتیاران بۆته‌وه، له سه‌رده‌می گروپه توندڕه‌وه‌كانی دوای 2003، قاعیده و داعشه‌وه تائێستا.
عه‌لوان محه‌مه‌د، گه‌نجێكی خوار 20 ساڵه و له‌گه‌ڵ باوكه جوتیاره‌كه‌یی و پێنج برایدا له كێڵگه‌یه‌كدا ده‌ژین كه ته‌نیا گوندی سه‌نسل له روباری دیاله‌یان جیاده‌كاته‌وه.
خێزانه‌كه‌ی ئه‌و له كاتی هێرشه‌كانی 2014ی داعشدا ئاواره‌بون و دوای دووساڵ، به‌هۆی پێداگری زۆری باوكیه‌وه گه‌ڕانه‌وه بۆ زێدی خۆیان، هه‌وڵیاندا ژیانی ئاسایی وه‌ك پێشتر ده‌ستپێبكه‌نه‌وه، به‌ڵام روبه‌ڕوی كێشه‌ی زۆر بونه‌وه.
قه‌یران له‌ناو قه‌یراندا
"دوای نه‌مانی داعش وامانزانی كێشه‌كه كۆتایی هاتووه و ناوبانگی شه‌هره‌بان وه‌ك خۆی لێدێته‌وه و به‌نێو داری میوه‌كانیدا پیاسه ده‌كه‌ین به‌ڵام خه‌ونه‌كانمان بوون به شۆك" عه‌لوان وای وت.
حكومه‌ت هاورده‌كردنی ئه‌و میوانه‌ی قه‌ده‌غه نه‌كردووه كه كێبڕكێی به‌رهه‌می ناوخۆیی ده‌كه‌ن
ئه‌و جوتیاره وه‌ك زۆربه‌ی جوتیارانی دیكه‌ی ناوچه‌كه روبه‌ڕوی بێئاوی بۆته‌وه، به‌هۆی دابه‌زینی ئاستی روباری دیاله كه سه‌رچاوه‌یه‌كی سه‌ره‌كی ناوچه‌كه‌یه له وه‌رزی چنینه‌وه‌ی به‌رهه‌مدا، جگه‌له‌وه‌ش بازاڕی ساغكردنه‌وه‌ی به‌رهه‌مه‌كانی نییه و "حكومه‌تیش هاورده‌كردنی ئه‌و میوانه‌ی قه‌ده‌غه نه‌كردووه كه كێبڕكێی به‌رهه‌می ناوخۆیی ده‌كه‌ن".
ئه‌بو محه‌مه‌د، جوتیارێكی ته‌مه‌ن په‌نجا ساڵه‌یه و حه‌زی ده‌كرد له‌بری ناوی خۆی به‌و نازناوه‌وه بانگ بكرێت، ئه‌و به (كه‌ركوك ناو)ی وت سه‌رباری ئه‌وه‌ی بوژاندنه‌وه‌ی كه‌رتی كشتوكاڵ به سستی به‌ڕێوه‌ده‌چێت، به‌ڵام روبه‌ڕوی پشتگوێخستنی حكومی و ناجێگری بارودۆخی ئه‌منیش بۆته‌وه.
"باخه‌كانی هه‌نار له شه‌هره‌بان ده‌توانن پێداویستی ناوخۆیی پڕبكه‌نه‌وه و هه‌نارده‌ش بكرێت، له‌گه‌ڵ كوڕه‌كانمدا هه‌وڵماندا ئه‌وه‌ی وێران بووه چاكی بكه‌ینه‌وه، به‌ڵام نه‌بونی رۆڵی وه‌زاره‌تی كشتوكاڵ به‌درێژایی شه‌ش ساڵی رابردوو له‌گه‌ڵ نه‌بونی ئاسایش و سه‌قامگیری، جوتیارانی له‌كاركردن سارد كرده‌وه، بۆیه رویانكرده بواره‌كانی تر و باخه‌كانیان به‌جێهێشت" به‌وته‌ی ئه‌بو محه‌مه‌د.
هه‌روه‌ها باسی كه‌مئاوی كرد، له‌كاتێكدا قورسه سود له‌ئاوی ژێرزه‌وی وه‌ربگرن و پێویسته قوڵایی بیره‌كان بگه‌نه 12 مه‌تر زیاتر، بۆیه پێویستیان به ئامێره كاره‌باییه‌كان هه‌یه تا ئاو رابكێشن، ئه‌وه‌ش سوته‌مه‌نی ده‌وێت كه جوتیاران ناتوانن خه‌رجییه‌كه‌ی دابینبكه‌ن، ئه‌گه‌ر حكومه‌ت لانیكه‌م سوته‌مه‌نی دابینبكردایه كێشه‌ی كه‌مئاوی نه‌ده‌ما.
ره‌عد ته‌میمی، سه‌رۆكی یه‌كێتی جوتیاران نه‌بونی هاوكاری حكومه‌تی بۆ جوتیارانی ئه‌و ناوچه‌یه پشتڕاستكرده‌وه‌و به (كه‌ركوك ناو)ی وت "حكومه‌ت هاوكاری جوتیاران و پاڵپشتی كه‌رتی كشتوكاڵ و به‌رهه‌مه‌كانیان ناكات له‌بری ئه‌وه گرنگی به هاورده‌كردنی به‌رهه‌می بیانی ده‌دات".
كێشه‌ی ئه‌منی... ته‌نگه‌ژه گه‌وره‌كه
باخ و كێڵگه كشتوكاڵییه‌كانی شه‌هره‌بان به‌ده‌ست مه‌ترسی گروپه چه‌كدارییه‌كانه‌وه ده‌ناڵێنن، "هێشتا پاشماوه‌ی داعش له ناوچه‌كه‌دان، سه‌رباری كه‌می ژماره‌یان به‌ڵام ئه‌وان هه‌ن و هۆكارن بۆ ترساندنی خه‌ڵك و ئه‌و جوتیارانه‌ی ده‌یانه‌وێت بچنه سه‌ر زه‌وییه‌كانیان له گوندی سه‌نسل و كار له بوژاندنه‌وه‌ی باخه‌كانیاندا بكه‌ن" عه‌لوان محه‌مه‌د، جوتیاره گه‌نجه‌كه وای وت.
گونده‌كانی باكوری میقدادیه كه سه‌رچاوه‌كانی به‌رهه‌مهێنانی هه‌نارن له دیاله به‌هۆی چوار بۆ پێنج چه‌كداری داعشه‌وه له‌ژێر هه‌ڕه‌شه‌دان
"گونده‌كانی باكوری میقدادیه كه سه‌رچاوه‌كانی به‌رهه‌مهێنانی هه‌نارن له دیاله و روبه‌ریان زیاتر له چوار هه‌زار دۆنمه، به‌هۆی چوار بۆ پێنج چه‌كداری داعشه‌وه له‌ژێر هه‌ڕه‌شه‌دایه كه له‌وێ خۆیان حه‌شارده‌ده‌ن" به‌وته‌ی حه‌قی جبوری، سه‌رۆكی لیژنه‌ی كشتوكاڵ له ئه‌نجومه‌نی هه‌ڵوه‌شاوه‌ی پارێزگای دیاله.
جبوری ئه‌وه‌شی بۆ (كه‌ركوك ناو) رونكرده‌وه زیاد له جارێك داوای له‌ناوبردنی ئه‌و چه‌كدارانه‌ی له وه‌زاره‌ته په‌یوه‌ندیداره‌كان كردووه به‌ڵام هیچ وه‌ڵامێك نه‌دراوه‌ته‌وه له‌كاتێكدا ژماره‌ی چه‌كداره‌كانی داعش "زۆر كه‌من" و به‌هۆی ئه‌وانه‌وه ناوچه‌كه وشك بووه.
له‌ده‌ستدانی پێنج هه‌زار ته‌ن هه‌نار
"دیاله بۆ شه‌ش وه‌رزی له‌سه‌ر یه‌ك ساڵانه زیاتر له پێنج هه‌زار ته‌ن هه‌ناری شه‌هره‌بان له‌ده‌ستده‌دات، كه به باشترین جۆری خۆرهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست داده‌نرێت، له باخه‌كانی ده‌وروبه‌ری باكوری قه‌زای میقدادیه و ناوچه‌كانی تریش رێژه‌یه‌كی زۆر به‌رهه‌مده‌هێنرا" به‌وته‌ی حه‌قی جبوری.
باخه‌كانی باكوری میقدادیه كه زۆرینه‌یان هه‌نارن به روبه‌ری زیاتر له چوار هه‌زار دۆنم گه‌وره‌ترینه له عیراق و خۆرهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست، جگه‌له‌وه‌ی سه‌رچاوه‌یه‌كی دارایی باشی جوتیارانن.
جبوری ده‌ڵێت سه‌دا 90ی داری نێو باخه‌كان له‌ناوچون به‌هۆی ناسه‌قامگیری ئه‌منی و وشكه‌ساڵی و بێ خزمه‌تی چونكه جوتیاران له‌به‌ر مین و مه‌ترسی ئه‌منی نه‌یانده‌توانی بچنه نێو باخه‌كانیان.
هه‌روه‌ها وتی هه‌ناری شه‌هره‌بان سه‌دا 30ی پێداویستی بازاڕه‌كانی عیراقی پڕ ده‌كرده‌وه به‌ڵام ئێستا عیراق به‌ملیۆنان دۆلار له 10 وڵاتی عه‌ره‌بی و بیانییه‌وه هه‌نار هاورده ده‌كات.
"دیاله خاوه‌نی گه‌وره‌ترین باخ و دارستانه له خۆرهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست، ئه‌گه‌ر حكومه‌ت پاڵپشتی بكات و ببوژێنرێته‌وه، ده‌توانێت پێداویستی وڵات پڕبكاته‌وه، هه‌لیكاری زۆری دابینبكات و ئابوریش ببوژێنێته‌وه" جبوری وای وت.