مەنهەل محەمەد خەڵەف، بەڕێوەبەری لاوان و وەرزشی نەینەوا تەرمەكەی لە ناحیەیەكی پارێزگاكە دەدۆزرێتەوە و گوماندەكرێت "خۆی كوشتبێت"، هەرچەندە هێشتا هێزە ئەمنییەكان لێكۆڵینەوە لە روداوەكەدا دەكەن.
ئێوارەی ئەمڕۆ دوشەممە 14ی حوزەیرانی 2021، تەرمی ئەو بەڕێوەبەرە حكومییە لە گوندی تەل عاكوب-ی ناحیەی نەمرود لە باشوری نەینەوا دۆزراوەتەوە.
رەفعەت سمۆ، جێگری پارێزگاری نەینەوا هەواڵەكەی پشتڕاستكردەوە و بە (كەركوك ناو)ی وت "بەڕێوەبەری لاوان و وەرزش ئەمڕۆ لە موسڵ چۆتە دەرەوە بەرەو نەمرود و دواتر لەوێ تەرمەكەی دۆزراوەتەوە".
بەپێی زانیارییەكانی پەیامنێری (كەركوك ناو) لە موسڵ، شوێنەواری فیشەك بەسەری مەنهەل محەمەدەوە بووە و لە وێنەیەكیشدا كە لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكاندا بڵاوبۆتەوە دەمانچەیەك لە نزیك تەرمەكە دەردەكەوێت.
"هێشتا نازانین خۆی كوشتووە یان كوژراوە، دەزگا ئەمنییەكان لێكۆڵینەوە دەكەن و تا سبەی سێشەممە هەموو شتێك روندەبێتەوە" بەوتەی سمۆ.
تەرمی بەڕێوەبەری لاوان و وەرزش بۆ پشكنین و لێكۆڵینەوە رەوانەی پزیشكی دادوەری نەینەوا كرا.
(كەركوك ناو) پەیوەندی بە لێپرسراوانی ئەمنیی نەینەواوە كرد بەڵام بە پاساوی لێكۆڵینەوە هیچ لێدوانێكیان نەدا.
كەسوكاری مەنهەل محەمەد بەهۆی شۆكی روداوەكەوە نەیانتوانی بۆ میدیا قسە بكەن.
ئەوەش لەكاتێكدا لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكاندا، دەنگۆی جیاواز دەربارەی روداوەكە بڵاوبۆتەوە، هەندێك بە "كوشتن" و هەندێكیش "دەڵێن خۆكوشتنە".
بەپێی هەندێك نامەی دەستنوس، كە پەڕەی بچوكی نوسینی تێبینین و دەوترێت بەڕێوەبەری لاوان و وەرزش نوسیویەتی (كەركوك ناو نەیتوانی لە راستی نامەكان دڵنیابێتەوە) تیایدا باس لە هۆكارەكانی "خۆكوشتنی" دەكات.
لەو نامانەدا هاتووە "داوای لێبوردن لە كەسوكارم دەكەن كە بەرگەم نەگرت و نەمتوانی زیاتر درێژە بە ژیان بدەم"، باسی هەندێك فشاریش لەسەری دەكات بەهۆی پرۆژەیەكەوە كە نەكراوە.
پەیامنێری (كەركوك ناو) لەبەردەم پزیشكی دادوەری موسڵ وتی ژمارەیەك زۆر لە خەڵك و وەرزشوانان كۆبونەتەوە و بڕیارە هەر ئەمشەو تەرمەكە بەخاكبسپێدرێت.
هێزە ئەمنییەكان و وەزارەتی لاوان و وەرزشی عیراقیش تائێستا هیچ رونكردنەوەیەكی رەسمییان لەسەر روداوەكە بڵاونەكردۆتەوە تەنیا پرسەنامەیەكی عەدنان دەرجال، وەزیری لاوان و وەرزش نەبێت كە تیایدا سەرەخۆشی مردنی لە كەسوكاری دەكات.