چه‌كدارانی داعش به‌زۆر تۆماسی نۆ ساڵان له باوەشی دایك و باوكی داده‌بڕن؛ چه‌كی ده‌ده‌نه ده‌ست و تا ده‌توانن له‌به‌ره‌ی پێشه‌وه‌ی شه‌ڕدا به‌كاریده‌هێنن، دواتر له‌ژێر داروپه‌ردوی خانویه‌كی روخاودا به برینداری بهجێیدههڵێن.
تۆماس عه‌بدوڵا حه‌مۆ، بێ خواست و ئیراده‌ی خۆی، له ته‌مه‌نێكی بچوكی منداڵی‌دا هه‌موو ئه‌و روداوانه ده‌بینێت و تیایاندا ده‌ژیت کە سەختە منداڵێک ئەزمونیان بکات و لەگەڵیاندا بژیت.
له ئابی 2014دا، كاتێك داعش هێرشده‌كاته سه‌ر قه‌زای شنگال، تۆماس ته‌مه‌نی 9 ساڵه، له‌گه‌ڵ چوار خوشك، برا و براژن و منداڵه‌كانیان و ژماره‌یه‌ك ئامۆزایدا ده‌كه‌ونه ده‌ستی چه‌كدارانی ده‌وڵه‌تی ئیسلامی له عیراق و شام ناسراو به داعش.
"سه‌ره‌تا وه‌ك كۆیله‌یه‌ك مامه‌ڵه‌یان له‌گه‌ڵدا ده‌كردم به‌ڵام دواتر كردیانم به چه‌كدار، ئه‌وه‌ش بێ حه‌زی خۆم بوو، ته‌نانه‌ت نهمدهواتی هه‌ڵبێم" تۆماس، کە ئێستا 15 ساڵە، بۆ (كه‌ركوك ناو) وای وت.
سێ ساڵ له‌ژێر ده‌ستی داعشدا ماوەتەوە، تا لێواری مه‌رگ رۆیشتووە، به‌رله‌وه‌ی جارێكی‌تر به خێزانه‌كه‌ی شادبێته‌وه. "له ره‌ققه (شارێكی سوریایه و به پایته‌ختی داعش له‌و وڵاته ناوده‌برا) فێری به‌كارهێنانی چه‌كیان كردم، چه‌ندین خولی مەشق و راهێنانم بینی، راهێنان له‌سه‌ر ده‌مانچه، كڵاشینكۆف، بیكه‌یسی و ته‌نانه‌ت ئاربیجی".
تۆماس ئه‌و ماوه‌یه زمانی كوردی/كرمانجیشی بیر ده‌چێته‌وه و به عه‌ره‌بی قسه‌ده‌كات.
هه‌ر ئه‌و لای داعش نه‌بووه، كاتێك چه‌كداره‌كان له‌ڕێیی ده‌ره‌وه‌ی شنگال رێگه‌یان پێده‌گرن، تۆماس و نۆ كه‌سی تر له یه‌ك ئۆتۆمبێلدا ده‌بن. "ئه‌وانمان به ئۆتۆمبێل نارده ده‌ره‌وه‌ی شنگال، به‌ره‌و چیاكه، ویستمان لانیكه‌م ئه‌وان رزگاریان ببێت، دواتر من و دایكی تۆماس و كوڕێكی ترم و دوو كچم جێگه‌مان نه‌بۆوه و به‌پێی له ناوه‌ندی شاره‌كه هه‌ڵاتین" عه‌بدوڵا حه‌مۆ، باوكی تۆماس بۆ (كه‌ركوك ناو) وای وت.
تۆماس حهوتهمین منداڵی خێزانه‌كه‌یه، دوو خوشكی له خۆی بچوكتری هه‌یه، له‌گه‌ڵ دوو برا و چوار خوشك له خۆی گه‌وره‌تر.
"زانیمان به سه‌لامه‌ت له شار ده‌رچون و گه‌یشتونەتە چیا، بۆ رۆژی دواتر بیستبویان رێگه‌یه‌ك به‌ره‌و هه‌رێمی كوردستان هه‌یه، تا رێگه‌ی نێوان ناحیه‌ی سنونێ و كۆمه‌ڵگه‌ی دووگرێ هه‌واڵیان هه‌بوو، ئیتر له‌وێ به‌دواوه كه‌وتبونه ده‌ستی داعش" باوكی تۆماس دواتر ئه‌و زانیارییانه‌ی وه‌رگرتووه.
ئه‌وكات زۆربه‌ی ئێزیدییه‌كان به‌ره‌و چیای شنگال هه‌ڵاتن و داعش گه‌مارۆی خسته سه‌ر چیاكه تا دواتر به‌شێكیان به‌ره‌و سوریا رۆیشتن و له‌وێوه گه‌ڕانه‌وه بۆ هه‌رێمی كوردستان.
كاتژمێر 11ی به‌یانی 4ی ئابی 2014دا، ژماره‌یه‌ك چه‌كداری داعشی بیانی تۆماس و خێزانه‌كه‌ی راده‌گرن، به‌ڵام بێ هۆ وازیانلێدههێنن، به‌پێی گێڕانه‌وه‌ی تۆماس و كه‌سوكاری، دواتر ده‌كه‌ونه بۆسه‌ی داعشی عیراقی و ده‌ستگیرده‌كرێن.
"له یه‌كتری جیاكراینه‌وه، منیان برده ناو لقی پارتی دیموكراتی كوردستان له شنگال، به‌هۆی بۆردومانی فڕۆكه‌وه ره‌وانه‌ی ته‌له‌عفه‌ریان كردم، له‌وێوه بۆ موسڵ، دواتر بۆ ره‌ققه و جارێكی‌تر گهڕێنرامهوه بۆ بادۆش و پاشان موسڵ" به‌وته‌ی تۆماس.
تۆماس ساڵ و نیوێك له‌ژێر كاریگه‌ری وانه و په‌روه‌رده‌ی داعشدا ده‌بێت. "دوای ئه‌و ماوه‌یه، راهێنانم پێكرا و چه‌كیان دامێ، یه‌كه‌م شه‌ڕ له موسڵ به‌شداربوم، له پێشه‌وه‌ی شه‌ڕه‌كه‌دا بوم" تۆماس واده‌ڵێت.
رۆژانه هه‌رچی كوشتن و كرده‌وه‌ی توندتیژی داعش هه‌یه به به‌رچاوی تۆماس و چه‌ندین منداڵی دیكه‌وه دەکرا.
تۆماس وتی "هه‌موو ئه‌وانه‌م بینی، كوشتنی خه‌ڵك و سه‌ربڕینیان، دیمه‌نه‌كه بۆ من ئاسایی بۆوه، به‌ڵام من كه‌سم نه‌كوشت".
چه‌ندین شه‌ڕی دیكه ده‌بینێت، شه‌ڕی هێزه‌كانی سوریای دیموكرات (هه‌سه‌ده) له سوریا و شه‌ڕی هێزه عیراقییه‌كان له نه‌ینه‌وا، زۆربه‌ی كات وه‌ك قه‌ڵغان له به‌ره‌ی پێشه‌وه‌دا داده‌نرێت.
"نه‌مانده‌زانی ماوه یان نا، دوای رزگاربونی رفێنراوێكی ده‌ستی داعش له‌وه‌وه بیستم تۆماس له ژیاندایه، ئه‌و لای داعشێك بینیویه‌تی و وتیشی وه‌ك قه‌ڵغان ده‌یبه‌نه به‌ره‌ی شه‌ڕ" عه‌بدوڵا حه‌مۆ ده‌رباره‌ی هه‌وڵه‌كانی بۆ زانینی هه‌واڵی تۆماس و منداڵه‌كانی واده‌ڵێت.
له‌و ماوه‌یه‌دا، به هه‌وڵی كه‌سایه‌تی و نێوه‌ندگیری و پاره، عه‌بدوڵا به رفێنراوانی خێزانه‌كه‌ی شاد ده‌بێته‌وه، ته‌نیا تۆماس و خوشكێكی نه‌بێت.
تۆماس ده‌ڵێت له‌و ماوه‌یه‌دا هیچ رفێنراوێكی خێزانه‌كه‌ی نه‌بینیووه و له ترسی توندوتیژی داعش نه‌یتوانیووه سۆراغیشیان بکات.
كات تێده‌په‌ڕێت؛ ئۆپه‌راسیۆنی هێزه عیراقییه‌كان بۆ رزگاركردنی نه‌ینه‌وا ده‌ستپێده‌كات و له ناوه‌ڕاستی 2017دا ده‌گاته ناوه‌ندی شاری موسڵ.
له رۆژێكی گه‌رمی ته‌مموزی ئه‌و ساڵه‌دا، تۆماس له‌گه‌ڵ ژماره‌یه‌كی زۆر چه‌كداری داعش، له شاری موسڵ شه‌ڕی هێزه عیراقییه‌كان ده‌كه‌ن، كاتێك فڕۆكه بۆردومانیان ده‌كات.
"من له باڵه‌خانه‌یه‌كدا بوم و به سوكی برینداربوم ، داعش رزگاری كردم و چوینه خانویه‌كی چۆڵكراو، چه‌ند رۆژێك له‌و خانوه‌دا بوین بێ خواردن و ئاو، رێگه‌ی ده‌رچون نه‌ما، له تینوێتیدا میزی خۆمان ده‌خوارده‌وه".
فڕۆكه‌ی جه‌نگی ئه‌و خانوه بۆردومان ده‌كه‌ن، تۆماس و ژماره‌یه‌ك چه‌كداری داعش ده‌كه‌ونه ژێر داروپهردوهوه، ئه‌وانیتر هه‌ڵدێن.
"چه‌ند كاتژمێرێك له‌ژێر داروپه‌ردوی خانوه‌كه‌دا مامه‌وه، به سه‌ختی برینداربوم، هێزه عیراقییه‌كان به چاوساغی ئه‌میرێكی ده‌ستگیركراوی داعش هاتن و منیان دۆزییه‌وه، ده‌ریانهێنام و ره‌وانه‌ی نه‌خۆشخانه‌یه‌كی ئه‌مریكییان كردم له حه‌مام عه‌لیل".
تۆماس جگه له برینه‌كانی سه‌ر و ده‌موچاوی، هه‌ردوو قاچی ده‌شكێن، له‌گه‌ڵ هۆشهاتنهوهشیدا، روبه‌ڕوی لێپرسینه‌وه‌ی هێزه عیراقییه‌كان ده‌بێته‌وه. "وتم من ئێزیدیم، ئه‌فسه‌رێك پرسیاری باوكمی كرد و ئیتر رۆیشت" تۆماس واده‌ڵێت.
هێزه عیراقییه‌كان له‌ڕێی پۆلیسی موسڵ و كارمه‌ندانی ئه‌منی پێكهاته‌ی ئێزیدییه‌وه باوكی تۆماس ده‌دۆزنه‌وه. ئه‌وكات خێزانه‌كه‌ی له كه‌مپی كه‌به‌رتووی پارێزگای دهۆك بون.
"خۆشترین هه‌واڵی دنیا بوو، كاتێك به ته‌له‌فۆن شوێنی كوڕه‌كه‌یان پێوتم، هه‌رزوو له‌گه‌ڵ دایكی گه‌یشتینه حه‌مام عه‌لیل و له‌وێ به بینینی زۆر دڵگران بوین، چونكه ته‌نیا ئێسكه‌كانی مابون، چه‌ندین رۆژ بێ خواردن و به برینداری مابۆوه به‌رله‌وه‌ی رزگاری بێت" عه‌بدوڵا حه‌مۆ وای وت.
دوای پڕكردنه‌وه‌ی به‌ڵێننامه‌یه‌ك، عه‌بدوڵا تۆماسی كوڕی وه‌رده‌گرێته‌وه و به‌برینداری بۆ نه‌خۆشخانه‌یه‌كی دهۆك ده‌یگوازێته‌وه.
"بێ هاوكاری هیچ كه‌سێك، نزیكه‌ی 15 هه‌زار دۆلارم له چاره‌سه‌ری كوڕه‌كه‌مدا خه‌رجكرد". سەرەڕای ئەوەش، غه‌می خێزانه‌كه به دۆزینه‌وه‌ی تۆماس كۆتایی نه‌هاتووە، هێشتا سۆراغی كچه رفێنراوه‌كه‌یان ده‌كه‌ن، كه یه‌كێك له‌و هه‌زاران ئێزیدییه‌ی حه‌وت ساڵه بێسه‌روشوێنن.
سێ نه‌شته‌رگه‌ری گه‌وره بۆ تۆماس ده‌كرێت و سێ مانگ له‌ژێر چاره‌سه‌ردا ده‌مێنێته‌وه؛ تا دواتر ده‌خرێته خوێندنگه‌یه‌كی ئایینی و پاشان ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ خوێندنی ئاسایی. "هه‌ر عه‌ره‌بیم ده‌زانی، به‌ڵام به چوار مانگ فێری كوردی بومه‌وه" تۆماس وای وت.
جگه له چاره‌سه‌ری جه‌سته‌یی، له هه‌مانكاتدا، پزیشكی ده‌رونیش بینویه‌تی. "سه‌ره‌تای گه‌ڕانه‌وه‌ی زۆر باسی داعشی ده‌كرد، چی بینیووه و چی كردووه و چی پێكراوه، به‌ڵام ئێستا گه‌وره بووه و باسیان ناكات" به‌وته‌ی باوكی تۆماس.
تۆماس له‌به‌رئه‌وه‌ی رفێنراوی ئێزیدی بووه، له ته‌مه‌نی منداڵی‌دا و بێ حه‌زی خۆی كراوه‌ته‌وه چه‌كدار، روبه‌ڕوی هیچ لێپرسینه‌وه‌یه‌ك نه‌بۆته‌وه له‌لایه‌ن هێزه عیراقییه‌كان و دادگاوه.
خێزانه‌كه‌ی تۆماس له ئه‌یلولی 2020دا ده‌گه‌رێنه‌وه بۆ شنگال و كه‌مپی ئاواره‌یی به‌جێده‌هێڵن.
"به ئێستاشه‌وه له بارێكی ده‌رونی ناجێگیردایە؛، هه‌ندێكجار زۆر توڕه ده‌بێت، ده‌گری و دواتر ئارام ده‌بێته‌وه، زۆر هه‌وڵی له‌گه‌ڵدا ده‌ده‌ین تا تێكه‌ڵ به كۆمه‌ڵگه و هاوڕێ و ژیانی ئاسایی ته‌مه‌نی خۆی ببێته‌وه" عه‌بدوڵا حه‌مۆ وای وت.