ژمارەیەك چەكدار باوكێك لە كۆمەڵگەی نور لە قەزای حەویجە دەكوژن و كوڕێكیشی برینداردەكەن.
ئەو روداوە درەنگانێكی شەوی چوارشەممە 9ی حوزەیران رویداوە و بەپێی سەرچاوەكانی (كەركوك ناو)، دوای ئەوە هاتووە كە نزیكەی هەشت چەكدار هەڵیانكوتاوەتە سەر ماڵێكی نزیك كۆمەڵگەی نور و ویستیانە كوڕێكی ئەو ماڵە بڕفێنن.
یەكێك لە دانیشتووانی كۆمەڵگەی نور، وتی "ئەوانە چەكداری داعشن، سەرەتا ویستیویانە گەنجێك بڕفێنن، بەڵام لەلایەن باوكی گەنجەكە و خەڵكی تری كۆمەڵگەكەوە روبەڕویان بونەتەوە و شەڕە تەقە دروستبووە، بەهۆیەوە باوكەكە دەكوژرێت و كوڕێكیشی برینداردەبێت".
خەڵكی تری گوندەكەش كە قسەیان بۆ (كەركوك ناو)، كردووە، بەهەمان شێوە جەختیانكردۆتەوە لەوەی "چەكدارەكان سەر بە داعش بون"، بەڵام تائێستا بۆ تۆمەتباركردنی داعش بەو روداوە هیچ بەڵگەیەكی سەلمێنراو لەبەردەستدا نییە. هێزە ئەمنییەكانیش هیچ رونكردنەوەیەكی رەسمییان لەسەر ئەو روداوە نەداوە.
كۆمەڵگەی نور سەر بە ناحیەی ریازە لە قەزای حەویجە، بە دوری زیاتر لە 50كم لە باشوری خۆرئاوای شاری كەركوك.
سەرچاوەكان دەڵێن لانیكەم هەشت چەكدار لەو روداوەدا بەشداربون.
كوژراوەكە ناوی عارف ئیبراهیم عوبەیدییە. بریندارەكەش برینەكەی سەختە و لە نەخۆشخانەكانی كەركوك چارەسەر وەردەگرێت.
هەفتەی رابردوو روداوێكی هاوشێوە لە گوندی حەمل لە ناحیەی ریاز رویدا، كاتێك دوو گەنج لەلایەن ژمارەیەك چەكدارەوە رفێنران و هێشتا هیچ چارەنوسێكیان دیار نییە.
سەرچاوەیەكی ئەمنی لە سنوری ناحیەی ریاز بە (كەركوك ناو)ی وت "پێمانوایە ئەم كردەوانە لەلایەن چەكدارانی داعشەوە ئەنجامدەدرێن... ئەو كەسانەی دوو گەنجەكەیان رفاندووە، پەیوەندییان بە كەسوكارییانەوە كردووە و لە بەرامبەر ئازادكردنیاندا داوای پارە دەكەن".
"داعش لەم ناوچەیە پێویستیان بە پارە هەیە بۆ ئەوەی بتوانن خۆیان بژێنن، بەتایبەت لە گوندەكانی باشور و باشوری خۆئراوای كەركوك"، سەرچاوە ئەمنییەكە وایوت.