سێیەكی دارخورماكانی شنگال وشكبون و هەڵكەندران

شنگال/ حوزەیرانی 2021/: چەند دیمەنێكی وشكبون و هەڵكەندنی دار خورماكان. فۆتۆ: شارەوانی شنگال

عەمار عەزیز – نەینەوا

شارەوانی شنگال دەستیكرد بە هەڵكەندنی سێیەكی دار خورماكانی شنگال و فڕێدانیان، ئەوەش دوای ئەوەی وشكبون و سیمایەكی ناشیرینیان بە شارەكە بەخشی.

ئیدارەی پارێزگای نەینەوا لە ساڵی رابردودا هەڵمەتی چاندنی 1000 دار خورمای لە پارێزگاكە دەستپێكرد، لەو ژمارەیە 100 دارخورما لە ناوەندی شنگال چێندران، بەڵام تائێستا 30 دانەیان وشكبون و لەناوچون.

کەمال شەرۆ، بەڕێوەبەرى شارەوانى شنگال بە (كەرکوک ناو)ى وت "لانیكەم لەسەدا 30ی دار خورماكانی شنگال لەناوچون، هەرچەندە ئێمە بەردەوام ئاویان دەدەین"، زیاتر وتی "پێدەچیت بەهۆى گەورەیى تەمەنى شتڵەکان و گواستنەوەیان لە شوێنێکى دورەوە بۆ شنگال هۆكاربێت بۆ وشكبونیان".

چاندنی 1000 دار خورما بەپێی رێككەوتنی نێوان ئیدارەی نەینەوا و كۆمپانیایەكدا بوو كە لە خاڵێكیدا وەك سەرۆكی شارەوانی شنگال جەختیلێكردەوە "هەر دارخورمایەك لە ماوەیەكی دیاریكراودا وشكبێت یان گەشە نەكات، پێویستە كۆمپانیاكە دارێكی تر لە شوێنیدا بڕوێنێت".

xwrma
شنگال/ حوزەیرانی 2021/ گواستنەوەی دارخورماكان دوای هەڵكەندنیان. فۆتۆ: شارەوانی شنگال

هەڵمەتەكە ئامانج لێی سەوزكردن و جوانكردنی سیمای شارەكان بوو، بەڵام ئێستا بە پێچەوانەوە سیمای شارەكەیان ناشرین كردووە، وەك كەمال شەرۆ وتی.

"ئێمە داوامان كردووە كۆمپانیاكە بێت دارەكان ببینێت و لە هۆكارەكانی وشكبونی ئەو دارانە بكۆڵێتەوە، بەڵام هێشتا نەهاتون".

بەرەکات عیسا، بەڕێوەبەرى هۆبەی چاندن لە ناحیەى سنونێ، دەڵێت "كەشوهەوا و ژینگەی شنگال بۆ دار خورما نابێت، بەگشتى دار خورما دەبێت لە شوێنێکدا بچێنرێت کەشوهەوایەکەى گەرمى هەبێت و ئاو نزیك بێت لە رەگەكانی، "بەڵام شنگال تەنیا لە مانگی هاویندا گەرمە و ئاوی ژێر زەویش لە چینێكی دورتری ژێر زەویدایە بەراورد بە ناوچەكانی تر و رەگەكان پێی ناگەن، ئەوەش هۆكاری وشكبونی سێیەكی دار خورماكانە"، بەرەكات وایوت.

ئەو جەختیكردەوە "هیچ پرس و رایەك بە ئێمە نەكراوە كاتێك بڕیاریاندا ئەو دارانە لە شنگال بچێنن...".

لە ئێستادا هەڵمەتی هەڵكەندنی دار خورماكان لە قەزاكە دەستپێكردووە، بەڵام هیچ ئاماژەیەك نییە كۆمپانیای جێبەجێكاری پڕۆژەكە داری تر لە شوێنیان بچێنێت.

"لە جیاتى دار خورما باشتر بوو جۆرێكی تری دار بچێنن كە لەگەڵ كەشوهەوای شنگال و ناوچەكە بگونجێت"، بەرەكات وایوت.

xwrmaaa
نەینەوا/ حوزەیرانی 2021/ بە پێچەوانەی شنگالەوە. دارخورماكانی قەزای تلكێف بەمشێوەیە سیمای شاریان جوان كردووە. فۆتۆ: كەركوك ناو 

بەڵام سەعد حەمۆ، چالاکوانی مەدەنی لە ناوەندى قەزاى شنگال، پێیوایە هۆكارێكی تری وشكبونی دار خورماكان ئەوەیە "دوای چاندنیان پشتگوێخراون".

ئەو وتی "ئامانج لە چاندنی دارەكان جوانكردنی سیمای شار بوو، بەڵام ئێستا سیمای شاریان ناشرین كردووە".

ئەو هەڵمەتە لە ناوچەكانی تری پارێزگای نەینەوا ئەو كێشەیەی نەبوو، بۆ نمونە لە قەزای تلكێف لە دەشتی نەینەوا، سیمای شارەكەیان جوانتر كردووە و وشكنەبون.

  • FB
  • Instagram
  • Twitter
  • YT