فەرمانگەكانی سەر بە حكومەتی هەرێمی كوردستان لە پارێزگای كەركوك، كێشەو گرفتەكانیان بۆ پەرلەمانی كوردستان باسكرد، داوایانكرد لەو چوارچێوەیەشدا پەرلەمان رۆڵی خۆی بگێڕێت لە باشتركردنی دۆخی پارێزگاكە.
زۆرینەی وەزارەتەكانی حكومەتی هەرێمی كوردستان لە پارێزگای كەركوك فەرمانگەیان كردۆتەوە بۆ "خزمەتكردنی خەڵك" و دووشەممە 31ی ئایار سەردانی پەرلەمانی كوردستانیان كرد بۆ باسكردنی گرفتەكانیان، لە نێویاندا، پەروەردە، كێشەی كەسوكاری شەهیدان و ئەنفالكراوان و پڕۆژەی خزمەتگوزاریی لەناو شار.
شێرزاد رەشید کاکە، بەڕێوەبەری خوێندنی کوردی لە کەرکوک، بە (كەركو ك ناو)ی وت "کێشە و ئاستەنگەکانی بەردەم پرۆسەی خوێندنمان بۆ پەرلەمانتاران باسكرد... گرنگترین كێشەكانی ئێمە نەبونی مامۆستای پێویستە لە قوتابخانەكان، لەگەڵ ئەو كێشانەی كە ساڵانە لە كاتی تاقیكردنەوەكانی كۆتایی ساڵدا بۆ خوێندكارانی خوێندنی كوردی دروستدەبێت".
گرنگترین كێشەكانی ئێمە نەبونی مامۆستای پێویستە لە قوتابخانەكان
لانیكەم 8000 مامۆستا سەر بە میلاكی حكومەتی هەرێمی كوردستان لە ناوچەكانی جێناكۆك وانەدەڵێنەوە، یەكێك لە گرفتەكانیان ئەوەیە نزیكەی حەوت ساڵە لەكاتی خۆیدا موچەیان پێنادرێت، یان حكومەت بۆیان پاشەكەوت دەكات، چەند مانگێكیشە لەسەدا 21ی موچەكانیان لێدەبڕدرێت. بە پێچەوانەوە مامۆستایانی سەر بە حكومەتی فیدراڵ هیچ گرفتێك بۆ موچەكانیان دروستنەبووە.
ساڵانە لەكاتی تاقیكردنەوەكانی كۆتایی ساڵ، بەتایبەت پۆلی شەش و سێی ناوەندی، خوێندكاران گرفتیان لەگەڵ پرسیارەكاندا هەیە كە لەلایەن وەزارەتی پەروەردەی عیراقەوە دادەنرێن، چونكە هەندێك كات ئەو وانانەیان بۆ دەهێنرێتەوە كە تەرككراون یان بە بڕیارێك نەیانخوێندووە.
شێرزاد كاكە لە كۆبونەوەكەیدا لەگەڵ پەرلەمانتارانی كوردستان، داوایكرد لیژنەیەکی هەماهەنگی هاوبەشی پەروەردەیی پێکبهێنرێت لە نێوان هەردوو وەزارەتی پەروەردەی حكومەتی هەرێم و فیدراڵ بۆ چارەسەرکردنی هەر کێشەیەک کە دروستدەبێت و لەوەشدا پەرلەمانی كوردستان چ رۆڵ و ئەركێكی هەیە بیگرێتەبەر.
"داوامانکرد وەزارەتی پەروەردەی هەرێم ئەو وانەبێژانە دابمەزرێنێت كە لە خوێندنگە كوردییەكان خزمەت دەكەن، ئەوەش بۆ پڕکردنەوەی کەمی میلاك، بە تایبەت لە سنوری قەزاكانی داقوق و دوبز"، شێرزاد وایوت.
ئەو فەرمانگانەی سەر بە حكومەتی هەرێم، لە دوای ساڵی 2005 لە كەركوك كراونەتەوە، ئەوەش بە بڕیاری وەزارەتەكان و بەپێی پێویستیان.
شێرزاد رەشید كاكە، وتی "ئێمە كێشەی بینای قوتابخانە و پێداویستییەكانی خوێندنمان هەیە، داوادەكەین پەرلەمان ئەو پرسە لەگەڵ حكومەتی هەرێم بورژێنێت".
خەلیل رەحیم، لێپرسراوی دەزگای شەهیدان و ئەنفالکراوەکان لە کەرکوک و یەكێكی تر لە بەشداربووانی كۆبونەوەكە بە (کەرکوک ناو)ی وت "گرفتی كەسوكاری ئەنفالكراوان و شەهیدانمان لە پارێزگای كەركوك بۆ پەرلەمانتاران باسكرد، باسی ئەو رێگرییانەكرد كە دێنە بەردەم فەرمانگەكەمان و روبەڕوی كەسوكاری شەهیدان دەبیتەوە... پەرلەمانتاران بەڵێنیاندا هەوڵ بۆ چارەسەركردنی ئەو گرفتانە بدەن".
پەرلەمانتاران بەڵێنیاندا هەوڵ بۆ چارەسەركردنی ئەو گرفتانە بدەن
لێپرسراوانی فەرمانگەكانی حكومەت لە كەركوك، ئەو گرفتانەیان لەگەڵ لیژنەی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی ھەرێم لە پەرلەمان باسكرد و دواتر بەجیا لەگەڵ سەرۆكی پەرلەمان و جێگری سەرۆكی پەرلەمان كۆبونەوە.
ئەو لیژنەیەی پەرلەمان، لە راگەیەنراوێكیدا لەبارەی دۆخی كەركوك و داواكاری فەرمانگە حكومییەكانی سەر بە حكومەتی هەرێمەوە، جەختدەكاتەوە لەوەی "چۆن پێشتر لیژنەكەمان بەرگریی لە خەڵکی ئەو ناوچانە کردووە، ئێستاش ھەموو ھەوڵێک دەدەین لەگەڵ سەرۆکایەتیی پەرلەمان بۆ ئەوەی ئەو کێشانەی پەیوەستن بە حکومەتی ھەرێم بۆیان چارەسەر بکرێت".
ھەروەھا داوا لەحکومەتی ھەرێم دەکەن "دانوستانەکان چڕبکەنەوە بۆ ئەوەی رەوشی ئەو ناوچانە ئاسایی بێتهوه"، ئەوەش هەر بەپێی راگەیەنراوەكەی لیژنەی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی ھەرێم كە لەسەر ماڵپەڕی پەرلەمان بڵاوكراوەتەوە.