بەڕێوەبەر دەگۆڕدرێت
چەند گۆڕانكارییەك لە ئۆفیسی كەركوكی كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكان

كه‌ركوك، 2019، نوێكردنه‌وه‌ی تۆماری ده‌نگده‌ران له‌لایه‌ن كۆمسیۆنه‌وه‌ فۆتۆ: راگه‌یاندنی كۆمسیۆن

محەمەد ئەڵماس

سەوسەن تەیب، لە بەڕێوەبەری ئۆفیسی كەركوكی كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكان لادەبرێت و لەبری ئەو، لوئەی ئەركان عەلی دەستبەكاردەبێت. هاوكات چەند گۆڕانكارییەكی تر لە بەڕێوەبەری بەشەكاندا دەكرێت.

ئەو گۆڕانكارییانە لە 2ی حوزەیران و بە بڕیاری ئەنجومەنی باڵای كۆمسیۆنی سەربەخۆی هەڵبژاردنەكانی عیراق كراوە.

بەپێی بڕیارەكە كە كۆپییەكی لای (كەركوك ناو)ە، جگە لە دەستبەكاربونی لوئەی ئەركان عەلی، لە شوێنی سەوسەن تەیب، گۆڕانكاریی لە بەشێكی تردا كراوە، لەوانە لێپرسراوی بەشی راگەیاندن، تۆماری دەنگدەران، راهێنان، خزمەتگوزاری، بەشی حزبەكان و كاروباری كاندیدەكان، دارایی، یاسایی و كارگێڕی.

لوئەی ئەرکان عەلی، بەڕێوەبەری ئۆفیسی نوێی كەركوكی كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكان، بە (كەركوك ناو)ی وت "پێنجشەممە 3ی حوزەیران بڕیارەكە چووە بواری جێبەجێكردنەوە و من وەكو بەڕێوەبەر دەستبەكاربوم و گۆڕانكارییەكانی تریش بە هەمان شێوە".

"ئەم گۆڕانکارییانە بە بڕیاری ئەنجومەنی باڵای کومسێونی سەربەخوی ھەڵبژاردنەکان بووە، ئەمەش دوای ئەوە دێت کە لە ماوەكانی رابردودا لایەنەكان ناڕەزایی زۆریان هەبوو لەسەر هەیكەل و ئیدارەی كۆمسیۆن"، لوئەی وایوت.

لوئەی ئەركان (52ساڵ)، لە پێكهاتەی ئایینی كاكەییە و خەڵكی گوندی عەرەب كۆیی قەزای داقوقە.

لوئەی ساڵی 2004 لە كۆمسیۆن بۆتە فەرمانبەر لە سنوری قەزای داقوق و دواتر لە ساڵی 2017 بۆ ناو كەركوك گوازراوەتەوە كراوەتە بەڕێوەبەری بنكەی ئیسكانی كۆمسیۆنی هەڵبژاردن.

luay.kakaey
لوئەی ئەركان (52ساڵ)، لە پێكهاتەی ئایینی كاكەیی، وەكو بەڕێوەبەری ئۆفیسی كەركوكی كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكان دەستبەكاربوو.

هەمان ساڵ بۆ ناو ئۆفیسی كەركوك گوازراوەتەوە و لێپرسراوێتی بەشی ناوەندەكانی تۆماری دەنگدەرانی پێسپێردراوە،.

لە 2ی حوزەیرانی 2021 وەكو بەڕێوەبەری ئۆفیسی كەركوكی كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكان دەستبەكاربووە.

پۆسته‌كانی نوسینگه‌ی كه‌ركوكی كۆمسیۆنی باڵای سه‌ربه‌خۆی هه‌ڵبژاردنه‌كان له‌ عیراق، له‌ سه‌ره‌تای تشرینی دوه‌می 2020دا دابه‌شكرانه‌وە و لەوكاتەوە سه‌وسه‌ن ته‌یب محێدین، وه‌ك به‌ڕێوه‌به‌ری ئۆفیس دیاریكراوە لە پشكی كورد.

بەڵام ئەو گۆڕانكارییانە لە ساڵی 2020 ناڕەزایی هەردوو ئەنجومەنی سیاسی عەرەبی و بەرەی توركمانی بەدواداهات و لە 28ی 12ی هەمان ساڵدا و لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانی هاوبەشدا دژایەتی خۆیان بۆ دانانی سەوسەن تەیب لەو پۆستە راگەیاند و جەختیانكردەوە لەوەی "رۆڵی هەبووە لەو ساختەکارییانەی لە هەڵبژاردنەکانی 2018دا رویداوە ئەوەش لەڕێی گۆڕینی رامەکان لە بنکەی هەڵبژاردنی واستی2 لە بەرژەوەندی یەکێک لە حزبەکان".

لە هەڵبژاردنەكانی ئایاری 2018دا، ئەو دوو لایەنە یەكێتیی نیشتیمانیی كوردستانیان لە كەركوك تۆمەتباركرد بە "ساختەكاری" لە بەرژەوەندی کاندیدەکانیان، بەڵام یەکێتی ئەو تۆمەتانەی رەتکردەوە و دواجار ئەنجامەكانی هەڵبژارنەكان بەگشتی وەكو خۆی پەسەندكران.

 

  • FB
  • Instagram
  • Twitter
  • YT