هەشت منداڵ كە پێنجیان كچن، لە گرتوخانەی گرتن و گواستنەوەی كەركوك لەگەڵ دایكیاندا زیندانیكراون و كەسوكاریان ئامادەنین لەخۆیان بگرنەوە، ئەوەش لەكاتێكدایە دۆخی دەرونی و تەندروستییان نالەبارە.
ئەو منداڵانە تەمەنیان لە نێوان حەوت مانگ بۆ 12 ساڵاندایە، دایكیان بە تۆمەتی جیاجیا لە دزیكردن، بازرگانیكردن بە ماددەی هۆشبەر و لەشفرۆشی دەستگیركراون.
شوێنی مانەوەی منداڵەكان گونجاو نییە؛ لەشەو و رۆژێكدا تەنیا نیو كاتژمێر دەتوانن بچنە دەرەوەی چواردەوری ئەو دوو ژورەی تیایدا دەژین؛ پێویستیان بە خواردن و جلوبەرگە و هیچ لایەنێكی حكومیش ئامادەنییە ئاوڕ لە كێشەكانیان بداتەوە.
نەسیم عەلی، ناوی خوازراوی خەسوی یەكێك لەو ژنانەی لە زیندانی گرتن و گواستنەوەی كەركوكە، دەڵێت "بوكەكەم ئابڕوی خێزانەكەی بردین؛ نۆ ساڵ لەمەوبەر كاتێك دەستگیركرا ئێمە بڕیارماندا حاشای لێبكەین. لەوكاتەوە نە سەردانی دەكەین نە دەهێڵین چوار لە منداڵەكانی بیبینن، چیرۆكی بوكەكەم لای ئێمە تەواوبووە".
بوكەكەی نەسیم، پێنج منداڵی هەیە، چواریان خەسوی بەخێویان دەكات و ئەوەی تریان كچێكی 12 ساڵانە و لای خۆیەتی لە زیندان، ئەوكاتەی دەستگیركرا ئەو كچە تەنیا سێ ساڵان بوو.
نەسیم وتی "نۆ ساڵە بوكەكەم و ئەو كچەی لە زیندانن و دەرەوەیان نەبینیوە. تەنیا ئەوەندە دەزانین كە لەناو زینداندا ماون؛ بوكەكەم تاوانبارە و كچەكەشی لەگەڵ خۆیدا كردە قوربانی... ئێمە چیتر ئەو كچەشمان ناوێتەوە... تەنانەت ماڵی باوكی بوكەكەشم نایانەوێت كچەكەیان ببیننەوە".
بوكەكەم تاوانبارە و كچەكەشی لەگەڵ خۆیدا كردە قوربانی
نەسیم ئامادەنەبوو تاوانی بوكەكەی بۆ (كەركوك ناو)، ئاشكرابكات، هەروەك بەهیچ شێوەیەك ئامادەنەبوو ناوی راستەقینەی خۆی بۆ بڵاوكردنەوە بڵێت.
بەڵام بەپێی وتەی ئەو بێت، هێشتا بوكەكەی حوكمنەدراوە، چونكە وتی "داوایان كرد ببینە كەفیلی بوكەكەم، بەڵام نە ئێمە و نە ماڵی باوكی نەبوینە كەفیل، بۆیە هەر لە زیندانە".
ژنێكی تری ناو زیندانەكە منداڵێكی چوار ساڵانی لەگەڵدایە و لە هاوژینەكەی جیابۆتەوە، ئەویش هیچ كەسێك لە كەسوكاری ئامادەنین سەردانی بكەن و منداڵەكەی بۆ بەخێوبكەن.
لەیلا عەلی (ناوی خوازراوە)، ئامۆزای ئەو ژنە، بە (كەركوك ناو)ی وت "11 مانگە ئامۆزاكەم لە زیندانە و تۆمەتباركراوە بە دزیكردن و هێشتا كەیسەكەی یەكلایینەكراوەتەوە... سەرەتای زیندانیكردنی چەند رۆژێك منداڵەكەیمان لە زیندان هێنایە دەرەوە، بەڵام دواتر كەس نەیویست بەخێوی بكات، بۆیە بردیانەوە بۆ زیندان... نازانین دۆخی ئەو منداڵە چۆنە، بەڵام زیندان شوێنی ئەو منداڵانە نییە".
بەگشتی بەپێی ئاماری پۆلیسی كەركوك، هەشت منداڵ لەگەڵ دایكیان لە دوو هۆڵی بچوكی گرتوخانەی گرتن و گواستنەوەی كەركوك ناسراو بە (تەسفیرات)دا دەژین.
دوو ژوری گرتوخانەكە كە یەكێكیان شەش بە 10 مەتر و ئەوەی تریان سێ بە چوار مەترە، تایبەتكراوە بۆ ئەو ژنانەی لەو زیندانەدان و هەشت كەسیان منداڵەكانیشیان لەگەڵدایە.
ژیان حەمید، چالاکوانی بواری مافەكانی ژنان و منداڵان، هاوكات لێپرسراوى لقی كەركوكی یەکێتى ژنانی كوردستان، دەڵێت "زیندانەكە وێرانەیە، بەشێكی دیواری ژورەكان گەچەكەی لێبۆتەوە و روخاوە و زۆر پیسە؛ توالێتەكەی لەگەڵ ژورەكاندا تێكەڵ بووە، ژنان تەنانەت لەبەردەم توالێتەكانیش جێگەیان راخستووە تا شوێنیان ببێتەوە".
توالێتەكەی لەگەڵ ژورەكاندا تێكەڵ بووە، ژنان تەنانەت لەبەردەم توالێتەكانیش جێگەیان راخستووە تا شوێنیان ببێتەوە
منداڵەكان لەگەڵ دایكیان و ژنەكانی تر بەسەر ئەو دوو ژورەدا دابەشبون، بەپێی بڕیاری پۆلیسی كەركوك لە شەو و رۆژێكدا ئەو منداڵانە تەنیا دەتوانن نیو كاتژمێر بچنە حەوشەی گرتوخانەكە.
ژیان كە یەكێكە لەو چالاكوانانەی ناوبەناو سەردانی گرتوخانەكە دەكات، وتی "ئەو دوو ژورە تەنیا مەمەڕێكی بچوك لە نێویاندا هەیە لەو مەمەڕەشدا پاسەوانەكانی گرتوخانە هەن، هەمویان پیاون و چاودێری ژنەكان دەكەن".
شیرین ئەمین، ناوی خوازراوی یەكێك لەو ژنانەیە كە لەگەڵ منداڵە حەوت مانگەكەیدا لە ژورێكی زیندانییەكەدایە، بە ژیانی وتووە "حاڵیان زۆر خراپە و رۆژانە زیندانی زیاتریان بۆ دەبەنە هەمان ئەو دوو ژورە".
"لە رابردودا، كە سەردانم كردن، شیرین لەبری شیر ماستی دەكردە ناو مەمەی منداڵەكەیەوە تا بیخوات..."، ژیان زیاتر وتی "ئەو ژنە تاوانەكەشی گەورە نەبوو تا بەو شێوەیە رابگیرێت، بەڵام كێشەكەی ئەوەبوو كە كەسوكاری ئامادەنەبون ئاوڕی لێبدەنەوە یان لانیكەم منداڵەكەی بۆ بەخێو بكەن تا كەیسەكەی یەكلاییدەبێتەوە"، ژیان وایوت.
بەپێی بەدواداچونی یەكێتی ژنانی كوردستان كە زانیارییەكانی دراوە بە (كەركوك ناو)، لەو گرتوخانەیەدا، ئەو ژنانەی كە تاوانی گەورەیان كردووە و حوكمدراون لە شێوەی بازرگانیكردن بە ماددەی هۆشبەر و باندی لەشفرۆشی، لەگەڵ ئەو ژنانەدا تێكەڵكراون كە تاوانەكانیان كەمترە، تەنانەت لەگەڵ ئەو هەشت منداڵەشدا پێكەوە لەو دوو ژورەدا دەژین.
"چەندینجار داوامان لە بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی كەركوك كردووە، شوێنی تر بۆ ئەو ژنانە بكاتەوە كە منداڵیان لەگەڵدایە، یان بەپێی تاوانەكانیان جیابكرێنەوە"، ژیان وتی "بەڵام گوێ بە داواكارییەكانمان نادەن".
ئەو زیاتر وتی "بەگشتی منداڵەكان نازانن ژیان لە دەرەوەی ئەو چوار بینایە چییە و چۆنە، دۆخی دەرونییان زۆر خراپە و هەستدەكەین لە گەشەكردن وەستاون، كاتێك ئێمە سەردانیان دەكەین و بانگیان دەكەین رادەكەن و دەترسن... ئەو دوو ژورە یەك تەلەفزیۆنی لێیە ئەویش بەردەوام یەك كەناڵی كاردەكات كە بەرنامەی منداڵانی نییە".
منداڵەكان نازانن ژیان لە دەرەوەی ئەو چوار بینایە چییە و چۆنە، دۆخی دەرونییان زۆر خراپە و هەستدەكەین لە گەشەكردن وەستاون
بەگشتی گرتوخانەی گرتن و گواستنەوە تایبەتە بەو ژنانەی لەسەر تۆمەتێك بۆ ماوەیەكی دیاریكراو دەستبەسەردەكرێن تا دادگا بڕیار لەسەر كەیسەكانیان دەدات، بەڵام چەند ژنێك كە ژیان قسەی لەگەڵ كردون نزیكەی 10 ساڵە چاوەڕێی بڕیاری دادگان، بەشێك لە ئەوانەش منداڵەكانیان لەگەڵدایە.
پۆلیسی كەركوك، رێگەی بە (كەركوك ناو) نەدا سەردانی زیندانییەكە بكات.
بەڵام ژیان حەمید وتی "ئێمە بەردەوامین لەسەردانیکردنى ژن و منداڵانى نێو گرتوخانەكە، بەڕاستى ژیانی منداڵەكان كارەساتە... لەگەڵ باندەكانی لەشفرۆشی و ماددەی هۆشبەر تێكەڵكراون و پێداویستى رۆژانەیان نییە".
عامر نورى، وتەبێژى پۆلیسی کەرکوک، بە (كەركوك ناو)ی وت "هیچ رێگەیەكمان لەبەردەستدا نییە بۆ رزگاركردنی ئەو منداڵانە، كەسوكاریان ئامادەنین وەریانبگرنەوە، ناشكرێت بچنە سەر شەقام، شوێنێكی تایبەتیش لە كەركوك نییە بۆ لەخۆگرتنی منداڵانی بێلانە".
جەختیشیكردەوە "گرتوخانەكە بەهیچ شێوەیەك بۆ منداڵان گونجاو نییە، هەندێك لە كەسوكاری دایكەكان منداڵەكانیان دەبەن لای خۆیان بەخێویان دەكەن، بەڵام بەشێكی تریان تەنانەت ئامادەنین سەردانیشیان بكەن".
پۆلیسی كەركوك لەڕێی خێرخوازەوە ناوبەناو پێداویستی لە شیر و دایبی، یان خواردن و جلوبەرگ بۆ منداڵەكان دابیندەكات.
"وەزارەتی داد خواردنی تایبەت بە منداڵان بۆ بەڕێوەبەرایەتییەكەمان نانێریت، تەنیا برنج و شلە دەنێرێت، منداڵانیش ئەو جۆرە خواردنانە ناخۆن و پێویستیان بە شیر و خواردنی تر هەیە"، بەوتەی وتەبێژی پۆلیسی كەركوك.
لە كەركوك خانەیەكی تایبەت بە منداڵانی بێسەرپەرشت هەیە، بەڵام تایبەتە بەو منداڵانەی دایك یان باوكیان نەماوە و كەس نییە لەخۆیان بگرێت، بۆیە ئامادەنین ئەو هەشت منداڵەی گرتوخانەی كەركوك لەخۆبگرن.
واسق جبورى، بەڕێوەبەرى کار و کاروبارى کۆمەڵایەتى كەركوك، وتی "منداڵی زیندان هیچ پەیوەندییەكیان بە ئێمەوە نییە، نازانین گوزەرانیان چۆنە و ناشتوانین هیچیان بۆ بكەین و چاودێرییان بکەین".
جوان حەسەن، كە نزیكەی 15 ساڵ ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگای كەركوك بوو و سەرۆكایەتی لیژنەی مافەكانی مرۆڤ و كاروباری منداڵان و ژنانی دەكرد، بە (كەركوك ناو)ی وت "یاسا رێگەیداوە ئەو منداڵانە لەگەڵ دایكیان بن، بەڵام هیچ فەرمانگەیەك نییە ئەركی چاودێریكردنی ژیانی ئەو منداڵانە لەئەستۆبگرێت، تەنانەت وەزارەتى داد و ناوخۆ لەوانەش پۆلیس كە دوو لایەنی پەیوەندیدارن بە گرتوخانەكان خۆیان بە خاوەنی دۆسییەی ئەو منداڵانە نازانن".
"ئێستا كە پەرلەمان كاركردنی ئەنجومەنی پارێزگاكانی راگرتووە، هیچ لایەنێك نییە چاودێری دۆخی فەرمانگەكان بكات، ئەوەش یەكێكی ترە لە كارەساتەكان"، جوان وایوت.
هەروەها وتی "كێشەی گەورەتر كە روبەڕوی ئەو منداڵانە دەبێتەوە ئەوەیە كە چاوەڕێی ئایندەیەكی نادیار دەكەن، ئەوەش بەهۆی ئەوەی كەیسی دایكیان درەنگ یان هەر یەكلاییناكرێتەوە، ئەوەش بەهۆی ئەوەی كەس نابێتە كەفیلیان یان شایەتی بۆ كەیسەكانیان نادات".
ئەنجومەنی پارێزگای كەركوك بەر لە راگرتنی كارەكانی لە كۆتایی 2019دا، داوایكرد خانەی تایبەت لە دەرەوەی زیندان بۆ چاودێریكردنی ئەو منداڵانە بكرێتەوە، بەڵام بەوتەی جوان داواكەیان قبوڵنەكراوە، ئەوەش بە بیانوی ئەوەی ئەوە پێویستی بە یاسا هەیە.
بەپێی یاسای چاكسازی بەندكراوان و راگیراوانی ساڵی 2018، رێگە بە دایكانی نێو زیندانەكان دراوە منداڵانی شیرەخۆرە لای خۆیان بهێڵنەوە و حكومەتیش دایەنگەیان هەر لەناو زیندانەكەدا بۆ بكاتەوە، لەگەڵ دابینكردنی كارمەندی شارەزا بۆ چاودێریكردنیان لەو کاتانەی لای دایكیان نین.
ئارى جەبارى، پارێزەر لە دادگای كەركوك، وتی "بەپێی یاساكە منداڵان دەتوانن تا تەمەنی پێنج ساڵی لای دایكیان بمێننەوە".
بەپێی ماددەی 16 لە رێککەوتننامەی مافەکانی منداڵ کە رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان پەسەندیکردووە، نابێت هیچ منداڵێک روبەڕوی زۆرداریی و مامەڵەی نایاسایی ببێتەوە لە ژیانی تایبەتیی و خێزانیدا، مافی ئەوەیان هەیە یاسا لەو جۆرە مامەڵەیە بیانپارێزێت.
ژیان حەمید، لە یەكێتی ژنان دەڵێت یاسا و بڕیارەكان هەرچییەك بن، ژیانی هەشت منداڵ لە كەركوك لە ئەوپەڕی مەترسیدایە و شەوان لەسەر كاغەزێك رۆژ دەكەنەوە.
ئەو وتی "دایكیان بەهۆی دۆخی دەرونییانەوە خەریكە توانای چاودێریكردن و بەخێوكردنی منداڵەكانیان لەدەستدەدەن".