وانه‌بێژانی سه‌ر به‌ هه‌رێمی كوردستان له‌ كه‌ركوك ده‌كرێنه‌ گرێبه‌ست

كه‌ركوك، كانونی دوه‌می 2020، خۆپیشاندانی ده‌رچوانی زانكۆ و په‌یمانگه‌كان بۆ داواكاری دامه‌زراندن فۆتۆ: كه‌ركوك ناو

گۆران بابان – كه‌ركوك

به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی په‌روه‌رده‌ی كه‌ركوك، بڕیاریداوه‌ به‌ زیادكردنی ناوی هه‌زار وانه‌بێژی سه‌ر به‌ حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان بۆ سه‌ر لیستی دامه‌زرێنراوانی گرێبه‌ست، دوای گه‌یشتنی نوسراوی ره‌سمی وه‌زاره‌تی په‌روه‌رده‌ی فیدراڵ.

ئه‌و بڕیاره‌ دوابه‌دوای كۆبونه‌وه‌ی نێوان په‌روه‌رده‌ی كه‌ركوك و ژماره‌یه‌ك په‌رله‌مانتاری عیراق هات به‌ ئاماده‌بونی یه‌كه‌ی سه‌رپه‌رشتیاری خوێندنی كوردی كه‌ پێنجشه‌ممه‌ 10ی حوزه‌یرانی 2021 به‌ڕێوه‌چوو.

په‌روین فاتیح، به‌ڕێوه‌به‌ری یه‌كه‌ی سه‌رپه‌رشتیاری خوێندنی كوردی له‌ كه‌ركوك به‌ (كه‌ركوك ناو)ی وت "له‌ سه‌ردانێكدان له‌ به‌غدا، بۆ ئه‌وه‌ی وه‌زیری په‌روه‌رده‌ی عیراق به‌ نوسراوی ره‌سمی بڕیار له‌وه‌بدات وانه‌بێژانی سه‌ر به‌ هه‌رێمی كوردستانیش، كه‌ بڕیاری ئیداری حكومه‌تی هه‌رێمیان هه‌یه‌ له‌كه‌ركوك بكرێنه‌ گرێبه‌ست".

ئه‌و ده‌ڵێت له‌ كۆبونه‌وه‌كه‌یاندا له‌گه‌ڵ په‌روه‌رده‌ی كه‌ركوك، بڕیاردراوه‌ وانه‌بێژانی هه‌رێم بكرێنه‌ گرێبه‌ست، به‌ڵام زاره‌كی بووه‌ و پێویستی به‌ نوسراوی به‌غدا هه‌یه‌.

به‌پێی ئه‌و بڕیاره‌ زاره‌كییه‌ هه‌زار وانه‌بێژی سه‌ر به‌ هه‌رێم ده‌كرێنه‌ گرێبه‌ست.

خوێندنی كوردی لە كەركوك راژە و خزمەتیان سەر بە حكومەتی هەرێمی كوردستانە و حەوت هەزار و 751  مامۆستا و فەرمانبەری هەیە و كە وانە بە 100 هەزار خوێندكار دەڵێنەوە لە 500 خوێندنگە.

tarbiya
كه‌ركوك/ 10ی حوزه‌یرانی 2021/ كۆبونه‌وه‌ی په‌رله‌مانتارانی كه‌ركوك و به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی په‌روه‌رده‌ ده‌رباره‌ی به‌ گرێبه‌ستكردنی وانه‌بێژان فۆتۆ: راگه‌یاندنی په‌روه‌رده‌

په‌روین فاتیح وتی پێشتر به‌ گرێبه‌ستكردنی وانه‌بێژان ته‌نیا ئه‌و كه‌سانه‌ی ده‌گرته‌وه‌ كه‌ فه‌رمانی ئیداری به‌غدایان هه‌بوو، له‌و ژماره‌یه‌شدا رێژه‌ی كورد له‌ دوو هه‌زار كه‌س تێنده‌په‌ڕی، له‌ كۆی 10 هه‌زار كه‌س، بۆیه‌ داوامانكرد رێژه‌كه‌ زیادبكرێت.

مانگی رابردوو په‌روه‌رده‌ی كه‌ركوك ره‌زامه‌ندی به‌غدای وه‌رگرت تا 10 هه‌زار وانه‌بێژی بكاته‌ گرێبه‌ست كه‌ ساڵانێكه‌ له‌ خوێندنگه‌كاندا خزمه‌ت ده‌كه‌ن.

ئه‌حمه‌د حه‌یده‌ر، په‌رله‌مانتاری كه‌ركوك له‌ پشكی توركمان به‌ (كه‌ركوك ناو)ی وت له‌ كۆبونه‌وه‌كه‌ی به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی په‌روه‌رده‌دا جه‌ختمان له‌ هاوسه‌نگی له‌ گرێبه‌ستی وانه‌بێژاندا كرده‌وه‌، به‌ تایبه‌ت له‌ نێوان نه‌ته‌وه‌كاندا، "هه‌موو هه‌وڵه‌كانیشمان بۆ ئه‌وه‌یه‌ دۆسیه‌كه‌ شه‌فاف بێت و كه‌س تێیدا زه‌ره‌رمه‌ند نه‌بێت".

له‌ كۆبونه‌كه‌دا بڕیاردراوه‌ ئه‌و وانه‌بێژانه‌ی فه‌رمانی ئیدارییان پێشتریان هه‌یه‌ و له‌ ساڵانی 2017 و 2019دا به‌هۆكاری جیاواز له‌ وتنه‌وه‌ی وانه‌ دابڕاون بڕیاره‌كه‌ بیانگرێته‌وه‌ بكرێنه‌ گرێبه‌ست.

ئەو وانەبێژانەی دەكرێنە گرێبەست، بەبێ لەبەرچاوگرتنی ئەوەی چ كۆلێژ و پەیمانگەیەكیان تەواوكردووە. هەریەكە و مانگانە 250 هەزاریان پێدەدرێت، هەمان مافی مامۆستایانی دامەزراویان دەبێت، لەوانە دەتوانن دوای 15 ساڵ خزمەت خانەنشین بن، قەرز و سولفەی بانكەكان وەربگرن، مۆڵەتی دایكایەتیی و پشوویان هەیە، دەتوانن داواكاری بۆ وەرگرتنی زەوی پێشكەش بكەن، ئەوەش بەپێی بڕیاری ئەمیندارێتی گشتی ئەنجومەنی وەزیرانی عیراق.

  • FB
  • Instagram
  • Twitter
  • YT